کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵسەنگاندنی ئاخێزی جەماوەری لە چوارەمین ڕۆژیدا

Untitled

 

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێکرد و ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار بۆ چوارەمین ڕۆژ بەردەوام بوو، بە پەرەسەندن بۆ شارەکانی وەک ئیسفەهان، کرماشان، شیراز، یەزد و مەشهەد پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. مانگرتنی بازاڕی گەورەی تاران بۆ سێهەمین ڕۆژی لەسەریەک، داخستنی پاساژەکان و ناوەندەکانی کار و کاسبی لە کرماشان، پەیوەست بوونی خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، عیلم و سەنعەت، تەباتەبایی، خاجە نەسیر، بەهەشتی، عیلم و فەرهەنگ و هەروەها زانکۆی سەنعەتی ئیسفەهان، ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە لەگەڵ کاردانەوەیەکی کورتماوە بەرامبەر بە هەڵاوسانی دراو بەرەوڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەریی بەرەوڕووین کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی ئێران و لە هەوارز و نشێوەکانی ئەو ڕووداوانە ئەزموونیان وەرگرتووە. لە ڕوانگەی بەرژەوەندی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشەوە، جەوهەری ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئێستا، شایەنی پشتیوانی و بەشداریکردنی چالاکانەیە، هەڵبەت نەک تەنها وەک هەڵچوونێکی سەر شەقامی دژ بە نیزام، بەڵکوو وەک بەرگریکردن لە مافی ژیانێکی شایستە. کاتێک داڕمانی نرخی دراوی وڵات حەقدەست و پاشەکەوت هەڵدەلوشێت و کاتێک هەڵاوسانی بەردەوام ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا بە ماڵ و خۆراک و دەرمان نامومکین دەکات، بێدەنگ بوون واتە قبوڵکردنی ئەوەی کە هەژاریی ببێتە چارەنووسی چارەهەڵنەگری مرۆڤەکان.

کاتێک سەرۆک کۆمار لەکاتی خستنەڕووی پڕۆژەیاسای بودجەدا دەڵێ: پێمان دەڵێن حەقدەستەکان زیاد بکەن، بەڵام لە کوێی بێنین؟ ئەم ڕستەیە دانپێدانانە بەو بنبەستە ئابوورییەی کە ساڵانێکە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا هەزینەکەی دەدەن. بۆ کرێکار، خانەنشین، پەرستار، شۆفێر، کارمەندی نیوە وەخت و بێکار، کاتێک بودجەی فەرمی وڵات لەسەر بنەمای هەڵاوسانی ٥٢ لەسەد دادەڕێژێت و سەرۆک کۆمار بەوپەڕی ڕووهەڵماڵدراوییەوە دەڵێت کە ناتوانێت حەقدەستەکان زیاد بکات، ئەمە بەو مانایەیە کە بڕیارە بودجەی حکوومەت لە سفرەی هەژارانەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دابین بکرێت، واتە زۆربەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئێران دەبێ لە دەستڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش بن، واتە دەبێ منداڵانێکی زیاتر لە خوێندن داببڕێن، خەڵکێکی زیاتر ناچار بن ڕوو بکەنە پەراوێزی شارەکان، ئاوات و ئامانجی توێژێکی زیاتر لە لاوان ببێتە خەون و خەیاڵ، واتە زیانی کۆمەڵایەتی دڵتەزێنتر بەرۆکی بنەماڵەکان بگرێت و بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم کۆمەڵگا تووشی تێکچوونی باری دەروونی بن.

بۆ چینی مامناوەند و خاوەن پیشە و کەسب و کارە بچووکەکانی ناو بازاڕیش بەرزبوونەوەی ئان و ساتی نرخی دراو واتە ڕاوەستانی کڕین و فرۆشتن و مەحاڵبوونی ئیمکانی دیاریکردنی نرخەکان. کاتێک ئەم دۆخە لەگەڵ گوشارەکانی سەرچاوەگرتوو لە باج و بەرزبوونەوەی کرێ و دابەزینی توانای کڕینی خەڵکدا ئاوێتە دەبێت، سروشتییە کە خاوەن کەسب و کارەکانی ناو بازاڕیش لەگەڵ کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار، لە پێوەند لەگەڵ ڕێژیمی گەندەڵ و سەرکوتگەری دەسەڵاتداردا دەبنە هاوچارەنووس. پەیوەستبوونی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە یەک ڕووەوە زۆر مانادارە. ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێران لە دۆخێکدایە کە هەر بزووتنەوەیەکی، تەنانەت پیشەییش، بە خێرایی ڕواڵەتێکی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێت. زانکۆ بەشێوەیەکی گشتی زووتر لە شوێنەکانی تر ئاسۆی سیاسی قەیرانەکە دەردەبڕێت. بازاڕیش پۆتانسێلی کۆڕ و کۆمەڵ و مانگرتنی هەماهەنگی هەیە و سەرکوتکردنیان بۆ حکوومەت هەزینەی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام پێشڕەویی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە ئەم ناڕەزایەتیانە بە بەشی سەرەکی کۆمەڵگای کار و زەحمەتەوە، واتە بە بزووتنەوە و ویست و داواکاری کرێکارانی بەشی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، کرێکارانی گرێبەست، شۆفێران، کرێکارانی شارەوانییەکان، موعەلیمان، خانەنشینان، بێکاران و پەراوێزنشینانەوە گرێ بدرێت. چونکە قورسایی سەرەکی قەیرانەکە زۆرتر دەکەوێتە سەر شانی ئەوان و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتییان دەتوانێت ئاخێزە جەماوەرییە دابڕاو و پەرش و بڵاوەکان بکات بە بزووتنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا. لەمڕووەوە پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕەمزی سەرکەوتن و پێشڕەویی ئەو ئاخێزانە لە گرەوی پەیوەستبوونی چین و توێژە کرێکارییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و پەراوێزنشین دایە.

