کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

5a1500f32905222e4ac86

خەڵکی ئێران چیتر توانایی تەحەمول کردنی حکوومەتی ئیسلامییان نەماوە!

یەکەم: درێژەی هەشت مانگەی شەڕی غەززە و بێتوانایی ئیسرائیل لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەسەر بەستێنی کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرا و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەتایبەتی هێرشی دڕندانەی بۆ سەر کەمپی پەنابەران لە ڕەفەح، دەوڵەتی ئیسرائیلی کردووە بە دەوڵەتێکی گۆشەگیر و نەفرەت لێکراو لەسەر ئاستی ڕای گشتی خەڵکی جیهان. ئەم نەفرەتە گشتی و گۆڕانی دەروونناسییەی خەڵک لە ئاستی زۆرێک لە وڵاتان و لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان لە پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین و لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی، بەشێوری ڕاستەوخۆ لە شاشەی تەلەویزیۆنەکانەوە دەبینرێت. بزووتنەوەی خوێندکاری و زانکۆکانی ئەمریکا سەرجەم زانکۆکانی جیهانی گرتووەتەوە. کەسایەتییە ناودارەکانی بواری هونەر و وەرزش لە سەرانسەری جیهان لە حەرەکەتێکی جوان و ناوازەدا پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی فەلەستین و نەفرەتی خۆیان لە تاوانەکانی ئیسرائیل نیشان دەدەن. جگە لەوە، داوای دادستانیدادگای تاوانی نێودەوڵەتیبۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، یۆئا گالانت، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سنوار، بە بڕیاریدادگای نێودەوڵەتیی دادی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو دەوڵەتە ڕەگەزپەرستەی هەرچی زیاتر تەریک و گۆشەگیر کردووەتەوە. بایەخ پێنەدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بڕیاریدادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانو بێدەنگی ئەمریکا، ناوەڕۆکی ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا و دووڕوویی ئەوانی لە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دەرخستووە. ئەمەش بووەتە هۆی وشیارییەکی نوێ لەناو ڕای گشتی جیهان و بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا. ئێستا بزووتنەوەی چەپ لەسەر بەستێنی ئەم فەزایە دەتوانێت زیاتر لە هەر کاتێکی تر دیدگای ئینسانی خۆی بەرجەستە بکاتەوە، بەو مەرجەی کە هاوکات لە مەترسی ئیسلامگەرای بناژۆخوازیش غافڵ نەبێت. چەپی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ترسناکی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران، دەتوانێت لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت. لێرەدا پێویستە هێڵێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە لە نێوان ڕوانگەی چەپی پێشکەوتنخواز و ڕادیکاڵ و ڕوانگەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا بکێشرێت. لەمڕووەوە پێویستە چەپی مێحوەری بەرگریی، لەقاو بدرێت. ئەوان بانگەشەکاری کۆنەپەرستییەکی دیکەن.

دووەم: بە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و لەناوچوونی ناوبراو، قەیرانەکانی دەسەڵات قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. هەوڵی حکوومەت بۆ بە رفراندۆم کردنی مەراسیمی پرسە و ماتەمینی ئەو و هاوڕێکانی و بەدەستهێنانی پشتیوانی جەماوەری، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە. ڕاگەیاندنی فرۆشی شیرینی لە تاران و شارەکان بە ڕێژەی ٥٨٪ لە لایەن عەلی بەهرەمەند سەرۆکی سنفی قەنادەکانی وڵات لە مەودای نێوان یەکەم تا پێنجەمی مانگی جۆزەردان، بەبێ هیچ هۆکارێکی ئابووری، دوای ٦ ساڵ لە چەقبەستوویی، ئاماژەیەکە بۆ کاردانەوە و خۆشحاڵی بەرچاوی خەڵک، ئامارێکی کە بۆتە هۆی توڕەیی حکوومەت. لەسەر بەستێنی خۆشحاڵی خەڵک و بایەخ نەدان بە ململانێی نێوان بەرپرسانی ڕژیم، ڕیزبەندییەکانی ناوخۆی حکوومەت بەمەبەستی پێکهێنانی هاوسەنگی نوێ و بەدەستهێنانی کورسییە بەتاڵەکان، دەستیپێکردووە. دەستەی سەرۆکایەتی مەجلیسی خوبرەگان، بە دوورخستنەوەی ڕەئیسی، ئەحمەد خاتەمی و ئەحمەد جەننەتی، ئاراستەی خۆی بەرەو بناژۆخوازانی گوێ لەمستی ڕێبەر، گۆڕیوە. هەروەها ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی دەوڵەتی ئاڵقە لەگوێی ڕێبەریش دەستی پێکردووە. ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی، لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەی کە بەپێی سیناریۆی ڕێبەری ڕژیم بەرەوپێش دەچێت، زیاتر نابێت. ڕیزی دوور و درێژی داهۆڵ و ڕیاکارە سیاسییەکان بۆ ناو تۆمارکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، لەگەڵ گاڵتەپێکردنی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە. خەڵک هەموو ئەم هێزانەیان لە مەجلیس و لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ئەزموون کردووە. ئەوان باش دەانزانن لە پێکهاتەی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا، مەجلیس، دەوڵەت وکابینەکەی هیچکارەن و ئەگەر بێتوو هەرکامیان بە پێچەوانەی ویستی ڕێبەر، قسە بکەن، یان ناهێڵن لە هیچ شوێنێک دەربکەون، یان ساڵانێک لە چوارچێوەی ماڵەکانیاندا دەستبەسەر دەکرێن، یانخۆیان لە حەوزی فەڕەحدا  دەبیننەوە. خەڵک لە مێژە، تەواوەتی کۆماری ئیسلامی و هەموو باڵەکانی سەر بە ڕژیمیان تێپەڕاندووە.

