ئامادەکاری بۆ نەبەردە چارەنووسسازەکان
یەکەم – ئەو پریشکە ئاگرەی کە حەماس لە خەرمانی ئەمنییەتی ئیسرائیلی بەردا، غەززەی کرد بە وێرانە. هێرشە سەربازییەکەی حەماس لە ڕوانگەی لێکدانەوەی سەربازییەوە دەتوانرێت بە خۆکوژی هەژمار بکرێت. جۆرێک لە خۆکوشتن کە ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی غەززەی چەند هێندە کردووە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوی ئیسرائیل لە تۆڵەی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لەلایەن ڕێکخراوی بناژۆخوازی حەماسەوە، سزای بەکۆمەڵی نەتەوەیەکی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانەوەی شکۆ و هەیمەنە لەدەستچووەکەی پێویستی بەم کۆمەڵکوژییە جەماوەرییە هەیە. باراندنی سەدان تۆن بۆمب بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی بێ دیفاع، بڕینی ئاو و کارەبا و گاز و خۆراک لە دوو ملیۆن کەس و بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و ئاوارەکردنی ملیۆنێکی تر و وێرانکردنی چەند هەزار باڵەخانە بەسەر دانیشتووانەکەیاندا، کارەساتێکی مرۆییە.
دووەم – خەڵکی ئازادیخواز و شەریف لە فەلەستین و ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکی ڕیشەییان لەگەڵ یەکتردا نییە. بەڵکوو دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە بنەڕەتدا ئەم ڕق و کینەیەی دروستکردووە و بەردەوام بەرهەمی دەهێنێتەوە. ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیلە کە بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و کوشتار و داگیرکاری و ئاوارەیی، زەمینە بۆ گەشەی بزووتنەوە ئیسلامی و توندڕەوەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان خۆش دەکات و بەستێنی بۆ دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە پرسی عادڵانەی خەڵکی فەلەستیندا خۆشکردووە. دووکەڵی ئەم شەڕە بەر لە هەموو کەسێک دەچێتە چاوی خەڵکی فەلەستینەوە. چونکە نە لە نەخشە و پلانی گرووپی بناژۆخوازی حەماس و نە لەلایەنی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی یەهوودیدا، ئەمنییەت و بایەخی گیانی مرۆڤەکان لەبەرچاو ناگیرێت.
سێیەم – پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە جینایەتی کۆنەپەرستانی ئایینی بە هەموو جۆرەکانیەوە و هەروەها کورتکردنەوەی دەستی ئیمپریالیستەکان، چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بدۆزرێتەوە. خەباتی خەڵکی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و بەرابەری و سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی، دەتوانێت کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر خەباتی خەڵکی فەلەستین و خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی ئیسرائیل هەبێت.
چوارەم – دیفاعی تاکلایەنە و دوژمنکارانەی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لە هەڵسوکەوت و ڕێوشوێنی نامرۆڤانەی ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی دژبەر لەناو خەڵکی ئەو وڵاتانەدا، ڕووخساری دزێوی “دێموکراسی” و “مافی مرۆڤ“ی ئەمریکایی–ئەوروپایی بە ڕوونی نیشاندا. هەرچەشنە خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین قەدەغە کرد. بەردەوام کێشە بۆ کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵک، درووست دەکەن و تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە بە “مافی دیفاع لەخۆ“ی دەوڵەتی ئیسرائیل دەزانن.
