نەفرەت لە شەڕ، بۆ پێشەوە بەرەو شۆڕشی جەماوەری
یەکەم: کردەوەی سەرلێشێواوانە و هێرشی مووشەکی دەستدرێژیکارانەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر خاکی وڵاتەکانی پاکستان، هەرێمی کوردستان لە عێراق و سوریا، بە بیانووی “وەڵامدانەوەی سەخت” به ئیسرائیل و هێزەکانی داعش، گۆشەگیریی و هەرچی زیاتر تاک کەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی پەرە پێداوە. لە ئاکامی ئەو کردەوە دەستدرێژیکارانەدا، ژمارەیەک منداڵ و خەڵکی بێتاوان بوونە قوربانی سیاسەتی شەڕانگێزانەی حکوومەتی ئیسلامی. ئەم پرسە بووە هۆی ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە هێرشیان کرایەسەر. کۆنەپەرستان و داعش ئاسا شیعەکان، پێیان وابوو دەتوانن وەک ئیسرائیل و تورکیا و ئەمریکا هێرش بکەنە سەر خاکی وڵاتانی دیکە و ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی جددی و ئەوتۆش نەبنەوە. گۆیا لە “شۆڕای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی“دا وتراوە کە “ئێمە لێیاندەدەین، ئەوان هەندێک پرتە و بۆڵە دەکەن و ئیتر کۆتایی دێت“. بەڵام ئەم لێکدانەوە گەمژانە و سەرلێشێواوانەی ئەوان هەڵە دەرچوو. هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کاردانەوەی توند و تیژی دەوڵەتەکانی پاکستان و عێراق بەرەوڕوو بووەوە، بەجۆرێک کە کاردانەوەی دیپلۆماسییەتی ڕژیمی ئیسلامی بەرامبەر بەو پرسە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ترسنۆکانە بوو. کردەوە مەترسیدار و وروژێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەقبەستوویی سیاسەت و ترس و لاوازیی بنگەیی ئەم ڕژیمەی بەڕوونی دەرخست. هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، بناغەی سیاسەتی دەرەوەی ڕژیم لەسەر بنەمای “یەکگرتوویی ئیسلامی” و “ئازادیی قودسی شەریف” دامەزرا. چەقی ئەم سیاسەتە دەرەکییە بریتی بوو لە پرسی فەلەستین. ڕاگەیاندنی کۆتا هەینی مانگی ڕەمەزان وەک “ڕۆژی قودس” بەم مەبەستە بوو. ئەم سیاسەتە لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا بە بنبەست گەیشت. لە سەردەمی وەلایەتی خامنەیی دا، سیاسەتی یەکگرتوویی ئیسلامی، بوو بە “یەکگرتوویی شیعەکان“. له درێژهی سیاسهتی یەکگرتوویی شیعەش دا به کردەوه لە پێکهێنانی گرووپ گەلێکی بچووکی شیعەی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیدا کورتکرایەوە. سەرەنجام گرووپە بریکارەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدا کە جگە لە کوشتار و نائەمنکردنی ناوچەکە و سەرکوتکردن و تیرۆرکردنی هەڵسووڕاوانی سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سات و سەودا بەمەبەستی نفووز و کاریگەری هەرچی زیاتر لە دەسەڵاتدا، هیچ ڕۆڵێکی تریان نەبوو. هەڵچنینی هەموو هیوا و ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە لەسەر دروشمی نالۆژیکیانەی “لەناو بردنی ئیسرائیل” بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕژیمی ئیسلامی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا بە تەواوی گۆشەگیر و تاک بکەوێتەوە. کاتێک حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زۆرێک لە هێزە دەستپەروەردەکانی ڕژیم و بیروڕای گشتی جیهانی عەرەبی و لایەنگرانی ڕژیم لەناوخۆی وڵاتدا، چاوەڕوانی پشتیوانییەکی کارا و کردەیی کۆماری ئیسلامی بوون لە کردەوەکانی حەماس. بەڵامکۆماریئیسلامینەتواناییئەوەیبووکەئەگەری
مەترسییەکانی دەستێوەردانەکەی قبووڵ بکات و نە زاتی ئەوەی هەبوو کە ئەو کارە بکات. نەبەردی بەربڵاوی خەڵک لەدژی ڕژیم، داڕمانی ئابووریی لەڕادەبەدەر و تاک کەوتنەوەی حکوومەتی ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها هێزی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل، حکوومەتی ناچارکردووە کە زۆر بە پارێزەوە هەڵسوکەوت بکات. خامنەیی دوای ٧ی ئۆکتۆبر بە ڕاشکاوی وتی: ئێمە پشتیوانی دەکەین، بەڵام دەستوەردان ناکەین. ئەم سیاسەتە ناکۆکبوونی خۆی لە پراکتیکدا بەڕوونی نیشان دا. تەنانەت حیزبوڵڵاش ناچار بوو لە “سەبر و دان بەخۆداگرتنی ستراتیژیکی” ڕێبەری ڕژیم پەیڕەوی بکات. ئەم چەقبەستوویی و دژبەیەکییە هەم لەناوخۆی هێزەکان و لایەنگرانی ڕژیمدا قەیرانێکی دروست کرد و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا هێز و هەیمەنەی درۆینەی کۆماری ئیسلامیی تێک ڕووخاند و بێهودەیی پشتیوانییە پڕ هەزینە و بێ درێغەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە بە وەکالەتییەکانی لەسەر ئابووری ئێران بە ڕوونی ئاشکرا کرد. ئێستا کار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە هێرش و پەلامارەکانی حوسییەکان بەمەبەستی پەکخستنی کەشتیوانی لە دەریای سوور، دەستکەوتێک بۆ خۆی بەدەست بهێنێت. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی بێهەڵوێستی ڕژیمی ئیسلامی لە پێشهاتەکانی غەززەدا، پەنا بباتەبەر هێرشی مووشەکی سەرلێشێواوانە و وروژێنەر دژ بە وڵاتانی دراوسێ. ئاشکرایە کە لە وەها بارودۆخێکدا هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە عێراق، کارێکی زۆر نالۆژیک بوو و هەروەها هێرش بۆ سەر پاکستانیش هەر وەک هێرش بۆسەر فڕۆکە ئۆکرانییەکە، کارێکی سەیر و دوور لە چاوەڕوانی بوو کە ڕژیم تەنانەت ناتوانێت هۆکارەکانی ڕوون بکاتەوە و ڕای گشتی پێ ڕازی بکات.
دووەم – گۆڕانکاییەکانی شەڕ و پێکهاتنی ئاڵۆزییەکان لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دراوسێکانی لە چوارچێوەی کەش و هەوای شەڕلێدراوی غەززە و دەریای سووردا ڕوودەدەن. ئەم پرسە پتر لە هەرکاتێکی دیکە نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ هەموو ناوچەکەی دروست کردووە. ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، کە نەیتوانی لە شەڕی غەززەدا ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، هەروا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی خەڵکی ئەم ناوچەیە و کوشتاری ژن و منداڵ و وێرانکردنی شارەکان و تا ئێستاش لە لایەن ئەمریکاوە بەردەوام پشتیوانی لێ دەکرێت. بەڵام ئەم شکستە سیاسی– سەربازییە ئاشکرایە، بووەتە هۆی دروستبوونی زیاتری گرژیی و ناکۆکی لە ناو کۆمەڵگەی ئیسرائیل و ناوخۆی دەسەڵات لەم وڵاتەدا. خۆپیشاندانەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاهۆ تا دێت بەربڵاوتر دەبن و دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە پارلمان لێپێچینەوە لە ناوبراو بکرێت. لایەنەکانی ناو بازنەی دەسەڵات وردە وردە دەگەنە ئەو ئاکامەی کە سیاسەتە ڕاست و توندڕەوەکانی نەتانیاهۆ و حیزبە فاشیستە هاوپەیمانەکانی، دەتوانێت تێچوویەکی زۆری بۆ داهاتووی ئیسرائیل هەبێت. ئێستا ئیتر زۆرێک لە ئیسرائیلییەکانیش ناچارن خۆیان لەو وەهمە دەرباز بکەن کە دەتوانرێ خەڵکی فەلەستین بە تەواوی لەناو ببەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک ڕووبدات. سکاڵای ئەفریقای باشوور لە دژی حکوومەتی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی لاهه بەهۆی جینۆسایدی ئەرتەشی ئەو وڵاتە و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو کارەساتە لە ئاستی جیهانیدا دەریخست کە ئیسرائیل ناتوانێت بەبێ گرنگیدان بە ڕای گشتی جیهانی و کاریگەرییەکانی، هەروا بەردەوام بێت لە تاوانەکانی لە غەززە. هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕە وێرانکەرە، ململانێ و تێکهەڵچوونەکانی دەریای سووریش ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە پەرەدەسێنێت. هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان نەیتوانیوە بەر بە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بگرێت. هەڵسوکەوتە زۆرەملێکانی ئەمریکا لەبری ئەوەی تەرکیز بکاتەسەر کۆتاییهێنان بە داگیرکاری غەززە، هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی ئیمکاناتی حوسییەکان چڕ کردۆتەوە. بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئەمریکا ناتوانێت لەم بابەتەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت و پەرەسەندنی ئەم تێکهەڵچوونانە، دەتوانێت لێکەوتەی ناوچەیی مەترسیداری بەدواوە بێت. پێدەچێت گوشارە سیاسییە کاریگەرەکانی ئەمریکا لە سیاسەتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت بە هۆی هەڵوێستی یەکلایەنەی سەبارەت بە دیفاع لە ئیسرائیل، تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووبێتەوە.
