کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڕەشەکانی ئۆردوغان لەدژی رۆژئاوا

ئەوە ڕازێکی ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورکیە وەک پشتی جەبهەی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بە هەموو جۆرەکانی بەرەی نوسرە و یان داعش لە پێشڕەویەکانیان لە عێڕاق و سوریە دەورێکی گرنگی هەبوو و ئێستاش هەر بەو کارتە یاری دەکات. ئەگەر لە کوردستانی عێڕاق بە شوێن بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆی بوو لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە سوریە وێڕای ستراتیژی روخاندنی بەشار ئەسەد، سەرکوتی خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردی لە سوریەش لەنەزەردا بوو. ئەگەر لە عێڕاق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی نەبوو، لە سوریە بەڵام یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرەیەکی پتەو بوون لە بەرانبەر بەرزە فڕیەکانی ئۆردوغاندا. خۆڕاگری قارەمانانەیان لە بەرانبەر هێرشی داعش و هێرشی ئاسمانی و زەوینی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر پێگەکانیان نە تەنیا بەرەو رووی شکست هات، بەڵکو هاوپشتیەکی جیهانی لە دیفاع لەوانی پێکهێناوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە ناخی ئەو بشێویەی ئێستادا لە ناوچەکە و لە ناخی سەرجەم ڕقابەتی جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان لە بەرانبەر بەدیلی کۆنەپەرستانەی هێزە قەومی و مەزهەبیەکاندا بەدیلێکی پێشکەوتوانەی خستۆتە بەردەم کۆمەڵگە. ئاسۆیەک کە مەترسیەکی راستەوخۆ بوو بۆ گشت ئەو دەوڵەتانەی کە زیاتر لە سەدەیەک سەرکوت و ستەمگەری لەسەر نەتەوەی کورد بەشێک لە مێژووی خوێناویان بوو. بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی نفوزی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی “پ ک ک” لە رۆژئاوا مەترسیەکە بۆ ئۆردوغان بە کردارییش بۆتەوە. لەخۆڕا نییە کە ئۆردوغان یەکێک لە نەیارانی سەرسەختی حوزوری نوێنەرانی کانتۆنەکانی باکوری سوریەیە لە وتووێژەکانی ئاشتی ژنێو و ئاستانا.

ئۆردوغان لە دیداری دووشەممە ١١ی دسامبر، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٠ی سەرماوەزی لەگەڵ پوتین جارێکی تر پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستە جەنایەتکارانەیەی کردەوە. ئەم چاوپێکەوتنە درێژەی دیدارەکانی پوتین لەگەڵ ئێران و تورکیە لە پێوەند لەگەڵ کۆنفرانسی ” ئاستانا” و هاوکات کۆنفرانسی چەند لایەنەی ڕیکخراوی نەتەوە یەکەگرتوەکان لە ژنێو بوو. رۆژێک پێشتر وەزیری دەرەوەی تورکیە لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا ڕایگەیاندبوو کە تورکیە دەتوانێ حوزوری گروپە کوردەکان لە ئاستانا و ژنێو تەحەمول بکات بەڵام هێزەکانی ” پاراستنی گەل” وەک ئەم گروپانە حیساب ناکرێن و ئەو وتی کە لیستێکی سازمانە کوردەکانی ناوەتە ئیختیار روسیەوە. ناوبراو هاوکات وەبیری هێنایەوە کە عەمەلیاتی ئەڕتەشی تورکیە لەدژی ” هێزەکانی پاراستنی گەل” لە هاوجیهەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی تورکیەدا بەڕێوەچوون و پێشتر ئەوەی بە ئاگاداری روسیە گەیاندوە. هەروەها وتی کە عەمەلیات لەدژی کانتۆنی ” عەفرین” لەگەڵ فەراهەم بوونی ئامادەکاری تێکنیکی دەست پێدەکات. ئەو بە ئاشکرا وتی کە دەوڵەتی تورکیە فەعالیەتی حیزبی یەکێتی دیموکراتیکی سوریە و یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک مەترسیەکی جیدی بۆ ئەمنیەتی تورکیە دەبینێ. لەگەڵ ئەوەدا ئەو ڕاپۆرتانەی لە باکوری سوریەوە دێن باس لەوە دەکەن کە لەم رۆژانەی دواییدا ژمارەیەک لە ئاواییەکانی کانتۆنی عەفرین کەوتونەتەبەر تۆپبارانی ئەڕتەشی تورکیە. هەڵبەت نابێ لەبیر بچێتەوە کە ماوەیەکە یەکینەکانی پاراستنی گەل باس لە هێرشی هاوئاهەنگی ئەڕتەشی سوریە و ڕەوتە ئیسلامیەکان دەکەن. بەوهۆیی کە چاوەڕێ دەکرێت هێرشی بەرینی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر عەفرین دەست پێبکات، بەهۆیەوە پێکهێنانی ئامادەیی پێویست لە نێو خەڵکدا و تەنانەت ڕیکخستنی هێزەکانی پاراستنی گەلیان خستۆتە دەستوری کاری خۆیانەوە. تەرحی دەوڵەتی تورکیە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ” ئەمن” لە ناوچەی ئدلیب و بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن تورکیەوە بە شێوەیەکی واقعی کامڵکردنی ئاڵقەی گەمارۆیە بەدەوری کانتۆنی عەفریندا.

