پێشەکی:
کۆمەڵگای کوردستانی ژێر دهسهڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، وێرای ئەو بێ مافییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی کە بەرۆکی سەرجەم خەڵکی ئێرانی گرتووە، لە هەمانحاڵدا بە دەست ستەمی نەتەوایەتیشەوە ئازار دەکێشێ. كۆمهلانی خەڵکی کوردستان نە تەنیا لەسەر بنەمای سیاسەتی کرداری، بەڵکوو تهنانهت بە شێوەیەکی ڕەسمیی و لە یاسای ئەم ڕژیمەشدا وەک هاوڵاتی پلە دوو لە کۆمەڵگای ئێراندا ههژمار دهكرێن. هەر جۆرە خۆڕاگری و ناڕەزایەتی دهربرینێك لەدژی هەڵاواردن و نایەکسانی و ههر داخوازێكی ڕهوا له پیناوی دیاریكردنی چارهنووسدا، لەژێر ناوی دیفاع لە یەکپارچەیی خاکی ئێراندا بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت. لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی شۆوینیستی و مەزن خوازانانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، ئامرازێک بووه بۆ پەیڕەوکرانی توندترین دیکتاتۆڕی و سەرکوت لەدژی خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتە دژی ئینسانییه، تەنانەت لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ڕژیمیشهوه پشتیوانی لێدهكرێت.
بەڵام کۆمەڵگای کوردستان لە هەمانحاڵدا کۆمەڵگایەکی چینایەتییە. ئەگەرچی چین و تویژهكانی ئهم كۆمهلگایه، ههركامه تا ڕادهیهك له ژێر كاریگهری ستهمی نهتهوایهتی دان، بەڵام لە هەمانحاڵدا لە ڕهوتی خەبات لە پێناو سڕینەوەی ئەم ستەمەشدا، بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و چینایهتی جیاوازیان هەیە. ههر بهم هۆكارهیه كه كۆمهلگای كوردستان له لایهكهوه بهستێنێكه بۆ حزور و پهره سهندنی مهیلی ناسیونالیستی و له لایهكی دیكهشهوه ئیمكانی كۆمهلایهتی بۆ گهشه كردنی ڕهوتی سوسیالیستی تێدا رهخساوه. له ئاكامی ئهم گۆرانكاریانهدا حیزب و رێكخراوی جیاواز بە ئەمانج و ستڕاتێژی سیاسی تا ڕادەیەک جیاوازەوە، پێکهاتوون. درێژەی خەباتی سیاسیی لەدژی دەوڵەتی ناوەندی کە ئهو خهباته بەردەوام لە پشتیوانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان بەهرەمەند بووە، کوردستانی کردووهتە کۆمەڵگایەکی تا ڕادهیهكی زۆر حیزبی.
لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە دەوڵەتی ناوەندی بەردەوام ئامرازی جۆارو جۆری بۆ سەرکوت و بە لاڕێدا بردنی خۆراگری و خەباتی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی هاوکات بەکار هێناوە. ئەگەر لە لایەکەوە ڕووی کردووهتە سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای لەشکرکێشی، پەیڕەو کردنی توندووتیژی و داپلۆسینی بە ئاشکرا، گرتن، ئەشکەنجە، زیندان و ئێعدام، پەرەدان بە گیرۆدە بوون بە ماددەی هۆشبەر، پهرهدان به ناکۆکی ئاینیی، پێكهێنانی دەستەو تاقمی چەکداری سەلەفی، و… لە لایەکی دیکەوە بە کەڵک وەرگرتن لە کەلێن و ناکۆکی نێوان حیزبە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستان ، پەرەدان بە رۆحییەی چاوڕوانی لەنێو خەڵکی کوردستاندا و کەڵک وەرگرتن لە جەریاناتی لیبڕاڵ و ئیسلاح خوازانی حکومەتی کورد، بە یارمەتی وەرگرتن لە شگردی وتوێژی یەک لایەنە لەگەڵ هێندێک لە حیزب و جەریاناتی سیاسیی و هەروەها هەوڵدان بۆ لە ناوەرۆک بەتاڵ کردنی داخوازی و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان، و بەرتەسک کردنەوەی ئەم داخوازیانە لە چوارچێوەی تەسکی چهند داخۆازی فهرههنگی دا، لەهیچ هەولێک بۆ شکست پێهێنانی بزوتنەوەی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دهست ناپارێزێ.