سێیەم: لەگەڵ تەشەنەسەندنی قەیرانە ناوخۆییەکان و پەرەسەندنی نەفرەت و بێزاری خەڵک لە دەسەڵات، دەزگای وەلایەت هەوڵ دەدات کە بەردەوام کەشی گرژییەکان لە دەرەوەی وڵات کەم بکاتەوە. دەست بەداوێنی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بوون بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار، جگە لەوەی کە دەسەڵات هەوڵیدا لەم ڕێگایەوە تەرحی ئەگەریتیرۆری ڕەئیسی وەک ڕووداوێکی سروشتی نیشان بدات، لە چوارچێوەی وەها سیاسەتێکی نوێدا ڕووی داوە. هەندێک لە هەواڵەکان باس لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە جۆرێک ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنارەکانی باشووری کەنداوی فارس دەکەن. سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ عربستان و دامرکاندنەوەی بڵێسەی شەڕی غەززە، هەروەها خستنەڕووی گەڵاڵەیکۆتایی هێنان بە شەڕ و گرژییەکانلە غەززە، بەر بە تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەکە بگرێت. ئەم سیاسەتە لە هەمان کاتدا کۆمەک دەکات بە پەرەسەندنی پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. پێدەچێت قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەستی پێکردبێت.

چوارەم: سیاسەتی چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر بزووتنەوەی ژنان هەروەها یەکێکە لە میحوەرەکانی سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی. پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ٦٠ ساڵ زیندانی بۆ ١٢ هەڵسووڕاوی مافەکانی ژنان لە گیلان لە دادگای پێداچوونەوەی ئەو پارێزگایە، نیشانەیەکی دیکەی ئەم سیاسەتە فاشیستیەیە. پێشەنگایەتی ژنان لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیبەجۆرێک تووڕەیی دەسەڵاتدارانی پیاوسالار و کاسبکارانی ئایینیی هەڵخڕاندووە کە فشارەکانیان بۆسەر چالاکانی مافەکانی ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا بەڕادەیەکی زۆر پەرە پێداوە. سزای ٢١ ساڵ زیندانی بۆ ژینا مودەڕیس گورجی، ئەندامی گرووپیژیوانۆلە کوردستان، هێمایەکی تری ئەم سەرکوتە فاشیستیەیە. هەروەها پێویستە شەڕی بەردەوامی گەشتەکانی ئیرشادیش لە دژی ژنان و کچان بەم پرۆسەی سەرکوتکردنەوە زیاد بکرێت. دەسەڵاتدارانی ئیسلامی پتر لە هەرشتێک لە ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا نیگەرانن. هەروەک چۆن سەڵتەنەتخوازەکان و تاقم و گرووپە سیاسییە بەدناوەکانی دیکەش لە دروشمیژن، ژیان، ئازادیو قورسایی ژنان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا دەترسن و هەوڵی گۆڕینی ئەو دروشمە دەدەن.

