چاو لە هەر گۆشەیەکی ئێران دەکەین خەبات لە پێناو دەستەبەر بوونی ماف، دادخوازی و ناڕەزایەتی دژبە ستەم، چەوساندنەوە و نابەسامانی دەبیندرێت. حیجابی ئیجباری تور دراوە. خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست و باشتر بوونی بارودۆخی کاری لە بوارە جۆراوجۆرە کرێکاریەکاندا، بە خانەنشینانیشەوە، لە ئارادایە. ڕیزی دادخوازان ڕێکخراوتر بووە. ناڕەزایەتی دژبە بێ مەسکەنی، بێ ئاوی، گەندەڵی و سەروەت لە دەست چوون بەرینتر بۆتەوە. کاربەدەستانی ڕژیمی داماو بێجگە لە گرتن، زیندانی کردن، تەقەکردن، کوشتن، جەریمە و زیاد کردنی ئێعدامەکان ڕێگا چارەیەکی دیکەیان پێشک نایە و نەیانتوانیوە و ناتوانن بەربە پتەوتر بوونی ئیرادەی مافخوازی بگرن و لە بەرانبەردا لە ڕێزەکانیاندا توشی دووبەرەکی و لێکهەڵوەشانی زیاتر بوون.
ڕۆژی شەممە ٢٠ مانگی جۆزەردان ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندانی ئێرانی لە نێوخۆ و دەرەوە بە شێوەی جۆراوجۆر لە دایک بوونی کیان پیر فەلەک، ئەو منداڵە ٩ ساڵانەی کە ڕۆژی ٢٥ ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەخت کرد، ڕێز لێگرت و نەفرەت و بێزاری خۆیان دژبە بە ڕژیم نیشاندا.
لەم رۆژردا دوالەرزەکانی شکستی حاکمیەت لە داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە شێوەی نەبەردی ڕەسانەیی نێوان خاتەمی و ژمارەیەک لە بەناو ڕیفۆڕم خوازانی وەک نایاری حیجابی ئیجباری و کاربەدەستانی کەیهانی خامنەیی، وەک لایەنگرانی حیجاب سەریهەڵدا. شکستی قورس لە بەرانبەر سەرپێچی و نافەرمانی بەملیۆن ژنی تێكۆشەر کەلێنی نێوان باڵەکانی ڕژیمی گەورە تر کردەوە.
شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت لە ڕۆژی بیستی مانگی جۆزەردان دا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و نووسی کە مانگرتنی هەزاران کەسی نەفگەران لە مانگی گوڵانەوە تا ئیستا گەلێک دەستکەوتی باشی هەبووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە هەم پەیمانکاران و خاوەنکاران هێزی کرێکاران دەناسن و هەم کرێکاران ئاگاداری کێشەکانی نێوان هەردوو باندی مافیایی قەرارگای خاتەم ئەنبیا و پەیمانکارانی بێزراو و هەروەها هیزە نفوزیەکانیان لە ڕیزی خۆیاندان. لەم ماوەیەدا بەشێک لە مانگرتوان بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی بە حەقدەستیانەوە زیاد بووە و وەرگرتنی بەڵێنی کەم بوونەوەی ساعاتی کار گەڕاونەتەوە بۆسەرکار. بەشێک لەو کرێکارانەی گەڕاوەنەتەوە بۆسەرکار ئاگاداری بەڵێن شکێنی خاوەنکاران بوون و سەرلەنوێ بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوون. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە هەموو دەستکەوتێک دەبێ یەکگرتوانە لە ڕاستای گەیشتن بە هەموو داخوازیەکان و لەوانە زیاد بوونی ٧٩ لەسەدی حەقدەستەکان و ٢٠ رۆژ کار و ١٠ ڕۆژ پشوودا بەکار بێت.