کۆمەڵە ئاڵای داخوازی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی ستەم دیتو و بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەڵگرتووە، بەپێی بەرپرسیاریەتییەک کە لە بەرانبەر بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستاندا لە ئەستۆیەتی و لە وڵامدانەوە بە مەیلی وەحدەت تەڵەبانەی خەڵکی کوردستان و بە ئامانجی بەکار هێنانی هەموو زەرفیەتەکانی مەوجود لە کۆمەڵگادا لەدژی دەوڵەتی ناوەندی، بە ئامانجی خۆش کردنی ڕێگای چارەسەر کردنی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان، کەم کردنەوەی ئاستی ئەو موسیبەتانەی سەرچاوە گرتوو لە خەبات لەدژی ئەم ستەمگەریەن، بەرتهسەک کردنەوەی ئیمکانی پیلانگێڕییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەنێو حیزب و جەریانە سیاسییە چەکدارەکان لە کوردستان، دابین بوونی هاوکاری هێزە سیاسیەکان لە کوردستان لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، و لە ئاستێکی دیكهدا پەرەسەندنی هاوکاری نێوان بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو سیاسەتانەی خوارەوە دەخاتە دەستوری کاری خۆیەوە:
یەکەم، پێكهێنانی كهش و ههوای دیاکۆگ و گفتوگۆ؛ بەهێز کردنی كلتوری ڕەخنە و ڕۆشنگەری لەنێو ئەحزابی سیاسیدا و لە کۆمەڵگادا بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی خەباتی سیاسی ئاشتیانە لە نێوان هێزەکانی چالاک لە کوردستان.
دووهەم، خۆپاراستن لە بەرەوڕوو بوونەوەی چەکدارانە؛ پێوسته کە گشت هێزە سیاسییە چالاکەکان لە کوردستان بە ڕوونی و بە شێوەیەکی ئهكید سەبارەت بە کەڵک وەرنەگرتن لە چەک لە ناکۆکییە سیاسیەکاندا بهلێن بدهن و پێبەند بوونی بێ ئەملاو ئەولای خۆیان بەم بابەتەوە بە کۆمەڵگای کوردستان ڕابگەیەنن.
سێهەم، ڕێز گرتن لە ماف و ئازادییە دێمۆکراتیکەکانی خەڵک؛ حیزب و هێزە سیاسیەکان پێبەند بوونی خۆیان بە ئەسڵی ئازادی بێ شەرت و مەرجی هەڵسوڕانی سیاسیی لە کوردستان وەک یەکێک لە بنهماكانی تێکۆشانی ئاشتی خوازنەی سیاسی ڕابگەیەنن.
چوارەم، خۆپاراستن لە هەر چەشنە پێوەندیەکی به جیا لەگەڵ ڕژیم؛ وتووێژ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە پێوەند لەگەڵ ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، بابەتێکی تایبەت بە هیچ حیزب و یان ڕێكخراوێك نییە. پێویستە هەموو جۆرە پێوەندیەکی جوداگانە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی قەدەغە بکرێت. ئەگەر هاتوو لە بارودۆخێکی تایبەت و دیاریکراودا وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت زەرورەتی سیاسی پەیدا کرد، سهرهتای ڕێككهوتنی گشتی سەبارەت بە قەبوڵ یان ڕەد کردنەوەی گوفتوكۆ بە ڕەسمییەت بناسرێت و لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ههر ووتووێژێکدا، میکانیزم و شێوازی گشتی بەرەوپێش بردنی به ڕەزامەندی هەموان بێت.
پێنجەم، بە ڕەسمیەت ناسینی سهرهتای دهسهڵاتی جهماوهر؛ حاکمیەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە کوردستان ئهرك و مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکە لە ڕێگای ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانیانەوە. حیزبە سیاسیەکان نابێ سەربەخۆ لە دەنگ و ئیرادەی ڕاستەخۆی خەڵک، حاکمیەت لە هیچ ئاستێکدا لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
شەشەم ، هاوکاری هێزە سیاسیەکان لە هەر ئاستێکدا کە بەڕێوەبچێت، پێویستە به ئاڕاستهی بەرژەوەندی گشتی و کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتو لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا بێت و لە پێناوی بەهێز کردنی خەباتی یهكگرتوانه و ڕاستەوخۆی ئەوان لەدژی کۆماری ئیسلامیی و له دژی حکومەتەکانی سەرکوتگەری خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕێوەبچێت.