لە ڕوانگەی ئۆردوغانەوە خەباتی خەڵکی کورد لە سوریە خاوەنی ڕەوایەتی نییە و دەست درێژی تورکیە بۆسەر سوریە خاوەنی مەشروعیەتی تەواوە. ئەوە هەمان سیاسەتە کە ئۆردوغان لەنێو خۆی تورکیەشدا لەدژی کوردەکان و بە گشتی ئوپوزسیۆنی چەپ و سیکۆلار ڕەچاوی دەکات. به پێی سیاستی ئوردۆغان بۆمبارانەکانی بەردەوامی ناوچە کوردنشینەکان لە لایەن ئەڕتەشی تورکیەوە دیفاع لە مەشروعیەتی دەوڵەتی ناوەندیە، بەڵام خۆڕاگری و ناڕەزایەتی ئەم خەڵکە هیچ شتێک نییە بێجگە لە عەمەلیاتی گروپە تیرۆریستیەکان. ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بە تایبەت لە کاتی بەناو کودتای لایەنگرانی گولێن و یان لە ڕاستیدا کودتای دەوڵەتی تورکیە لەدژی کۆی ئوپوزسیۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک و وەحشیانە دەبریتە پێشێ. تەنیا لەمساڵی زاینیدا زیاتر لە سەد هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت، مامۆستایانی و ئاکادیمیسیەنەکان بە پشت بەستن بە حوکمی تایبەتی بارودۆخی نائاسایی ئۆردوغان لەسەر کار دەرکراون. زیاتر لە ١٦٠ بلاو کراوە داخراون و ١٦٦ رۆژنامە نووس زیندانی کراون. ٩٤ ناوچە شارەدارەکانی سەربە حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە کار دوور خراونەتەوە یان خراونەتە زیندان. سەرجەمیان تاوانبارن بە هەبوونی پێوەنی لەگەڵ ” پ ک ک” کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیەوە هێزێکی تیرۆریستیە. گشت ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە لە بارودۆخێک دا بەڕێوەدەچێت کە ئۆردوغان بێ شەرمانە فرمێسک بۆ خەڵکی فەلەستین دەرێژێ و هەوڵ ئەدات تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت لەدژی بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە بەڕەسمیەت ناسینی ئۆرشەلیم وەک پێتەختی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرایل.

لەم بارودۆخەدا گەلێک گرنگە کە هێزە شۆڕشگێڕ، چەپ و سیکۆلارەکان لە تورکیە بە پەرەدان بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی دەوڵەتی شۆوینیست و مەزهەبی ئۆردوغان هەم پەردەی فرێوکاریەکانی ئۆردوغان بدڕێنن و هەم دەور و نەخشێکی بەرچاویان لە دیفاع لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی فەلەستین و لە دیفاع لە دەستکەوتی کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەری لە سوریە هەبێت. ئەمەش ڕاست هەمان هاوچارەنووسی خەباتکارانە و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەکانە لە ناوچەکەدا بۆ کۆتایی هێنان بە بشێوی زاڵ بەسەر ئەم ناوچەیەدا و ئامادەکاری بۆ روخاندنی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و بەرگرتن لە سواری شەپۆلی ئەم ناڕەزایەتیانە بوونی باندە کۆنەپەرستە قەومی و مەزهبیەکان.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-