کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵبژاردنی پێش وەختی تورکیە، مەوقعیەتی لاوازی ئەردوغان

رۆژی شەممە سێی مانگی جۆزەردان لە تورکیە هەڵبژاردنی پێش وەختی سەرۆک کۆماری و مەجلیسی تورکیە بەڕێوە دەچێت. ئەم هەڵبژاردنە دەبوو سێی مانگی نوامبری ساڵی ٢٠١٩ بەکرابایە. پێشنیاری وەپێش خستنی ساڵ و نێوێکی هەڵبژاردن له‌لایه‌ن “دەوڵەت باغچەلی” ڕێبەری حیزبی ڕاستی ئیفراتی حەرەکەتی میللی( مه‌ هه‌ په‌) رۆژی ٢٨ی مانگی خاکەلێوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەردوغان هاته‌ گۆڕێ. باغچه‌لی خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە رۆژی ٤ی مانگی خه‌رماناندا بوو. بەڵام ئەردوغان كه‌ نیگەرانی درێژەی ڕەوتی لاواز بوونی پێگەکەی بوو، دەرفەتەکەی بۆ قەبوڵ کردنی ئەم پێشنیارە بە غەنیمەت زانی و رۆژی دوای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، بەبیانوی “بارودۆخی سوریە و عێڕاق و پێویستی داڕشتنی سیاسەتی کەڵانی ئابووری، “رۆژی سێی مانگی پوشپەڕی وەک رۆژی هەڵبژاردن ڕاگەیاند. بە بۆچوونی گەلێک لە تەحلیل گەرانی سیاسی لەوانە سەرۆکی بونیادی ئاڵمانی “هاینڕیش بێڵ” کە داکۆکاری ئازادی ڕا دەربڕینە، ئەگەر بێت و هەڵبژاردنی سەرتاسەری تورکیە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێوەچوبایە، بە قازانجی باڵی ئوپوزسیۆن دەبوو بەم هۆیەوە ئەردوغان لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردندا پەلەی کرد. قەیرانی ئابووری لە تورکیە لە چەند مانگی ڕابردوودا به‌ خێراییه‌كی زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه‌. زیاد بوونی تەوەڕوم و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە زۆرێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، نرخی بێکاری زیاتر کردوە و تەوەڕومی بەرز کردۆتەوە. سەرمایە گوزاری نەکردنی دەرەکی و هەڵاتنی سەرمایە نێوخۆییەکان لە وڵات دوای کودتای ساڵی ٢٠١٦، نیشانەی بێ متمانەیی سەرمایەدارانە بە ئابووری تورکیە. ئەرزشی لیرەی تورکیە لە چەند حەوتوی ڕابردودا دابەزیوە تا جێگایەک کە ئێستا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی ٤،٧٣ لیرەی تورکیەیە. ئەم دابەزینە وێڕای ئەوەی کە بە توندی توانایی کڕینی خەڵکی دابەزاندوە، بۆتە هۆی ئەوەش کە شیرکەت و بونگا ماڵیەکان نەتوانن قیستی قەرزەکانی دەرەوەیان بدەنەوە. داسەپاندنی هەزینەکانی شەڕ و لەشکر کێشی بۆسەر کوردستانی سوریە و شەڕ لەگەڵ ( پ کا کا) و یارمەتیدانی ئەحزاب و جەریاناتی تیرۆریستی ئیسلامی قەیرانی ئابووری لە تورکیەی دوو بەرابەر زیاتر کردوە. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە ماڵیەکان خەزانەی دەوڵەتی تورکیە بەتاڵە و قەرزە خاریجیەکانی تورکیە گەیشتۆتە زیاتر لە پێنسه‌د میلیارد دۆلار. پیشەسازی توریزم بە هۆی بارودۆخی ئەمنی و سیاسەتەکانی ڕژیمەوە سست بووە و بەشی مەسکەنیش بەرەو رووی گرفتی زۆر و دابەزینی نرخ بۆتەوە.

ئەردوغان و باقی کاربەدەستانی دەوڵەتی وەک باقی دیکتاتۆڕەکان هۆکاری قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری “پیلان و کودتای ئابووری دەوڵەتانی دەرەکی ناو دەبەن. بەڵام ئەمە چارەنووسی حەتمی تورکیە و باقی دەوڵەتانی هاوشێوەی بووە لە دنیادا کە لە سیستمی ئابووری سەرمایەداری پەیڕەوی دەکەن و نوسخەکانی ناوەندی ماڵی نیئۆلیبڕاڵی لە وڵاتەکانیاندا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن. بێتوانایی دەوڵەت لە پێشکەش کردنی ڕێگا چارە بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری و پێك هێنانی باشتر بوونێک لە بارودۆخی بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکدا، ناڕەزایەتیی رۆژ لە رۆژ زیاتریان لە دەوڵەتی بەشوێنەوە بووە.147

لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئەردوغان بە دامەزراندنی بارودۆخێکی نا ئاسایی نیزامی لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا، فەزایەکی ئەمنیەتی و خەفەقانێکی توندی بە بیانوی کودتای نیزامی بەسەر تورکیەدا زاڵ کردوە و دەیان هەزار کەس لە نەیاران و هەڵسوڕاوانی سیاسی تەنانەت ڕێبەرانی ئەحزابی ئوپوزسیۆنی خستۆتە زیندان. لەو کاتەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کاناڵە تەلەویزیۆنیەکان و رۆژنامەکان و گۆڤار و سایتەکان داخراون. دامەزراندنی بارودۆخێکی نا ئاسایی و کرداری دیکتاتۆڕی شگردێکی ئاگاهانەیە لە لایەن ئەردوغانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی و بەرگرتن لە شکست لە هەڵبژاردندا. تەلەویزیۆنی میللی تورکیە کە قاعیدەتەن دەبێ بە شێوەیەکی یەکسان بۆ تەبلیغاتی هەڵبژاردن لە ئیختیار هەموو حیزبەکان و کاندیدەکاندا بێت، کاتێکی زۆری بە تەبلیغات بۆ ئەردوغان تەرخان کردوە. سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری حیزبی دیموکراتیکی گەلان ( هه‌ده‌په‌) سێهەم حیزبی خاوەن نفوزی تورکیە کە دروشمی ستراتیژیکی خۆی بۆ هەڵبژاردن “دیموکراسی و یەکسانی” ڕاگەیاندوە و ئێستا لە زیندان دایە، یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریە کە لەم فاسیلەدا تەنیا یەکجار و حەفتەیەکی مابوو بۆ هەڵبژاردن ڕێگه‌ی پێدراوە کە لە سلولەکەیەوە لە زینداندا روو بە لایەنگرانی لە پێوەند لەگەڵ هەڵبژاردندا قسە بکات.

ڕاگەیاندنی بە پەلە و له‌ ناكاوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەرفەتێکی دوو مانگەدا و لە بارودۆخێکدا کە ئەحزابی ئوپوزسیۆن دەرفەت و ئیمکاناتی کافییان لە ئیختیاردا نەبوو، یەکێکی تر لە تەرفەندەکانی هەڵبژاردنی ئەردوغان و سەلمێنەری بە ئاشکرای ته‌قه‌لوب کردنە لە هەڵبژاردندا. لەگەڵ ئەوانەدا ئەردوغان لە دوو ساڵ لەوە پێشەوە بە پشت بەستن بە زۆرینەی پاڕلمانی ئاڵوگۆڕێکی زۆری لە یاسای هەڵبژاردندا کردوە و بە سوئیستیفادە لە دەسەڵاتی دەوڵەتیش گەلێک دەستور عەمەلی بە قازانجی خۆی و لە ڕاستای دروست کردنی مەحدویەت بۆ ئەحزابی سیاسی ڕەقیب دەر کردوە. ئەم کردارانە ئێعتمادی جەماوەری و ڕێژەی بەشداری کردنی ئەوانی لە هەڵبژاردندا زیاتر لەپێشوو کەم کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەدا ئەم شگرد و تەقەلوبانە نەیانتوانیەوە زه‌مانەتێک بۆ درێژەی دەسەڵاتی ئەردوغان دەستەبەر بکەن و ئەو بە توندی نیگەرانی دابەزینی دەنگەکانی و شکست لە هەڵبژاردنی داهاتوو دایە.

بارودۆخی پر لە ئیختیناق و سەرکوت کە دەوڵەتی ئەردوغان بەسەر تورکییەیدا زاڵ کردوە، بەری بەوە نەگرتوە کە دامەزراوە ڕاپرسییه‌كان ڕاگەیەنەرە هەواڵیەکانی دەرەوە و سازمانەکانی چاودێری بەسەر هەڵبژاردنیشدا بتوانن ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن. مودیری دامەزراوەی نەزەر سەنجی “سۆناز” ڕایگەیاند : “بەهۆی کەشێکی پڕ لە مەترسی کە خاوەنانی دەسەڵات لە تورکیە دروستیان کردوە، خەڵک وڵامی پرسیارەکانی ڕاپرسان بە نا ڕاست ئەدنەوە.” مودیری نەزەر سەنجی “میترۆپۆل”یش دەڵێ: “ئەردوغان گومانی هەیە بتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و تا ئیستا قەت نەکەوتۆتە وەها بارودۆخێکی خراپەوە بۆ بەشداری لە هەلبژاردندا.”

بەم جۆرە بە سەرنجدان بە بارودۆخێکی سیاسی و ئابوری خراپ کە ئێستا لە تورکیەدا لە ئارادایە بەبێ تەقەلوب و گزی کردن لە هەڵبژاردندا ئەردوغان لەم هەڵبژاردنەدا خاوەنی شانسێکی کەمە بۆ سەرکەوتن. شکستی ئەردوغان لەم هەڵبژاردنەدا بە واتای شکستێکی ترە بۆ ئۆلگوی حاکمیەتی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا کە ساڵانێکە بۆق و کەڕنای سەرمایەداری بە ئامانجی تاڵان کردنی سەروەت و سامانی خەڵکی باقی وڵاتان خەریک بوون تەبلیغیان بۆ دەکرد.