کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەموو مانگێک ١٢٠ منداڵی موعتاد لە کەلاوەکانی تاراندا لە دایک دەبن

دوێنێ ئیسنا، هەواڵنێری خوێندکارانی ئێران، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ژنان و منداڵانی کارتۆن خەو لە تاران بڵاو کردوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ” تەنیا لە کەلاوەکانی شاری تاراندا مانگانە بەشێوەی مامناوەند ١٢٠ منداڵی گیرۆدە بوو لە دایک دەبن کە زۆربەیان لە هەمان یەکەم رۆژەکانی دوای لە دایک بونیاندا بەهۆی ئیعتیادەوە دەمرن، یان دفرۆشرێن و یان گیرۆدەی چارەنووسی دایکە موعتادە کارتۆن خەوەکانیان دەبن. بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا ئەم منداڵانە کە لە ناوچە حاشیە نشینەکاندا لە دایک دەبن، ئاکامی پێوەندی حاشیە نشینی، کارتۆن خەوی، هەژاری و ئیعتیادێکی گشت گیرن کە زیاتر لە پێشو ژنان و منداڵانی وڵات دەگرێتەوە. ژمارەی حاشیە نشینانی ئێران لە ئێستادا دەگاتە ١٥ ملیۆن کەس. “ئیسنا” دەنووسێت کە هیچ عەزم و سازوکارێک بۆ دەرمانکردنی منداڵانی موعتاد و بەرگرتن لە دوگیان بوونی ژنانی موعتادی کارتۆن خەو لە ئێراندا بوونی نییە و ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە پێی نووسراوەکەی “ئیسنا” تەنانەت توانایی گریان و خواردنەوەشیان نییە لە بێکەسی و نە بوونی دەرمانی گونجاودا لە گۆشە و کەناری نەخۆشخانە دەوڵەتیەکاندا دەمرن.ڕاپۆرتەکەی ئیسنا لە درێژەدا دەنووسێ” لە حاڵێکدا کە مانگانە ١٢٠ منداڵی موعتاد لە کەلاوەکانی تاراندا لە دایک دەبن، ژمارەی منداڵانی کار لە ئێران کە قوربانیانی هەموو جۆرە خەسار و نەخۆشیەکی عفونین لە ٢ ملیۆن زیاترە. لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا کاری کاربەدەستانی ئێران لە بەرانبەر گرفتی گیرۆدە بووندا، هەڵواسینی وردە فرۆشانی مادەی هۆشبەرە، ئەو کەسانەی کە خۆیان لەرووی هەژاری و بێکاریەوە روو دەکەنە ئەم جۆرە کارە خراپانە.733
ئەوەی کە لە ڕاپۆرتەکەی هەواڵنێری خوێندکارانی ئێراندا هاتوە، تەنیا یەکێک لە ئاسەوارەکانی هەژاری و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوە گرتوو لێەوەیەتی. لە وڵاتێکدا کە بەپێی ئیعتیڕافی کاربەدەستانی ڕژیم نیوەی جەمعیەتە ٨٠ ملیۆنیەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەم جۆرە دیاردە ئازار بەخشانە نائاسایی نین. ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداران کە لەسەر چەوساندنەوەی بێ سنوری دەیان ملیۆن کرێکار و لەسەر دەریایەک لە سەروەتی ژێر زەوینی رۆنیشتوە، هیچ پلان و پرۆژەیەکی تەنانەت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردە گیان تاوێنە نییە. بەپێی ئیعتیڕافی وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامی ١٥ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی ئێران حاشیە نشین و بێ ماڵ و حاڵن. ئەم خێڵە ملیۆنیە کە لە حاشیەی شارەکاندا دەژین، نە تەنیا بێکارن، نە تەنیا لە لانیکەمی ئیمکاناتی بەڕێچون بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی بێبەشن، بەڵکوو لە هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوەی خاوێن، ئاوەرۆ، بەرق و گاز و بێهداشت و دەرمان و هیتر بێبەشن. ئەم جەمعیەتە بەرینەی نوقمی هەژارین، لە هەمانحاڵدا بونەتە بەستێنێکیش بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهاتنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، کە ئیعتیاد و سەحنەی دڵتەزێنی مەرگی منداڵانی موعتاد، تەنیا یەکێک لە حاڵەتەکانیەتی. ئەو منداڵانەش کە شانس دێنن، نامرن و لە داوێنی دایک و بابێکی گیرۆدە بوودا پەروەردە ئەبن، دەکرێ چاوەڕوانی ئەوەبن کە چ چارە نووسێکی پڕ ئازاریان لەڕێدایە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٧ ساڵی حاکمیەتی سەرتاپا گەندەڵ و دژی خەڵکی خۆیدا، هەزاران ملیارد دۆلار لە سەروەتی ئەم وڵاتە و لە حاسڵی ڕەنج و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی بە هەدەر داوە. بە پارەیەکی ئەفسانەیی و کەڵان کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەدا لە ئیختیاریدا بووە، تەنانەت وێڕای بوونی نیزامی سەرمایەداریش دەکرا کۆتایی بە ژیانی فەلاکەتباری حاشیە نشینی و کاتۆن خەوی و ئیعتیاد بهێندرێت، بەشوەیەکی کە لانیکەم ئیتر شاهیدی دیمەنی مەرگی دڵتەزێنی منداڵانی موعتاد نەبین.
