بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣ی ژانویەی ٢٠٢٦، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین هەڵدرایەوە. ڕاپۆرتەکان باسیان لە بۆردومانی بەربڵاوی چەند ئامانجێک لە کاراکاس و چەند شارێکی دیکەی ونزوێلا کرد. دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە نیکۆلاس مادۆرۆ و سیلیا فلۆرسی هاوسەری دەستگیرکراون و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بردراونەتە دەرەوەی وڵات. دەوڵەتی ونزوێلا لە بەیاننامەیەکدا ئەو “دەستدرێژییە سەربازییە توندەی” دەوڵەتی ئەمریکای بۆ سەر خاک و خەڵکی ئەو وڵاتە ئیدانە کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکە هەردوو ناوەندی مەدەنی و سەربازی لە کاراکاس و هەروەها لە ویلایەتەکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوایرای کردۆتە ئامانج. ونزوێلا کە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دانیشتووی هەیە، دەکەوێتە باکووری ئەمریکای باشوور. ئەو وڵاتە کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، لە دەیەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک پێشهاتی سیاسیی پڕ هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە. پێگەی ژیۆپۆلەتیکی ونزوێلا وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە چەقی کێبڕکێ ناوچەیی و جیهانییەکان. دوای هوگۆ چاوێز، نیکۆلاس مادۆرۆ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە حوکمڕانی ئەو وڵاتەی دەکرد، ونزوێلا لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و هەڵاوسانی بەردەوام و کۆچی بەرفراوانی هاووڵاتیانی بەرەوڕوو بووەتەوە. کەلێنە چینایەتییەکان، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کۆچبەریی بەربڵاو و دابەزینی توانای کڕین، وێنایەکی گشتییە لە دۆخی ئەو کۆمەڵگایەی کە هاوکات لە ژێر گوشاری قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیدایە.
ئەم ڕووداوە ڕاستەوخۆترین کردەوەی سەربازی ئەمریکایە لە ئەمریکای لاتین لە دوای لەشکرکێشی بۆسەر پانەما لە ساڵی ١٩٨٩، ئەو جێگایەی کە سەرۆکی پانەما بە دیل گیرا و گواسترایەوە بۆ ئەمریکا. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ونزوێلا ڕوویداوە نیشانەی گەڕانەوەیەکی ئاشکرایە بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی سەردەمی شەڕی سارد. بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لەم ڕووداوە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بەڵگەنامەی ستراتێژیکی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئەمریکا. لەم بەڵگەنامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئەمریکا و بەتایبەتی لە ئەمریکای لاتین بە ئەولەویەتی خۆی دەزانێت و ڕێگە بە ڕکابەرە جیهانییەکانی نادات لەو ناوچەیە ئاستەنگ دروست بکەن. ئەم سیاسەتە، کاتێک لە زمان زلهێزێکەوە دەردەبڕدرێت کە خاوەن کاریگەریی دارایی و باڵادەستی سەربازیی موتڵەقە لە قاڕەی ئەمریکا، بەو مانایەیە کە نەزمی خوازراوی خۆی بە هەموو شێوەیەک، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بە زۆریش بێت جێگیر دەکات. لە ڕاستیدا ونزوێلا بۆتە تاقیگەیەکی پراکتیکی بۆ ئەم ستراتێژە.
