هەڵسەنگاندنی شەڕ و ئاسۆکانی لە شانزەهەمین ڕۆژدا
شانزە ڕۆژ بەسەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدەپەڕێت. لەم ماوەیەدا، ڕاستییەک تادێت ڕوونتر دەبێتەوە، ئەم شەڕە نە کورتماوە بووە، نە کۆنتڕۆڵکراو و نە تەنها لە سنووری ئامانجە سەربازییەکانیشدا ماوەتەوە. ئەوەی لە کرداردا دەبینرێت، شەڕێکە کە هەم زەبری لە پێکهاتەی سەربازی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی داوە و هەم ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی وێران کردووە.
لە ڕۆژی یەکەمدا وترا کە ئامانجەکە بریتییە لە ناوەندە سەربازی، مووشەکی و فەرماندەییەکان. بەڵام لە شەڕدا، مەودای نێوان “ئامانجی سەربازی” و “دەرهاویشتەی مرۆیی“، زۆر زوو لەناو دەچێت. کاتێک کۆگاکانی نەوت دەسوتێن، دووکەڵەکە تەنها ناچێتە ناو سەربازگەکان، بەڵکوو دەچێتە ناو سییەکانی خەڵکەوە. کاتێک ژێرخانەکان زیانیان بەردەکەوێت، فشارەکە تەنها لەسەر دەوڵەت نییە، بەڵکوو نەخۆشخانە، دەرمانخانە، ئەمبوڵانس و گیانی نەخۆشەکانیش دەکەونە ژێر فشارەوە.
تاران پێش شەڕیش هەوایەکی تەندروستی نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو دۆخە خراپتریش بووە. دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەکان و سووتانی کۆگاکانی نەوت، هەناسەدانی قورستر کردووە. بارانی ڕەش و ئەو گردیلانەی بەهۆی سووتانی ماددە نەوتییەکانەوە دروست دەبن، نیگەرانیی خەڵکیان زیاتر کردووە. ئەمە بەشێکە لە ڕاستی ژیانی ئەو هاوڵاتییانەی کە هەموو ڕۆژێک لەناو ئەم هەوایەدا هاتووچۆ دەکەن، کار دەکەن و منداڵ و بەساڵاچووەکانیان دەگەیەننە نەخۆشخانە.
فشار لەسەر نەخۆشخانەکانیش جدییە. کەمبوونی هەندێک لە پێداویستییەکان، تێکچوونی زنجیرەی دابینکردن، نیگەرانی لە نەبوونی کارەبا و دژواربوونی گواستنەوەی بریندار و نەخۆشەکان، گیانی زۆر کەسی خستووەتە مەترسییەوە. ئەو نەخۆشەی کە پێویستی بە دیالیزە، ئەو منداڵەی پێویستی بە دەرمانی تایبەتە، یان ئەو بەساڵاچووەی کە بەهۆی هەوای پیسی شارەکە کێشەی هەناسەدانی هەیە، هەموویان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم قەیرانەدان. هەر بۆیە، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بوترێت ئەم شەڕە تەنها سەربازییە، بەڵکوو خەڵکیش بوونەتە ئامانجی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخی شەڕەکە.
شەڕەکان بەزۆری بە تێڕوانینێکی سادە دەست پێدەکەن، بەو خەیاڵەی کە هێرشێکی خێرا دەکرێت، زەبرێکی توند دەوەشێنرێت و هەموو شتێک لە ماوەیەکی کورتدا کۆنتڕۆڵ دەکرێت. بەڵام ئەزموونەکان چەندین جار سەلماندوویانە کە شەڕ بەو سادەییە ناچێتە پێشەوە. کاتێک ئاگری شەڕ دادەگیرسێت، فشارە سیاسییەکان بەرز دەبنەوە، لایەنی بەرامبەر خۆی لەگەڵ دۆخە نوێیەکە دەگونجێنێت و شەڕ دەکەوێتە ڕێڕەوێکەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی گەلێک قورسترە لەوەی لە سەرەتادا بیری لێدەکرێتەوە.
