کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

ترس لە کۆمەڵگای ئێراندا مانای نەماوە

یەکەم_ خەرمانان یەکێکە لەو مانگانەی کە تێیدا هەم شاهیدی جینایەتی بێ سنووری کۆماری ئیسلامی و هەم خەبات و خۆڕاگریی سەربەرزانەی خەڵکی مافخواز بووین. ڕووداوێکی کەم وێنە و دەگمەنی وەک شۆڕشی ژینا کە چەخماخەکەی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا، ساڵی ڕابردوو لەم مانگەدا دەستی پێکرد. ٣٥ ساڵ لەمەوبەر و لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧دا، ڕژیمی ئیسلامی جینایەتێکی خوڵقاند کە نیشانەی ئەوپەڕی دڕندەیی و دژە ئینسانی بوونی ئەو ڕژیمەیە. خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی، لەوانە ڕەفسەنجانی، خامنەیی و هتد… کە نیگەرانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوون لە دوای شکستی سەرشۆڕانەی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراقدا، بە ئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵکی بێزار و وەگیانهاتوو لە دەست شەڕ و نەهامەتی و باری خراپی ئابووری، پلانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییەکانیان داڕشت. کۆمیسیۆنی مەرگ، لە نەیری، قازی شەرع، ئیشراقی، داواکاری گشتی تاران و مووسەوی ئەردەبیلی، داواکاری گشتی وڵات و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێستای وڵات و داواکاری گشتی ئەوکاتی هەمەدان و کەرەج، پێکهێنرا و تەنیا لە مانگی گەلاوێژدا بە هەزاران ئەندام و لایەنگری سازمانی موجاهدینی خه‌ڵقی ئێرانیان ئێعدام کرد. پڕۆژەی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران، لە ڕۆژی هەینی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧، واتە تەنیا ڕۆژێک دوای خواردنەوەی جامی ژەهر و قبوڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، بە فەرمانی خومەینی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی، دەستی پێکرد. دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی مەرگ ڕاپۆرتی مەئموورییەتی جینایەتکارانەی مانگی گەلاوێژی خۆیان لە زیندانەکاندا بە خومەینی دا، فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانیشیان لێوەرگرت و لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی خەرماناندا بەربوونە گیانی ئەو مرۆڤە ئازادیخوانەی کە دڵیان کەیلی هومێد و خۆشەویستی بوو بە ئاڕمانی بەرزی ڕزگاریی مرۆڤی چەوساوە و ستەمدیتوو. دارەکانی سێدارە ئامادە کران و زیندانییە ئاڕمانخوزەکان بە وتنی “نا” بە جەلادەکان، بە پەتی سێدارەکانەوە هەڵواسران و مۆرکی شەرمەزاریی مێژوویان لە ناوچاوانی بکوژەکان دا.  هەزاران زیندانی خەباتکار و خۆڕاگر، دارەکانی سێدارەیان ماچ کرد، بەڵام لەبەرامبەر جینایەتکاراندا سەربەرزانە ڕاوەستان و کڕنۆشیان نەبرد. بە پێی زۆرێک لە ڕاپۆرت و زانیارییەکان، لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا هەزاران زیندانیی سیاسیی لەم جینایەتە نامرۆڤانەیەدا بە هۆی مانەوە و سووربوون لەسەر بیر و باوەڕەکانیان، گیانیان لەدەستدا. کۆماری ئیسلامی دوای ٤ی مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بنەماڵەی قوربانیانی لە مەرگی ڕۆڵەکانیان ئاگادار کردەوە و دوای ئەوە ئیتر خەڵکی ئێران لەو جینایەتە دژی ئینسانییەی ناو سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، ئاگادار بوون. ڕژیم پاش ئەو جینایەتە هەزاران زیندانی ئێعدامکراوی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خاوەراندا بە خاک سپارد، بەڵام ئەم پڕۆژەیە هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و لەوانە کوردستانیش بەڕێوەچوو. