ئەمرۆ یەکشەممە ۱۱ ی مانگی خاکەلێوە هەڵبژاردنی ناوچەیی لە تورکیە بەڕێوەدەچێت. لەم هەڵبژاردنەدا قەرارە فەرماندارەکان، شارەدارەکان، دێهدار و نوێنەری شوڕا ناوچەیی و ئاواییەکان لە تورکیە هەڵبژێردەرێن. تورکیە ٨٢ ملیۆن جەمعەیەتی هەیە و پێشبینی دەکرێت بە لەبەرچاو گرتنی ناوچەیی بوونی کاندیدەکان زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن. ڕەجەب تەیب ئۆردوغان دیکتاتۆڕی حاکم لەم وڵاتەدا، لە ئێستاوە سەرکەوتنی لایەنگرانی خۆی لەم” هەڵبژاردنەدا” ڕاگەیاندوە. ئەو ئەو کەسانەی ئەگەری سەرکەوتنیان هەیە لەپێشدا بە بوونی پێوەندی لەگەڵ پ. ک. ک. و گەندەڵی ماڵی تاوانبار کردوە و وتویەتی کە بۆ زۆربەی کاندیدە ڕەقیبەکانی پەروەندە ئامادەیە و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم کەسانەدا، دەست بەسەریان دەکات. کارزاری هەڵبژاردنی ئەردوغان و حیزبەکەی بە دەست بەسەردا گرتنی زۆربەی ڕاگەیەنەرە گشتیەکانی ئەم وڵاتە بەڕێوە ئەچێت، هاوکات ئاوێتەیەک لە فریو و هەڕيشە و هاندانە. وەک نمونە، کاتێک کە ژمارەیەک لە ژنانی تێکۆشەر لە خۆپیشاندانێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژن، هاوکات لەگەڵ بەرز بوونەوەی دەنگی بانگی مزگەوتی زاڵ بەسەر مەیدانی تەقسیمدا دروشمیان ئەدا، ئەردوغان لەوە وەک سوکایەتی بە ساحەتی دین ناوی برد و وتی کە” ئەم ژنانە لەگەڵ ئیسلام گرفتیان هەیە.” کار گەیشتۆتە جێگایەک کە لە یەکێک لە میتینگەکانیدا وتی:” دەمەوێ لەم هەلبژاردنەدا بەو کەسانەی کە دژی بانگن وانەیەكی توند بدەن.” ئەم بابەتە تەنانەت کێشرایە خوتبەکانی نوێژی هەینی و لە ١١٠ هەزار مزگەوتی تورکیە باسی لێ كراوه و سیکۆلارەکان وەک موبەلغینی دوژمنی دین ناسێندراون.
هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ڕیفڕاندۆمی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی لە مەوقعیەتێکی هاوشێوەدا و لە فەزای سەرکوت و گرتن و زیندانی کردندا بەڕێوەچوون. ئەو تەسفیانەی کە لە کەمتر شوێنێكی جیهان بەم بەرینیە بیندراوه، بە بیانوی کودتا بەڕێوەچوو. بهم جۆره بە سەدان هەزار کەس لە نەیارانی ئەردوغان یان کەوتنە زیندان و یان لەکار دوور خرانەوە. ئەمجارەش بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ جۆرە هەڵبژاردنێکی تر لە تورکیە بەڕێوەناچێت، هەڵبژاردنی ٣١ ی مارس دەرفەتێکە تا دەوڵەتی ئەردوغان حکومەتی موتڵەقەی خۆی تا خوارەوە ترین ئاستی کۆمەڵگای تورکیە پەرە پێبدات.
ئەگەرچی ئەردوغان شەخسەن بازاڕی تهبلیغاتی گرم کردوە و ئەگەرچی دەسەڵاتی بهڕێوهبهری لە تورکیە لە ڕێگای ئەم ناوەندانەوە کە بەڕواڵەت هەڵبژێردراون، دابەش دهكرێت، بەڵام ئەوەی کە لە کردەوەدا روو ئەدات تیاترێکی لەپێشدا ڕێکخراوە و هیچی تر کە ئاکامەکەی ناچارەن ئەبێ بە قازانجی ئەردوغان و قایم تر بوونی مەوقعیەتی ئهو تەواو بێت. ئهردۆغان ئەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ڕیفڕاندۆمی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی بۆ زیاتر کردنی ئیختیاراتی خۆیشی هەر بەم شێوازانە بە ئاکام گەیاند.