پێنجەم: بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، وەک کۆڵەکەی سەرەکی ناڕەزایەتی و خۆڕاگریی، بەردەوام وەک دڕکێک بووە لە چاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی ڕاستدا. هەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوەیە لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. تێکشکاندنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، گوشار بۆسەر هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی یاسای کار لە پێوەند لەگەڵ دامەزراندنەکان، کەمکردنەوەی هەرچی زیاتری دامەزراندنی فەرمی و هەروەها پەرەسەندنی کاری گرێبەستی و ناسەقامگیری کار، سەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی خوارتر لە ڕێژەی هەڵاوسان و هێڵی هەژاری فەرمی، جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی تەرحی بە تایبەتکردنی سیستەمی خانەنشینی، مەحاڵ کردنی خانەنشینی پێشوەختە لە ڕێگەی لێخۆشبوون لە دابینکردنی چوار لەسەدی پشکی کرێکار لەلایەن خاوەنکارەوە لە شیرکەتە پەیمانکارییەکان، زیادکردنی ئەو پشکەی کە کرێکاران بۆ بیمەی بێکاری دەیدەن و هەروەها کەمکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی بیمەی بێکاری کرێکاران، قەرەبوو نەکردنەوەی زیادبوونی ڕێژەیی هەزینەی نیشتەجێبوون، بێهداشت و دەرمان و پەروەردە لە سەبەتەی بژێوی کرێکاران و دابەشکردنی هەزینەکانیان بەسەر ئاستی ئەو حەقدەستە کەمەی ئێستادا، دوورخستنەوەی ژمارەیەکی هەرچی زیاتری ژنان لە پیشە فەرمییەکان و کردنیان بە هێزێکی کاری هەرزان لە بازاڕی کارە نافەرمییەکاندا، گرینگی نەدانی دەوڵەت بە دابینکردنی لانیکەمی مەرجی ئەمنییەت لە شوێنی کار و پەرەسەندنی لەڕادەبەدەری ڕووداوەکانی کار لە ساڵی ڕابردوودا، دابەزینی بەردەوامی ئاستی ژیانی توێژی خوارەوەی چینی کرێکار لە هەلومەرجێکدا کە کەمترین دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوونی نییە، وەک کۆڵبەران، سوختبەران، دەست فرۆشان، ژنانی لەسەر کار لە بەشی بەرهەمە تەقلیدییەکانی وەک فەڕش و کارەکانی تری ناوماڵ، منداڵانی کار، کرێکارانی کۆچبەر و هیتر…. لە زومرەی ئەو سیاسەتانەن کە سەرجەم دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک پەیڕەویان کردووە. سزادانی ٤٢ کرێکار و هەڵسووڕاوی کرێکاری بە ١٦٢ مانگ زیندانی تەعزیری و ١٢٩ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو، دەرکردنی ٥١٠ زەربە شەلاق بۆ کرێکاران و بانگهێشتکردنی ٢١ کەسیان بۆ ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکان، لە زومرەی ئەو فشارانەن کە دام و دەزگاکانی حکوومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بەڕێوەیان بردووە. بەڵام سەرەڕای ئەم سەرکوتە وەحشیانە و هەمە لایەنە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٦٣٥ ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە و مانگرتنی کرێکاری لە ئێران بەڕێوەچووە، هەربۆیە بەڕێکەوت نییە کە ئەو ناڕەزایەتییانە دەسەڵاتدارانی گەلێک تووڕە کردووە. پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری بە گشتی و بە تایبەتی بۆ سەر هەڵسووڕاوانی سنفی مامۆستایان، ڕۆژ بەڕۆژ چڕتر دەبێتەوە. بانگهێشتکردن و هەڵپەساردن و دەرکردنی مامۆستایان بووەتە یەکێک لە پایەکانی سیاسەتی سیستەمی پەروەردەی وڵات.

