هەموو ساڵێک بەرنامەکانی هەفتەی بەسیجی دانش ئاموزیی لە ڕۆژی ٧ی خهزهڵوهرهوه دەست پێدەکات و ههتا کۆتایی ڕۆژی ١٣ی مانگ درێژەی دەبێت. ڕۆژی بەسیجی دانش ئاموزیی لە کۆماری ئیسلامیدا بە یادی منداڵێکی قوربانیی بەناوی حسێنی فەهمیدەوە ناو نراوە. فەرماندەکانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژی ٨ی خهۆهڵوهری ساڵی ٥٩ دا ئەم منداڵە خوێندكارهیان لە عەمەلیاتێکی خۆبهخشانه، بە نارنجهکی بەستراو بە پشتێنەوە، ڕەوانەی ژێر تانکێكی عێراق کرد. ئەم منداڵە پاکە، کە لەکاتی لەت وکوت بوونیدا لە “کوت شێیخ” ی ئهوبهری ڕووباری خوڕەمشار، تەنها ١٣ ساڵ تهمهنی بوو، كرایه پێش قهرهوهڵی ٣٦ هەزار منداڵه خوێندكار کە دواتر لە لایەن سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە وەک پاکكەرەوەی مەیدانەکانی مین و لە عەمەلیاتی دیكهی هاوشێوە له شەڕی ئێران و عێڕاقدا، كرانە قوربانیی.
ئەو ڕێوڕهسمانهی کە بۆ هەفتەی بەسیجی دانش ئامووزیی لهبهرچاو گیراون و دهگیرێن، تەنها بۆ سڕكردن و خوڕافی بارهێنانی ئەو خوێندكارانهیه کە ڕژیم لهڕێگهی گرتنەبەری شگردی جۆراوجۆری وهك پێدانی وەعدەی دەرچوون لە ئازموونەکانی چوون بۆ زانکۆوه بگره ههتا دۆزینەوەی کارێک لە داهاتوو، لە هێزی بەسیجدا ڕێکخستووە. لە هەفتەی بەسیجی دانش ئاموزیدا بەرپرسان مەعمولەن ڕۆژێک خوێندكارانی بەسیجیی دەبەنە سەر گۆڕی خومەینیی، ڕەوزە و نەوحەیان بۆ دەخوێنن ههتا بە خەیاڵی خاوی خۆیان، ورەی فیداکاریی لە ڕێگهی پاراستنی نیزامیی سەرتاپا جەهل و خوڕافەی سەرمایەداریی ئیسلامییان تێدا پەروەردە بکەن. ڕۆژێک دانش ئامووزانی بەسیجی دەبەن بۆ بینینی نوێنەرانی خومەینی و ئیمام جومعەکان، ههتا لە زەرفییەتەکانی ئەوانیش بۆ ڕەواجدانی خوڕافەی مەزهەبیی کەڵک وەربگرن. ڕۆژیکی دیکە ئەو جەنایەتانەی کە دهرهەق به ٣٦ هەزار منداڵه خوێندكار و لە سەرووشیانەوە “حسێنی فەهمیدە” و بنەماڵەکانیان کراوە، وەبیر دێننەوە. ڕۆژێکیش خوێندكاران دەبەن بۆ نوێژی جومعه. لە ڕۆژی دواتردا مەڕاسمی پادگانیی و سۆبحگاهی لە مەدرەسەکان بۆ خوێندكاران بەڕێوە دەچێت. لەم ڕۆژەدا بۆ ١١٠ هەزار خوێندكار کە لە ڕێگهی کاروانەکانی ” ڕاهیانی نوور”ەوە دەنێردرێن بۆ قەتڵگهکانی شەڵەمچە و قەتڵگهکانی ڕۆژئاوای ئێران، نەوحەی مەرگ و لهناوچوونیان بەگوێدا دەدرێت. ڕۆژێکیش خوێندكاران دەبەن بۆ بینینی ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەو قوربانیانەی کە لە سایەسهری کۆماری ئیسلامییهوه بە نان و نەوایەک گەیشتوون. ئەوان قەرارە بە بینینی ئەم بنەماڵانە ئیستعدادی خەللاقانەیان، بۆ ئەنجامدانی ئەو مەئمورییەتانەی كه لهوانهیه له داهاتوودا پێیان بسپێردرێت، بشکۆفێت. ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی مانگیش تهرخان كراوه بۆ ئهوهیكه منداڵه خوێندكاره بەسیجییهكان بچن قەبری قوربانییان بشۆنهوه و ماتهمگێڕییان بۆ بكهن و بۆیان به سهر و سینگی خۆدا بكێشن.