چینوەکوڵاتێکیکەخاوەنیگەلێکپڕۆژەیەلەئەمریکایلاتین،لەبنەڕەتدالەڕێگەیکاریگەریئابووریوپڕۆژەیئابوورییەوەبەدوایبەرژەوەندییەکانیخۆیدادەگەڕێتوخۆیلەڕووبەڕووبوونەوەیسیاسیتوندلەگەڵئەمریکابەدووردەگرێت. لەمڕووەوەئەمریکا نیگەران نییە لەبابەت پشتیوانی جددی چین لە هاوپەیمانەکەی لە ونزوێلا. سەبارەت بە ڕووسیەش، پێدەچێت کۆمەڵێک سات و سەودای فەرمی یان نافەرمی و ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا لەسەر ئۆکراین و ونزوێلا ڕوویدابێت. لە ئاکامدا ڕووسیە جگە لە هەڵوێستێکی دیپلۆماسی ڕواڵەتی، هیچ هەنگاوێکی جددی لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییەدا نانێت. وڵاتە ئورووپاییەکانیش لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ترامپ دا تا ڕادەیەکی زۆر لە پێگەیەکی پاسیڤدان و چاوەڕوان ناکرێت کاردانەوەیەکی جددیی لە هەمبەر ڕووداوێکی لەو شێوەیە لەخۆیان نیشان بدەن. ئوورووپا نە خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ و نە ئامرازی سەربەخۆیە و لەو کەیسانەشدا کە ئەمریکا بە “ئاسایشی ناوچەیی” ناویان دەبات، تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی گشتی بەسەریدا تێدەپەڕێت. هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتی ترامپ بەم کارە پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەنێرێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکای لاتین بە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکا دەزانێت و بە هەر شێوەیەک بێت هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دەسەپێنێت. ئەم پەیامە هۆشدارییەکی جدییە بۆ هەر دەوڵەتێکی کە زات بکات لە ڕووی سیاسییەوە وابەستە نەبێت بە واشنگتۆن.
ونزوێلا خاوەن سەرچاوەی نەوتی زۆر دەوڵەمەند و سەرچاوەی ژێرزەمینیی دەگمەن و ناوازەیە. دەوڵەتی ئەمریکا چاوی تەماحی بڕیوەتە ئەو سەرچاوانە، بەتایبەتی کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. ئەگەر بتوانێت حکومەتێکی گوێ لەمست لەم وڵاتە بهێنێتە سەرکار، دەستکەوتێکی ئابووری و سیاسی بەرچاو بەدەست دەهێنێت. ئامانجی ئابووری ئەم دەستدرێژییە بەقەد ڕەهەندە سەربازییەکانی ڕوونە. دەوڵەتی ونزوێلا لە زومرەی هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. ئەم گورزە هاوکات گورزێکە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش. کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە وەبەرهێنانی گەورەی کردووە. لە ئەگەری بە سەرەنجام گەیشتنی پرۆژەی ئەمەریکا لە ونزوێلا، هەموو ئەو وەبەرهێنانانە دەکەونە مەترسیی جددییەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە دەوڵەتی مادۆرۆ نە چەپ بووە و نە دێموکراتیک، بەڵام جیا لە هەڵسەنگاندنی ئێمە سەبارەت بە دەوڵەتی ونزوێلا، ئەوەی کە ڕوویداوە دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئیمپریالیستییە، دەستدرێژییەکی کە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و لە پێناو زاڵکردنی هەژموونی سەربازی و ئابووری خۆیدا، بە شەڕ و لەشکرکێشی و بۆردومان و گەمارۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکانی دیکەدا دەکات. ئێمە پێمان وایە ئەمەریکا ئەم هێرشەی نەک بەمەبەستی گۆڕینی دۆخەکە بە قازانجی خەڵکی ونزوێلا، بەڵکوو بەمەبەستی تاڵانکردنی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە. هەر وەک چۆن شەڕەکانی عێراق و لیبی و ئەفغانستان و هتد… لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا نەبووە. گۆڕینی دەوڵەتی ونزوێلا ئەرکی خەڵکی ئەو وڵاتەیە نەک هێزی سەربازی دەرەکی. هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ئێمە سەبارەت بەم وڵاتە، هیچ شەرعیەتێک بە دەستێوەردانی دەستدرێژیکارانەی ئەمریکا نادات. ئیمپریالیزمی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە بە بۆمب و گوللە چارەنووسی خەڵکی ونزوێلا دیاری بکات. مێژووی ئەمریکای لاتین پڕە لە برینی بەناسۆری کۆدەتاکانی ئەمریکا، ئەو کۆدەتایانەی کە حکوومەتە دێموکراتیک و جەماوەرییەکانی وەک ئالەندەی ڕووخاند و لەبری ئەو دیکتاتۆرێکی تاوانکاری وەک پینۆشەی هێنایە سەرکار. لە شیلیەوە بگرە تا گواتمالا و برزیل و نیکاراگوا. ونزوێلا تەنیا نموونەیەکی نوێیە لەم مێژووە خوێناوییەدا.