شەشەم: سەرکوتی توندوتیژی بەهاییەکان یەکێکە لە بوارەکانی تری سەرکوتی فاشیستی حکوومەت. دوابەدوای پشتڕاستبوونەوەی حوکمی ١٥ کەس لە ژنانی بەندکراوی بەهایی لە ئیسفەهان لە مانگی ڕابردوودا، ڕۆژی ٨ی جۆزەردان، شاهیدی لەناوبردنی کێڵگەی برنجی جووتیارانی بەهایی لە گوندی ئەحمەدئاوای سەر بە پارێزگای مازەندەران بووین. جێگای ئاماژەیە کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووشدا،نزیکەی ٤٠ هێکتارزەوی کشتوکاڵی سەر بە هاووڵاتیانی بەهایی لە مازەندەران دەستی بەسەردا گیرابوو. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاووڵاتییانی بەهایی وڵات، نەک هەر بە ئاشکرا  مافی هاووڵاتیبوون لە دەستوورەکەی خۆیاندا پێشێل دەکەن، بەڵکوو لەم پێوەندییەدا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەنجەمەنی حوجەتییە کە لەسەرەتاکاندا لەژێر بەرپرسیارێتی شێخ حەڵەبیدا، ناوی ئەنجومەنی دژە بەهایی لەسەر خۆی دانابوو، هاوئاراستەن. ئێستا کە لایەنگرانی ئەم ئەنجومەنە و بە تایبەتی موریدەکانی میسباح یەزدی لە زۆرێک لە پۆستە حکومییەکاندا دانراون، ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بە شێوەیەکی توندوتیژتر بەڕێوە دەچێت. ئاشکرایە کە خەڵکی ئازادیخواز ئەم شێوازە سەرکوتگەرانەی دژ بە بەهاییەکان ئیدانە دەکەن و ئەو سیاسەتە لە چوارچێوەی وەحشیگەرییەکانی جێگیر لە دەسەڵاتی ئایینیدا دەیبینن.

حەوتەم: سیاسەتی سەرکوتی توندوتیژ و پەنابردن بۆ ئێعدام بەمەبەستی دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگادا، بەردەوام یەکێک بووە لە ئامرازە سەرەکییەکانی حکوومەت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ٨٥٣ حاڵەت بووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیکەی ٥٠% زیادی کردووە، بەمجۆرە ئێران لە دوای چین، لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو وڵاتانانەدا دێت کە سزای لەسێدارەدان تێیاندا بەرێوە دەچێت. بە واتایەکی تر، نزیکەی ٧٥%ی سەرجەم ئەو ئێعدامانەی کە لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٣ تۆمار کراون، لە ئێران ڕوویانداوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی ئێعدامەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، نزیکەی ٩٠% زیادی کردووە. واتە لە ٢٥٥ حاڵەتەوە بۆ ٤٨١ حاڵەت بەرز بووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم حەوت کەس لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە شەش کەسیان پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانیژن، ژیان، ئازادیوە بووە. لە ساڵی ڕابردوودی زایینی دا لانیکەم ٥٢٠ کەس بەپێی حوکمی دادگاکانی شۆڕش و لانیکەم ٣١٧ کەسیش بەپێی حوکمی دادگاکانی تاوان لە سێدارە دراون. لە ١٦ حاڵەتیشدا، ڕوون نییە کە سزای ئێعدامەکان لە کام دادگا دەرچووە. لەم ناوەدا لانیکەم ١٧٢ کەس واتە (١٦٦ پیاو و شەش ژن) لە خەڵکی بەلووچستان لە سێدارە دراون کە دەکاتە ٢٠%ی سەرجەم ئەو ئێعدامانەی کە لە ئێراندا تۆمار کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەلووچەکان تەنیا لەسەدا پێنجی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن. لە کۆی ئەو ٣٨ کەسەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە هۆی تۆمەتەکانی وەکمحاربهوە لەسێدارە دراون، زیاتر لە نیوەیان بە تاوانێک تۆمەتبار کرابوون کە بە وتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، نەدەبوو ببێتە هۆی لەسێدارەدانیان؛ لەوانە دزی و سیخوڕی و ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کوردستان. سیاسەتی لە سێدارەدان و پەرەسەندنی، بەشێکە لە سیاسەتی حکوومەت بەمەبەستی پێشگرتن لە گەشەکردن و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، کە بناغەکانی دەسەڵاتی ئیسلامییان خستووەتە لەرزە. بێتوانایی دەسەڵات لە ئاست وەڵامدانەوە بە ویست و داواکاری و بە دروشم و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە لایەک و بەرتەسک بوونەوەی پێگەی پشتیوانی حکوومەت بەهۆی قەیرانەکانی ناوخۆی دەسەڵات و یەکدەست کردنی دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە، بۆتە هۆی ئەوەی کە حکوومەت پەنا بباتە بەر دوایین تاکتیک و ئامرازەکانی سەرکوت. پەرەسەندنی شەپۆلی ئێعدامەکان لەسەر ئەم بنەمایە ڕوودەدات. ئەم سیاسەتە وەحشیانەیە ئەگەرچی بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی زۆر کەس، بەڵام نەک هەر نەیتوانیوە فەزای ترس و خۆف بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ  بکات، بەڵکوو بە ئاشکرا لەگەڵ شکست و ڕیسوایی بەرەوڕوو بووەتەوە.

بڕوخێت ڕژیمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣/ ٤ی ژوئێنی ٢٠٢٤