مەڕاسمەکانی هەفتەی بەسیجی دانش ئاموزیی، کە لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا بەڕێوەدەچن و کۆمەڵێک بەرنامەی ڕەنگا و ڕەنگیان هەیە کە لێرەدا ئاماژە بە بەشێکیان کراوە، ئهمانه گۆشەیەکن لە خەونێک کە سەرانی کۆماری ئیسلامیی بۆ بە میلیۆن منداڵه خوێندكاریان دیوە. ئەم منداڵانە لە ڕوانگەی ئەوانەوە کەسانێکن کە نابێ هیچ چاوەڕوانییەکیان بۆ دابین بوونی پێداویستییەکانی گەشەکردن و شکۆفابوونی تواناییەکانیان هەبێت، بەڵکوو دەبێ لە ترسی قەبر و نەکهر و مونکهر و دۆزەخدا بەسەر بەرن و موتیع و گوێڕایەڵی حکومەتێکی دینیی بمێننەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامیی کە لە ئێستادا زیاتر لە ڕابردوو دهزانن كه چهنده پێویستییان بە منداڵان و تازەلاوانی خوێندكار ههیه، ههتا بە شێوازی مەزهەبیی بیر و هۆشیان سڕ بکرێت و بیانهێننه خزمەت ئامانجی کۆنەپەرستانەیان. سەرانی ڕژیم بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیانداوە لەڕێگهی سازماندانی بەسیجی دانش ئاموزییەوە، ناوەندە ئاموزشییەکان بکەنە شوێنێكی ئەمنییەتی و لهم ڕێگهیهوه بە کۆنتڕۆڵکردنی قوتابیان، ئەوان ترسەنۆک و بەدوور لە باوەڕبەخۆیی باربێنن. سەرانی ڕژیم هەموو هەوڵی خۆیان خستووهته كار ههتا ئەم منداڵ و تازەلاوانە خوڕافی، بێ کەسایەتییهكی سەربەخۆ، بێبەش لە ههستی مرۆیی و بەشێوەی کەسانێک بار بێنن کە کۆیلە و عەبدی حکومەت و ویلایەتی فەقیە بن. ئەوان بۆ گهیشتن بهم مهبهستهیان ئامرازی جۆراوجۆر بەکار دێنن. گرنگترینی ئەم ئامرازانە، دەرسی پڕ لە خوڕافات، درۆ و چهواشهكاریی بەئاراستهی بهپیرۆز وێناکردنی کۆماری ئیسلامییە. ڕژیم مەدرەسەکانی کردووهتە مەکتەبێك بۆ ئاموزشدانی مەزهەب، جەهل و تاریک ئەندێشیی. لەم شوێنەدا لهجیاتی ئەوەیکە یارمەتیی منداڵان و بەرەی لاو بدرێت ههتا خۆیان جیهانی دەوروبەریان بەوجۆرەیکە هەیە بناسن، خوێندكاران ناچار دەکرێن کە مێشکیان لە بڕێكی زۆر زانیاریی ناپێویست، زیاده و چهواشهكراو بئاخنن. لە مەدرەسە و ئاموزشگاکانی ئێراندا لهجیاتی ئەوەیکە دوایین دەستکەوتە زانستییەکان و زانیاریی بەشەر لە بهشی پهروهردهدا کەڵکی لێ وەربگیرێت و خوێندكاران لە دوایین داتا و زانیارییه فەرهەنگییهكان کە ڕەوتی گهشه و پێگهیشتنی مرۆڤ بەدی هێناون، ئاگادار بن، قەبارەیەکی قورس لە خوڕافەی مەزهەبیی لە لایەن ئاخووند، پاسدار موعەلیمەکان و خاهەرانی زەینەبەوە دهرخواردی مێشکیان دەدرێ. کاربەدەستانی ئاموزشیی بۆ پڕکردنەوە کاتی پشووی دانش ئاموزەکان و شتنەوەی مێشکیان، پهنا بۆ هەموو کارێک دەبەن. یەکێک لەوانە ئهو مەڕاسم و کلاسە سازماندراوانهیه كه لە لایەن بەسیجی دانش ئاموزیی و بە ڕێنمایی سپای پاسداران ڕێكدهخرێت.
بەڵام ئهزموون و تەجرهبەی ماوهی ٣٧ ساڵی ڕابردوو بە ڕێکخەرانی هێزی بەسیجی دانش ئاموزیی سەلماندووە کە منداڵان و تازەلاوانی خوێندكار زۆر لەژێر كاریگهریی ڕەوتی گۆڕان و ئاڵوگۆڕەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی، ژینگەی بنەماڵە و دەستکەوتە زانستییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندان و کاریگەرییان لێ وەردەگرن. گومان لهوهدا نییە کە قەیرانی ئیدئۆلۆژیکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و ڕەوتی كشانهوه و دووركهوتنهوهی لاوان لە مەزهەب و خوڕافاتی دینیی و ژێرپێنانی یاسا و ڕێسا ئیسلامییەکان، بهردهوام لە ژیانی ڕۆژانەدا لە لایەن خەڵکەوە، ڕەوتی هەمەگیربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئهمانه هەر کامەیان بەش بهحاڵی خۆی، یارمەتیدهرن بۆ فەراهەم بوونی بهستێن و زەمینەکانی شکستی پڕۆژە و ئامانجەکانی ڕژیم، بۆ سازماندانی هێزی بەسیجی دانش ئاموزیی.
لە بەرانبەر هەوڵەکانی ڕژیمدا بۆ پەرەپێدانی سازمانی بەسیجی دانش ئاموزیی و بەکارهێنانی ئهم ئامرازه بۆ ئامانجی پۆلیسی کردنی ژینگەی ئاموزشیی، خوێندكارانی پێشڕەو و تێکۆشەر بە یارمەتیی موعەلیمانی ئازادیخواز دەتوانن لهڕێگهی دروستکردنی کانونەکانی خەباتکارانەی خۆیانهوه، ڕژیم لە بردنهپێش و ئیجڕای ئەم پڕۆژە کۆنەپەرستانەیدا ناچار بە پاشەکەشە بکەن و ڕێگه نهدهن کە قوتابییان بکەونە داوی پڕۆژە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیمەوە.