بۆ پشتیوانی لە بوونی نەتەوەی فەلەستین و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی دانیشتووانی ئیسرائیل و فەلەستین؛ لەدژی بناژۆخوازی ئایینی
یەکەم: لە یادی ٥٠ ساڵەی یۆم کیپوردا، هێزەکانی حەماس و باڵی نیزامیی ئەو هێزە بە هێرشێکی لەناکاو و غافڵگیرانەدا بەربەستە سنوورییەکانیان تێپەڕاند و چوونە ناو چەندین شارۆچکەی یەهوودی نشین و ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەرتەش و دانیشتووانی ئەو شارۆچکانەیان بەدیل گرت. دوابەدوای ئەو هێرشە غافلگیرانەیە، ئیسرائیل بۆردومانێکی وێرانکەری بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە و کارەبای تەواوی کەرتی غەززەی بڕیوە و ڕێگاکانی گەیاندنی شتومەک و پێداویستیی دەرمانی بۆ ئەو ناوچەیە بەستووە و گەمارۆیەکی جینایەتکارانەی بەسەر “کەرتی غەززە”، واتە باریکه جوگرافیایەکی ٤٢ کیلۆمەتری چوارگۆشەدا کە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دانیشتووی لەخۆگرتووە، سەپاندووە. لەمڕووەوە خۆڕاگری و شۆڕشی خەڵکی غەززە، سروشتیترین کاردانەوەیە کە زیاتر لە دوو ملیۆن زیندانیی “گەورەترین زیندانی جیهان” بەرامبەر بە زیندانوانەکانیان لەخۆیانی نیشان دەدەن. ستەمێکی کە لە خەڵکی فەلەستین دەکرێت، مێژوویەکی حەفتا ساڵەی هەیە. شەڕ و ململانێ و کوشتاری خەڵکی بێتاوان لە هەردوو لاوە، دەرئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلە. ئەمڕۆ بە باڵادەستی بناژۆخوازە یەهوودییەکان و ڕاستڕەوترین حیزب و سیاسەتمەدارانی ڕەگەزپەرستی سەهیۆنیستی بەسەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی تووندوتیژتر بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی ڕاستی توندڕەوی ئیسرائیل بۆ چەسپاندنی هەیمەنەی خۆی، خوازیاری پێکهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پێکهاتەی سیاسی ئێستادا بە لەناوبردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و وابەستەکردنی بە دەوڵەت لە ڕێگەی زۆرینە لاوازەکەی خۆیەوە لە پەرلەمانی ئیسرائیل. ئەم هەوڵەی دەوڵەتی ڕاستگەرا لە لەگەڵ بێ وێنەترین ناڕەزایەتی جەماوەریی لە دوای دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بەرەوڕوو بووەتەوە. لە ژینگەیەکی سیاسی ئاوا ڕەگەزپەرستانە، سەرەڕۆیانە و داگیرکارانەدا، دەوڵەتی ئیسرائیل سەبەبکاری سەرەکی ناسەقامگیری و شەڕ و خوێنڕشتنە لەو سەرزەمینە. دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیارنامەکانی شۆڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات، پابەندی ڕێککەوتنەکانی “ئاشتی ئۆسلۆ”؛ نییە، بە درووستکردنی شارۆچکە نایاساییەکان و نیشتەجێکردنی بناژۆخوازانی یەهوودی لەو ناوچانە، درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری سەرزەمینی فەلەستینییەکان دەدات و فەلەستینییەکانی نیشتەجێی ئیسرائیل بە هاووڵاتی پلە دوو دادەنێت و مافی ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ خەڵکی فەلەستین بە ڕەوا نازانێت.
دووەم – دەوڵەتی یەهوودی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی ئیسرائیل بەوپەڕی کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژە یەهوودییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، بە دروشمی “لەناوبردنی ئیسرائیل” لەلایەن دام و دەزگای وەلایەتەوە و هەروەها سیاسەتی کۆنەپەرستانەی گروپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان لە غەززە، هەر چەشنە هەوڵ و خەباتێکی خەڵکی فەلەستین لە غەززە، قودس بەیتولموقەدەس و کەرتی ڕۆژئاوا، بە کردەوەی تیرۆریستی و بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی دادەنێت و بە تەواوی هێزەوە ڕووبەڕووی خەڵکی فەلەستین دەبێتەوە. دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، تیرۆرکردنی لاوانی فەلەستینی، هەلومەرجێکی گەلێک سەخت و دژواری سەپێنراو بەسەر زیندانیانی سیاسی فەلەستینی، ڕێگریکردن لە مافی کارکردنی خەڵکی فەلەستین، کۆنترۆڵکردنی سەفەر و هاتوچۆکردنیان و داگیرکردنی ماڵ و حاڵیان، لە زومرەی سیاسەتی بەردەوام و هەمیشەیی دەوڵەتی ئیسرائیل بووە. بۆ بناژۆخوازان و هێزە ڕاست و توندڕەوەکانی ئیسرائیل؛ سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی و بە تایبەت سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، “کانێکی زێڕینە”. دەوڵەتی ئیسرائیل بە بەرجەستە کردنەوەی مەترسییەکانی ڕژیمی ئیسلامی، سەرەڕای سیاسەتە داگیرکارییەکانی و پشتگوێ خستنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان، دەستی ئاشتەوایی و دۆستایەتی بۆلای دەوڵەتە عەرەبییەکان یان دراوسێکانی ئێران درێژ کردووە و بە درۆ خۆی وەک ئاڵا هەڵگری ئاشتی و دۆستایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە نیشان دەدات.