سێیەم: هەوڵی ڕژیم بۆ کردنەوەی بەرەی شەڕێکی سنووردار جگە لە ڕازیکردنی لایەنگرەکانی خۆی بە تۆڵەی سەخت” لە خەڵک و ژنان و منداڵانی وڵاتانی دراوسێ، بەو ئامانجەش بەڕێوە دەچێت کە خۆی لە مەترسی شەڕێکی ڕاستەقینە و بەربڵاوی نێوان خەڵک و ڕژیم دەرباز بکات. حکوومەتی ئیسلامی شەڕی خۆی لەگەڵ خەڵک و بە تایبەتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش لە ئاستێکی بەربڵاودا بەڕێوە دەبات. لە بەلوچستانیش لەبری ئەوەی وەڵامێکی ڕوون بدرێتەوە بەو بنەماڵە سکاڵاکارانەی کە لە ڕۆژانی هەینی خوێناوی زاهیدان و خاشدا ئازیزانیان لەدەستداوە، سیاسەتی زاڵکردنی هەرچی زیاتری کەشی ئەمنییەتی و لەسێدارەدانی گرتۆتەبەر. سیاسەتێک کە لە لایەک زەمینە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی گروپەکانی وەک جەیش ئەلعەدل عەدل خۆش دەکات و لە لایەکی تریشەوە لە ئێستادا بە بیانووی سەرکوتکردنی ئەو گروپانە دەستدرێژی دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ. کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر بەم سیاسەتە دڕندانەیەی ڕژیم هەمەلایەنە و درەوشاوەیە. ئاستی ناڕەزایەتی و مانگرتنە جەماوەرییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر و فرەچەشنتر و هەماهەنگتر دەبێت. ئێستاجگەلەخانەنشینانیوڵات،فولاد،بەشیپێوەندییەکانودابینکردنیکۆمەڵایەتی،کەچوارڕۆژلەهەفتەیەکدا
ناڕەزایەتی دەربڕن، پەرستارەکانیش بە ڕیزی ناڕازیانەوە پەیوەست بوون. کەمئەندامان، یان بە واتایەکی تر “خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان” بە دروشمی “ئێمە خێرخوازی سەرشۆڕانەمان ناوێت، مافی سەربەرزانەی خۆمان دەوێت” هاتوونەتە مەیدان. کرێکارانی کەرتی نەوت و گاز لێرە و لەوێ خۆپیشاندانی بەربڵاویان ڕێکخستووە. جووتیارانیش بە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست بوون. ناڕەزایەتی جەماوەری لە دژی پیسبوونی هەوا و تێکدانی ژینگەش، بەتایبەتی لە سەڵماس، ئەراک و ئەردەکان، هێمای مەیدانێکی دیکەی خەبات و ناڕەزایەتیەکان نیشان دەدات. پەرەسەندنی خەباتی داواکاری تەوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئەو پرسیارە سەرەکییە دێنێتە ئاراوە کە چۆن و بە چ دروشم گەلێک دەکرێ زەمینە بۆ یەکگرتن و لێک هەڵپێکرانی هەرچی زیاتری ئەم خەباتانە خۆش بکرێت. لەم بابەتەوە دەکرێت لەسەر چوار بواری سەرەکیی جەخت بکرێتەوە:
مەرکەزیترین خەباتی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر، بریتییە لە خەبات لەدژی ئەو هەڵاوسانە بێ سنوورەی کە دەستی خستووەتە گیرفانی خەڵک و ژیانی لێ تێکداون. دەکرێت خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەست بکرێتە یەکێک لە میحوەرەکانی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان. بەڵام ئەم زیادکردنە پێویستە بەشێوەیەک بێت کە نەهێڵێت ماف و حەقدەستەکانی کرێکاران بەردەوام کەم ببێتەوە. لەمڕووەوە دروشمی زیادکردنی حەقدەست و مووچە لەسەر بنەمای هەڵاوسانی ڕاستەقینە دەتوانێت ببێتە گرنگترین دروشم بۆ لێک هەڵپێکرانی هەموو بەشەکانی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر.