بەڵام سروشتییە کە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، نەبەرد لەسەر ئاراستەی ئەو بزاڤە دەست پێدەکات. ئەم ڕۆژانە لێرەولەوێ هەندێک دەنگۆ لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی سەڵتەنەتخوازی دەبیسترێت، کە لە ڕێگەی کاناڵە پڕوپاگەندەییەکانیانەوە لە دەرەوەی وڵات گەورە دەکرێتەوه. جیا لە هەماهەنگی پراکتیکی ئەوان لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم، ئامانجی سەرەکی ئەم حەرەکەتانە لە باشترین حاڵەتدا بریتییە لەوەی کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە ناوەڕۆکی عەداڵەتخوازانەی خۆی بەتاڵ بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت لە هەناوی ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستادا، لە بری تیشک خستنە سەر ویست داواکاریی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر و پێویستی خۆڕێکخستن لە خوارەوە، ئاڵایەک بەرز بکەنەوە کە ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تاقیکردۆتەوە. خەڵکی ئێران بە ڕاپەڕین و شۆڕشی خۆیان ستەم و سەرەڕۆیی سەڵتەنەتییان تێپەڕ کردووە و بێ گومان ئامادە نین جێگەی ستەم و سەرەڕۆیی مەزهەبی، سەرلەنوێ بە ستەم و سەرەڕۆیی سەڵتەنەتی پڕ بکەنەوە. پرسی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێران بریتی نییە لە هەڵبژاردن لە نێوان دوو ستەمکاردا، بەڵکوو بریتییە لە کۆتاییهێنان بە سیستەمێکی کە هەژاری و بێ مافی و نابەرابەری بەرهەم دەهێنێتەوە.

لێرەدا دەبێ بە ڕوونی بوترێ کە کۆماری ئیسلامی و سەڵتەنەتخوازان سەرەڕای هەموو جیاوازییە ڕواڵەتییەکانیان، دەتوانن لەسەر ئامانجێکی هاوبەش یەکبگرن، ئەویش بریتییە لە دوورخستنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ویست داخوازییە سەربەخۆکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کردنیان بە پڕۆژە گەلێک بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە سەرەوە. ڕەوتی سەڵتەنەتخوازی هەوڵدەدات توڕەیی و بێزاریی جەماوەر ببەستێتەوە بە نۆستالژیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، واتە لەبری چارەسەرکردنی کێشەی نایەکسانی، مافی خۆڕێکخستن، کرێ، شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بابەتەکە لە گۆڕینی ڕووخساری لوتکەی دەسەڵاتدا کورت بکاتەوە. ئەگەر بڕیار بێت ئەم ناڕەزایەتیانە بتوانن بەردەوام و ڕیشەدار و سەرکەوتوو بێت، زۆر گرنگە کە لایەنە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕوونتر ببێتەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە دەبێ دروشمی نان، کار، ئازادی ببێتە دروشم و داواکاریی سەرەکی جەماوەر. واتە جەختکردنەوە لەسەر ئەو داواکاریانەی کە نوێنەرایەتی ژیانی زۆرینە دەکەن و ڕێگە نادەن ئاخێزی جەماوەر سەرکوت بکرێت یان دەستی بەسەردا بگیرێت.

دروستبوونی پەیوەندیی هاوپشتی نێوان زانکۆکان، گەڕەکە کرێکارییەکان، پەراوێزنشینان و ناوەندەکانی کار، ڕەمزی ئەم ئاخێزەیە. لە پەیوەندییەکی ئەوتۆدا ناڕەزایەتی لە بەرگرییەوە دەگۆڕێت بۆ هێرشبردن و هێزی کۆمەڵایەتی، هێزێکی کە دەتوانێت هەم بەرامبەر بە ستەم و سەرکوت بوەستێتەوە و هەم خۆی لە کەوتنە ناو ئەو داوەی کە دوژمن لە سەر ڕێگەیدا دایناوە، بپارێزێت. ناڕەزایەتییەکانی چوار ڕۆژی ڕابردوو، هاواری کۆمەڵگایەکە کە چیتر ناتوانێت گوشارەکانی هەڵاوسان و بێکاری و نائەمنی پیشەیی تەحەمول بکات. لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە کورتماوە و درێژماوەکانی چینی کرێکارەوە، دەبێ لە جەوهەری ئەو ناڕەزایەتیانە دیفاع بکرێت، لە هەمان کاتدا وریا بین لەوەی کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێت بە دانی کۆمەڵێک ئیمتیازی بەرتەسک کۆنترۆڵی بکات. پێشڕەویی ئەم ئاخێزە لە گرەوی پەیوەستبوونی چین و توێژە کرێکارییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و پەراوێزنشین و هەروەها پێکهاتنی هاوپشتی و هاوخەباتییەکی سەربەخۆ لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادایە، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرانی، بتوانێت ببێت بە بزووتنەوەیەک لە پێناو مافی ژیان و کۆتاییهێنان بەم سیستەمە ستەمکار و چەوسێنەر و نایەکسانەی ئێستا.