ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئایار، ڕۆژنامەی “هەم میهەن” ڕاپۆرتێکی بە ناوی “قەیرانی کەمی خوێندەواری لە نێو توێژی هەژاردا” بڵاوکردەوە. ئەم کارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی سەنتەری توێژینەوەی پارلمان بەناونیشانی “چاودێریکردنی ڕەهەندەکانی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٢“، “هەژاری پەروەردە” ئامادە کراوە. ئەگەرچی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە زۆر جێگەی سیقە و متمانە نین، بەڵام هەندێکجار کێبڕکێی نێوان گرووپە ڕانتخۆرەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە ڕاستییەکان ئاشکرا ببن. لە ڕاپۆرتەکەدا دۆخی هەژاری پەروەردەیی و پەیوەندییەکەی بە هەژاریی داهاتی بنەماڵەوە تاوتوێ کراوە و دەرکەوتووە کە بەهۆی کێشەی ئابووری لە ناوچە بێبەشەکان و لە نێو بنەماڵە کەمداهاتەکاندا کوالێتی خوێندن لەم ساڵانەی دواییدا دابەزیوە. ڕێژەی نەبوونی بڕوانامەی خوێندنی سەرەتایی لە نێوان تەمەنی ١٢–١٧ ساڵان لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە ساڵی ١٤٠٢دا، نیشان دەدات که بە ڕێژەیەکی زیاتر خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان (٢٢.١%)، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (٢٧.١%)، خوزستان (٣٦.١%) و سیستان و بەلوچستان (٢٢.٣%) بڕوانامەی خوێندنی سەرەتاییان نییە.
لە شوێنێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕەوتی تەرخانکردنی بوودجە بۆ پەروەردەی گشتی لە ئێران کەمی کردووە و لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران، بوودجەی سەرتاسەری بۆ هەر خوێندکارێک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کەمبوونەوەی بودجەی دەوڵەتی هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی خەرجی پەروەردەی بنەماڵەکان، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی نایەکسانی پەروەردەیی و قووڵبوونەوەی هەژاری پەروەردەیی. بەشێکی سەرەوەی کۆمەڵگا کە توانای دارایی بەرزتریان هەیە، بەهرەمەندن لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی کوالێتی بەرز، لە کاتێکدا چینە لاوازەکان لە گەڵ کێشەی دەستڕاگەیشتن و کوالێتی پەروەردە بەرەوڕوون. کاریگەری فشاری ئابووری لە ساڵی خوێندنی ١٣٩٧ بۆ ١٣٩٨، بە تایبەتی لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆ ئاستەکانی یەکەم و دووەمی خوێندنی ناوەندی بە ڕوونی دیارە. ڕاپۆرتەکە وەک هەمیشە بێدەنگە لە ئاست ڕۆڵی دەوڵەت لە هەژارکردنی چینی زەحمەتکێش لە کۆمەڵگادا. محەممەد حەبیبی، وتەبێژی ئەنجومەنی هەماهەنگیی یەکیەتیەکانی مامۆستایانی ئێران و زیندانی سیاسیی پێشوو، دەڵێت: “ئەو بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هێشتا لەم وڵاتەدا منداڵ هەیە کە لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی خوێندن بێبەشن، جگە لەوەش ئەوە دەردەخات کە خێزانی چین و توێژەکانی خوارەوە و ئەو دایک و باوکانەی کە، بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە کە بەتایبەتی لەم دەیەی دواییدا پەرەی سەندووە دەرفەتی فێربوونی خوێندەوارییان نییە، نەیانتوانیوە لە کەشی پەروەردەیی بۆ خوێندەواری بەهرەمەند بن“.
