ڕەنگدانەوەی هێزی جەماوەر لە سیمای پەرێشانی ڕژیم لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا
یەکەم – کۆماری ئیسلامی هەموو هێزی سەرکوتی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی پێشبگرێت لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکانی ساڵیادی شۆڕشی ژینا. گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕژیم بەمەبەستی ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان بەربڵاو و بێ وێنە بوو. ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا شاهیدی بووین، لە ڕاستیدا حکوومەت نیزامی بەتەواو مانا لە سەرانسەری ئێراندا بوو. بەربڵاوترینی ئەو ڕێوشوێنانە لە شاری سەقز، شوێنی لە دایکبوونی (ژینا ئەمینی (ئەو ناوەی کە بوو بە ڕەمزی شۆڕش ڕەچاوکرا. سەرجەم ڕێگاکانی چوون بەرەو ئارامستانی ئایچیان ٢٤ کاتژمێر بەر لە ساڵیادەکە بە تەواوی داخست، تانک و زرێپۆشیان لەسەر گڵکۆی “ژینا” جێگیر کرد. ڕێڕەوەکانی ئاوی بەنداوی “چراغ ویس“ی سەقزیان کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگا لاوەکییەکانی چوون بەرەو ئارامستانی ئایچی دابخەن. ئەمجارەیان خەڵک هێزی لەبننەهاتووی خۆیان بە ڕوونی لە ڕواڵەتی دەسەڵاتی ترساوی ڕژیمدا بەدیکرد. زاڵکردنی حکوومەت نیزامی، قووڵایی قەیرانی ڕژیم نیشان دەدات. چونکە حکوومەت نیزامی بە واتای بارودۆخێکی نائاسایی یان ئاوارتە دێت کە حکوومەتێک دەکەوێتە دۆخی مان و نەمانەوە. هەربۆیە بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی ڕژیم، حکوومەت نیزامی، دەرخەری بەهێزبوونی شۆڕشی ژینا و داماویی و بێدەسەڵاتی ڕژیمە.
دووەم – بانگەوازی مانگرتنی سیاسی گشتی بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستان وڵامی شایستەی خۆی وەرگرتەوە. سەرەڕای سەرکوت و میلیتاریزەکردنی تەواوەتی ناوچە کوردنشینەکان، مانگرتنی گشتی، هەنگاوێکی زۆر سەرکەوتوو و درەوشاوە بوو بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی ئاوارتە یان حکوومەت نیزامی. سەرکەوتنی ئەو مانگرتنە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی ڕێکخراوه جەماوەریی، مەدەنی و ڕێکخراوەکانی شوێنی کار و ژیانن که خاوەنی ئەزموونی درێژماوەی کاری ڕێکخستن و سازماندانن و دەتوانن نموونە و سەرچەشنێک بن بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی دژە خەڵکیی دەسەڵاتدار. مانگرتنی سیاسی گشتی نەریتێکی جێکەوتووە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەمجارەش خەڵک هێزی خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان لەم فۆرمە ناڕەزایەتییە سیاسییەدا بە ڕوونی نیشاندا.
سێیەم – بەڵام شەرەڕای ئەوەش هێشتا لەڕێگەی گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی گەلێک قۆناغی دیکەمان لە پێشدایە کە دەبێت بە وشیاری سیاسی و بە هەمان ئیرادە و ورەی خەباتکارانەی پێشووەوە خۆمان بۆ تێپەڕبوون لێیان ئامادە بکەین. نەرمی نواندن لە تاکتیکەکاندا بە ئاراستەی ستراتێژێکی ڕوون، یەکێکە لە پێداویستییەکانی سەرکەوتنمان. مانگرتنی گشتی وەک یەکێک لەو تاکتیکانە، کاریگەری خۆی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و زەمینگیر کردن و ناچالاککردنی هێزە سەرکوتگەرەکاندا نیشانداوە. خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری ئەو تاکتیکە خەباتکارانەیە، چەندین جار پاشەکشەیان بە کۆماری ئیسلامی کردووە و هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە ئاست ئیرادەی یەکگرتووانەی خۆیاندا بەچۆکدا هێناوە. ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، نموونەیەکی شکۆداری دیکەیان لە کەڵک وەرگرتن لەم شێوازە لە خەبات ئەزموون کرد. ئەم مانگرتنە جارێکی تر بە ڕوونی ڕواڵەتی جەماوەریبوون و کۆمەڵایەتیبوونی ئەم ئاخێزەی ئێستای دژ بە نیزامی ئیسلامی و بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکى باشتر بە خەڵکی جیهان نیشاندا.
چوارەم– لە ساڵیادی ژینادا، شاهیدی شکڵگرتن و بەردەوامبوونی نافەرمانی مەدەنی ژنان لە ئاستێکی جەماوەریدا بووین، کە تەنانەت سەرەڕای زاڵبوونی دۆخی حکوومەت نیزامی و گوشار و هەڕەشەی بەردەوام، ژنانی قارەمان بەبێ ترس لە هێزە سەرکوتگەر و چەکدارەکانی ڕژیم، جل و بەرگی ئیختیاریی و دڵخوازانەی خۆیان پۆشی. ئەم تاکتیکە بە تێکەڵبوون لەگەڵ شێوازەکانی تری ناڕەزایەتی، لەوانە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، دانی دروشم لەناو ماڵ و سەربانەکان لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شارە گەورەکان، نیشانەی بەدەستهێنانی ئەزموونی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێوشوێن و کردەوە سەرکوتگەرییەکانی ئەو ڕژیمەیە. خەڵک فێری ئەوە بوون کە چۆن بە نەرمی نواندن لە تاکتیکی خەباتکارانەدا هێزە سەرکوتگەرەکان زەمینگیر و بێکاریگەر بکەن.