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ نەک تەنیا یەک گوڵزاری خاوەران، بەڵکوو پێویستە یادی چەندین خاوەران لە سەرتاسەری ئێران بەرز ڕابگرین. بەرپرسانی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی تەنانەت تا ئەمڕۆش ڕێگری لە چوونی دایکانی جگەر سووتاو دەکەن بۆسەر گڵکۆی ئازیزەکانیان. کرێکاران و  کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بڕیاردەران و بەڕێوەبەران و ئەو کەسانەش کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەستیان لەو جینایەتە نامرۆڤانەیەدا بووە، نە فەرامۆش دەکەن و نە لێیان خۆش دەبن. بوونی ئەو جینایەتپیشانە لە لوتکەی ئەم دەسەڵاتەدا ئەوە دەردەخات کە ئەگەر خەڵک دەرفەتێکیان پێبدات، هەمان ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر کە خومەینی بە کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی ٦٠ و گەیاندنی بە لوتکە لە ساڵی ٦٧دا نیشانی دان. سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ئێستای وەلایەتی فەقیە و دامودەزگاکانی ژێر فەرمانی ئەو، لەسەر بنەمای ئەو لێدوانەی ڕێبەری ڕژیم کە دەڵێت “خودای ئەمساڵیش هەمان خودای دەیەی شەستە”، درێژەی هەمان ئەو سیاسەتە جینایەتکارانەیە کە کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی هاوینی ١٣٦٧ی لێکەوتەوە. ئەم سیاسەتە دزێوانە بە قەتڵە زنجیرەییەکان دەستیپێکرد و بە تیرۆرکردنی نەیارانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەردەوامی پێدرا و بە کوشتاری گەنج و لاوەکانی خەڵک لە بزووتنەوەی دژە سەرەڕۆیی ساڵی ١٣٨٨، بەفرانباری ٩٦ و ئابانی٩٨ و هەروەها نیوەی دووەمی ١٤٠١ درێژەی پێدرا. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرست و جینایەتپیشە ئەم خاڵە بنەڕەتییەیان فەرامۆشکردووە کە ئەگەر لە دەیەی ٦٠دا بەشێکی زۆری خەڵک هێشتا بە باشی هۆوییەت و جەوهەری ڕژیمیان نەناسیبوو و تەنانەت هەندێکجار کەم و زۆر پشتیوانییان لە تاوانکارییەکانیان دەکرد یان لە ئاستیدا بێ هەڵوێست بوون، ئەمڕۆ ئیتر خەڵک بە تەواوی پشتیان لەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە کردووە و بەوپەڕی هەستیارییەوە کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بە خوێنی هەر لاوێکی ئەم وڵاتە. ئەم بابەتە وایکردووە جگە لەوەی کە دەسەڵات نەتوانێت وەک هەمیشە هەوسارپچڕاوانە ئەسپی خۆی تاو بدات، سەبارەت بە شەپۆلی بێزاری و تووڕەیی جەماوەریش زۆر نیگەران بێت. سەرەنجام ئەو ڕۆژە دادێت کە بەرپرسانی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای عادڵانەی جەماوەری ئازار چێشتووی ئێراندا دەکەونە ژێر لێپرسینەوە و ڕازە شاراوە و سەربەمۆرەکانی جینایەتە بێ ئەژمارەکانیان هەرچی زیاتر ئاشکرا دەبێ و سزای شایستەی خۆیان وەردەگرن. یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٦٧ و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایەتی، بۆ هەمیشە زیندوو و پیرۆزە.

