کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڕەشە بێ ناوەرۆکەکانی حەسەن ڕووحانیی

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان، حەسەن ڕووحانیی لە جەریانی سەفەرەکەیدا بۆ ئۆرووپا کە گۆیا بە ئامانجی پوچەڵ کردنەوەی کردارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دوای کشانەوەی لە بەرجام بەڕێوەچوون، دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی سوئیس، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدار لەگەڵ گوروپێک لە ئێرانییەکانی لایەنگری ڕژیم سەبارەت بە کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بەرجام و چالاک بوونەوەی تەحریمە ئابوورییەکان لەدژی ئێران سوخەنڕانی کردووە. ئەو لە بەشێک لە قسەکانیدا نا ڕاستە خۆ هەڕەشەی لە ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپایی کرد و وتی:” ئەمریکاییەکان دەڵێن کە دەیانەوێ بەتەواوی بەر بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بگرن، ئەوان واتای ئەم قسەیە نازانن، لەبەر ئەوەی کە لە بنەڕەتدا بێ مانایە کە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و به‌ڵام نەوتی ناوچەکە سادر بکرێت، ئەگەر ئێوە توانیتان ئەم کارە بکەن دەکرێ ئاکامەکەیشی ببینن”.

حەسەن ڕووحانیی کە بە فەرهەنگی سیاسی و زمانی فەرماندەکانی سپای پاسداران قسەی دەکرد سەبارەت بە واتای عەمەلی ئەم هەڕەشانە ڕوون کردنەوەیەکی زیاتری نەدا. بەڵام خەڵکی وشیاری ئێران و ئەو بەشە لە چاودێرانی سیاسی کە ئالوگۆڕەکان چاودێری دەکەن بە باشی واتای ئەم هەڕەشانە دەزانن. حەسەن ڕووحانیی هەڕەشەی لە ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کرد کە لە ئەگەری ڕاوەستانی هەناردە کرانی نەوتی ئێڕان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بە داخستنی ئاوە ڕێی نێونەتەوەیی ته‌نگه‌ی هورمز بەر بە هەناردە کرانی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە دەگرێت. هەڵبەت بەپێی ئه‌زمون و بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا کەس ئەم جۆرە هەڕەشانە بە 158جیدی وه‌رناگرێت. بەڵام قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران، لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕووحانیی کە ڕۆژی چوار شەممە ١٣ی مانگی پوشپەڕ بڵاو کرایەوە، سەبارەت بە هەڕەشەکانی لە بارەی ئاکامی هەناردە نەکرانی نەوتی ئێرانەوە، سپاس و تەقدیری لێ کردووە.

