ترسی کۆماری ئیسلامی لە شادی و خۆشی خەڵک
يەکەم: ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ خۆشی و زەردەخەنەی سەرلێوی خەڵک ناتەبایە و خەمۆکی و نائومێدی و بێهیوایی، خۆراکی کۆماری ئیسلامییە. حکوومەتی ئیسلامی بە ئەنقەست و وەک چەکێکی دەروونی، نەک هەر بە دروستکردنی ژینگەیەکی مەترسیدار، بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری پەرەپێدەدات، بەڵکوو هەر چەشنە خۆشی و شادییەک بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی ڕەش و کۆنەپەرستانەی خۆی دەزانێت. ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ئەوەی تێیاندا حیجابی ئیسلامی ڕەچاو ناکرێت و مەودای نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگیرێت، تێکدەدات. ڕێگری دەکات لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقا. ئەو لاوانەی کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و سەما دەکەن و کاتێکی خۆش لەگەڵ یەکتر بەسەر دەبەن، ئەزیەت و ئازار دەدات و بێڕێزیییان پێدەکات. لە ڕاستیدا ئەگەر دونیا بە مەیلی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، دەبوو ئەم کۆمەڵگایە بە درێژایی ساڵ ڕەشپۆش بێت و هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک ماتەمین بگێڕێت. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە تەسلیمی نیزامی ئیسلامی نەبوون. سەرەڕای هەڕەشە و تووندوتیژی و تەنانەت ئەزیەت و ئازار و گرتن لەم پێوەندییەدا، خەڵک لە سەرانسەری ئێران دژایەتییەکانی ڕژیم پشتگوێ دەخەن. مۆسیقا، هونەر، گۆرانی، سەما و خۆشی لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە. لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵدا، فەرهەنگی خۆڕاگریی پێشکەوتنخوازانە سەریهەڵداوە. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەر بە شادی و بەختەوەری و خۆشەویستی خەڵک بۆ ژیان بگرێ و لەم بوارەدا سەری لە بەرد دراوە و هەڵەکانی بێ ئاکامە. ئەم خۆشەویستییە بۆ ژیان، هەمان ئەو هێزەیە کە ڕژیمی بە تەواوی نیگەران کردووە. ماوەیەک لەمەوبەر گرتە ویدیۆیەکی سەما و خۆشی و گۆرانییەکی فۆلکلۆریی گیلەکی پیرە پیاوێکی خەڵکی ڕەشت بە ناوی سادق باقری ناسراو بە “مام سادق” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیاوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم ویدیۆیە، پۆلیس مام سادق و ١٢ کەس لە چالاکانی فەرهەنگی ڕەشتیان دەستبەسەر کرد. هەروەها لەلایەن بەشی چاودێری شوێنە گشتیەکانەوە ئاگادارییەک سەبارەت بە پلۆمپ کرانی چوار ناوەندی سنفیی سەما و گۆرانی دەرچوو. ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەی حکومەت لەگەڵ شەپۆلێک لە کاردانەوەی گەنجانی وڵات بەرەوڕوو بووەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاشتاگی “مام سادق” بوو بە ترێندێکی جیهانی و لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بە لاساییکردنەوەی مۆسیقا و سەماکەی پشتگیریان لێکرد، ئەوەندە بەربڵاو بوو کە دەسەڵاتی ناچارکرد مام سادق ئازاد بکات و تەنانەت نکۆڵی لە دەستبەسەرکردنەکەشی بکات. ئەم کاردانەوە جەماوەرییانە نیشانی دا کە ئاستی خەبات و خۆڕاگریی مەدەنی تا چەند لە کۆمەڵگادا بەربڵاو. ئەم خۆڕاگرییە مەدەنییە بەربڵاوە لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتییە داخوازی تەوەرەکانی بزووتنەوە کرێکارییەکان، خانەنشینەکان، پەرستاران و هتد، ئەوە نیشان دەدات کە کۆمەڵگا چۆن خۆی ڕێکدەخات و بەرخۆدان و خەباتی خۆی پەرەپێدەدات و خۆی بۆ تێکشکاندنی هێزی فاشیستی دەسەڵات، ئامادە دەکات.