دووەم_  بە بۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی کۆمەڵکوژیی هەزاران زیندانیی سیاسیی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ و نزیکبوونەوە لە یەکەمین ساڵڕۆژی کوشتنی بە ئەنقەستی ژینا (مەهسا) ئەمینی لەلایەن مەئموورانی ڕژیمی ئیسلامییەوە و هەروەها بە بۆنەی ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، کۆمەڵێک چالاکیی بەربڵاو لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەستی پێکردووە. لەلایەن کۆڕ و کۆمەڵ و دامەزراوە مەدەنییەکانی ناوەوەی وڵات چەندین بانگەواز بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن و چالاکیی جۆراوجۆر، بڵاوکراوەتەوە. لە کوردستانیش حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چالاک لەم ناوچەیە، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە لەم ڕۆژەدا بەمەبەستی هاوڕایی و پشتیوانی لە بنەماڵەی دادخوازان، لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان کۆببنەوە و یاد و بیرەوەرییەکانی فیداکاریی و خۆڕاگریی ئەو ئازیزانە بەرز ڕابگرین. لە دەرەوەی وڵاتیش هەوڵی بەربڵاو لە ئارادایە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە شکۆدارە. کۆڕ و کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان و حیزب و ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان و ڕێکخراوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان هەوڵیانداوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانە تری ئاکسیۆنەکان بگەنە هەماهەنگییەکی هاوبەش. لە زۆربەی شارە گەورەکانی وڵاتانی ئەوروپا و سکاندیناڤیا کۆبوونەوەی گەورە و بەربڵاو بەڕێوەدەچێت. لەوانە لە وڵاتی ئەڵمان لە شارەکانی هانوفێر (وەک خۆپیشاندانێکی ناوەندی)، فرانکفۆرت، کۆڵن، بڕلین و هامبۆرگ، لە فەڕانسە، شاری پاریس، لە ئۆسلۆ پێتەختی نۆروێژ، لە هولەند شاری ئامستردام، کۆپنهاگن لە دانیمارک، لە شاری هێلسینکی فینلاند، سوئێد لە ستۆکهۆڵم و یۆتۆبۆری و لەندەن لە وڵاتی ئینگلستان، هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان پێکهێنەر و ڕێکخەری سەرەکی ئەو چالاکییانەن. هەر لەم پێوەندییەدا ڕەوت و لایەنە ڕاستەکانیش لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆمەڵێک کۆبوونەوە و خۆپێشاندان بەڕێوە ببەن. بەڵام دوای شکستی پڕۆژەکانی وەک “مەنشووری مەهسا” و “وەکالەت” و ئەو کاریگەرییە نیگاتیڤەی کە لەسەر بزووتنەوەی ژینا و هەوڵدان بۆ سڕینەوە و بەلاڕێدا بردنی داواکارییە ڕادیکاڵەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە دەرەوەی وڵات هەیانبوو، کەمترین تواناییان هەیە بۆ هەڵخڕاندن و کۆکردنەوەی جەماوەر. یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئاخێزی ئەم دواییە بریتی بوو لە ئاشکرا کردنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ڕەوت و لایەنانە بۆ زۆربەی هەرەزۆری ئەو جەماوەرەی کە لە سروشت و مێژووی ئەوان بێ ئاگا بوون.