لەم شەڕەشدا هەر وای لێهات. هێرشە سەرەتاییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە زەبرێکی قورس بوو. هەندێک دامەزراوەی گرنگ کرانە ئامانج. ڕێبەر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕژێم کوژران. لە ڕوانگەی ئۆپەراسیۆنەوە، دەکرێت ئەم هێرشانە بە سەرکەوتوو دابنرێن، بەڵام ئەو ئەنجامە سیاسییەی کە بە ڕواڵەت چاوەڕوان دەکرا، بەدەست نەهات. حکومەتی ئێران نە بە خێرایی ڕووخا و نە تەسلیم بوو. پێکهاتەی سەرکوتگەر، دەزگای ئەمنی و بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات هەروا بەسەر پێوە ماونەتەوە.
لێرەدا یەکێک لە مەترسیدارترین نموونەکانی شەڕ خۆی نیشان دەدات. کاتێک سەرکەوتنی سەربازی ئەنجامی سیاسیی لێ ناکەوێتەوە، کەڵکەڵەی چڕترکردنەوەی شەڕ زیاتر دەبێت. لایەنی هێرشبەر وا دەزانێت ئەگەر چەند گورزێکی دیکە بوەشێنێت، ئەگەر چەند ڕۆژێکی تریش بۆردومان بکات و ئەگەر لیستی ئامانجەکان فراوانتر بکات، ئەنجامی کۆتایی بەدەست دێت. بەڵام هەر ئەم لۆژیکە، شەڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی فرەڕەهەند و درێژماوە.
لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامیش چونكە خۆی لە ڕووی سەربازییەوە بە لاوازتر دەبینێت، مەودای شەڕەکەی گواستۆتەوە بۆ کایەکانی تر. ئەمەش شێوازێکی ناسراوە، کاتێک حکومەتێک نەتوانێت لە مەیدانی سەرەکیی شەڕدا دەستی باڵا پەیدا بکات، هەوڵ دەدات تێچووی شەڕەکە لە شوێنەکانی تر بەرز بکاتەوە. هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکانی وزە لە وڵاتانی ناوچەکە لەم چوارچێوەیەدا شیاوی تێگەیشتنە.
ئەنجامی ئەم هەوڵانە ڕوونە، هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کەم دەبێتەوە، کۆمپانیاکانی بیمە دەکشێنەوە یان نرخەکان بەرز دەکەنەوە، نرخی نەوت زیاد دەکات و فشاری ئابووری لەسەر وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا زیاتر دەبێت. بەم شێوەیە، کۆماری ئیسلامی ئەگەر نەتوانێت لایەنی بەرامبەر لە مەیدانی سەربازیدا شکست پێبهێنێت، بەڵام دەتوانێت تێچووی شەڕەکە بۆ هاوپەیمانەکانی بەرز بکاتەوە و درز بخاتە نێوانیانەوە. ئەمە هەمان ئەو ڕێگەیەیە کە حکومەتە لاوازەکان بۆ ماندووکردنی هاوپەیمانییە بەهێزەکان بەکاری دەهێنن.
لەم نێوەندەدا، تێڕوانینێکی کۆنیش دووبارە تاقی دەکرێتەوە، ئەو تێڕوانینەی کە پێی وایە هێرشی ئاسمانی بە تەنها دەتوانێت حکومەتێک بڕوخێنێت. بەڵام ئەزموونی مێژوویی شتێکی ترمان پێدەڵێت. بۆردومان دەتوانێت دامەزراوەکان وێران بکات، دەتوانێت فەرماندەکان بکوژێت، دەتوانێت تۆڕەکان پەک بخات، بەڵام بە تەنها نابێتە هۆی ڕووخانی حکومەتەکان.
