کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێنانەدەری ڕێبەرانی ئیسلاح خوازی حکومەتی لە حەسری خانەگی بۆچی لەم کاتەدا؟

پێگەی زانیاری ئینساف نیوز رۆژی شەممە ٦ ی مانگی گەلاوێژ لە زمان محەممەد حسین کەروبیەوە نووسی:” لە جەلەسەی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەییدا لابردنی حەسر لەسەر موسەوی، کەروبی و زارا ڕەهنەوەرد پەسند کراوە.” بە وتەی ئەو لە ئێستادا چاوەڕێن تا خامنەیی بۆچوونی خۆی سەبارەت بەم پەسند کراوەی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی دەرببڕێت. وادیارە ئەگەر خامنەیی تا ١٠ رۆژ بۆچونی خۆی ده‌رنه‌بڕێت، ئەم پەسند کراوە دەجێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. سەرۆکی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی بە دەست سەرۆک کۆماری ئێرانە بەڵام پەسند کراوەکانی، بەپێی یاسای بنەڕەتی دوای پەسند کردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی شیاوی جیبەجێ کردنە. دەوترێت دەست پێکی حەسری ڕێبەرانی ئیسلاح خوازی حکومەتی لە ساڵی ١٣٨٩، لەسەر بنەمای ئەم میکانیزمە لە شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەییدا پەسند کرا و چووە بواری کرداریەوە. میرحسێن موسەوی، زارا ڕەهنەوەرد و مێهدی کەروبی زیاتر لە حەوت ساڵە کە بەبێ محاکەمە لە ماڵی خۆیان دا دەست بەسەر کراون. هەروەها محەممەد خاتەمی ش هەر لەم پێوەندەدا مەمنوع التەسویر و مەمنوع الخوروج کرابوو.

لاچوونی حەسەر لەسەر ڕێبەرانی ناسراوی ئیسلاح خوازانی حکومەتی خۆی لە خۆیدا هەواڵێکی گرنگ نییە. بارودۆخی سیاسی ئێستا لە ئێران مەترسیدار تر و قەیراناوی تر لەوەیە کە هاتنە دەری ئەم چەند کەسە لە زیندانی خانەگی، ئاڵوگۆڕێک لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دروست بکات. لەبەر ئەوەی لانیکەم لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بەم لاوە، ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە حەسر و لە دەرەوەی حەسەر، خاسیەتی خۆیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دەست دابوو. ڕەنگە ئەگەر دوو ساڵ لەوە پێش خامنەیی وەها کارێکی بکردایە، هێشتا دەرفەتێک بۆ کەڵک وەرگرتن له‌ توانایه‌كانی ئه‌و باڵە وەک سوپاپی ئیتمینان هه‌بوایه‌. بەڵام لەمرۆدا لەگەڵ گەشە و بەرەو پێش چوونی خەباتی کرێکاران و خەڵکی ماف خواز لە ئێران، ئەم کارتانە سوتاون. لەم روەوە دەبێ لە شوێنێکی دیکە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی لاچوونی حەسر بگەڕێین.

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا دەستی داوەتە وەها کارێک، بە شێوەی ئاسایی دوو هۆکاری بۆ باس دەکرێت. یەکەم ئەوەی کە ڕژیم کە لەژێر گوشاری ئامریکادایە، لەم پێوەندەدا دەیەوێ ئەگەر وتووێژێک لە ئارا دایە و یان ئەگەر قەرارە خۆڕاگریەک بەڕێوەبچێت، باڵە جۆراو جۆرەکان لەم پێوەندەدا یەک دەست و یەک پارچە بجوڵێنەوە. بێ گومان ڕژیم لەم قۆناغە زەمەنیەدا پێویستی بە یەپارچەیی و ڕێکخستنەوەی ڕیزه‌كانی خۆی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ بەربەرکانی لەگەڵ ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشەن لەسەری، لەوانە بەرەنگار بوونەوەی گوشارە دەرەکیەکانیش هەیە. بەڵام ئێمە ناکۆکیەک لە ڕیزی سەرەوەی ڕژیم سەبارەت بە شێوازی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ گوشارەکانی ئامریکا نابینین، تا گۆیا بە ئازاد کرانی ئەم چەند کەسە لە نەیارانی، تای تەرازو بە لایەکدا قورسایی بکات و معامەلەکە ئەنجام بدرێت. لەم روەوە ئەمە دەلیلێکی قانع کونەندە نییە.