سێیەم – لە سەروبەندی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا شەپۆلێکی دیکەی پاکتاوکردن و دەرکردنی مامۆستایان و بیرمەندانی بەدەروەستی زانکۆکانی ئێران دەستیپێکردووە و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ناو و شوێنی وانەوتنەوەی ١١٠ کەس لەو مامۆستایانەی کە بە فە شێوەی کاتی یان هەمیشەیی لە زانکۆکان و پڕۆسەی پەروەردە و بارهێنان دوورخراونەتەوە، بڵاوکراوەتەوە. ژمارەی مامۆستایانی لەسەرکار لابراو لە زانکۆی ئازاد، تاران، زانستە پزیشکییەکانی تاران، زانکۆکانی عەلامەی تەباتەبایی و بەهەشتی، زانکۆی فیردەوسی مەشهەد و زانکۆی باهونەری کرمان، هەریەکەیان بە ٣ حاڵەت، زۆرترین ڕێژەی دوورخستنەوەی مامۆستایان لەم ماوەیەدا هەبووە، زانکۆکانی کوردستان، زانکۆی ئیسفەهان، زانکۆی سەنعەتی شەریف و زانستی پزیشکی بابول، هەریەکەیان بە ٢ حاڵەت و زانکۆکانی گیلان، شیراز، مازەندەران، زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، جەهروم، حەکیم سەبزەواری و زانستە پزیشکییەکانی تەورێزیش، زۆرترین فەرمانی هەڵپەساردن و دوورخستنەوەی کاتی و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوە و بڕانی مووچەی مامۆستا و کۆتایی هێنان بە هاوکاری و خانەنشین کردنی زۆرەملێیان، بۆ دەرچووە. ئەم زەخت و گوشارانە بۆسەر زانکۆکان دووبارەبوونەوەی هەمان سیاسەتی شۆڕشی فەرهەنگیی سەرەتاکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. بە واتایەکی تر “شۆڕشی فەرهەنگیی” میحوەرێکی دیکەی سیاسەتی سەرکوتی ئیدئۆلۆژیک و بە قەولی خۆیان “پاککردنەوەی زانکۆ” لە بیر و هزری ئەمڕۆیی و زانستی و دژە خوڕافییە. لەو سەردەمەدا بە پێی فەرمانی خومەینی، وەلی فەقیەکانی سەردەم، بە داخستنی دوو ساڵی زانکۆکان لە سەرانسەری وڵات، ئەو ناوەندە زانستیانەیان لەو خوێندکار و مامۆستایانەی کە لەخۆیان نین پاککردەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم “پاکسازییە” بەربڵاوە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، زانکۆکان سەرلەنوێ بووەنەتە گۆڕەپانی بەرەوڕووبوونەوەی نێوان زانست و خوڕافات.  بزووتنەوەی خوێندکاریی ساڵی ١٣٧٨ سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی نوێی خوێندکاران بوو لەگەڵ ڕژیمی فاشیستی کە لەگەڵ سەرکوتی خوێناوی زانکۆ و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی خوێندکاران بەرەوڕوو بووەوە. لەو کاتەوە تائێستا زانکۆ هەرگیز ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە. هەوڵی ڕژیم بۆ “یەکخستنی حەوزە و زانکۆ” لەگەڵ شکستێکی سەرشۆڕانە بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەوان بێهودە خەیاڵیان دەکرد کە گۆیا دەتوانن ئاشتی و هاوئاهەنگی لە نێوان زانست و خوڕافاتدا درووست بکەن. هاوڕابوونی زانکۆکانی سەرتاسەری وڵات لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەجۆرێک ئەم وەهمەی تێکشکاند کە ڕژیم ناچار بە کاردانەوەی  تووند و وەحشیانە بکات. دەرکردن، گرتن و زیندانیکردن، بانگهێشتکردن، هەڵوەشاندنەوەی وەرزەکانی خوێندن، پەروەندەسازی و دەرکردن لە بەشەناوخۆییەکان، ئەو سیاسەتەیە کە ڕژیم بەرامبەر بە زۆرێک لە خوێندکاران گرتویەتەبەر. ئێستا ئەم سیاسەتە بە دەرکردنی بەربڵاوی بەناو ئەو مامۆستایانەی کە لەخۆیان نین و جێگرەوەیان لەلایەن حیزبوڵڵاییەکانەوە پەیڕەو دەکرێت. ئەوان پێیانوایە کە بە پێدانی بڕوانامە و نازناوی مامۆستا بەو بەسیجیانەی کە قاڵبووی ناو وەلایەتن، دەتوانن پێگەی زانستی مامۆستایانی بیرمەند پڕ بکەنەوە و مێشکی خوێندکاران بە خوڕافاتی دواکەوتووانە و سەدە ناوەڕاستی بشۆنەوە. ئەم هەوڵە بێهودەیەش گرێیەک لە گڵۆڵەی ئاڵۆزکاوی دەسەڵاتی فاشیستی ناکاتەوە و زانکۆ وەک هەمیشە سەنگەری بەهێز و لەگیران نەهاتووی زانست و ئازادی دەمێنێتەوە.

