کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەزینەی مانەوەی بەشار ئەسەد خەڵکی ئێران ئەیدەن

رۆژی هەینی ١٧ ی مانگی گوڵان شارۆچکەی ئیستراتیژیکی ” خان تومان” و ژمارەیەک لە دێهاتەکانی دەوروبەری لە ١٥ کیلۆمیتری باکشوری شاری حەلەب لە لایەن هێزەکانی ” بزوتنەوەی تەفتح” و هاوپەیمانەکانیەوە کە دەوترێت لە ڕاستیدا هەمان ” بەرەی نوسەرە”ی سەربە قاعیدەیە، داگیر کرا. لە جەریانی ئەم عەمەلیاتەدا ئەڕتەشی سوریە، سپای پاسداران و حیزب اللە ی لوبنان توشی شکستێکی قورس هاتوون. ئەم شارۆچکەیە رۆژی شەممە ٢٩ ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٤ لە لایەن هێزەکانی ئەڕتەشی سوریە و سپای پاسدارانەوە لە هێزە نەیارەکان سەندرابۆوە.” خان تومان” وەک ناوچەیەکی زاڵ بەسەر ئوتوبانی حەڵەب- دیمەشقدا یەکێک لە هێڵە سەرەکیەکانی بە یەکەوە بەستنەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی نەیارانی بەشار ئەسەد لەگەڵ تورکیەیە و لەباری نیزامیەوە گەلیک ئیستراتیژیکە. شکست لە شەڕدا لەسەر پاراستنی “خان تومان” یەکێک لە پڕ تەلەفات ترین شەڕەکانی سپای پاسداران بووە لە سەرەتای بەشداری کردنی لە شەڕی سوریەدا. ئەو هەواڵانەی لەم پێوەندیەدا گەیشتون، باس لەوە دەکەن کە زیاتری کوژراوەکانی ئەم شەڕە ئەفغانستانین کە لە یەکەکانی بەناوی ” فاتمیون”دا ڕیکخراون و بە تەماع وەربەرنان و زۆر و فریودان بەرەو بەرەکانی شەڕ لە سوریە ڕاکێشراون.706

لەنێو دەوڵەتانی ناوچەکەدا کە خۆی لە داهاتوی سوریەدا بە خاوەن بەرژەوەندی دەزانێ، کۆماری ئیسلامی زیاتر لەوانیتر بەکردەوە لە شەڕی نێوخۆی سوریەوە گلاوە. کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی یەکە تایبەتەکانی سپای پاسداران، چەند یەکەیەک لە هێزە تایبەتەکانی ئەڕتەش و میلیشیا نیزامیانی سەربە سپای پاسداران، پێکهاتوو لە ” لەشکری فاتمیون”، کە زیاتر لە پەنابەرە ئەفغانستانیەکانی دانیشتوی ئێران پێکهاتوە، لە بەرەکانی شەڕدا دەرگیرە. ئەم شەڕە وێڕای داسەپاندنی تەلەفاتی ئینسانی بەسەر خەڵکی ئێراندا گەلێک ئاسەوار و دواهاتی وەک شەڕی ئێران و عێڕاقی لەسەر ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێت. هەزاران بنەماڵەی ئەفغانستانی و ئێرانی داغداری لە دەستدانی ئازیزانیان لە بەرەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدان. هەزاران کەمئەندام و لەپێکەوتو لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەسەر دەستی کۆمەڵگاوە ماوەتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ملیارد دۆلار لە سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە دەکات بەگەروی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیەدا. ئەو هەزینانەی کە دەکرا لە بوارەکانی بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەوەرش و باقی مەیدانە خزمەتگوزاریەکانی تردا سەرف بکرێت، ڕاست بە پێچەوانە لە بوجەی روتینی ئەم بوارانە کەم دەکرێتەوە و دەیان خەسار و برینی کۆمەڵایەتی بە جەستەی ئەم کۆمەڵاگایەوە بەجێدێڵێ.
هەزینەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی سوریەدا گەلێک زۆرە. ئەم هەزینانە شاملی بەشەکانی، ناردنی چەک و چۆڵ بۆ دەوڵەتی بەشار ئەسەد، پێکهێنان و ڕیکخستنی ئەو شێوە نیزامیانەی کە هەم دەبێ لەباری نیزامیەوە تەیار بکرێن، هەم ئاموزشی نیزامی بدرێن و هەم ماف و مەزایای تایبەتیان لە ناوچە جەنگیەکاندا بۆدابین و پەرداخت بکرێت. دەبێ بەم هەزینانەوە، دابین کردنی نیازەکانی ئابووری وێرانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەشار ئەسەد، هەزینەی ناردنی هێزەکانی سپا و ئەڕتەش و دانی یارمەتی تایبەتی جەنگی و دابین کردنی نیازە لۆجستیکەیەکانیشیان کە گەلێک زۆر و سەر سوڕهێنەرە، زیاد بکرێت. بەپێی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی جێی باوەڕ، ڕیژەی هەزینە نیزامەیەکان و یارمەتیە ماڵیەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەوڵەتی بەشار ئەسەد لەسەرەتای شەڕی سوریە لە ساڵی ٢٠١١ زاینییەوە تا مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٣ واتە ساڵێک و چوار مانگ بە بڕی ٩ ملیارد دۆلار بەراورد کراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نەیارانی بەشار ئەسەد ئەم ڕەقەمەیان بە ١٥ ملیارد دۆلار ڕاگەیاندوە. ئەمە تازە ئەو هەزینە ئاشکرایانەن کە سەرفی ناردنی کەلوپەلی نیزامی و یارمەتی ماڵی کراون.