پێنجەم– تاقیکردنەوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی، بەتایبەتی ئەوەی کە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا شاهیدی بووین، دەریخست کە بەردەوامبوونی ئەم خەباتە هاوکات لەگەڵ خۆبواردن لە قوربانیدان و زیانی زیاتر، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە ڕاستیدا ئێمە نەبەردێکی ئامانجدار و لە هەمانکاتدا درێژخایەنمان لەپێشە. نەبەردێکی کە تیایدا کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و جەماوەری بێبەشی پەراوێزی شارەکان، هاوڕێ لەگەڵ خوێندکاران و ژنانی یەکسانیخواز ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەبینن. بێگومان ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا ڕوودەدات، مۆرکی ئەزموونە بەنرخەکانی ساڵی ڕابردووی پێوەدەبێت. ئەزموونگەلێکی کە بەداخەوە بە بەهایەکی گران بەدەست هاتوون. هەلومەرجی سەختی ژیانی ئابووریی زیاتر لە حەفتا لەسەدی خەڵکی ژێر هێڵی هەژاریی، ئەم جەماوەرە بەرینەی بە ناچار بەئاراستەی خەبات و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمێکدا بردووە کە هەم نان و هەم ئازادی ئەوانی بە بارمتە گرتووە. ئەگەرچی هەر لە ئێستاوە ناتوانرێت بە وردی فۆرم و کات و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکان دیاری بکرێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەم شۆڕشە لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆری وەک ناڕەزایەتی خەڵکی گەڕەکە هەژارەکانیشنەکانی پەراوێزی شارەکان، لە مەدرەسە و و زانکۆکان، چ لە سەر شەقام و یان بە شێوەی مانگرتنی سیاسی گشتی و مانگرتنی کرێکاران، مامۆستایان، ناڕەزایەتی خانەنشینان، بنەماڵەی داغداری گیانبەختکردووان و هتد… بەردەوام دەبێت.
شەشەم – ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا جیاوازییەکی گرنگی ئاشکرا کرد. جیاوازیی ڕاستەقینە بوونی بەشێک لە بانگەوازەکان ( بۆ نموونە لە کوردستان، کە حيزبەکان پەیوەندییەکی واقعیان لەگەڵ پێگە جەماوەرییەکەی خۆیان هەیە و بانگەوازەکان لەڕووی هەڵسەنگاندنێکی واقیعی و بە پێی هاوسەنگی هێزی خەباتکارانە دەکرێت) و هەروەها ئەو هێز و لایەنانە ( چەپ و ڕاستانەی) کە خاوەنی هیچ جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نین و بە شێوازی دەستکرد و لەسەر کاغەز و تەنیا بە ئامانجی قازانجپەرستی تەبلیغاتیی، دروشمی گەورە بەرز دەکەنەوە و فەزایەکی ناواقیعی و چاوەڕوانییەکی کە لەلایەن ئەوانەوە دەخوڵێت و هەروەها بە کردەوە دەرنەهاتنی دروشمەکانیان، کاریگەریی نیگەتیڤ لەخۆی بەجێدەهێڵێت.
حەوتەم – لە دەرەوەی وڵاتیش، ئێرانییەکان لە زۆربەی وڵاتەکان بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن و کۆڕ و کۆمەڵی شکۆدار، هاوسۆزی و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا ڕاگەیاند کە تێیاندا حزووری هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان گەلێک بەرچاو و جێگای پێزانین بوو. بەڵام پێکهاتنی هەماهەنگیی سەراسەری هەرچی زیاتر لەنێوانیاندا پێویستییەکی هەنووکەییە کە دەبێ هەموو هێز و لایەنە بەرپرسەکان لەبەرچاوی بگرن. بەشداریکردنی بەربڵاوی ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات لەم ئاکسیۆنانەدا لە شارە گەورەکانی ئەورووپا، ئەمریکا و ئوسترالیا و هەروەها پشتیوانیی هەڵسووڕاوانی سیاسیی سەر بە حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی ئەو وڵاتانە و وتارەکانیان بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ڕۆڵ و کاریگەر و بەرچاوی بووە سەبارەت بە بەرجەستە کردنەوەی شوێندانەریی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەسەر بیروڕای گشتی ئەو وڵاتانە.
هەشتەم – دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بەرینی جیهانیی ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا لە زۆربەی وڵاتەکان گەلێک بەرچاو بوو. لە زۆربەی وڵاتەکان میدیا و چاپەمەنییە سەرەکییەکان، گەلێک بابەت و ڕاپۆرت و فیلمیان سەبارەت بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بڵاوکردەوە. پێشوازی بەرچاوی ڕای گشتی جیهانی و بەتایبەتی ژنان لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی، وایکردووە کە زۆرێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی و کەسایەتییە ناسراوەکانیش لەسەر گرنگی شۆڕشی ژینا لێدوان بدەن. واقیعییەت ئەوەیە کە لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا هیچ ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە لەسەر ئاستی جیهاندا لەگەڵ پێشوازی و هاوسۆزییەکی لەم چەشنە بەرەوڕوو نەبووەتەوە.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزم
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
دووشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بەرامبەر لەگەڵ ٢٥ی سپتامبری ٢٠٢٣