کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەژاریی بێ ئەوپەڕ لە ئێراندا ووته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ڕیشەکێش کردنی هەژاری

235

بەپێی تەقویمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چوارشەممە ١٧ی مانگی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٥ی مانگی ڕەزبەر، رۆژی نێونەتەوەیی ڕیشەکێش کردنی هەژارییە. پێشینەی بەڕێوەچوونی رۆژی جیهانیی خەبات لەدژی هەژاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ و کۆبوونەوەی نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی لە مەیدانی “تروکادرۆ”ی پاریس کە شوێنی ئیمزا کرانی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤە لە ساڵی ١٩٤٨دا.

کۆبوونەوەی ساڵی ١٩٨٧ بۆ وەبیرهێنانەوەی یادی قوربانیانی هەژاریی، برسیەتی، توندتیژیی و ترس و سەرکوت بەڕێوەچوو وە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە پەسند کردنی بڕیارنامه‌یه‌ك لە ساڵی ١٩٩٣ رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبری وەک رۆژی جیهانی ڕیشەکێش کردنی هەژاری بەڕەسمیەت ناسی و بەڕێوەچوونی ڕێوڕه‌سمی ئه‌و ڕۆژه‌ی بە وڵاتانی ئەندامی ئەو سازمانە تەوسیە کرد.

“فائۆ” یان سازمانی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتوەکان یەکێک لە ئامانجەکانی لەنێو بردنی هەژاری و برسیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕاگەیاندوە. ئەم سازمانە بە ئامار سازیەکانی باسی لە کەم بوونەوەی هەژاری و برسیەتی لە ساڵانی ڕابردوودا کردوە، بەڵام ڕاستیەکان شتێکی تر و بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە پیشان ئەدەن. لە ساڵی ١٩٩٣دا کە ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئەم رۆژەی دیاری کردوە، هەژاری ڕێژەیی و موتڵه‌ق وەها زیادی کردوە کە بەشەر ئێستا لەگەڵ نایەکسانی ترین بارودۆخی داهات و ئاستی ژیانی خۆی لە دنیادا بەرەو روویە. ئەمە ڕاستیەکە کە دوایین ڕاپۆرتی” بانکی ئیعتیباری سوئیس” ئیعتیڕافی پێکردوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو بانکە، سەروەت و داراییەکانی یەک لەسەد لە خاوەنانی سەرەکی سەروەت لە دنیادا لە سەروەتی ٩٩ لەسەدی خەڵکی هه‌موو گۆی زەوی زیاترە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ٢٥ ترلیۆن سەروەتی بەراورد کراو لە دنیادا نیوەی هی ئەو یەک لەسەدەیە و بەشی جەمعیەتەکەی تر کەمتر لەو یەک لەسەدە کێوی سەروەتەیە.

بەرهەمی ئەم بارودۆخە ئەوەیە کە لە پاڵ موسیبەتە ناسراوەکانی وەک برسیەتی و بەد خۆراکی بە ملیۆن منداڵ لە کۆماری ئیسلامیدا بەشێک لە جەمعیەت بە شێوەی ڕەسمی، بۆ فرۆشتنی کولیە، ڕەشێنەی چاو و ته‌نانه‌ت فرۆشتنی منداڵ ڕاگەیاندن دەکەن بۆ ئه‌وه‌ی لە بەرسیەتی ڕزگاریان بێت.

هەژاریەکی بێ ئەمان کە ئاماژەی پێدرا لە کێشمە کێشێکی ٤٠ ساڵەدا، لە ڕێگای حکومەتی ئیسلامی و سەرمایەدارانەوە، بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێڕاندا سەپاوە و تەنیا لە ڕێگای خەباتەوە دەکرێت ئەم حاڵەتە ئاوەژو بکرێتەوە. خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی و خەبات بۆ دابین بوونی بیمەی بێکاری و ناڕەزایەتیی لەدژی هەژاریی بێ ئەمان بەستێنێکی لەبارە بۆ پێكهێنانی وەحدەت و یەکپارچەیی لە خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا. لەسەر بەستێنی پەرەدان بە خەباتی کرێکاری لەدەوری مۆتالباتێک کە لە بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری دایە كه‌ ڕێكخراوی كرێكاری پێك دێت و ئاسۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەرپا بوونی حکومەتی شوڕایی، ڕیشەکێش کردنی هەژاری و پێكهێنانی کۆمەڵگایەکی بە دوور لە هەموو جۆرە ستەمێک و ئازاد و پڕ لە ڕیفاه، بە رووی ستەمدیتوان و بێبەشاندا ده‌كرێته‌وه‌.