چوارەم- ڕاپۆرتەکان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە گوشارەکان بۆ سەر ژنان لە زیندانەکاندا پەرەیسەندووە. ڕوون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی لە پرسی زیندانیکردن و ئەشکەنجەی ژنانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تردا، بەشوێن ئامانجێکی دیاریکراو و ستراتیژیک و سیستماتیکەوەیە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زیندانیانی سیاسی ژن، بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بەشوێن چ ڕێبازێکی سیاسییەوە بوون، یان سەر بە چ ئاراستەیەکی سیاسی، مەزهەبی، نەتەوەیی و جێندەری بوون، ڕاکێشرانی ژنان بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی، خۆڕاگرییان و یاخیبوونی ئەوان لەدژی فەرهەنگی پیاوسالاری و مەزهەبی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، بە هیچ شێوەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی قبوڵکراو نییە لەبەر ئەوەی پرسی ڕزگاریی ژن بە شێوەیەکی گشتی لە ململانێیەکی ئاشتی هەڵنەگەر لەگەڵ جەوهەری ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە مەزهەبییەدا بووە و دەبێت. بەڵام ئەم فشارانە تەنیا بۆسەر زیندانیانی سیاسی ژن نەبوو. حەوتووی ڕابردوو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە لایەکەوە شاهیدی بەردەوامبوونی جینایەت و ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیانی سیاسی بووین و لە لایەکی دیکەشەوە شاهیدی خۆڕاگری قارەمانانە و کەم وێنەی زیندانیانی خەباتکار لە زیندان و سیاچاڵەکانی ڕژیمدا بووین. مەرگی جەواد ڕۆحی یەکێک لە خەباتکارانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، لوتکەی ئەم تاوانانە بوو. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، “مەرگی جەواد ڕۆحی، لاوێکی ناڕازی کە بەشێوەیەکی نایاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرابوو، بە نموونەیەکی ئاشکرای تر لە دەستدرێژی نامرۆڤانەی بەرپرسانی ڕیژیمی ئیسلامی ئێران بۆسەر مافی ژیان لە ڕەوتی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤدا ناوبرد و جەختی کردەوە کە پێویستە پەروەندەی گیانلەدەستدانی ئەم زیندانییە ناڕازییە، ” بەشێوەیەکی کاریگەر و سەربەخۆ” لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەندی چوار کە تا ڕۆژی ١٠ی خەرمانان بەردەوام بوو، وەک ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە کۆنترۆڵکردن و گوێگرتن و تۆمارکردنی دەنگی زیندانیان، هەروەها لەسەرەوەبوونی هەزینەی پەیوەندیی و خراپی کوالێتی پەیوەندییەکان و پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی تەلەفۆن. مانگرتووان بریتی بوون لە دوو ئەندامی زیندانیکراوی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحد بە ناوەکانی حەسەن سەعیدی و ڕەزا شەهابی و کۆمەڵێکی تر لە چالاکانی کرێکاریی و مامۆستایان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی لەوانە، ڕەسوڵ بوداقی، جەعفەر ئیبراهیمی، سەعید مەدەنی، کەیوان موهتەدی، کامیار فەرکوور، ئارش جەوهەری، ئەحمەد ڕەزا حائیزی.، عەلی یۆنسی، ئەمیرحوسێن مورادی و ئەمیرسالار داودی. حکومەتی ئیسلامی پێیوایە کە بە کوشتنی دەستبەسەرکراوانی وەک کوشتنی بە ئەنقەستی جەواد ڕۆحی لە زیندانی نەوشەهر، بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هەڵسووڕاوانی ژنان، چالاکانی سنفی، هونەرمەندانی جەماوەریی، ڕۆژنامەنووسانی بوێر، نووسەرانی بەناوبانگ و ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، دەتوانێت فەزای ترس و خۆف بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. دەستبەرکردنی چەندین جارەی نازیلا مەعروفیان (ڕۆژنامەنووس)، دەستگیرکردنی جیلوە