هەڵسەنگاندنی شەڕ لە دوازدەیەمین ڕۆژیدا
لە دوازدەیەمین ڕۆژی شەڕەکەدا، هێشتا هیچ نیشانەیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی نابینرێت. ئەو شەڕەی کە بە هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، هێشتا بەردەوامە. هەر سێ لایەنی شەڕەکە جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێگاکەی خۆیان دەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات تێچووی شەڕەکە بەرز بکاتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیلیش جەخت دەکەنەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئۆپەراسیۆنەکان ڕاناگرن. تایبەتمەندی سەرەکی ڕۆژی دوازدەیەم، بریتی بوو لە گواستنەوەی ئاشکرای شەڕ بوو لە ئاستی سەربازییەوە بۆ ئاستی ئابووری و ناوچەیی. ئێران مەودای هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، فڕۆکەخانەکان و دامەزراوە نەوتییەکان فراوانتر کرد. گەرووی هورمز هێشتا لە دۆخێکی قەیراناویدا ماوەتەوە و هاتوچۆی کەشتییەکان تووشی ئاستەنگی جیدی بووە. چەند کەشتییەکی بازرگانی کرانە ئامانج، بەم هۆیەوە کەشێکی ناسەقامگیری لە بازاڕی وزەی جیهانیدا دروست بووە.
سپای پاسداران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بن، تێپەڕبوونی نەوت لەم ڕێڕەوەوە ئاسایی نابێتەوە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت شەڕەکە بکاتە بابەتێکی جیهانی. ئامانج لەو کارە ئەوەیە کە گوشارەکە تەنیا لە مەیدانی شەڕدا نەمێنێتەوە، بەڵکوو بازاڕی نەوت، نرخی وزە، بازرگانی جیهانی و ئاسایشی ئابووری وڵاتانیش بگرێتەبەر.
ئەم ستراتیژە نوێ نییە، بەڵام لە ڕۆژی دوازدەیەمدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانەتر و ڕاستەوخۆتر پەیڕەو کرا. کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆدا لە ڕووی تەکنەلۆژیا، توانای ئاسمانی و هێزی وێرانکارییەوە، لە پێگەیەکی زۆر لاوازتردایە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل. هەربۆیە هەوڵ دەدات مەیدانی شەڕەکە بگۆڕێت. لە جیاتی تەرکیز کردن تەنیا لەسەر پەرچەکرداری سەربازی، شەڕەکە دەگۆڕێت بۆ تێکدانی شادەمارە گرنگەکانی ئابووری جیهانیی.
لە بەرانبەردا، ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ نیشانەیەکی پاشەکشەیان لەخۆیان نیشان نەداوە. بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی کات و زەمەن بەردەوام دەبن. دۆناڵد ترامپیش، سەرەڕای بانگەشەی “سەرکەوتن“، جەختی کردەوە کە نابێت شەڕەکە بە نیوەچڵی جێبهێڵرێت و دەبێت “کارەکە تەواو بکرێت“. ئەمریکا و ئیسرائیل ئەگەرچی هێشتا تەرکیزیان لەسەر لاوازکردنی ژێرخانی سەربازی، ئەتۆمی و موشەکیی ئێرانە، بەڵام وێرانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکانیشیان لەبیر نەکردووە.
لە ناوخۆی ئێراندا، حکوومەت هەوڵی داوە ڕواڵەتێکی یەکگرتوو و خۆڕاگر لە خۆی نیشان بدات. ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەو فەرماندانەی کوژراون بە بەشداری جەماوەرێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو. ئەم مەراسیمە بۆ حکوومەت تەنیا جۆرێک لە شینگێڕی نەبوو، بەڵکوو کارکردێکی سیاسی هەبوو، کە ئامانج لێی بریتی بوو لە نیشاندانی یەکگرتوویی، کۆنترۆڵکردنی شەقام و پاراستنی ورەی لایەنگرانی ڕژێم.
