کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی کرێکارانی ئێران(ڕاهی کاریگەر)

1713234 667

 کوشتار و پاکتاوی نەتەوەیی خەڵکی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلەوە دبێت  کۆتایی پێبێت

یەکەملە هەفتەی ڕابردوودا کوشتاری بێبەزییانەی دانیشتووانی کەرتی غەززە لە فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی جینایەتکاری ئیسرائیلەوە بەردەوام بوو. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا زیاتر لە دە هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی چوار هەزاریان منداڵن. لە کاتێکدا کە جیهان شاهیدی کۆمەڵکوژییەکی بێ وێنەیە لە غەززە، دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەروا بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی بێ ئەملاو و ئەولا لە دەوڵەتی دەستی ڕاستی بنیامین نەتانیاهۆ و ناردنی چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژ بۆ کوشتاری هەرچی زیاتری خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین و ویتۆکردنی ئاگربەستی مرۆڤدۆستانە، ناڕەزایەتی بزووتنەوەکانی لایەنگری ئاشتی بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و پشتیوانی لە بڕینی ئاو و کارەبا و خۆراک و دەرمان لە فەلەستینییەکان دەکەن و لەژێر ناویمافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆیهەموو ئەو تاوانە جەنگیانە پاساو دەکەن. لە دۆخێکی وەها دژواردا خەڵکی فەلەستین نەک هەر لەلایەن دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە غەڵتانی خوێن دەکرێن، بەڵکوو هاوکات لەلایەن هێزگەلێکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە یان لە ڕەگ و ڕیشەوە گەندەڵن، یان وەک ڕەوتێکی ئیسلامی کۆنەپەرست خۆیان بەشێکن لەو کارەساتەی کە بەسەر ئەم خەڵکەدا هاتووە. ڕێک هەر ئەم کارەساتەیە کە هەندێک جار دەبێتە بیانوویەک بۆ فەرامۆشکردنی ڕەوایەت و  بەرحەقبوونی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین لە دژی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل. ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕاستە حەماس بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستە، ڕاستە کە دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن دەوڵەتێکی گەندەڵە و تەنانەت ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیش کە بەرگریکاری ڕەوتە کۆنەپەرستە مەزهەبییەکانە لە ناوچەکەدا و بەڕواڵەت هەموو سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی خۆی لە ژێر ناوی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین دا بەرەوپێش دەبات دەبینین، بەڵام ئەوە زەڕەیەک لە ڕەوابوونی خەبات و خۆڕاگریی ملیۆنان فەلەستینی لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ سەر خاک و زێدەکەیان کەم ناکاتەوە، هەروەک چۆن تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیلیش هیچ لە گرنگی ئەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە نەک تەنیا یەهوودییەکان، بەڵکووو ویژدانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیش، نابێت تاوانەکانی فاشیزمی هیتلێری لەدژی یەهوودییەکان لە زێهنییەتی مێژوویی خۆی بسڕێتەوە. دام و دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین کە بزووتنەوەیەکی سکۆلار و کاریگەر بوو لەناو خەڵکی فەلەستیندا، چاوپۆشییانکرد لە دروستبوونی ڕێکخراوی ئیسلامی حەماس و بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانییان لێکرد و بەهێزیان کرد بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بتوانن ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین و هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی چالاک لە بزووتنەوەی فەلەستیندا لاواز بکەن و پشتیوانی و هاوپشتی نێونەتەوەیی بۆ دیفاع لە خەڵکی فەلەستین بە ناڕەوا لە قەڵەم بدەن و لەناوی ببەن. هەروەک چۆن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ساڵی ١٣٥٧ لە کۆنفرانسی گوادلۆپ ڕێگایان بۆ بەهێزبوونی ڕەوتی ئیسلامی شیعە بە بەڕێبەرایەتی خومەینی خۆشکرد بۆ ئەوەی پێش بگرن لە شۆڕشێکی پێشکەوتنخوازانە و جێگیربوونی دێموکراسی لە ئێران. ئەو دەوڵەتانەی کە بە بیانووی بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس لە کەرتی غەززە، چاویان لە ئاست دڕندەیی ڕژیمی پڕچەک و شۆڤێنیستی ئیسرائیل دەبەستن، هاوبەشی ئەو تاوانە مێژووییەن لە دژی نەتەوەی فەلەستین. خەڵکی ئازادیخواز و شەریفی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ یەکتردا نییە. ئاگری دوژمنایەتی نێوان ئەو خەڵکە لە لایەن دەستی ڕاستە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی هەردوولاوە باوەشێن دەکرێت. هاووڵاتییانی فەلەستین و ئیسرائیل تەنیا بە هاوپشتی و هاوخەباتی خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی ناوچەکە دەتوانن خۆیان لە ژێر هەژموونی دەوڵەتی ئایینی و هێزە کۆنەپەرستەکان ڕزگار بکەن و بە بەهرەمەندبوون لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەیەکەوە کار و ژیانی خۆیان تێپەڕ بکەن.