بەڵام هۆکارێکی ڕاستەقینەی تر هەیە و ئەویش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مەترسیەک کە لەنێو کۆمەڵگای ئێرانەوە هەڕەشەی لێدەکات، پێویستی بە پێگەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لەنێو ڕیزی خوارەوەی ڕژیم، واته‌ لەنێو ئەڕتەش و سپا و بەسیج و دەزگای ئیداری و ناوەندە حکومەتیەکان و توێژی دەوڵەمەندی کۆمەڵگادا هەیە. بەم واتایە هێنانەدەری ڕێبەرانی ئیسلاح خوازان لە زیندانی خانەگی، بەشێک لە هەوڵی کۆماری ئیسلامیە بۆ ڕێکخستن و یەک دەست کردنی ڕیزەکانی لە خوارەوە. پێ بەپێی نزیک بوونەوە بە سازش لەگەڵ ئەمریکا، مەترسی لە نێوخۆوە بۆ ڕژیم رۆژ لەگەڵ رۆژ جیدی تر دەبێتەوە. لابردنی حەسەری خانەگی لەسەر ڕێبەرانی ئیسلاح خوازی حکومەتی لەم قۆناغەدا لە پێوەند لەگەڵ وەها مەترسیەکدا قابیلی دەرکە، نەک لە پێوەند لەگەڵ گوشارەکانی ئامریکا و ئەوەی کە گۆیا لە بەرانبەر دوژمنی دەرەکیدا دەبێ یەک دەست بجوڵێنەوە.

بە دڵنیاییەوە، سیاسەتی دەوڵەتی ئامریکا لە بواری گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی، ڕژیم بە کردەوە ناچار دەکات بە مەرجەکانی ئەو دەوڵەتە ڕازی بێت و کۆماری ئیسلامی لە زێدەخوازییە ناوچەییەکانی دەست هەڵدەگرێت. ترامپ باش دەزانێ و ڕەدی ناکاتەوە کە لەو دیوی ئەم شەڕە لەفزیەوە ڕژیمی ئێران خۆی بۆ سازشی پێویست لەگەڵ رۆژئاوا ئامادە دەکات. خەت و نیشان کێشانەکانی سەرانی ڕژیم بۆ ئامریکا و هەڕەشەی گاڵتەچاڕانە و بێ ناوەرۆک لە ڕاستیدا نەک ڕوو له‌ ئامریکا بەڵکو روو لە خەڵکی ئێڕانە. ئەوان نیگەرانن کە سازش و پاشەکشه‌ لە بەرانبەر گوشارەکانی ئامریکادا، جسارەتی هێرش و پێشڕه‌وی لە خەڵکدا دژ بە بنه‌ماكانی ڕژیم زیاتر بکات.

لە ڕاستیدا ئەم هەراوهوریای شەڕی ڕەوانیە نەک لەگەڵ ئامریکا بەڵکو لەگەڵ خەڵکی ئێرانە، زەمینە سازییە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵک لە سبەی رۆژی ئاشکرا بوون و بە ڕەسمی بوونی پاشەکشەکەیدا. کاتێک له‌ ساڵی ١٣٦٧ خومەینی شکستی لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقدا قەبوڵ کرد و جامە ژەهرەکەی خواردەوە، نیگەرانی لە ئاخێزی جەماوەری بوو کە ئەوی خستە گیانی زیندانیانی سیاسی بەند کراو. چ ئەو کات و چ ئەمرۆ مەترسی نەک لە دەرەوە بەڵکو لەنێوخۆدا هەڕەشە لە مەوجودیەتی ڕژیم دەکات. ئازادكردنی ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ له‌ حه‌ساری خانگی، سه‌نگه‌ربه‌ندیه‌كی لاوازه‌ به‌رانبه‌ر به‌م مه‌ترسییه‌. لەم بوارەدا ترامپی ش سەرەڕای سه‌ر شێتیه‌كانی بە یارمەتی ڕاوێژکارانی دوور ئەندێشی، دەزانێ کە سەبارەت بە ئێران ده‌بێ به‌ پارێزه‌وه‌ بجوڵێتەوە. کلکی شێرێک کە ترامپ نابێ یاری پێبکات، نەک خۆ هەڵکێشانەکانی قاسم سولەیمانی و روحانی، بەڵکو شەپۆلی لە خورۆشانی شۆڕشی سبەی رۆژە لە ئێران. شۆڕشێک کە ئەگەر بە ئاکام بگات، ڕواڵەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-