حەبیبی ئاماژەی بەوەشکرد کە ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو منداڵانەی کە نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، یەک ملیۆن بووە و پێموایە ئەم ژمارەیە ئەمساڵ زیاتریش بووە. چونکە ئەمساڵ هەژاری و هەڵاوسان و بێبەشی زیادی کردووە. “هەموو ئەم حاڵەتانە نیشان دەدەن کە ئەو سیاسەتانەی کە لە بواری پەروەردە لە ئێران ڕەچاو کراون، چ لە ڕووی بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و چ لە ڕووی بەرزکردنەوەی ڕێژەی خوێندەوارییەوە، بە کردەوە شکستیان هێناوە“. لە ڕاپۆرتەکەی سەنتەری توێژینەوەی پارلمان دا هاتووە کە ٣٤.٤ لەسەدی ئەوانەی وەرگیراون بۆ تاقیکردنەوەی کۆنکۆر لە ساڵی ١٤٠٢، وەک نموونە بە ڕێکەوت سەر بە بەشی سەرەوەی کۆمەڵگا بوون. لە کاتێکدا تەنها یەک و نۆ لەسەدی ئەوانەی وەرگیراون سەر بە چینی کەم داهات و خوارەوە بوون. محەمەد حەبیبی سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: “ئێمە لە ئێران بە کردەوە لەگەڵ جۆرێک لە پەروەردەی چینایەتی بەرەوڕووین. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشێکی سەرەوەی کۆمەڵگا ئیمکاناتی پەروەردەیی باشتریان هەیە لە بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و گرنگینەدانی دەوڵەت بە قوتابخانە حکومییەکان بە جۆرێکە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خەرجی ڕۆژانەی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکان بە بیانووی جۆراوجۆر لەلایەن دایک و باوکی قوتابیانەوە دابینکراوە“. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی دەوڵەت سەبارەت بە قوتابخانە حکومییەکان تەنها بووەتە پێدانی مووچە و حەقدەستی مامۆستایان. قوتابخانە حکومییەکان لە کەمترین ئیمکاناتی خوێندن بەهرەمەندن و زیاتر لە ٧٠%ی قوتابخانە حکومییەکان لەو ناوچە کۆن و وێرانانە دا هەڵکەوتوون کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. ئەم قوتابخانانە کەمترین ئامرازەکانی پەروەردەییان هەیە و ئەوەش کە هەیە، زۆر کۆن و ماوە بەسەرچوون.
کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی وڵاتێک دەکات کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهان. بەڵام دزی و تاڵان و بڕۆ، بودجەی زەبەلاحی ناوەندە ئاینییەکان، سپای پاسداران و دام و دەزگا سیخوڕییەکان، بودجەی ناوەندەکانی پەرەپێدەری خوڕافات، بودجەی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی سنوورەکان، هاوکات لەگەڵ سروشتی سەرمایەدارانە و چەوسێنەرانەی خۆی، بووەتە هۆی هەژاری ٧٠ لەسەدی کرێکاران و زەحمەتکێشان. سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەتی فۆرمە نیولیبراڵانەکەی، هەژارییەکی لەڕادەبەدەری بەسەر زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی گۆی زەویدا سەپاندووە و سەروەت و سامانێکی زۆر و زەوەندیشی لە دەستی تاقمێکی کەم دا کەڵەکە کردووە. لۆژیکی سەرمایەداری ئەوەیە کە کرێکار ئەوەندە هەژار بێت کە کاتی بەتاڵی نەبێ و ئەوەندەش هەژار نەبێت کە نەتوانێت لانیکەمی بژێوی ژیانی دابین بکات و درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. ئەم واقیعە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر بە ئاشکراتر دەبینرێت.
بەڵام لە ئاستی جیهاندا و لە ئێرانیش، جەماوەر لە بەرامبەر ئەم تاڵانکردنەی بەرهەمی ڕدنج و کاری ژنان و پیاوانی زەحمەتکێشدا بێدەنگ نەبوون. لە ئێران ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە لایەن خەڵکی هەژار و بێبەشەوە بەڕێوە چوون. ئەوان هەروەها لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١بۆ ١٤٠٢ بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتنەوە مەیدان و ئەمجارەیان خەبات لە دژی هەژاری، بەسترایەوە بە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی دیکەی وەک ستەم و سەرەڕۆیی و ئایین و پیاوسالارییەوە.