پێنجەم – ئەگەر لە جیهانی عەرەبیدا خەڵک لەڕێگەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەوە هاوسۆزی و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی فەلەستین نیشان داوە و بەم شێوەیە فشاریان خستۆتە سەر بەرپرسەکانی ئەو وڵاتانە و ئەگەر بەشێوەیەکی ڕواڵەتیش بێت بوونەتە بەرگریکاری چارەسەری پرسی فەلەستین، ئەوەی کە لە ئێران دەگوزەرێت، شێوەیەکی پێچەوانەی وەرگرتووە. دیفاعی بێ شەرت و مەرجی ڕژیمی ئیسلامی لە هێرشی حەماس و ئاهەنگگێڕان بۆ کوشتاری جینایەتکارانەی خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنەوەی دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل و هەڕەشە و گوڕەشەی بەشێک لە فەرماندە بێ مێشکەکانیان، خەڵکی سەبارەت بە پرسی فەلەستین ڕەشبین کردووە. دژایەتیی خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بوونی ڕێبەران و سیاسەتەکانی ڕژیم بە هێمای ڕق و بێزاری گشتی خەڵک لە سەرتاسەری وڵات، بۆ نموونە لە دروشمی “نە غەززە، نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران” لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی داریووش مێهرجوویی و وەحیدە محەممەدیفەردا بە ڕوونی خۆی نیشاندا. هەرچەند مرۆڤ لەم تێڕوانینەی بەشێک لە خەڵک بە هۆی قووڵایی نەفرەت و بێزارییان لە نیزامی کۆماری ئیسلامی تێدەگات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نە ڕەوا و نە شیاوی بەرگریی و پاساوکردنە و تەنانەت بە جۆرێک لەجۆرەکان دەتوانێ ئاماژەیەکی مەترسیداریش بێت بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا. پێویستە بە ڕوونی ئەوە بوترێت کە دروشمی “نە غەززە، نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران” یان دروشمی “مەرگ بۆ فەلەستین” بە تەواوی لەگەڵ ئامانج و ناوەڕۆکی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“دا ناتەبایە. ئەمجۆرە دروشمانە لە شۆڤێنیزمی پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرن، کە لەلایەن بەشێک لە “ڕووناکبیران” و خەڵکەوە هاوشانی دژە ئەفغانیزمی ڕەگەزپەرستانە، دەتوانن ئاڕمانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا ببەن.
شەشەم– هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و بوون بە بڵندگۆی پڕوپاگەندەی جینایەتەکانی ئەو ڕژیمە، نەک هەر کارێکی دزێو و نەفرەت لێکراوە، بەڵکوو ئاو دەکاتە ئاشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە. ئێستا کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و سەرجەم کەسانی سەر بەوان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان، یان دیفاع لە ئیسرائیل دەکەن یان لە بەرامبەر تاوانەکانیدا بێدەنگن، ئەرکی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان ئەوەیە کە هەرچی زیاتر ئەو ڕەوتە شۆڤێنییانە لەقاو بدەن و ڕسوایان بکەن. چەپەکان ناتوانن بە بیانووی پشتیگیری ڕژیمی جینایەتکاری ئیسلامی لە گرووپە بناژۆخوازە فەلەستینییەکان یان کۆمەک کردن بە گرووپە بریکار و بەکرێگیراوەکانیان، پرسی هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و خەڵکی زەحمەتکێشی عەرەب و وڵاتاتەکانی دیکە، کەمڕەنگ بکەنەوە یان پەراوێزی بخەن و یان ڕاشکاوانە ئەو بناژۆخوازە ئیسلامی و یەهوودییانە مەحکووم نەکەن، کە بە شێوەیەکی فاشیستیانە لەگەڵ یەکتر شەڕ دەکەن. هاوپەیمان و لایەنگرانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بریتین له کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و هێزی پێشکەوتنخواز هەم لە ئێران و هەم لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانیشدا. دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی ئیسرائیل و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ئەوروپا و ئەمریکا نەک هەر هاوپەیمانی هیچ ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە نین، بەڵکوو زۆربەی هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و تەنانەت خودی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیش بەشێوەیەکی هاوتەریب و هەندێکجاریش بە پشتیوانی چالاکانەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بەمەبەستی دژایەتی کردن لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانە و کۆمۆنیستی لە سەدەی ڕابردوودا، پێکهاتوون.
حەوتەم– بەناوەندبوونی قەیرانی فەلەستین و ئیسرائیل لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بووەتە هۆی ئەوەی کە هێزە پاوانخواز و سەرەڕۆکانی ناوچەکە بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە کردەوە تاوانکارییەکانی خۆیان لە چاوی بیروڕای گشتی جیهان بشارنەوە. لەم پێوەندییەدا دەکرێت ئاماژە بەم بابەتانەی خوارەوە بکرێت؛ پرسی کۆچی زۆرەملێی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەرمەنی لە ناوچەی قەرەباغی سەروو، پاکتاوکردنی نەتەوەیی لەلایەن دەوڵەتی ئازەربایجان و براگەورە و پشتیوانەکەی واتە دەوڵەتی ئۆردۆغان لە تورکیە، لەشکرکێشی نیزامی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک، بەردەوامی پاکتاوی نەتەوەیی و بۆردومانی بەردەوامی ژێرخانی ئابووری بەمەبەستی وێرانکردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، هێرشی هێزە نیزامییەکانی تورکیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەدژی هێزە کوردییەکان و بەردەوامی داگیرکردنی چەند شوێنێکی ئەو ناوچەیە، چڕتر بوونەوەی فشارەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر هەرێمی کوردستان لەدژی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی جێگیر لەو ناوچەیە.