کۆسپەکانی بهردهم بەرەوپێش چونی ئەم سیاسەتە
ئەگەرچی حیزبە سیاسییەکان بەرنامەی جیاوازیان بۆ وڵامدانەوە بە ستەمی نەتەوایەتی هەیە، بهلام جیاواز بوونی بەرنامەکانیان، خۆی لە خۆیدا کۆسپێک ناخاتە بەردەم هاوکاری کردن لەدژی کۆماری ئیسلامیی، بەڵام ستڕاتێژی سیاسیی جیاواز واتا مەسیرێکی جیاواز کە ئەوان بۆ دەستەبەرکردنی بەرنامەکانیان دهیگرنهبهر، نە تەنیا پێکهاتنی یەکێتییەکی بەکردەوەی بەردەوام و یان چوونە ژێر چەتری پلاتفۆڕمێکی سیاسی یەکدەست بەرەوڕووی کۆسپی جیدی و بەربەستی گەورە دهكاتهوه، بەڵکوو هاوکاریەی مەوردیەکانیش مەرجدار دەکات. لەوانە دەکرێ ئاماژە بەم کۆسپانەی خوارەوە بکرێت:
یەکەم، جیاوازی لە هەڵبژاردنی هاوپەیمانانی سەرتاسەری لە ئاستی ئێراندا؛ حیزبە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستان هەرکامە و هەوڵ ئەدات تا به پێی ستڕاتێژی سیاسییەکەی و گونجاو له گهل پێگەی چینایەتی خۆی، هاوپەیمانەکانی لە ئاستی سەرتاسەریدا هەڵبژێرێت. جاری وا هەیە بژاردهكان بە ڕادەیەک نامۆن کە بەرەوپێش بردنی هاوکاری حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان گەلێک دژوار و هێندێک جار نا مومکین دەکات. هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکومەتی و یان هێزە شۆوینیستە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی، وەک سەڵتەنەت خوازەکان و یان هاوپەیمانی لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران کە خوازیاری دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامیی دیکەیە،كه بە گشتی هەمویان دژ به مافی دیاریكردنی چارهنوسی خهلكی كوردستانن،لە نمونەکانین.
دووهەم، گرتنەپێشی سیاسەتی پشت بەستن بە دخاڵەتی زلهێزە ئیمپڕیالیستیەکان و مەیدان دان بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە کە هەرکامە و بەشوێن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن، چوونە نێو هاوپهیمانهتی كۆنه پهرهستانه لە ئاستی ناوچەکەدا، له زۆمرهی ئهومەترسیانهن کە هەڕەشە لە بزوتنەوەی ڕەوا و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەكهن. ئەم سیاسەتە بە جێگای پشت بەستن بە هێزی ڕاستەخۆی خەڵک، تۆوی خۆش باوەڕی بە دخاڵەتی هێزە دەرەکییەکان دەچێنێ و چاوەڕوانی و دەست لەسەر دەست دانان ڕەواج پێئەدات و ڕواڵه تی عادلانه و حهق خوازانه ی خه باتی خهلكی کورد بو ئازادی خهوشهار دهکات. ئەو دەست تێوەردانانەی کە نەک لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبوونەتە هۆی بەدی هاتنی ئازادی و ژیانی باشتر، بەڵکوو کوشتار، وێرانی و دەربەدەریان بە دوای خۆیاندا هێناوە. ئهمڕۆ نمونەی ئەم ڕاستییە زۆر تاڵە لە ئەفغانستان، عێڕاق، لیبی و سوورییەدا دەببینین. ئەم جۆرە دخاڵەتانە تا ئێستاش زیانیان بە بزوتنەوەی ڕەوا و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە عێڕاق و سوورییە گەیاندوە.
سێهەم، ناکۆکی سەبارەت بە دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری؛ ئەگەرچی خەباتی چەکداری لەدژی ڕژیمێک کە بە هەموو هێزیەوە و بە پشت بەستن بە زەبری چەک و سەرکوت مافە سەرەتاییەکانی ئەم خەڵکە پێشێل دەکات، مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بەڵام دەست پێکردنەوەی ئەم لایەنە لە چالاکی بەبێ لەبەرچاو گرتنی فاکتۆرە سیاسی و نیزامیەکانی پیویست بۆ وهها تاكتیكێك،بە بێ ئاماده بوونی مهلزوماتی پێویست بۆ بەرەو پێش بردنی، له بهرژهوهندی بزوتنەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان دا نییه. گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە بەبێ فەراهەم بوونی پێش مەرجەکانی، بە سەرنجدان لە تەلەفاتێک کە لێی دەکەوێتەوە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئەو دەرفەتە دهخولقێنێ کە “بههێزبوونی” خۆی پیشان بدات و بە توند کردنەوەی کەش و ههوای ئەمنییەتی و پۆلیسی، كاری بەرەو پێش چوونی بزوتنەوە كۆمهلایهتییهكان له کوردستان دژواتر بکات. ڕەچاو کردنی ئەم سیاسەتە نە تەنیا زیان بە ههیمهنهی مێژوویی و ڕەوا بوونی خەباتی چەکدارانە دەگەیەنێ، بەڵکوو ئاسەوار و دواهاتەکانی ئەم سیاسەتە لە بارودۆخی ئێستادا داوێنگیری بزوتنەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان و گشت هێزە سیاسییەکان دەبێت و بوار و ئیمکاناتی هاوکاری ئەم هێزانە لاواز دەکات.