سێیەم: ئاشکرایە کە ڕەوت و ڕێکخراوە بناژۆخوازەکانی فەلەستین، بە هۆکاری بناژۆخوازی و بە دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل، لەبری هەوڵدان بۆ یەکگرتوو کردنی خەڵک بە مەبەستی درووستکردنی گوشاری سیاسی بۆ سەر ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبی و موسڵمانەکان و وڵاتانی جیهان ، هەندێک جار پەنا دەبەنەبەر کردەوەی نیزامی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی. ئەم کردەوە نیزامییانەی ئەوان هیچ کۆمەڵێک بە دۆزی فەلەستین ناکات. ئەوان دیوەکەی تری بناژۆخوازیی یەهوودییەکانن و ڕاستەوخۆ کۆمەک دەکەن بە بەهێزتربوونی یەهوودییە بناژۆخوازەکان. یاریکردنی ئەم ڕەوتانە بە ئارمانی فەلەستین و لەپێناو ئامانجە ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیان بە هاوئاراستە بوونیان لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانی وڵاتانی پشتیوان، دەتوانێت بیانووی پێویست بداتە دەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە ئاراستەی سڕینەوەی پرسی فەلەستین و چاوپۆشیکردن لە مافی ژیانی نەتەوەیەک و داگیرکردنی تەواوی خاکەکەیان، لەبەرچاوی بێباکانەی جیهان هەنگاو بنێت. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ڕێکخراوێکی وەک حەماس، بە هاوکاری ئاشکرای ئیسرائیل بەمەبەستی لاوازکردنی ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین پێکهێنرا و پەروەردە کراوە. هەروەک چۆن گرووپەکانی موجاهیدین و تاڵەبانی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە پێکهاتن و بەهێز و تەیار کران. ئاشکرایە کە لاوازبوونی ڕەوت و لایەنە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە نێو فەلەستینییەکان و زاڵبوونی گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان، بۆتە هۆی لاوازبوونی خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵکی فەلەستین و کەمبوونەوەی پشتیوانی هێز و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی ئیسرائیل لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی فەلەستین.
چوارەم- دەزگای ویلایەتی فەقیه وەک بڕیاردەری سەرەکی دەسەڵات لە حکومەتی ئیسلامیدا، بەڕادەیەکی زۆر لە مەسەلەی شکستی ئەمنییەتی و هەواڵگری دەوڵەتی ئیسرائیل بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی، کەڵک وەردەگرێت. چونکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی پێشڕەوییەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، شەپۆلی هەڵوەرین و دوورکەوتنەوە لەناو ئەو هێزانەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، لایەنگری و هاوسۆزی سەڵتەنەتخوازان، موجاهدین و لایەنە ڕەنگاوڕەنگەکانی لایەنگری گۆڕینی ڕژیم لەسەرەوە، لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و چاوپۆشیکردن لە جینایەتەکانی ڕژیمی ئاپارتاید و یەهوودییە بناژۆخوازەکان و هەروەها دووپاتکردنەوەی تەبلیغاتی ژەهراوی میدیا ئیمپریالیستییەکان لە دژی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی فەلەستین و بە تیرۆریست ناوبردنی نەتەوەیەک، دبێتە خۆراکی هێزی ژەهراوی تەبلیغاتی ڕژیمی ئیسلامی لەدژی شۆڕشی خەڵکی ئێران و وادەکات تۆمەتەکانی ڕێبەری ڕژیم و دامودەزگا ئەمنییەکانی سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی هێزە جەماوەرییەکان بە پشتبەستن بە زلهێزە دەرەکییەکان، لەلایەن لایەنگرە نیگەران و سەرلێشێواوەکانی ویلایەتی فەقیەوە وەک ڕاستییەک وەربگیرێ.