میحوەری دووەم کە دەتوانرێت لە هەلومەرجی هەژاریی بەربڵاو و بێکاریی گشتگیر و پڕ لە نەهامەتیدا بخرێتە دەستووری کارەوە، بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر، چونکە تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ژیانی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا کە بەردەوام لە خراپبووندایە، ڕزگار بکرێت. ئاماری چوار ملیۆن و نیو کرێکاری کە لە بوونی بیمە بێبەشن یان ئاماری ملیۆنان خەڵکی هەژاری کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.
میحوەری سێیەم کە دەتوانرێت جەختی لەسەر بکرێتەوە، بریتییە لە پرسی باجەکان. ئێستا کە وەرگرتنی باج بۆتە سیاسەتی سەرەکی حکوومەت بەمەبەستی دابینکردنی بودجە و خەرجی دامەزراوە مشەخۆر و سەرکوتگەرەکانی، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێ باج لە شیرکەت و ناوەندەکانی سەر بە بەیتی رێبەری و سپا و دامەزراوە ئاینییەکان و زیارەتگاکان وەربگیرێت، دەبێ لەسەر ئەو بابەتەش پێداگری بکرێت کە وەرگرتنی باج لە کرێکاران و کارمەندان و بازاڕییە دەست کورتەکانیش نەمێنێت.
میحوەری چوارەم بریتییە لە پێکهێنانی چوارچێوە و ڕێکخراوگەلێکی تەشکیلاتی کە بتوانێت داواکاریی بزووتنەوە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە سەرانسەری ئێران بەیەکەوە گرێبدات. ئەو بزووتنەوانەی کە دژ بە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و بێمافین و تەنيا بەیەکەوە دەتوانن بە داهاتوویەکی گەش ئومێدەوار بن، بریتین لە بزووتنەوەی ژینگەپارێز، بزووتنەوەی کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، بزووتنەوەی کرێکاران و مامۆستایان. ئەم بزووتنەوانە لە ئەگەری یەکخستنی داواکارییەکانیان و پێکهێنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی بۆ ئەم مەبەستە، دەتوانن هێزێکی گەورە و کاریگەر نەک تەنیا بۆ گۆڕانکاری بچووک، بەڵکوو بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سۆسیالیستیش، بەدەست بهێنن.
چوارەم– هاوکات لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی داواکاریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە دژی حیجابی ئیجباری فۆرم و شێوازێکی خەباتکارانەی بەخۆوەگرتووە. چاونەترسی کچانی بوێری ئێران هەمووانی سەرسام کردووە. ژنانی ئازادیخوازی وڵات بە هەنگاوی پتەو و بەبێ ترس لە دانی هەزینەی قورسی لەبەرکردنی جلوبەرگی ئازاد، لە چەشنی نیلۆفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، حیجابەکانیان تووڕ ههڵدهدەن. تەنانەت کچانی بوێری هەواڵنێریش کە دوای پێنج سەد ڕۆژ بە کەفالەتی ملیاردی ئازاد دەکرێن، مل بە حیجابی ئیجباری نادەن و پەروەندەسازی نوێی ناوەندە کۆنەپەرست و سەدە ناوەڕاستییەکان بە گیان دەکڕن. لە کەناری ئەوانەدا شاهیدی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ئەو دادخوازانەین کە لەپێناو ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی ئازیزانیاندا خەبات. واقیعییەت ئەوەیە کە داعشی شیعە بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای شەڕ لە غەززە و جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، دەستیانکردووە بە پەروەندەسازی بەربڵاو و دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. ئەم بابەتە وایکردووە کە بنەماڵەی دادخوازان و زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی تر دەست بدەنە خەبات و ناڕەزایەتی. هاوکات شەپۆلێکی بەرین لە دژی سزای لە سێدارەدان لەلایەن ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهان کەوتووەتە ڕێ بۆ ئەوەی بەرامبەر بەم سیاسەتە دڕندانەی ڕژیم ناڕەزایەتی دەرببڕن. بڕیار وایە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە زیاتر لە ٣١ شاری جیهان، لەدژی سزای لەسێدارەدان کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە ببەن. لەمڕووەوە پێویستە خەبات لە دژی جینایەتەکانی ڕژیم، بە خەبات لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانەوە گرێ بدرێت و ڕێز لە کەرامەتی ئینسانی تاک بە تاکی شارۆمەندانی کۆمەڵگا بگیردرێت.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)
یەکشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٢/ ٢١ی ژانویەی ٢٠٢٤