ئەزمونی ٤٠ ساڵەی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیشانی ئەدات، کە ئەم ڕژیمە قەت نەیتوانیوە بە پەنابردنە بەر شگردی زۆر و هەوڵدان بۆ بوونە خاوەنی نەخش و دەوری بانتری ناوچەیی، مەتڵوبیەت و زەمانەتی مانەوەی خۆی بە سەر زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و حکومەتە ڕەقیبە ناوچەییەکانیدا بسەپێنێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای هاتنە سەرکاری، هەوڵیدا بە پشت بەستن بە سیاسەتی پان ئیسلامیستی و پشتیوانی کردن لە گوروپە کۆنەپەرستە ئیسلامی سیاسیەکان لە ناوچەکەدا و پێداگری لەسەر درێژەی شەڕی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق، پێگەی بانتری خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان پێشان بدات. کۆماری ئیسلامی دەیەویست بە سەلماندنی پێگەی خۆی وەک هێزێکی بێ ڕکابەر لە ناوچەکەدا، دەروازەکانی ئابووری جیهانی بە رووی سەرمایەی ئێرانیدا بکاتەوە. خومەینی سەرئەنجام بەبێ دەستەبەر کردنی سەرکەوتن لەم شەڕەدا جامە ژەهرەکەی بەسەریەوە نا. ڕژیمی ئیسلامی تەنانەت لە دەورەی شەڕیشدا نەیتوانی هەڕەشەکانی سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمز بۆ وەستاندنی دەست ڕاگەیشتنی دەوڵەتانی حەوزەی کەنداو بەو سەرچاوە ماڵیانەی کە پشتیوانیان لە حکومەتی عێڕاق دەکرد بە کردەوە دەربێنێ. لەو دەورەیەدا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بوونە هۆی میلیتاریزە بوونی زیاتری ناوچەکە. هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بە بیانوی پاراستنی تانکەر و کەشتیەکانی هەڵگری نەوتی سادراتی هاوپەیمانەکانی لە حەوزەی کانداودا و بە ئامانجی بەرەگرتن لە ئەگەری هێرشی ڕژیمی ئیسلامی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیر بوون و هێزی دەریایی و ئاسمانی کۆماری ئیسلامیش نەیانتوانی بجوڵێنەوە. کۆماری ئیسلامی کە نەیتوانی لە ڕێگای پێداگری لەسەر شەڕ لەگەڵ عێڕاق ببێتە هێزێکی بانتری ناوچەیی، ئەمجار هەوڵیدا بە سەرمایە گوزاریی کەڵان لە پرۆژەی هەستەییدا و بوون بە هێزێکی ئەتۆمی، ئامانجی کۆنەپەرستانەی بە ئاکام بگەیەنێ. کۆماری ئیسلامی کە قەت نەیانتوانی لەباری عەینیەوە بگاته‌ ئاستی کورەی شومالی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هەوڵیدا بە درۆ کردن و گەورە تر نیشادانی بەرەو پێش چوونەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، زەمانەتی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە زل هێزە سەرمایەداریەکانی دنیا وەربگرن. کۆماری ئیسلامی دوای تەحەمول کردنی پەراوێز کەوتنی نێو نەتەوەیی و تەحەمول کردنی ئاسەوارەکانی سەرچاوەگرتوو لە تەحریمە بەرینە ئابووریەکان بەسەر خەڵکی ئێران لەم بوارەشدا بەرەو رووی شکست بۆتەوە. بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی روحانی تەوافوقاتی هەستەیی لەگەڵ گوروپی ٥+١ و بەرجام نەک سەنەدی سەرکەوتن، بەڵکو سەنەدی شکست و سەرشۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە. سەرانی کۆماری ئیسلامی دوای تەوافوقاتی هەستەیی لە ژوئیەی ٢٠١٥ دا، هەوڵیاندا بە توند کردنەوەی دخاڵەتگەری نیزامی خۆیان لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییدا، درێژە بە ماجەرا جویی و فراوان خوازی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا بدەن. ئێستا بە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و ڕاگەیاندنی ستراتیژی زل هێزە سەرەکیە ئوروپاییەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەرنامە موشەکیەکانی و دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، ئیستراتیژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بوون بە هێزێکی بانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا به‌ ته‌واوی توشی شکستی بووه‌. ئێران، لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا قەت نابێتە هێزێکی بانتر و بێ ڕکابەر لە خاوەرمیانەدا. پێویست بە روون کردنەوە نییە کە بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتانە لە ٤٠ ساڵی ڕابردودا و سەرچاوەی بەرینی سەروەتی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران بە گەروی ئەژدیهای بانتر خوازی ناوچەییدا کردن، چ هەژاریەکی فەلاکەتباری ئابووری و ماڵوێرانیەکی بێ وێنەی بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوە.

بەم پێیە نابێ جێگای پرسیار بێت کە کۆماری ئیسلامی بە کارنامەیەکی پڕ لە شکستەوە کە لە پەروەندەی حاکمیەتیدا هەیەتی، لە عالەمی واقعدا ناتوانێ هەڕەشە بێت بۆ باریکە ڕێی نێونەتەوەیی هورمز. لەم روەوە پەنابردنی روحانی بۆ هەڕەشەی بێ ناوەرۆکی داخستنی تەنگەی هورمز نیشانەی ئەوەیە کە سەرانی ڕژیم خەریکی خۆ ئامادە کردنن بۆ خواردنەوەی جامی ژەهرێکی تر، یان سەرئەنجام سازشێکی قارەمانانەی دیکە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا هەڕەشە لە حکومەتەکانی حەوزەی کەنداو دەکات بە داخستنی مەسیری هەناردە کردنی نەوت کە لە سوریە هەنگاو بە هەنگاو لە بەرانبەر گوشارەکانی دەوڵەتی ئیسرایلدا لە هەڵوێست و پێگەکانی پاشەکشەی کردوە و گومانێک نییە کە دخاڵەت گەریەکانی ڕژیم لە عێڕاق، یەمەن، ئەفغانستان و لوبنانیش چارەنووسێکی بێجگە لەوەی نابێت. روحانی بەم ئیدیعایانە نە تەنیا هەڵوێستی تەسلیم تەڵەبانەی خۆی لە بەرانبەر سپای پاسداران و باڵی ئوسولگەرا دا پیشان داوە، بەڵکو هەوڵ ئەدات زەمینە بۆ پاشەکشەی زیاتر لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا فەراهەم بکات. هەردو باڵەکەی ڕژیم لە هەمانحاڵدا هەوڵ ئەدەن پاشەکشە لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بکەنە دەرفەتێک بۆ توند کردنەوەی فەزای سەرکوت لەنێو خۆی ئێراندا.

گومان لەوەدا نییە کە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و تێکۆشەرانی تری بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بە لێکدانەوە و ئەرزیابی دروست لە ڕێژەی ئاگاهی و تەشەکول یابی ئەو بزوتنەوانە و چینە جۆارو جۆرە کۆمەڵایەتیەکان و شناختێکی دەقیق لە سیاسەتەکانی ڕژیم و هاوسەنگی هێزێک کە لەسەر ناوەرۆکی ئەو چالاکیەکانی بەرەو پێش دەبات، باشتر دەتوانن ئەولەویەتەکانی خەباتکارانەیان بۆ دروست کردنی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە تەشخیس بدەن.