ڕۆژی ١٩ ی مانگی جۆزەردان کۆمەڵگا شاهیدی درێژەی هەینیەکانی توڕەیی و ناڕەزایەتی لە زاهیدان بوو. لەم رۆژەدا سەرکوتگەران بە دەستبەسەر کردن، ڕێبەندان و هێرش کردنەسەر ناڕازیان هەوڵیاندا بەر بە کۆبوونەوەیان بگرن کە سەرکەوتوو نەبوون. تێکۆشەران لە خۆپیشاندانی خۆیاندا دروشمیان دا:
” کۆماری ئێعدامی مان ناوێ“، ” کورد، بەلوچ، ئازەری، ئازادی، بەرابەری“، یەکێتی، شۆڕش، ئازادی“، ” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت“، نا بۆ ئێعدام“، ” قەسەم بە خوێنی یاران ڕاوەستاوین تا پایان.”
لەم رۆژەدا دەیانکەس لە بنەماڵەی گیانبەخت کردوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، دیواندەرە و دێگولان سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی بۆکان و سەقزیان کرد و دواتر بەیەکەوە چوونە سەر کڵکۆی ژینا ئەمینی. ئامادەبوان لە حاڵێکدا کە وێنەی ئازیزانی گیانبەخت کردویان بە دەستەوە بوو لە گەمارۆی سەرکەتگەراندا بەیانیەیەک لەلایەن دایکی هەمیشە زیندوو هومەن عەبدوالهی خوێندرایەوە. ئەوان وێڕای ناڕەزایەتی سەبارەت بە تێکدانی کڵکۆی ژینا و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، لەگەڵ ئاڕمانەکانی ئازیزانیان پەیمانیان نوێ کردەوە و سوێندیان خوارد کە ڕاوەستاون تا پایان. دایە شەریفە دایکی هەمیشە زیندوو ڕامین حسێن پەناهی لە کۆتایی مەڕاسمەکەدا ڕوو بە باقی دایکانی ئامادەبوو گوڵی بڵاو کردەوە. هەردوو مینی بووسی هەڵگری دایکان و ئەندامانی بنەماڵەکان لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتنە بەر هێرشی سەرکوتگەران و ٤٠ کەسیان دەستبەسەر کران. بەپێی هەواڵی گەیشتو سەرانی هێزە سەرکوتەگەرەکانی ڕژیم تا ئێستا هەموو دایکان و منداڵەکانیان ئازاد کردوە و ئەوانی دیکەیان ڕاگرتوە.
بێچگە لەو ڕاپۆرتانە هەواڵەکان لە سی ڕۆژی پێنجشەممە، هەینی و شەممە ١٨، ١٩ و ٢٠ ی مانگی جۆزەردان دیسانیش باس لە کۆمەڵگایەکی ماف خواز، زیندو و ئامادەی درێژەدان بە خەبات دەکەن. رۆژی هەینی کۆمەڵێک لە ئازادی خوازانی شاری تەورێز دژبە چوونی ڕەئیسی، جەللادی ٦٧، بۆ شارەکەیان خۆپیشاندانیان کرد. لەم رۆژەدا خەڵکی ئابدانان لە چەندین ناوچە سەبارەت بە مردنی بامشاد سلێمان خانی، خوێندکاری ژاراوی کراو لە لایەن مەئمورانەوە، دەستیان دایە خۆپیشاندان. رۆژی پێنجشەممە ١٨ ی مانگی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی بەناگوستەری کران بۆ چەندەمین جار لە ناڕەزایەتی بە وەڵام نەدرانەوەی داخوازیەکانیان، دەستیان دایە مانگرتن و لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوە. ئەم کرێکارە ناڕزیانە خوازیاری زیاد بوونی حەقدەست و باشتر بوونی بارودۆخی کاریی بوون.
چاو گێڕانێک بە گرنگرین هەواڵەکاندا، تەنیا لەم سێ ڕۆژەدا، دەریدەخات کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕاستای گەیشتن بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی واتە ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ڕەگ و ڕێشەی بە قوڵایی کۆمەڵدا ڕۆدەچێت و پتەوتر دەبێت.