دووەم: ڕۆژی ١٠ی دێسامبر لە ئۆسلۆ پایەتەختی نۆروێژ ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بە نەرگس محەممەدی بەڕێوە چوو. دوا بەدوای ئەوە لە پاڕلمانی ئەوروپا لە برۆکسل، ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ( مەهسا) ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، بەڕێوەبرا. بەخشینی ئەم خەڵاتانە، سەرەڕای پاڵنەر و ئامانجە ناسراوەکانی پشتیان و هەروەها شێوەی ڕێکخستنی مەراسمی خەڵاتکردنەکان و پێکهاتەی ئاراستەیی بانگهێشتکراوان و لێکەوتە لاوەکییەکانی، لە ڕووی بابەتییەوە، لە ڕاستیدا دەنگدانەوەی خواستی ژنانی ئێران بوو لە ئاستی جیهانیدا. ئەمڕۆ پرسی ژنان لە ئێران و خەبات و خۆڕاگریی ئەوان لە دژی کۆنەپەرستیی مەزهەبی و ئاپارتایدی جنسیی و لەپێناو دەستەبەر کردنی مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، بووەتە ئالەنگارییەکی گەورەی بەردەم کۆماری ئیسلامی. ئەم بزووتنەوە سیاسییەی ژنانی بوێری ئێران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا لێواری داڕمان بردووە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی زۆر سیاسی و لە پرەنسیپدا زۆر کۆنەپەرستانەیە، بەڵام پێدانی ئەم خەڵاتە لەم کات و بارودۆخە سیاسییەدا، دەنگی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بە جیهان دەگەیەنێت. جگە لەم دوو بابەتە، ڕادەستکردنی سکاڵای سێ کەس لە قوربانیانی ئێعدامەکانی دەیەی شەست لە دژی ئیبراهیم ڕەئیسی بە داواکاری گشتی سوئیس، بووە هۆی ئەوەی کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە دوایین ساتەکاندا گەشتەکەی بۆ ژنێڤ بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵبوەشێنێتەوە و لەبری ئەو ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە، سەرۆکایەتیی شاندەکەی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبوونەوەیە دا لە ئەستۆ بگرێت. ئەم بابەتە هێزی بزووتنەوەی دادخوازیی لە ئێرانی هەرچی زیاتر نیشان دا.
سێیەم – لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجەی دەوڵەتی ڕەئیسی لەلایەن نوێنەرانی شۆڕای ئیسلامییەوە ڕەتکرایەوە. ئەو هۆکارانەی کە لەلایەن نەیارانی پڕۆژەیاسای بوودجەوە خراوەتەڕوو، نیشانەی ترسی نوێنەرانی ڕژیمە لە ئەگەری ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک. سەرەکیترین مێحوەری دژایەتیکردنی ئەو نوێنەرانەی کە دەنگی ” نەخێر“یان بەم پڕۆژەیاسایە داوە، بریتییە لە گرنگی نەدانی دەوڵەت بە یەکسانکردنی مافی خانەنشینان و خۆ دەربازکردن لە دابینکردنی بودجەی یەک ملیارد دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە، بڕیاری زیادکردنی ٥٠ لەسەدی وەرگرتنی باج لە خەڵک، بەتایبەتی زیادکردنی باجی خزمەتگوزاری و کەلوپەل بە ڕێژەی ٥٥ لەسەد، تەرخاننەکردنی بودجه بۆ پڕکردنەوەی کەمی مامۆستای ٢٢ هەزار کلاسی بێ موعەلیم و کورتهێنانی بودجە بە بڕی ٣٠٠ هەزار ملیارد تمەن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کورتهێنانی بودجەی ساڵی داهاتوو ٦ ملیارد دۆلارە لە وڵاتێکدا کە تەنیا یەک بابەت گەندەڵی گرووپی چایی دێبش بڕی ٣ ملیارد و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە. لێرەوە دەردەکەوێت کە لەگەڵ چ حکومەتێکی گەندەڵ و ناکارامە بەرەوڕووین، کە بە ڕێکخستنی دزی و تاڵانکردنی سامانی گشتی، پڕۆژەیاسای بودجەیەکی ئامادە کردووە کە بە تەواوی پشتبەستووە بە مژینی شیرەی گیانی خەڵکێکی کە لە هەموو بوارێکەوە بڕستیان لێبڕاوە. ئەم بودجەیە لەڕادەبەدەر داخراوە و دەوڵەت نایەوێت پووڵ خەرج بکات. لە ئێران سیستەمی باج وەرگرتن بوونی نییە. ئەوەی کە بودجە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی باجەوە قەرارە دابین بکرێت، ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت نەک هەر هیچ پلانێکی بۆ سفرەی بەتاڵی خەڵک نییە، بەڵکوو گوشاری ئابوورییە چەقبەستووەکەشیان دەخەنە سەرشانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگا. بە تایبەتی ئەو ئابوورییەی کە ماوەی چوار دەیەیە لە قۆناغی هەڵاوساندایە. لە ئابوورییەکدا کە بەرەوڕووی هەڵاوسان بووەتەوە، چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بەردەوام دەچەوسێنەوە. ئەم دۆخە کەلێنە چینایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و زەمینە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بەرینی نێوان خەڵک و دەسەڵات خۆش دەکات.