چوارەم، جیابونەوەکان لەنێو حیزبە سیاسیەکاندا بۆنهته هۆی سەرهەڵدانی ” قەیرانی بێ متمانەیی” له نێوانیاندا؛ بەشێک لەم جیابونەوانە سروشتین و ریشهكهیان له جیابونهوهی رێگا و ئامانجێك دایه كه لهم حیزب و ئهو حیزبدا سهریان ههڵداوه. بەشێکی دیكه نەک لە ئاکامی ناکۆکی سیاسیی و تەنانەت تاکتیکی گرینگ و جیاوازدا، بەڵکوو بەهۆی کێشمەکێشەکانی نێو خۆی رێكخراوهكان ڕوویانداوه. لە هەردوو حاڵەتدا ئاوا پێشینەیەک، و ئەو ڕووداوانەی کە لە کاتی جیابوونەوەدا ڕوویانداوە خۆیان بۆنەتە کۆسپێک لەسەر ڕێگای هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشدا. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم بابەتە بۆتە یەکێک لە کۆسپەکانی شکڵ گرتنی هاوکارییەکان.
چەند خاڵی دیاریکراو بۆ هاوکاری به ئاراستهی دەستەبەر بوونی ئەم ستڕاتێژهدا
• هاوکاری به مهبهستی دابین كردنی پشتیوانی ماددی و مەعنەوەی حیزبە پێشکەوتن خوازەکان، سازمان و ڕێکخراوە ئینسان دۆستەکان لە سەرتاسەری دنیادا لە بزوتنەوەی ڕەوا و ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان.
• هاوکاری کردن لە بواری زانیاری گەیاندن و ئەمنییەتی، بە ئامانجی پۆچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی لەدژی حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان.
• هاوکاری و پێكهێنانی هاوئاهەنگی بۆ پۆچەڵ کردنەوەی ئەگەری گوشارەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق و هاوئاهەنگی لە پیوهندی ڕەسمیی و دیپلۆماتیک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• هاوکاریی فەننی و تەکنیکی لە خزمەت کاراتر کردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئاسانکاری كردن بۆ یهكتر لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا.
• گرتنە پێشی هەڵوێستی هاوبەش “لە ڕێگای دهركردنی بەیانیەی هاوبەش و یان کرداری هاوبەشەوە”، لە پێوەند لەگەڵ ڕووداوە گرنگە سیاسییەکان و بانگەوازی هاوبهش لەو حاڵەتانەدا کە پێویستێكی سیاسیی گرینگ دێته ئاراوه.
هاوکاری بە ئامانجی بەهێز کردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو خۆی وڵاتدا
بێ مافییە ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی ههڵاواردنی دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە خەڵکی کوردستان له بواری جوراوجۆدا، بێ ئاسۆیی لاوان و بێبەش بونیان له مافە سەرەتاییە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵاواردن و ستەم لەسەر ژنان و ئاسەواری زیانباری بەسەر هەموو کۆمەڵگاوە، گرتن و زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسیی، سیاسەتی پەرەدان بە ماددەی هۆشبەر، وێران کردنی ژینگە، ماجەراجویی و دخاڵەت گەری ڕژیمی ئیسلامیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا کە بە زەرەری خەڵک شکاوەتەوە، ئەمانە بە گشتی بهشێكی بەرین لە توێژە جۆراو جۆرەکانی خەڵکی کوردستانی لە بهرهی دژ به دهولهتی ناوەندیدا قهرار داوه. هاوکاری بە کردەوەی هەڵسوڕاوانی عەلەنی به ئاراستهی بەرەپێش بردنی خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەنێو وڵاتدا کۆمەڵێک لایەنێكی گرینگ لە سیاسەتی هاوئاهەنگی و هاوکاری ئێمە پێکدێنێ. بەڵام جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی ئەم هاوکاریانە زیاتر لەوەی کە ببێتە بابەتی تەبلیغاتی ڕاگەیەنەرەکان، پێویستە لهیهك تێگهیشتنی هاوبەشی هەڵسوراوانی سیاسیی لەنێو خۆی وڵاتدا و لهپەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەدژی ڕژیمی ئیسلامیدا خۆی نیشان بدات. ئێمە لە گشت جێگایەک هەوڵ ئەدەین بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی یەکگرتوخوازانه لە خزمەت بە بەهێز کردنی وەها خەباتێکدا لەدژی کۆماری ئیسلامیی، ئاسان کاری بۆ سەرکەوتنی هەر حەڕەکەت و ناڕەزایەتییەکی دیاریکراو بکەین. پێشنیاری بیناكهر بۆ کاراتر کردنەوەی ئەم سیاسەتە لەبەرچاو دهگرین و به مهبهستی دابین بوونی “یهكێتیی كردهوه”،ئەوپەڕی نەرمی مومکین پێشان ئهدهین.