دووەمدەوڵەتی ڕەئیسی بڕیاریداوە کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا مووچەی هێزە نیزامییەکان، سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بەو هێزانە زیاد بکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاتێک شۆڕای باڵای کار لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٢ پەسەند کرد، بەشێوەیەکی فریوکارانه بەڵێنیان بە کرێکاران دا کە ئەگەر لە نیوەی دووەمی ساڵدا مووچەی کارمەندان و هێزە ئەمنییەکان زیاد بکەن، هەر بەو ڕێژەیە حەقدەستی کرێکارانیش زیاد دەکەن. ئێستا لە کاتێکدا کە هەڵاوسان بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی ١٤٠٢ پەسەند کرا، پتر لە ٥٠% زیادی کردووە، نەک هەر هیچ ئاماژەیەک بۆ زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران نییە، بەڵکوو بە هۆی ئەوەوە کە مانگەکانی نیوەی دووەمی ساڵ ٣٠ ڕۆژن، خاوەنکارەکان لەم نیوەی دووەمی ساڵدا بە کردەوە حەقدەستی کرێکار بە ئەندازەی یەک ڕۆژ لە مانگدا کەم دەکەنەوە. پرسی حەقدەست لە ئێرانیش وەک هەر شوێنێکی دیکە لە نیزامی سەرمایەداریدا، تەوەری بنەڕەتی ململانێی نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگا، واتە سەرمایەدار و خاوەن پیشەسازییەکان و دەوڵەت وەک کڕیاران و کرێکاران وەک فرۆشیاری هێزی کارە. خاوەنکارەکان و دەوڵەتە نوێنەرەکەیان بە پشتبەستن بە بوونی لەشکرێکی بەرینی بێکاران، هەوڵدەدەن تا ئەو جێگایەی دەتوانن حەقدەستی کرێکاران کەم بکەنەوە و بەرگریکردن لە قازانجی هەرچی زیاتری سەرمایەکانیان بە مافی بێ ئەملاو و ئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرامبەر هێزی کارەکەیاندا داوای حەقدەستێک بکەن کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگا و پێویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی لە سەدەی بیست و یەکدا، بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە زەبری یاسا و پشت بەستن بە هێزی سەرکوت، ئەم ململانێیەی بە قازانجی سەرمایەدارەکان شکاندووەتەوە. چونکە کرێکاران بەبێ بوونی ڕێکخراوە چینایەتی و سەربەخۆ کرێکارییەکان، ناتوانن ئیرادەی چینایەتی خۆیان لە پرسی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا بسەپێنن. حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، داواکارییەکی سەرەکی چینی کرێکاری ئێرانە و وەدیهاتنی ئەم داواکارییەش بەندە بە خەباتێکی یەکگرتووانە و سەرتاسەرییەوە. ئەوە تەنیا خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە دەتوانێت چینی سەرمایەدار و نیزامی کۆماری ئیسلامی ناچار بکات دەست لە هێرشکردنە سەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران هەڵبگرن و هەروەها کەشوهەوای خەباتکارانەی دژ بە دۆخی ئێستا، لە هەموو کۆمەڵگادا بەهێزتر بکات.

سێیەمڕۆژی ٢ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ١١ی خەزەڵوەر، بەپێی ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژیکۆتاییهێنان بە پارێزبەندی ئەنجامدەرانی تاوانە لە دژی ڕۆژنامەنووسان“. مەبەست لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، دەربڕینی هاوسۆزییە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە هەوڵی خستنەڕووی ڕاستییەکان و پێدانی زانیاری دروست دەدەن، خاوەن سەرمایە و دەسەڵاتیش بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت ناچاریان بکەن کە بێدەنگ بن. بە شێوەیەکی مامناوەند لە جیهاندا لەماوەی هەر پێنج ڕۆژدا ڕۆژنامەنووسێک دەکوژرێت. لە سەرتاسەری جیهاندا هەزاران ڕۆژنامەنووس تەنیا بەهۆی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پیشەیی خۆیان لەگەڵ مەترسی و ئازار و ئەزیەت و هەڕەشە و تەنانەت مردنیش بەرەوڕوو دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو تاوان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە چاو دوو ساڵ پێشتر لانیکەم ٤٢% زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو پەروەندانەی لە دادگاکاندا بەدواداچوونیان بۆ کراوە و بووەتە هۆی دۆزینەوە یان ناسینی تاوانباران، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ئێستا تەنیا ٢٪ پێشکەوتن نیشان دەدات. بە وتەی یونسکۆ لە باشترین حاڵەتدا، تەنها ٦%ی جینایەتەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکان تا قۆناغەکانی کۆتایی و دادگاییکردنی تاوانباران بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. زۆربەى ئەو مەترسی و ئەزیەت و ئازار و هەڕەشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتە سەرمایەدارەکان یان حکومەتە بە ئاشکرا جینایەتکار و سەرەڕۆکانی وەک کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێن. ئێران بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان ناو و ناوبانگی دەرکردووە و خودی ڕژیم لە نێو ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٧٨هەمیندایە. بەپێی پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە کاتی هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامییەوە تا ساڵی ٢٠١٨ لانیکەم ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس لە ئێران زیندانی کراون. لە سەردەمی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا فشار لەسەر ڕۆژنامەنووسان و بنەماڵەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر توندتر بۆوە و شەپۆلی دەستبەسەرکردن، چەند هێندە زیادی کرد. بەجۆرێک کە  بەپێی ڕاپۆرتی فیدراسیۆنی جیهانی ڕۆژنامەنووسان، لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم ٢٥ ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەستبەسەر کراون. نموونەیەکی دڵتەزێنی زیندانیکردن و هەوڵدان بەمەبەستی بەچۆکدا هێنانی ڕۆژنامەنووسان، لە دەستگیرکردن و سزادانی نیلوفەر حەمیدی پەیامنێری ڕۆژنامەیشەرقو ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری ڕۆژنامەیهەم مەیەهەندا بەرچاو کەوت کە بەشێوەیەکی گشتی سزای ٢٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و ١٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت. ئەم دوو پەیامنێرە بوێرە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی کوژرانی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرا و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی لە شاری سەقز، کوشتنی ناوبراویان بە دەستی حکومەت ئاشکرا کرد و ڕۆڵیان هەبوو لە دەستپێکی شۆڕشی ژینادا. کارەساتبارترین نموونەی جینایەت لە دژی ڕۆژنامەنوسان لە شەڕی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین بەتایبەت لە کەرتی غەززە بەرچاو دەکەوێت. ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور ڕایگەیاندووە کە لە دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەتا ئێستا ٣٤ ڕۆژنامەنووس کوژراون. نموونەیەکی دیکە بریتییە لە جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ماڵپەڕیویکیلیکسکە بەهۆی لەقاودانی جینایەتە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کاتی هێرش بۆسەر عێراق، چەندین ساڵە لە زینداندا بەسەردەبات. زۆر نموونەی لەم چەشنە لە سیستەمی نابەرابەر و شەڕخواز و گەندەڵی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر جیهاندا بەرچاو دەکەوێت. لە ئاوا هەلومەرجێکدا ناکرێت چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخەکە و لێپرسینەوە و دادگاییکردنی عادڵانەی جینایەتکاران لەو ناوەندە نێونەتەوەییانەی کە لەسەر بنەمای نەزمی جیهانیی ئێستا دامەزراون، بکرێت. بەڵکوو باشتربوونی دۆخەکە و لێپرسینەوە لە تاوانباران تەنیا بە خەبات و تێکۆشان لەدژی هۆکار و سەرچاوەکانی ئەو نەهامەتیانە و هاتنەسەرکاری نیزامێک لە جیهاندا مسۆگەر دەبێت کە بناغەکانی لەسەر قۆرخکاری و قازانج و سەرمایە دانەمەزرابێت.