جەواهێری، فرووغ سەمیع نیا، مەتین یەزدانی، یاسەمین حەشدەری، زەهرا دادڕەس، زوهر دادڕەس، ئازاد چاوشیان، سارا جیهانی، هومەن تاهیری (چالاکانی مافی ژنان)، دەسبەسەرکردنی مێهدی یەراحی ( هونەرمەندی جەماوەری)، دۆرچی (ڕاپەر)، ئەمیر حسێن بیلالی (بەرپرسی سیاسی پێشووی ئەنجومەنی ئیسلامی پۆلیتلنیک)، حەسەن خەیرخاە (چالاکی مەدەنی لە شاری مەشهەد)، دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوو  حەنانە کیا؛  مەعسوومە ئازەری (دایک)، وەحید کیا (باوک)، هێلیا کیا (خوشک) و ئەمیر (دەزگیرانی حەنانە)، دەستگیرکردنی فەرهاد زارع، برای گیانبەختکردوو میلاد زارع، ڕێگریکردن لە چارەسەری پزیشکی بۆ جەعفەر ئیبراهیمی، ڕەزا شەهابی، داود ڕەزەوی، یان لەسەرکار دەرکردنی مامۆستایانی ناسراوی وەک سارا سیاه پور، فریبا نامی، بەهارە عەسکەریزادە، شیوا عاملی ڕاد، محەممەد سەعیدی ئەبوو ئیسحاقی، مەحموود میلاکی و عەزیز قاسم زادە، دەتوانێ بەر بە بەرەوپێشچوونی ئەم بزووتنەوەیە بگرێت یان ترس و خۆف بەسەر هەڵسووڕاوان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا زاڵ بکات. بەڵام خۆڕاگریی درەوشاوەی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکاندا و ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی سنفی و مەدەنی و هونەرمەندان لە دەرەوەی زیندان و پشتیوانی بەربڵاوی جەماوەریی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات لەو بەندکراوانە، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، پتر لەوەی کە نیشانەی هێز و دەسەڵاتی حکوومەتی فاشیستی ئیسلامی بێت، گوزارشتە لە داماویی و بێدەسەڵاتی و ترسی ڕژیم لەو بزووتنەوەیەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ و ئاستێکی بەرڵاوتر لەخۆ دەگرێت.

پێنجەم- دەستبەسەرکردنی مێهدی یەراحی، هونەرمەندێکی جەسوور، جەماوەریی و بەدەروەست کە گۆرانییەکی جوان و کاریگەری بە ناوی “سەرپۆشەکەت لادە” بۆ بانگهێشتکردنی ژنان بەمەبەستی بەردەوامبوون لەسەر بەرگریکردن لە مافی جلوبەرگی ئیختیاری، بڵاوکردووەتەوە. بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ کاردانەوە و پێشوازییەکی کەم وێنەی هونەرمەندان و تێکۆشەرانی ناودار بەرەوڕوو بووەوە. هەواڵی ئەم دەستگیرکردنە زۆر زوو بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان. ئەم دەستبەسەرکردنە کە بۆ نیزامێکی ئایینی و سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانکراو بوو، پاڵپشتییەکی زۆری ئەم هونەرمەندە ناڕەزاییەی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی لێکەوتەوە. سێپیدە قولیان، چالاکی کرێکاریی و یەکێک لە قارەمانانی ناوداری خۆڕاگریی لە زیندانەکاندا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، لەناو زیندانی ئێڤینەوە پەیامێکی ڕوو بە مێهدی یەراحی بڵاوکردەوە و بە “دەنگی گەل” ناوی برد. سێپیدە لە یاداشتەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا لەگەڵ دەنگی مێهدیدا ژیاوە. لە بەشێک لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “من لەگەڵ دەنگی تۆدا ژیاوم یەراحی. هەوای زێدەکەم هەڵمژیوە، بە دەنگی تۆ بەرگەی دوورکەوتنەوە و دەربەدەریم گرتووە. هەربۆیە باش دەزانم ئەم کارە گەورەی تۆ نەک لە سەردەمی لە لووتکەدا بوونی بزووتنەوەکە، بەڵکوو لە سەردەمی لە لووتکەدا بوونی ستەم و سەرکەت و سەردەمی کپکردنی دەنگەکانی شۆڕشدا بەرهەمهات. لە کاتێکدا کە هەموو هەوڵەکانی دام و دەزگای سەرکوت ئەوە بوو کە ترس و بێدەنگی پەرەپێبدات، تۆ بێدەنگیت شکاند و ژیانی “ژن، ژیان، ئازادی“ت چڕی بۆ ئەوەی بیری هەمووانی بخەیتەوە کە ژن، ژیان، ئازادی، نەک تەنها بەشێک و ساتێک نییە لە مێژوو، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی بەردەوامە.”