هەشتەم– لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتەدا کوشتنی جینایەتکارانەی داریووش مێهرجوویی و وەحیدە محەممەدیفەر، سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە زاهیدان لە ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی، هاوکات لەگەڵ زەخت و گوشاری هەرچی زیاتر بۆسەر زیندانیانی سیاسی و هەروەها بەردەوامیدان بە ئێعدامکردنەکان لەناو زیندانەکاندا، کۆمەڵگای ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ کردووەتەوە. دەسەڵات پێیوایە دەتوانێت بەمەبەستی پێشگرتن لە بەرەوپێشچوونی بزووتنەوە جەماوەرییەکان کەڵک لەم دۆخە سیاسییەی ئێستا وەربگرێت. بەڵام کاردانەوەی بوێرانەی هونەرمەندان و سینەماکاران لە ڕاگەیاندنی سێ ڕۆژ ماتەمینی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شکۆداری ئەو دوو گیانبەختکردووەی هونەر و سینەما، خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی زاهیدان و نافەرمانی بەکۆمەڵی ملیۆنان ژن لە ئێران لەدژی حیجابی ئیجباری، سەلماندی کە کۆمەڵگا نەک هەر چاوترسێن نەبووە، بەڵکوو بێزار و تووڕەتر لە ڕابردوو، هەروا شێلگیرانە لە مەیدانی خەبات لەدژی دەسەڵاتی ئیسلامیدا ڕاوەستاون. جگە لەوەش بەردەوامبونی خەباتی داواکاریی کرێکاران و خانەنشینکراوان بەیانگەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵانی خەڵک دەستبەرداری داواکاریەکانیان نەبوون و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ناتوانن ڕێگریی بکەن لە خەبات لەپێناو مافەکانیاندا.
نۆیەم– پاش ئەو ڕۆڵە پێشەنگایەتییەی کە لاوان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەسەر شەقام و لە ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانە لەگەڵ بەکرێگیراوانی حکومەت لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لەخۆیان نیشاندا، ئێستا نافەرمانی مەدەنی بووەتە قۆناغی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. کردەوەی ڕۆژانە و سەرکوتگەرانەی دام و دەزگای سەرکوت و گەشتە نوێیەکانی ئیرشاد، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ڕژیم دەزانێت لە ئەگەری هەر پاشەکشەیەک لەبواری سەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا، یەکێک لە کۆڵەکەکانی خێوەتی دەسەڵاتەکەی دەڕووخێت. بەڵام هەموو نیشانەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە نەبەردێکی جیددی تر لە داهاتوودا لەڕێدایە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەرلە ئێستاوە خۆی بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە دەکات، ئێمەش هیچ ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە ڕێکخستن و پتەوترکردنی هەرچی زیاتری ڕیزەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ڕیزێکی کە مەحاڵەکان مومکین دەکات و هێزی ئەم زۆرینە ملیۆنییە، هێزێکی بزوێنەرە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لە دەست دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامی و هەروەها هەژاری، بێکاری، سەرەڕۆیی، برسێتی و نابرابەری. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی هەژاری لە کۆمەڵگادا هەوڵ دەدات خەڵک لە شۆڕش و گۆڕانکاری حەتمی و چارەهەڵنەگر لە ژیانیاندا بترسێنێ و لە چاوەڕوانیدا ڕایانبگرێت، دەبێ ئێمەش خۆمان بۆ گۆڕانکارییە واقیعییەکان ئامادە بکەین. ئامادەیی ئێمە لە هێزی خۆماندایە و هێزی خۆشمان لە یەکگتوویی و ڕێکخراوبوونماندا مانا پەیدا دەکات. ئەو کاتەی کە کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، واتە هەمان ئەو زۆرینەی کە قوربانیانی سەرکوتی خوێناوی سەرشەقام و زیندان و ناوەندەکانی ئەشکەنجە و هەروەها قوربانیانی دەستی هەژاری و سفرەی بەتاڵن، لە چوارچێوەی خەباتی ڕۆژانە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان، لە شوێنەکانی کار و ژیانیاندا، ڕێکخراو و یەکگرتوو بن، نەخشە و پلانە دژە ئینسانییەکانی ڕژیم پووچەڵ دەبنەوە و سەرەنجام ژیانی کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لە دیلێتی دەستی ڕژیمی ئیسلامی ڕزگاریان دەبێت.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرا
بژی ئازادی، دێموکڕاسی و سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)
یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