چوارەمکۆماری ئیسلامی دوای ماوەیەکی زۆر شاردنەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا گراوەند، سەرەنجام هەواڵی گیان لەدەستدانەکەیان ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٦ی خەزەڵوەر لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتییئیرناوە بڵاو کردەوە. ئارمیتای تەمەن ١٧ ساڵ ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبر بەرابەر  لەگەڵ ٩ی ڕەزبەر لە وێستگەی میترۆی شوهەدای تاران لە لایەن مەئموورێکی کۆنترۆڵی حیجابەوە بە توندی پاڵی پێوەنرا و لە ئاک هاوسەنگی لەدەستدا و سەری لە ئاسنی واگۆنەکە درا و بێهۆش بێهۆش بوو. ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر، شارەوانی لە ترسان هەموو مەئموورە ژنەکانی کۆنترۆڵی حیجابی لە وێستگەی مێترۆکان کۆکردەوە و بە دوای ئەوەدا بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دژبەیەک لەلایەن بەرپرسان و ڕاگەیەنەرەکانی دەوڵەتییەوە دەستیپێکرد. مەئموورانی ئیتلاعات ئارمیتایان بردە نەخۆشخانەی فەجری سەر بە هێزی ئاسمانی و لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە گەمارۆ درا بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەک دزە نەکاتە دەرەوە. تەنانەت نەیانهێشت شەهێن ئەحمەدی دایکی ئارمیتاش، بچێتە ژووری فریاکەوتن ئەو شوێنەی کە ئارمیتای بە بێهۆشی لێ خەوێندرابوو، کاتێکیش ناڕەزایەتی دەربڕی، دەستبەسەریانکرد. ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی دەوڵەتیشەرقیشیان دەستبەسەر کرد لەبەر ئەوەی بەنیازبوو ڕاپۆرتە هەواڵێک سەبارەت بەو ڕووداوە ئامادە بکات. سەرەڕای هەمووی ئەمانە ڕۆژنامەنووسە جەماوەرییەکان دەستبەجێ هەواڵەکەیان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕژیمیان سەبارەت بەوەی کە گوایە ئارمیتا بەهۆی لاوازیی جەستەییەوە بێهۆش بووە، ئاشکرا کرد. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ماوەیەکی زۆر بوو ڕێگەیان بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا گراوند نەدەدا، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی دژە ئینسانی ئیسرائیل و چوونی ئەو هێزانە بۆ ناو خاکی غەززە، ئیزنیان دا کە هەواڵەکە بڵاوبکرێتەوە. ئەوان  هیوادار بوون بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا، شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیسەرهەڵنەداتەوە. بەڵام هەر کە ئەو هەواڵە بڵاوکرایەوە، ناوی ئارمیتا بوو بە یەکەم سەردێڕی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. زۆرێک لە کەسایەتییە ناسراو و بەناوبانگەکانى دەرەوەی وڵات و ئینسانە بوێر و کاریگەرەکانی ناوخۆی وڵات، لەدژی درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕژیم و دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بەهمەن گراوەند و شەهێن ئەحمەدی دایک و باوکی ئارمیتا، لێدوانیان دا. سەرەڕای هەڕەشە و دەستگیرکردنی دەیان کەس، جەماوەرێکی زۆر  بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیدا کرد و دژی حکومەتی گەندەڵ و تاوانکاری ئیسلامی دروشمیان بەرزکردەوە. ئەم ڕاستیانە ئەوە دەردەخەن کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و داواکارییە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکانی و هەروەها نەفرەت و بێزاری خەڵک لە حکوومەتی ئیسلامی هەروا زیندووە و بەردەوامە.

بڕوخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرکەوتووبێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یەکشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ / ٦ی نوامبری ٢٠٢٤