چوارەم: ڕێکەوتی ١٨ی دێسامبر ڕۆژی جیهانی کۆچبەرانە. لە سەروبەندی ئەم ڕۆژە جیهانییەدا، بەلەمێکی هەڵگری دەیان کۆچبەر کە بە نیاز بوون خۆیان بگەیەننە ئوروپا، لە کەناراوەکانی لیبی وەرگەڕا و زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار و ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەریای ناوەڕاست هێشتا یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچ لە جیهاندا. یەکێتیی ئورووپا بە پێی ڕێککەوتنێکی فەرمی بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی پەنابەران سنووردار بکات. سیاسەتمەدارە خزمەتکارەکانی خاوەنانی سەرمایە لە ئوروپای ناوەڕاست، بە تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و چەوساندنەوەی لەڕادەبەدەری هێزی مرۆیی و سەپاندنی ستەم و سەرەڕۆیی، هەڵگیرساندنی شەڕ و تێکدانی ژینگە و هەروەها پێدانی میلیاردها دۆلار بەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێگای چوونی پەنابەران بۆ ئەوروپان، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان هەیە لە کوشتاری پەنابەراندا. ئەوان سنوورەکان دادەخەن، بودجەی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتنی دەریایی دەبڕن، بەو پاساوەی کە ئەم خزمەتگوزارییانە هانی کۆچبەرانی نوێ دەدەن. هیچ گومانێک لە دژە ئینسانی بوون و جینایەتکارانە بوونی ئەو سیاسەت و پاساوکردنەدا نییە. هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئوروپا کە بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمە تەیارکراون، توانایی کۆنترۆڵکردنی بست بە بستی دەریای ناوەڕاستیان هەیە. ئەواندەتواننشوێنپێیهەربەلەمێکلەشوێنیوەڕێکەوتنەوەتاشوێنی
مەبەست بگرن و پێش ئەوەی لەگەڵ مەترسی نوقمبوون بەرەوڕوو ببنەوه، بە هانایانەوە بچن، بەڵام بە ئانقەست ئەم تواناییە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەناخوازان بەکارناهێنن. نەک هەر لە بەکارهێنانی ئەم تواناییە بۆ ڕزگارکردنی پەنابەران درێغ دەکەن، بەڵکوو بەمەبەستی شوێنگرتنی بەلەمی پەنابەران و دانی زانیاری بە میلیشیاکانی دەسەڵاتدار لە لیبی کەڵکی لێ وەردەگرن. لەمڕووەوە گیان لەدەستدانی پەنابەران یان دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەلەمانە و گواستنەوەی پەنابەران بۆ لیبی و بەکارهێنانیان وەک کۆیلە، لە زومرەی کردارە نامرۆڤانەکانی سیاسەتمەدارانی ئوروپایە. ئۆپەراسیۆنێکی کە لە لایەن یەکێتیی ئورووپا و لە چوارچێوەی پرۆگرامی فرۆنتێکس دا جێبەجێ دەکرێت و ساڵی ڕابردوو لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە ئاشکرا کرا و سەرنجی ڕای گشتی بەرەولای خۆی ڕاکێشا. ئهوهی کە ئەمڕۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوروپا دەرحەق بە پەناخوازان دەیکەن، نموونەیەکی ئاشکرای تاوان لەدژی به مرۆڤایەتییە.
پێنجەم – جیناتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە هەروا بەردەوامە. ڕای گشتی جیهانی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵگەڕاوەتەوە. دەوڵەتی نەتانیاهۆ دەیەوێت ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پێکهاتنی دوو وڵات لە دراوسێیەتی یەکتردا ڕەد بکاتەوە. ئەم هێرش و داگیرکارییەی دەوڵەتی ئیسرائیل کەم وێنەترین و کاولکارترین جۆری هێرش و داگیرکارییە. ئەم جۆرە داگیرکارییە دەیەوێت ئەو خاکە پاکسازی بکات، دانیشتوانەکەی ( واتە فەلەستینییەکان) کۆمەڵکوژ یان ئاوارە بکات و خەڵکانی تر لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ بکات. پێشتر جینایەتی ئوروپاییەکانمان کاتێک کە سوور پێستە ئەمریکاییەکانیان لەناوبرد، زەوییەکانیان داگیر کردن و خۆیان وەک خاوەنی هەمیشەیی ئەو ناوچەیە ناساند، ئەزموون کردووە. دۆخێکی هاوشێوەش لەلایەن ئینگلیسەکانەوە لە ئوسترالیا پێکهات. ڕێک ئەم سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە لە فەلەستین بەڕێوەدەچێت. پێویستە بەردەوام ئەم سیاسەتە جینایەتکارانەیە لەقاو بدرێت. سیاسەتێکی کە جیهانی کردۆتە مەیدانی کوشتاری خەڵکی بێتاوان. سیاسەتێکی کە بە وەسیلەی مەزهەب و ناسیۆنالیزم، قازانج پەرستی و داگیرکاری و چەوساندنەوە، مرۆڤەکان لە دژی یەکتر هاندەدەن و بەگژ یەکتریاندا دەکەن. هاوکات پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە تەنیا ڕێگای تێکشکاندنی ئەم سیاسەتە جینایەتکارانەیە، بریتییە لە ڕێکخستنێکی کۆمەڵانی خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل و هاندانی بیروڕای گشتی جیهان و مل نەدان بە شەڕ و ململانێیەکی چەکداریی کە تیایدا هێزی باڵادەست، دەوڵەتی ئیسرائیل و جبەخانە دۆزەخیەکانییەتی.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕ ( ڕاهی کاریگەر)
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢/ ١٨ی دێسامبری ٢٠٢٣