شەشەم – ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگیی ژنان لەسەر پرسی حیجاب و پاڵپشتیی هونەرمەندانی جەماوەریی لێیان، بەرەوپێشبردنی نەبەردی خەڵک لە گەڵ ڕژیم بەشێوەیەکی بەردەوام و هەر ڕۆژە بەروپێش دەبات. ئەم نەبەردە بەردەوامە، تەنیا خەبات نییە لەدژی حیجابی زۆرەملێ، بەڵکوو خەباتێکە لە دژی ئاپارتایدی ئیسلامی، لە دژی دەوڵەتی ئایینی، لەدژی پیاوسالاری کۆنەپەرستانەی زاڵ و لە دژی ئایینی فەرمی و دەوڵەتی. ئێستا ئەم خەباتە فەرهەنگییە لە هەلومەرجی ژنانە بوونی هەژارییەوە بەستراوەتەوە بە خەبات لەپێناو بژێوی ژیان وەک سەرەکیترین پرسی کۆمەڵانی خەڵک. پرسی بژێوی ژیان لە هەلومەرجی پەرەسەندنی هەژاری و بە ژنانەتر بوونی ئەو پرسە لە ژێر هەڵاوسانی بێ سنوور و سەرکوتکردنی تووندی حەقدەستەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی هەڵاوسان، گرانی و دابەزینی بەهای دراوی وڵات، ببێتە خەباتێک کە تایبەتمەندی ئابووریی خۆی تێپەڕاندووە و بە کردەوە  بووەتە خەبات لە دژی بوونی ئەو نیزامە ئیسلامییەی کە هەژاریی کردۆتە دیاردەیەکی جەماوەریی و پەراوێزنشینی پەرەپێداوە. لەم ڕووەوەیە کە خەون و خولیا فەرهەنگیی و ئابوورییەکان وردە وردە لێک هەڵدەپێکرێن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نەبەردی خەڵک لەگەڵ ڕژیم ببێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەردەوام و بەشێنەیی. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوام و بە شێنەییە دەتوانێت دەرفەتی پێویست بدات بە خەڵک بۆ ئەوەی خۆیان ڕێکبخەن و خەباتەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر بەڕەوپێش ببەن و لە داهاتوودا بناغەکانی دەسەڵات لە خوارەوە بەهێزتر بکەن. ڕووبەڕووبوونەوەی بەربڵاو و بەشێنەیی خەڵک لەگەڵ حکوومەتی فاشیستی، نیشانی دەدات کە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران چیتر کۆمەڵگەی دەیەی شەست نییە. ئەگەر “خودای ئەمڕۆ هەمان خودای دەیەی شەست بێت”، خەڵکی ئەمڕۆی ئێران هەمان خەڵکی دەیەی شەست نین. ترس لە کۆمەڵگای ئێراندا مانای نەماوە و هیوا بە ڕزگاریی و جیهانێکی باشتر لە بیرگەی جەماوەریی خەڵکی ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. هەرچەندە ئەم هیوادارییە لەگەڵ هەوراز و نشێو بەرەوڕوو دەبێتەوە، هەرچەندە هەندێک کەس تووشی دڵساردی و بێهیوایی و ناکامی بووبێتن، بەڵام ورەی جەماوەریی و دەروونناسی گشتی کۆمەڵگا بە خەبات و هومێدەوە گرێیخواردووە. ئاستی بەربڵاوی بزووتنەوە و ناڕه‌زایەتییە سنفی و داواکارییەکان و خۆڕاگریی درەوشاوەی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت دیمەنی جوانی شارەکان بەهۆی خەبات و بەرخۆدانی ژنان و کچانی بوێر لە سەرانسەری وڵات، هێمای ئەم هیوا و هومێدە بە دواڕۆژێکی باشترە. ئەمڕۆ ئێران بە کەشێکی شۆڕشگێڕانەدا تێدەپەڕێت.  کۆنەپەرستان بێهودە هەوڵ دەدەن ڕەوتی بزووتنەوەی پتەو و مێژوویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەرەودواوە بگەڕێننەوە. ئەوان نیگەرانن لەوەی کە لە ژێر ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی ئەم حەرەکەتەدا پێشێل بکرێن. هەربۆیە لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەم دۆخە کۆنتڕۆڵ بکەن. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ئایندەیەکی نییە و خەڵک گەیشتووەتە خاڵی بێگەڕانەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی کرێکارانی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ ( ٣ی سپتامبری ٢٠٢٣ )

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-