پێنجەم – ئێستا فەلەستین وەک دوایین کۆلۆنی لە جیهاندا بە زۆرترین ڕێژەی ئاوارەوە، لەبەر چاوی میدیا بێباکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە خراپترین بارودۆخدا دەژین. ئاژانسی هەواڵی سەفای فەلەستین، دەستەی ناوەندی ئاماری فەلەستین، لە ڕاپۆرتێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران، ڕایگەیاند: زیاتر لە شەش ملیۆن و ٤٠٠ هەزار فەلەستینی ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین. ٢٨،٤%ی پەنابەرانی فەلەستینی لە ٥٨ کەمپی فەرمیدا لەوانە ١٠ کەمپ لە ئوردن، ٩ کەمپ لە سوریه، ١٢ کەمپ لە لوبنان، ١٩ کەمپ لە کەرتی ڕۆژئاوا و ٨ کەمپ لە غەززە دەژین. پشتگوێخستنی دۆخی ئاوارەکان و داگیرکردنی بەردەوامی سەرزەمینی فەلەستینییەکان لەژێر ناوی شارۆچکەسازیدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەک لە مافی ژیانی خۆی بێبەش بکرێت. لە ئاوا دۆخێکدا، شکستی سەرشۆڕانەی دەوڵەتی بناژۆخوازی ئیسرائیل و بە وتەی بنیامین نتانیاهۆ، “دەوڵەتی یەهوود” و غافگیر بوونە سەرسوڕهێنەرەکەیان، ئەوانی گەلێک توڕە کردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە سەرشۆڕانەیە و بە بیانووی کردەوەی گرووپە چەکدارەکانی حەماس، وێرانکردنی تەواوەتی غەززەی خستۆتە دەستووری کاری خۆیەوە و بە ئاشکراش ڕایدەگەیەنێت. وەزیری جەنگی ئیسرائیل لە سێیەم ڕۆژی هێرشەکاندا دەڵێت: فەرمانمان داوە گەمارۆی تەواو بخرێتەسەر ناوچەی غەززە؛ نە کارەبا، نە خۆراک، نە سووتەمەنی”… بۆردومانی وەحشیانەی کەرتی غەززە کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە هەزار تۆن بۆمب بەسەر دانیشتوانی ناوچەکەدا ڕژا، بەیانگەری وەحشیگەرییەکی ڕەهایە لەبەرچاوی بێباکی جیهاندا. لەدژی ئەم وەحشیگەرییە چاوەڕوان نەکراوە و هەروەها ئەو هەلومەرجە نامرۆڤانەیەی کە لە “کەرتی غەززە” بەسەر خەڵکی فەلەستیندا سەپێنراوە، پێویستە دەنگی ناڕەزایی بەرزبکرێتەوە.
شەشەم – واقیعییەت ئەوەیە کە بەهۆی بەهێزبوونی ڕەوتی بناژۆخوازی یەهوودی و ئیسلامی لەناو خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین دا، پرۆسەی خەبات لەپێناو پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئەو خەڵکە، لەگەڵ ئاستەنگی جیددی بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئێستا کە تەرحی دوو نەتەوە، دوو دەوڵەت بە ئاشکرا شکستی هێناوە، باشترین چارەسەر بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم کێشە حەفتا ساڵەی کە بووەتە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی بێشومار و ئاوارەبوونی نەتەوەیەک و هەروەها ژیان لەژێر سایەی شەڕ و خوێنڕشتنی بەردەوام، هەوڵدانە بۆ ڕێگەچارەی یەک وڵات، دوو نەتەوە. دەکرێ و پێویستە لەپێناو مۆدێلێکدا خەبات بکرێت کە سەرجەم خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین وەک هاووڵاتی خاوەن مافی یەکسان لە یەک وڵاتدا بژین. وەڵاتێکی لەم چەشنە دەتوانێ شکڵ و پێکهاتەیەکی ئەوتۆی هەبێت کە لەلایەن هەموو دانیشتوانی ئەو سەرزەمینە مێژووییەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز، هەڵبژێردرێت. بۆ گەیشتن بە دۆخێکی لەوچەشنە، پێویستە سەرجەم هێزە پێشکەوتنخواز، دێموکرات مرۆڤدۆستەکان لە ئیسرائیل و لە فەلەستین خەباتی مەدەنی خۆیان بەهێزتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن هێزە کۆنەپەرست و بناژۆخواز و ڕەگەزپەرستەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن. ئاشکرایە کە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی وڵاتەکانی ناوچەکە بۆ ئازادی و بەرابەری و دێموکراسی، دەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوی لە بەهێزتربوونی ئەو هێزانە لەم سەرزەمینە دا هەبێت. سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی شکۆداری “ژن، ژیان، ئازادی” بە دروشمە پێشکەوتنخواز و داخوازییە ئینسانییەکانی، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر خەباتی مەدەنیی خەڵکی فەلەستین و زەحمەتکێشانی ئیسرائیل هەبێت.
حەوتەم- ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی ئێران، کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرجەم هێزە چەپ و دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان دەکەین کە پشتیوانی بکەن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین بۆ ڕزگاربوون لە دەست داگیرکارییەکی دەیان ساڵە. ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دەستپێکردووە، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێکارانە بەردی دیفاع لە مافەکانی فەلەستین لە سینگی دەدات و پشتیوانی لە حەماس دەکات، هیچیان زەڕەیەک لە ڕەوابوونی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی فەلەستین لە دژی دەوڵەتی جینایەتکار و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کەم ناکاتەوە. بۆردومانی بێبەزەییانە و وێرانکەری دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە زیانێکی گیانی زۆری خەڵکی سڤیل و دانیشتوانی ئاسایی غەززە و لەوانە منداڵانی لێکەوتۆتەوە و تادێت زیاتر پەرەدەستێنێ، دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی و دێموکراسی، بژی سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر )
دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