تا کاتێک کە ئەم ڕژیمە لەسەر کار بێت و هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەژێر چنگی تاقمێک تاڵانچی و ئینسان کوژ و زیندانبان و ئەشکەنجەگەردا بێت، هەژاری و فەلاکەتی خەڵک کۆتایی نایەت. تەجروبە نیشانی داوە کە ڕژیمی ئیسلامی مانەوەی خۆی لە بەهێز تر کردنی هێزە ئینتیزامی و ئەمنیەتیەکانیدا و لە پەرەدان بە دخاڵەتی کۆنە پەرستانەی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێراندا دەبینێ. ئەولەویەتی ئەم ڕژیمە قەت دژایەتی لەگەڵ هەژاری و ئیعتیاد و بەرەنگار بوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان نەبووە. لە حاڵێکدا کە ساڵ لەگەڵ ساڵیش ژمارەی نجومیی لە بوجەی ڕەسمی بۆ هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکان تەرخان دەکرێت و ساڵ لەگەڵ ساڵیش ڕێژەکەی زیاتر دەبێت، لە حاڵێکدا کە سپای پاسداران خۆی ڕاستەوخۆ فەرمانی سەرەکی ئابووری ئێرانی بە دەستەوەگرتوە و لەگەڵ بوجەی ڕەسمیدا، ئەو سەروەتەش کە لە ئیختیاریدایە، سەرفی پەرەدان بە میلیتاریزمە هەوسار پچڕاوەکەی دەکات، لە حاڵێکدا دزیە کەڵانەکان، کۆماری ئیسلامی کردوەتە یەکێک لە گەندەڵ ترین دەوڵەتەکانی دنیا، حاشیە نشینان و بێ سەرپەنایان و موعتادان و منداڵانی خیابانی و کارتۆن خەوەکان و لەشفرۆشان، لەم دارستانە بێ ڕەحمەدا وێڵ کردوە و لە گێژاوێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری لەم وڵاتەدا بۆیان دروست کردون، پەلەقاژەیانە.

بۆ کۆتایی هێنان بەم موسیبەتە کۆمەڵایەتیانە ڕێگایەک بێجگە لە خەبات کردن بوونی نییە. پێویستە لەدژی سەبەبکارانی شەڕ بکرێت، ئەم ڕژیمە کۆنەپەرست و دژی خەڵکییە دەبێ بروخێندرێت. ئەم نیزامە چێنایەتیە دەبێ ژێرو ژوور بکرێت. پێداویستی بەهرەمەند بوونی ئینسانەکان لە گشت نێعمەتەکانی ژیان، پێداویستی بەهەرەمەند بوون لە ئازادی و یەکسانی لەم کۆمەڵگایەدا لە هەموو بارێکەوە فەراهەمە. دەبێ قۆڵی هیممەتی لێهەڵماڵین و ئەم نەبەردی کۆتاییە سەرکەوتوانە بە ئاکام بگەیەنین.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-