دابین کردنی کەلوپەل و هەزینەی پاراستنی ئەو هێزانەی کە خودی سپا ڕاستەوخۆ پێکیان دێنێ و ڕێکیاندەخات لەم هەزینانە جیایە. ناردنی هێزەکانی سپا، ئەڕتەش، فاتمیونی ئەفغانستان و حیزب اللە ی لوبنان بۆ سوریە و کەلوپەلی ئاموزشییان کە ئەساسەن شاراوەیە، ئەگەر بەرئاورد بکرێت، ئەم هەزینانە سەر لە دەیان بەرابەری هەزینە مەسرەف کراوە ڕەسمیەکان ئەدات. کاتێک ئەرقامی هەزینەی دخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی تری وەک عێڕاق، لوبنان، یەمەن و ئەفغانستان و هیتری پێوە زیاد بکەین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێ کە سپای پاسداران چلۆن شیلەی گیانی بەملیۆن کرێکار لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ئابووری ژێر هیدایەتی خۆیدا لەگەڵ گیانی ژمارەیەکی زۆر ئینسان، سەرفی دخاڵەتی کۆنەپەرستانەی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران دەکات. ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت کە چلۆن مافیای مادە هۆشبەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران، بە قیمەتی لەبەین بردنی گیانی بەملیۆن لاوی ئەم وڵاتە کەم و کەسریەکانی ئەم شەڕە کۆنە پەرستانەیەی دابین دەکات. لە ڕاستیدا بارودۆخ بۆ خەڵکی ئێران لە ئێستادا جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ دەورانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاق نییە، بەشێکی زۆر لە بوجەی ئەم وڵاتە کە دەکرا سەرفی، بێهداشت و دەرمان، ئاموزش و پەروەرش و مەسکەن و هیتر بکرێت، سەرفی شەڕی سوریە و باقی ڕقابەتە ناوچەییەکانی ڕژیم دەکرێت.

سوریە بۆتە زەلکاوێک بۆ کۆماری ئیسلامی. زەلکاوێک کە هەم هێزی ئینسانی زیاتر دەبێ تێدا قوربانی بکرێت و هەم بە ملیارد دۆلاری دیکە سەرفی درێژە پێدانی بکرێت. بەشار ئەسەد و کۆماری ئیسلامی هەر دوو دوژمنانی ژمارە یەکی خەڵکی ئێران و سوریەن. ڕژیمی ئیسلامی مانەوەی خۆی لە نێو ئێراندا لەگرەوی درێژەی ئەم قەیرانانە لە دەرەوەی سنورەکانی ئێراندا دەبینێت. خامنەیی بە روونی وتویەتی:” ئەگەر هێزە نیزامیەکانی ئێران نەنێردرایەن بۆ سوریە و عێڕاق، بەرەی شەڕ دەگوازرایەوە بۆ نێوخۆی وڵات”. واتای ” شەڕ لەنێوخۆی وڵاتدا” بۆ خامنەیی شتێک نییە بێجگە لە خەبات و خۆڕاگری خەڵک لە بەرانبەر ڕژیمدا. نابێ ئیجازە بدرێت کە گیانی ئینسانەکان و ئارەقی نێوچاوانی خەڵکی چەوساوە و بێبەشی ئەم وڵاتە بەم شێوەیە بێ پەروا سەرفی درێژدان بە حاکمیەتی کۆنەپەرستانەیان بکرێت. پێویستە خەڵکی ئێران بە دروشمی ” شەڕی سوریە شەڕی ئێمە نییە” و ” پاراستنی ئەسەد داواکاری ئێمە نییە” دەست بدەنە دژایەتی لەگەڵ ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-