ڕۆژی دوازدەیەم تەنیا ڕۆژی چڕبوونەوەی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو، بەڵکوو ڕۆژی گشتگیربوونی شەڕەکە بوو بۆ تەواوی ناوچەکە. لە لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل و هاویشتنی موشەکەکان بەردەوام بوو و قەیرانە مرۆییەکان قووڵتر بووەوە. وڵاتانی کەنداویش ڕاستەوخۆ کەوتنە بەر مەترسی و باسیان لە خستنەخوارەوەی درۆنە ئێرانییەکانیان کرد. بەم شێوەیە، مەودای شەڕەکە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاندووە. ئەم گۆڕانکارییە دوو لێکەوتەی هەیە: یەکەم، تێچووە ناوچەییەکانی شەڕ بەرز دەبنەوە. دووەم، کۆنترۆڵکردنی ململانێکان سەختتر دەبێت. هەرچەند ئەکتەری زیاتر بکەونە بەر هەڕەشە، ئەگەری خوێندنەوەی هەڵە زیاتر دەبێت. تەنیا یەک هێرش بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی، پێکانی فڕۆکەخانەیەک یان هێرش بۆ سەر ژێرخانێکی نەوتی، دەتوانێت کاردانەوەی یەک لەدوای یەکی لێبکەوێتەوە.
بەڵام خۆڕاگریی ڕژێم تا ئێستا بەرهەمی چەند هۆکارێکی تێکەڵاوە:
یەکەم،ئایدۆلۆژیایە: ئایدۆلۆژیا هێشتا بۆ بەشێک لە هەیکەلی حکوومی و ئەمنی، سەرچاوەی مەشروعییەت و هاندانە. ئەڵبەتە ئەم مەشروعییەتە زۆر لاواز بووە، بەڵام بە تەواوی لەناو نەچووە.
دووەم،دامەزراوەکانیسەرکوتن: سپا، بەسیج و دەزگا ئەمنییەکان، گرنگترین پایەکانی مانەوەی ڕژێمن. ئەم دامەزراوانە هەم ئامرازی کۆنترۆڵیان بەدەستەوەیە و هەم پاڵنەرێکی بەهێزیان هەیە بۆ بەرگری لە دۆخی ئێستا. لە ئەگەری گۆڕانکاری بنەڕەتی سیاسی، ئەوان زۆرترین مەترسییان بەردەکەوێت، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، پێگەی پیشەیی، ئاسایش و ئیمتیازاتەکانیان، هەموو دەکەونە مەترسییەوە. هەر بۆیە توانای خۆڕاگرییان هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە.
سێیەم،داهاتەنەوتییەکانوتۆڕەداراییەکانیدەوڵەتە: تەنانەت لە دۆخی گەمارۆ و کەمبوونەوەی داهاتیشدا، هەر ئەم سەرچاوانە ڕێگەیان بە حکوومەت داوە کە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی بپارێزێت، بەشێک لە لایەنگرانی تێر بکات و گرژییە کۆمەڵایەتییەکان تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ بکات.
بەو حاڵەشەوە، ئەم خۆڕاگرییە موتڵەق نییە. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ لاوازییەکی قووڵ و کەڵەکەبوو بەرەوڕوو بووەتەوە. قەیرانی ئابووری درێژخایەن، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، کەمیی ئاو و کارەبا، لاوازبوونی ژێرخانەکان، گەندەڵی دامەزراوەیی و هتد، بەگشتی مەودای مانۆڕی حکوومەتیان بەرتەسک کردووەتەوە.
سەبارەت بە سەرئەنجامی شەڕەکە، ڕوونە کە لە کۆتاییدا بە شکستی کۆماری ئیسلامی و جۆرێک لە ئاگربەستی کردەیی کۆتایی دێت. ئاگربەستێکی لەو شێوەیە بە مانای ئاشتی نابێت، بەڵکوو گوشاری سزاکان تا کاتی ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە شکست لە شەڕدا مەرج نییە بە مانای ڕووخانی دەستبەجێی ڕژێم بێت، بەڵام ئەم مانەوەیە لەسەر بنەمایەکی زۆر لەرزۆکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەر ڕژێم لەم شەڕەش دەرباز بێت، قەیرانەکانی داهاتوو زۆر سەختتر لە ڕابردوو، یەخەی دەگرن و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر دەبن و دەرفەتگەلێک دێنە پێشەوە کە پێویستە بە هەند وەربگیرێن.
