هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە پلانی هێرشی لەناکاوی بزووتنەوەی حەماس لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر ( ١٥ی ڕەزبەر) بۆ سەر ئیسرائیل بە هاوکاری هەمەلایەنە و کاریگەری کۆماری ئیسلامی و هەندێک وڵاتی دیکە ئەنجام دراوە. بێگومان سەرچاوەی هێڕشەکانی حەماس ئەو ستەمانەیە کە سیستەم و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، لەوانە ئیسرائیل، بریتانیا و ئەمریکا، بە درێژایی دەیان ساڵ بەسەر خەڵکی فەلەستینیاندا سەپاندووە. فەلەستینییەکان دەیان ساڵە بەهۆی بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیستانە و سەرمایەدارە یەهوودییەکان و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیلەوە، بە بێبەشبوون لە زەوی و مافی دێموکراتیک و مافی کارکردن، هەبوونی ژیانێکی شایستە و تەنانەت مافی ژیان، بەردەوام لەژێر ستەمێکی بێ ئەوپەڕدا بوون. لە بەرامبەردا ئەو خەڵکە هەرگیز تەسلیمی ستەم و دەستدرێژیی هیچکام لەو لایەنانە بە تایبەت دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و جینایەتکاری ئیسرائیل نەبوون، بەردەوام خۆڕاگرییان کردووە و لەو پێناوەشدا تێچووی زۆریان داوە. بەڵام بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی ئەو خەڵکە چووەتە گیرفانی چەند هێزێکی کۆنەپەرستی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە. ئەوان شەڕێکیان دەستپێکردووە کە لە کورت ماوەدا بە قازانجی ڕژیمی ئیسلامی ئێران تەواو دەبێت. ئێستا کۆماری ئیسلامی جیا لەوەی کە لەم دۆخە، بۆ زۆر مەبەستی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرێت، باشتر لە ڕابردوو دەتوانێت سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان ڕابکێشێت. ئەم کارە بێهوودەیە هاوشێوەی ئەوەیە کە لە کوردستانی عێراق دەستی پێکرد.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئابوورییەکی داڕماوی لەڕادەبەدەر، لەدەستدانی مەشروعییەت، کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو دەسەڵات، بێ پلانی و سەرلێشێواوی، زەخت و گوشاری زۆر قورسی ئەو جینایەتە ترسناکانەی کە لە پتر لە چواردەیەی ڕابردوودا لە دژی کرێکارانی ناڕەزای، ئازادیخوازان و نەیارەکانی ئەنجامی داوە، گوشاری لەڕادەبەدەری خەبات و خۆڕاگرییەکان و هەروەها مافخوازی و نافەرمانی جەماوەری و مەدەنی، زۆر زیاتر لە ڕابردوو پێویستی بەوە هەیە کە بیروڕای گشتی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری ناڕازی و خوازیاری ڕووخانی ڕژیم، بەرەو دەرەوەی سنوورەکان ڕابکێشێت. ئەم ڕژێمە هەوڵ دەدات خۆی وەک بەشداری سەرکەوتنی ئیسلامییەکانی فەلەستین و شکستی دیواری زانیاری و ئەمنییەتی ئیسرائیل نیشان بدات بەبێ ئەوەی وەک هەمیشە هیچ بەرپرسیارێتییەک لەم بابەتەوە لەئەستۆ بگرێت و لە هەمان کاتدا یاری بە بیروڕای گشتی دەکات. بەم شێوەیە دەیان جینایەت و ستەمی دەوڵەتی ئیسرائیل و لایەنگرەکانی لە دژی خەڵکی ستەملێکراو و خۆڕاگری فەلەستین، لەلایەن بەرپرسانی ڕیژیمی ئیسلامییەوە وەک دەرفەت کەڵکی لێوەرگیراوە.
بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سوودوەرگرتن لەو شەڕە، پێویستە هەڵسووڕاوانی خەباتی کۆمەڵایەتی، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، نەهێڵن پرسە گرنگەکانی ناوخۆ لەبیر بچنەوە. بارودۆخی خراپی ڕژیم لە هەموو بوارێکەوە، گرانی، بێکاری، ڕانتخۆری، بەکارهێنانی ستەمی زیاتر لە دژی کۆچبەران و کرێکارانی ئەفغانستانی، قەیرانی ژینگەیی، نەبوونی ئاو و بەتایبەتی خۆڕاگری قارەمانانەی دادخوازان، خەباتی کرێکاران لەوانە فەرهەنگیانی پلە نزم و کرێکارانی خانەنشینکراو، نافەرمانی بوێرانەی ژنان لەناوەوە و دەرەوەی زیندانەکان و زۆر پرسی تر، لەسایەی تەبلیغات و پڕوپاگەندەی ڕژیمدا فەرامۆش بکرێن. ئەو جینایەتەی کە مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب، ئەم گەشتە نوێیەی ئیرشاد، لەم دواییانەدا بەرامبەر بە ئارمیتا گراوند ئەنجامیدا، نابێت لەبیر بکرێت. نابێت هەڵسوکەوتی دژە ئینسانی ئیتلاعاتییەکان بەرامبەر بە بنەماڵەکەی فەرامۆش بکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی بورنا ڕایگەیاند کە بارودۆخی ئارمیتا خراپتر بووە. پێدەچێت ڕژیم بە تەمابێت کە لە گەرمەی ئەم پڕوپاگەندە و تەبلیغاتەی ئێستادا هەواڵێکی دڵتەزێن تر ڕابگەیەنێت. کەڵکوەرگرتنی ڕژیم لە شەڕی ئیسلامییەکان لە دژی ئیسرائیل، کاتییە و بەم زووانە بە زیانی ڕژیمی ئیسلامی دەشکێتەوە. بۆ نموونە دەوڵەتی ئیمپریالیستی ڕووسیە کە لە زەلکاوی شەڕی ئۆکرانیادا گرفتار بووە، دەتوانێت بەشێوەیەکی درێژماوەتر سوود لە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت، بەڵام ئەمە بۆ ئەو ڕژێمە داماوە و سەپێندراوە بەسەر خەڵکی ئێراندا ئیمکانی نییە. بەڵام تا ئەوکاتەی زیانەکانی هێرشی ئیسلامییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ ڕژیم دەردەکەون، پێویستە بە وشیاری و چاوکراوەییەکی زیاترەوە نەهێڵین کە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ناوخۆی وڵات بکەونە پەراوێزەوە.