سەبارەت بە کوردستانی تورکیەش قەرارە هەمان سیناریۆی رابردو تێکرار بێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ لە هەڵبژاردنی ناوچەییدا حیزبی دیموکراتیکی گەلان، زیاتر لە سەد شارەوانی بۆخۆی مسۆگەر کرد. بەڵام ئەردوغان نە تەنیا نەتیجەکەی قەبوڵ نەکرد بەڵکو سەد شارەداری هەڵبژێردراوی خستە زیندان و قەیومە دەوڵ:ەتیەکانی خستە جێگایان. هاوکات ١٥ هەزار کارمەندی دەوڵەتی لەم ناوچانەدا بە تاوانی پێوەندی بە پ. ک. ک. وە لە کارەکانیان دوور خستەوە و بە هەزاران ئەندامی حیزبی دیموکراتیکی گەلانی زیندانی کرد. ئەمرۆ ئەم هەڕەشانە لە تەبلیغاتەکانی خۆیدا تێکرار دەکاتەوە. تەقریبەن زۆربەی ڕێبەرانی حیزب لەوانە سەلاحەدین دمیرتاش، زیندانی کراون. لە حاڵێکدا کە ( هادپ) لە سەرکەوتنی خۆی لە کوردستان دڵنیایە، بەڵام بە کردەوە زۆر هیوای بە کۆنترۆڵی پۆستە ناوچەییەکان لە لایەن کاندیەکانیەوە نیە. کاربەدەستانی ئەردوغان لەم ناوچەیە دا لە ئێستاوە بە دەنگدەران دەڵێن کە دەنگەکانتان هیچ گۆڕانێک لە بارودۆخەکەدا ناکات، لەبەر ئەوەی دەوڵەت ئیجازە بە وتەی ئەوان بە” تیرۆریست”ەکان نادات، دەسەڵاتی ناوچەیی بەدەستەوە بگرن.
بەڵام بەم حاڵەوە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئابووری تورکیە لە قۆناغی قەیران دایە. ئەردوغان و حیزبەکەی کە مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بە قەرزار باری گەشەی ئابووری ڕێژەیی ڕابردو دەزانن، ئێستا لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری کەم وێنە لە ئابووری ئەم وڵاتەدا بەرەو روون. بانکی ناوەندی تورکیە بە ڕەسمی رایگەیاندوە کە ئابووری ئەو وڵاتە چۆتە قۆناغی ڕکودەوە. شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و داڕمانی ئەرزشی لیری تورکیە بە ڕێژەی ٣٠ لەسەد، قەیرانەکەی زیاتر کردوە. دەوڵەتی تورکیە وەک هەموو شوێنێکی تری دنیای سەرمایەداری، سیاسەتی ڕوتینی چینایەتی خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ قەیران گرتۆتەبەر. واتە باری قورسی ئەو قەیرانە دەخاتە سەر شانی چینی کرێکار. دابەزینی توانایی کڕینی کرێکاران، کەم بوونەوەی حەقدەستەکان و بەرز بوونەوەی تەوەڕوم لە ئاکامە چار هەڵنەگرەکانی ئەم قەیرانە دەبێت. بەڵام لە تورکیەدا یەکێتی کرێكاری بەهێز و بە پێشینەی خەباتکارانەی درەوشاوەوە بوونیان هەیە. ئەوان لە ئێستاوە خۆیان بۆ بەرەنگار بوونە لەگەڵ ئەم بارودۆخە ئامادە دەکەن و بێ گومان ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری بەرین تر دەبێتەوە. ئەم بارودۆخە ئیجازە بە دەوڵەتی ئەردوغان نادات تا سەقامگیری خۆی بۆ ٤ ساڵی داهاتو بێ سەرئێشە بپارێزێ. ئەردوغان و حیزبەکەی کە تا ئێستا هێزی خۆیان لە ناخی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەردەوامەکاندا پاراستوە، لەگەڵ قەیرانی سیاسی بەرینتر دا بەرەو روو دەبنەوە. هەڵبژرادنی ئەمرۆ یەکشەممە هەر ئاکامێکی هەبێت دەوڵەتی ئەردوغان لە بەرانبەر ئەم قەیرانانەدا بیمە ناکات.