ئەڕتەشی تورکیە بۆ دوهەمین رۆژی بەردەوام پێگەی یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە ( ی پ گ) ی لە باکوری سوریە دایەبەر هێرش. دەوڵەتی تورکیە لە هەوڵدایە تا بە هێرش کردنەسەر ئەم هێزانە لە سوریە، ئەوان وادار بکات لەو پێگانەی کە بەم دواییانە داگیریان کردوە و پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی گوروپە ئیسلام گەرانکاندا بوو پاشەکشە بکەن. هێزەکانی ی پ گ لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی دواییدا توانیان بە پێشڕەوی کردن لە باکوری شاری حەڵەب، هێندێک لە ناوچەکان لەژێر کۆنترۆڵی گوروپی ” بەرەی نوسرە” دەربێنن. دەوڵەتی تورکیە نیگەرانی بەهێز تر بوونی زیاتری هێزەکانی ی پ گ یە لە باکوری سوریە. لەبەر ئەوەی کە ئەوان ناوچەکانی شومالی حەڵەب بە دەستەوە بگرن، سنوری سوریە و تورکیە بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکەن. بەم جۆرە لە لایەکەوە رێگا تەداروکاتیەکانی گوروپی ئیسلامی ” داعش” لە تورکیەوە دەبەسترێ و لە لایەکی دیکەوە پێوەندی بەشی عەفرین لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان دابین دەبێت. ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی تورکیە وتویەتی کە تورکیە ئیجازە نادات ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” شاری ئەعزاز لە نزیک سنوری تورکیە داگیر بکەن. ئەو داوای کردوە کە ی پ گ ئەم ناوچە سنوریانە بەجێبێڵی. بەڵام فەرماندیی هێزەکانی ی پ گ ئەم داوایەی ڕەد کردوەتەوە. لە هەمانحاڵدا وەزاڕەتی دەرەوەی فەڕانسە داوای لە دەوڵەتی تورکیە کردوە کە کۆتایی بە عەمەلیاتی نیزامی لەدژی تێکۆشەرانی کورد لە باکوری سوریە بێنێ و نیگەرانیشی دەربڕیوە کە ئەم جۆرە کردارانە بارودۆخەکە لە سوریە خراپتر دەکات.
هێرشەکانی دوو رۆژی ڕابردوی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر پێگەی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” لە نێو خاکی سوریەدا، ئەگەر بێت و دەوڵەتی تورکیە بتوانێ درێژە و پەرەی پێبدات، بەشێک لە نەخشەیەکە کە ئەم دەوڵەتە لە پێوەند لەگەڵ قەیرانی سوریەدا خەریکی ئیجرا کردنیەتی. ئەم هێرشانە لە درێژەی خۆیدا و بە نزیک بوونەوەی لە کاتی یەکلا کرانەوەی قەیرانی سوریەدا دەتوانێ ببێتە هێرشێکی هەمەلایەنەی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر هەموو ناوچەکانی شومالی سوریە. وەها حەرەکەتێک بەکردەوە قەیرانی سوریە ئاڵۆزتر و چارەسەر کردنی خوێناوی و دژوار تر دەکات. کابوسی دەوڵەتی تورکیە لەتبوونی وڵاتی سوریەیە بەجۆرێک کە تێیدا کوردستانیش بەکردوە ببێتە ناوچەیەکی سەبەخۆ. ” حیزبی یەکێتی دیموکراتیک” ( ی پ گ) کە رێبەریی خاباتی خەڵکی سوریەی لەدەستدایە، تا ئێستا توانیویەتی لە ڕێگای پاراستنی وەحدەت لەگەڵ خەڵکی غەیرە کوردی ئەو ناوچانەی کە کەوتونەتە نێوان هەرسێ بەشی سەرەکی کوردستانی سوریە واتە جزیرە، کۆبانی و عەفرینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر بەیەکەوە گرێدرانی جوغڕافیایی کوردستانی سوریە دابین بکات. پێشڕەوی ئەم دواییەی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” بەرەو شاری ئەعزاز و کۆنترۆڵ کردنی ئەم ناوچە سنوریە بەکردەوە ئەم بەیەکەوە بەستنەوەیە کامڵ دەکات.
دەوڵەتانی ئامریکا و روسیە و وڵاتانی تری بەشدار لە کۆنفڕانسی مونیخ موافقەتی خۆیان لەگەڵ بەرقەرار کردنی ئاتەش بەس لە سوریە ڕاگەیاند. ئەم ئاتەش بەسە قەرارە تا حەفتەیەکی تر بەکردەوە دەبێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە لەم رۆژانەی دواییدا کە بابەتی ئاتەش بەس لە کۆنفڕانسی مونیخ دا هاتۆتە گۆڕێ، هێزەکانی دەرگیر و خاوەن بەرژەوەندی لە قەیرانی سوریەدا، هەرکامە و لەهەوڵدایە شوێنی زیاتر کۆنترۆڵ بکات. بۆمبارانە هەواییە چڕەکانی ڕوسیە و بەرەپێش چوونی هێزە هاوبەشەکانی ئەڕتەشی سوریە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و حیزب اللە ی لوبنان بەرەو ناوچەکانی باکوری شاری حەڵەب، کە تەلەفاتێکی زۆری خەڵکی بێدیفاع و ئاوارە بوونی دەیان هەزار کەسی بەشوێنە بووە، بەشێک لەم هەوڵانەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕانە ئەڕتەشی ئامریکاش خەریکی دامەزراندنی پێگەیەکی ئاسمانییە لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی ” یەکینەکانی پاراستنی گەڵ” دا. دامەزراندنی ئەم پایەگا هەواییە دەتوانێ سەرەتای دەستپێکی عەمەلیاتێکی بەرین بێت لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەوە.
ئاشکرایە کە ئاتەش بەس بەبێ یەکلا بوونەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش و بەرەی نوسرە واتایەکی چەندانی نابێت. لەم پێوەندیە دایە کە دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی ڕایگەیاندوە ئامادەیە کە هێزە نیزامیەکانی بنێرێتە سوریە و هاوکات چەند یەکەیەکیش لە هێزە ئاسمانیەکانی خۆی لە پێگەی ئینجرلیک لە تورکیە جێگیر کردوە. بەم جۆرە دیاردەکان دەریدەخەن کە لە مێحوەری: ئامریکا، عەرەبستانی سعودی و تورکیە، سەبارەت بە داگیرکرانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش و بەرەی نوسرە جۆرێک جوڵە و هاوئاهەنگی لە گۆڕێدایە. ئەگەر ئەم هاوئاهەنگیە بەکردەوە دەربێت و ” دەستکەوتەکانی” داعش بڕژێتە گیرفانی ئەم مێحوەرەوە، لە ئەگەری ئەوەدا، ئەوان دەبنە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزتر لە دەمەتەقێ لەگەڵ مێحوەری روسیە و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە داهاتوی سوریە. بەڵام لەم نێوانەدا دەوڵەتی تورکیە هاوکات دەچێت بەشوێن ئەولەویەت و بەرژەوەندیە تایبەتەکانیشیدا. هێرشی ئەم رۆژانەی دوایی بوسەر پێگەی یەکینەکانی پاراستنی گەل کاردانەوەی نیگەرانی دەوڵەتی تورکیەیە لە فەراهەم بوونی بەکردەوەی پێداویستی دروست بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ لە نزیک سنورەکانی. کوردستانێک کە لە هەمانحاڵدا پێوەندیەکی نزیکیشی لەگەڵ تێکۆشەرانی کوردی تورکیە دەبێت.