بێ گومان لە بارودۆخێکدا کە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی تەنانەت ئامار و ئەرقامی تەلەفاتی بەڵا سروشتیەکانیش دەستکاری دەکەن، نابێ چاوەڕوان بین کە ئامارێکی دەقیق لە ژمارەی برسیەکانی کۆمەڵگا بدەن بە دەستەوە. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک بە سێ دەیەیە بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەدار، بەرەو ئاڕاستەی سیاسەتی ئابووری نیئۆلیبڕالیستی واتە خسوسی سازی، لابردنی سوبسیدەکان و کەم کردنەوەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی کە لە لایەن بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی پوڵەوە تەجویز کراون، چووە. بێکار سازی بەرینی کرێکاران بەبێ دانی بیمەی بێکاری، داخرانی کارگا و کارخانە چکۆلە و گەورەکان، وەدوا خستنی دانی حەقدەستەکان بۆ چەند مانگ و تەنانەت بۆ زیاتر لە ساڵێک، لابردنی مەزایای کرێکاری وەک مافی مەسکەن و بیمە دەرمانیەکان، هێرشی خاوەنکاران و دەوڵەتەکەیان بۆسەر چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بەشێکی جیانەکراوەی سیاسەتە ئابووریە نیئۆلیڕالیەکان بوون.

لە دەورەی ڕەفسەنجانی بەدواوە هەر یەک لە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو زەرفیەت و ئیمکاناتیان بۆ پیادە کردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییە خستۆتە کار. به‌ڕێوه‌بردنی ئەم سیاسەتە، و هێرشی بەردەوامی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بۆسەر کار و بەڕێچوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تا ئەم ئاستەش، لە هۆکارە سەرەکیەکانی زیاد بوونی ڕێژه‌ی برسیەتیە لە ئێران. ئەم بارودۆخە بە نۆبەی خۆی بۆتە هۆکاری سەرهەڵدانی هەموو جۆرە ناهەنجاری و خەسارێکی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، کاری منداڵان، ئاوارە بوون، کارتۆن خەوی و ئیعتیاد. گرانی نرخی کالا مەسرەفیەکان و پێداویستی رۆژانە، بە لەبەرچاو گرتنی کەم بوونی ئاستی حەقدەستەکان کە چوار تا پێنج جار لەژێر هێڵی هەژاریەوەن، لەخوارەوە بوونی ئەرزشی پوڵی ئێران و لە ئاکامدا دابەزینی توانایی کڕین، بەشێکی زۆر لە چینی کرێکار و توێژی هەژاری کۆمەڵگای زیاتر لە پێشو بەرەو هەژاری و برسیەتی پاڵ پێوەناوە.

ئیستبداد و ئیختیناق، تەوەڕوم و گرانی، بێکاری ١٠ ملیۆنی، برسیەتی و هەژاری و کەلێنی قوڵی چینایەتی جەماوەری خەڵکی ئه‌و وڵاته‌ی وەگیان هێناوە. بێ گومان جەماوەری کرێکار و خەڵکی ئازار چەشتوی ئێران کە نزیک بە ٤ دەیەیە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەدا بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و بەڕێچوونیان خەباتیان کردوە، لەژێر ئەم بارودۆخەشدا درێژە بە خەباتیان ئەدەن. کرێکاران و خەڵکێکی ئازار چەشتو کە لەژێر گوشارەکانی بەڕێچووندا كاردگەیشتۆتە سەر ئێسقانیان، ڕیگایەکیان بێجگە لەوە بۆ نەماوەتەوە کە بۆ ڕزگار بوون لەم دۆزەخەی کە ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی بەرپای کردوە قۆڵی لێ هەڵماڵن و بێ ترس و هەراس لە سه‌رکوت، گرتن و زیندان، سەرسەختانەتر و لێبڕاوانە تر لە پێشو سەبەبکارانی ئەم هەژاری و فەلاکەتە ئابووریە لە سەرجەم بوارەکاندا توشی کێشە و گرفت بکەن.

ئەو ئامارانەی لەبەر دەست دان نیشانی ئەدەن هەر ٩ کەس لە جەمعەیەتی دنیا شەوانە بەبێ خۆراک و بە برسیەتی سەردەنێنەوە. مەرگ و میری سەرچاوە گرتو لە برسیەتی زیاترە لە مەرگ و میری کۆمەڵێک نەخۆشی وەک ئایدز، مالاریا و سیل. زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن منداڵی ژێر تەمەنی ٥ ساڵ لە دنیادا بە هۆکاری ئەوەی کە دەستیان بە خۆراکی کافی ڕاناگات چکۆلە تر لە تەمەنی واقعی خۆیانن.

له‌ ڕاستیدا کە ڕێگاچارەی سەرمایەدارانە بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە گەورە ئینسانیە هیچ شتێک نییە بێجگە لە سەقامگیر تر کردنی ئەم بارودۆخە. ئەگەر قەرارە کۆتاییەک بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزرێتەوە، تەنیا لە هەوڵدان بۆ روخاندنی نیزامێکدایه‌ کە هەژاریی و برسیەتی یەکێک لە ئاکامەکانی بوون و کارکردیەتی.