خەڵکی ئێران ساڵانێکە لە کۆماری ئیسلامی تووڕەن و لە گەندەڵی، سەرکوت، فشاری سیاسی، هەڵاواردن و قەیرانی ئابووری بێزار بوون. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە ئینکار بکات. بەڵام دۆخی شەڕ، ڕەفتاری کۆمەڵگە ئاڵۆز دەکات. لەژێر فشاری مووشەک، دەنگی تەقینەوە، ترس، ئاوارەیی و نائەمنیدا، خەڵک ناڕژێنە سەر شەقامەکان. لە دۆخی شەڕدا، ئەولەوییەتی زۆرێک لە بنەماڵەکان بریتی دەبێت لە زیندوو مانەوە، نەک چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەربڵاوی سەر شەقام. تەنانەت ڕەنگە بەشێک لە خەڵک، سەرەڕای ناڕەزایەتی بێ ئەوپەڕیان، لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا پشتی حکومەت بگرن. ئەڵبەتە نەک لەبەر پشتگیرییەکی ڕاستەقینە، بەڵکوو لەبەر ترس لە داڕمان، داگیرکاری و پشێوی و هیتر…
لە لایەکی ترەوە، سڕینەوەی ڕێبەرانیش هەمیشە ئەو ئەنجامە نادات کە داڕێژەرانی شەڕ دەیانەوێت. ئەگەر کەسایەتییەکی گرنگ بکوژرێت، ئەگەری هەیە جێگرەکەی لەخۆی توندڕەوتر بێت. لەوانەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی، پێویستی بە شەڕێکی توندتر هەبێت و لەوانەیە بۆ نیشاندانی هێز، گرژییەکان زیاتر بکات. لە ئەنجامدا، تیرۆر و لابردنی بەرپرسانی حکومەت مەرج نییە ببێتە هۆی نەرمتربوونی ڕەفتاری ڕژێم. هەندێک جار بە پێچەوانەوە، کەسانێک دەبنە جێگرەوەیان کە زۆر توندتر و سەرکێشترن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، نابێت خاڵێکی سەرەکی لەبیر بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا نە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان دیاری دەکەن و نە موشەکەکان. بەڵکوو دیاریکەری سەرەکی، بریتین له کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. ئەم حکومەتە ئەگەر ئەمڕۆ لەژێر ئاگری دەرەکیدا خۆی دەرباز بکات، بە واتای کۆتایی هاتنی قەیرانەکانی نابێت. بەپێچەوانەوە، دوای هێوربوونەوەی ئاگری موشەکەکان و دەنگی فڕۆکەکان، پرۆسەیەک لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا دەست پێدەکاتەوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک ناڕەزایەتی، خەبات و باجدانی جەماوەر.
ئەو خەڵکەی کە لەم ساڵانەدا ئازیزانیان لەدەستداوە، چوونەتە زیندان، ستەم و هەژاری و هەڵاواردنیان چەشتووە، بە کۆتایی هاتنی شەڕ ون نابن. داواکارییەکانیشیان لەناو ناچێت. ئەگەر ئەمڕۆ کەشی شەڕ بواری هەر جموجۆڵێکی بەرتەسک کردووەتەوە، سبەی ڕۆژ دامرکانەوەی ئاگری ئەو شەڕە، ئەم کۆمەڵگەیە سەرلەنوێ لە بوارە جیاوازەکاندا لەپێناو ویست و داواکارییەکانیاندا دێنەوە مەیدان. خەباتی کۆمەڵایەتی شێوازی جۆراوجۆری هەیە. لە ناڕەزایەتی مەدەنییەوە بگرە تا ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، لە فشارە پیشەییەکانەوە تا خواستی ئازادییە سیاسییەکان. لە پرۆسەیەکی وەهادا، خەڵک دەرفەتی ئەوەیان دەبێت کە ئەڵتەرناتیڤی شیاوی خۆیان پێک بهێنن. ئاڵترناتیڤێکی کە لە هەناوی ئەزموون و ئازار و خۆڕاگریی خۆیانەوە سەرهەڵدەدات، نەک لە بۆردومان و دەستێوەردانی دەرەکییەوە.
