كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی خانه‌نشینكراوانی ئێران، ڕۆژی سێشه‌ممه ٧ی مانگی ڕێبه‌ندان، به ئامانجی په‌یگیر كردنی خواسته‌كانیان، له تاران و ده‌یان شاری دیكه‌ی ئێران به‌ڕێوه‌چوو. ڕێكخراو و ناوه‌نده‌كانی سه‌ربه‌خۆی خانه‌نشینكراوان، به پشتیوانیی ناوه‌نده‌كانی خوێندكاری و فه‌رهه‌نگی، بانگهێشتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یان دابوو. له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا خانه‌نشینكراوان وێڕای به‌ده‌سته‌وه گرتنی پارچه‌ی نووسراوه، گه‌لێك درووشمی سه‌ره‌نج ڕاكێشیان به‌رز كرده‌وه كه بریتی بوون له: “گرانی و ته‌وه‌رۆم، به‌ڵای گیانی خه‌ڵكه”، “واده و به‌ڵێنی به‌سه، سفره‌كان به‌تاڵن“، “له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، ده‌گه‌ین به مافه‌كان“، “درووشمی ئه‌م زه‌مانه، مه‌عیشه‌ت و ده‌رمانه” و “تا نه‌گه‌ین به مافمان، ناناسین ڕاوه‌ستان“. له بڕیارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی خانه‌نشینكراواندا هاتووه كه: “په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت له ئاستی كۆمه‌ڵگادا، بنه‌ماكانی ژیانی خانه‌نشینكراوانی، هه‌ر وه‌ك باقیی توێژه زه‌حمه‌تكێشه‌كان، به‌ره‌و نابوودی بردووه. هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مه‌ودای نێوان زۆربه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی ناو كۆمه‌ڵگای له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و خاوه‌نانی ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خستووه‌ته ڕوو. ئه‌م ناكۆكی و جیاوازیانه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه خانهنشینكراوانیش ئازارییان به‌ركه‌وێ و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان به شێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام ڕاگه‌یه‌نن و خواسته‌كانیان ده‌ربڕن. كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ر شه‌قامی خانه‌نشین كراوان، كرده‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه خۆی ده‌رخه‌ری به‌دواداچوون و هه‌وڵی به‌رده‌وامیانه بۆ گۆڕینی باروودۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری“. كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رشه‌قام و خه‌باتی په‌یگیری خانه‌نشینكراوان، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له بزووتنه‌وه‌ی مافخوازیی چینی كرێكار و توێژه خواردهستهكانی كۆمه‌ڵگای ئێران.
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رشه‌قامی خانه‌نشینكراوان، له درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی موتالباتیی چینی كرێكار، له باروودۆخێكدا به‌ڕێوه‌ده‌چێ كه كۆماری ئیسلامی، له یه‌كێك قووڵترین قه‌یرانه ئابووری و سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكهكانی گشت ته‌مه‌نیدا، ده‌ست و پێ لێده‌دا. له ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ه‌وه كه هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی بێبه‌شانی شاری، به‌هۆی سێ به‌رابه‌ر بوونی قیمه‌تی بێنزین، لێكهوتهوه و له ئاكامی سه‌ركوتی دژه‌مرۆییدا، پتر له هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا، ڕژیمی ئیسلامی له قه‌یرانێكه‌وه، كه‌وتووه‌ته چاڵی قه‌یرانێكی دیكه‌وه.
درێژه‌ی ماجه‌راجوویی و ده‌ستتێوه‌ردانی نیزامی ڕژیم له ناوه‌نده قه‌یراناوییه‌كانی ناوچه‌كه و پاشان تیرۆری قاسم سوله‌یمانی له مانگی به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو، ئێرانی له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی نیزامی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌ره‌وڕوو كرده‌وه. له‌وپه‌ڕی ئه‌م قه‌یرانه‌دا، شایه‌دی به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی موسافیربه‌ریی ئۆكراینی بووین به ١٧٤ سه‌رنشینه‌وه، له لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه و درۆنانه‌وه و فریوكاری له‌مباره‌وه، سه‌رانی ڕژیمی زیاتر له جاران ڕسوا كرد. پاشان ویرووسی كۆرۆنا و نه‌بوونی ستراتێژییهكی ڕوون بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشییه، كۆمه‌ڵگای ئێرانی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له بێوێنه‌ترین قه‌یرانه ته‌ندرووستی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مێژووی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌ره‌وڕوو كرد و به‌هۆیه‌وه، به پێی ئاماری هێندێك له سه‌رچاوه سه‌ربه‌خۆكان، پتر له ١٥٠ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه. له خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ه‌وه هه‌تا ئێستا ئه‌رزشی ڕیال له به‌رامبه‌ر دۆڵاردا نزیك به ٦٠ له‌سه‌د هاتووه‌ته خوارێ و ئه‌وه‌ش خۆی دابه‌زینی كاره‌ساتباری حه‌قده‌ست و توانای كڕینی كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگای لێكه‌وتووه‌ته‌وه. له باروودۆخێكدا كه ئاسۆی درێژه‌ی ژیانی ئابووری و كه‌ڵه‌كه كرنی سه‌رمایه لێڵ بووه و ده‌زگای ڕووحانییه‌ت و ئیدێئۆلۆژیكی ڕژیم، بۆ مه‌شرووعییه‌ت به‌خشین به‌م باروودۆخه به‌ره‌وڕووی بنبه‌ست بووه‌ته‌وه، تاكتیكی سه‌ركوتیش كارایی ڕابردووی خۆی له‌ده‌ست داوه. ئه‌م قه‌یرانانه بوونه‌ته هۆی دامركانی به‌رده‌وامی تواناكانی كۆماری ئیسلامی.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌م قۆناغه، یه‌كێك له پڕجموجۆڵترین قۆناغه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری بووه له ئێران. هیچ ڕۆژێك نه‌بووه كه شایه‌دی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران نه‌بین. مانگرتنی كرێكارانی هه‌فت ته‌په، مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی، مانگرتنی كرێكارانی ئازه‌رئاب و هێپكۆی ئه‌راك، كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خانه‌نشینكراوان، ته‌نیا نموونه به‌رچاوه‌كانی ئه‌م مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییانه بوون. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پێشڕه‌وییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و په‌روه‌رده بوونی نه‌سلێك له ڕێبه‌رانی كرێكاری له جه‌رگه‌ی ئه‌م خه‌باته‌دا، ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ وه‌ك دوو ئه‌زموونی بابه‌تی و دوو ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی نیشانیان دا كه بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران، هێشتا له بواری ڕێكخستن له‌پێناو ڕێبه‌ری كردنی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و دابین كردنی ڕێبه‌ریی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌شێوه‌ی پێویست، ئاماده نییه. چینی كرێكار به‌هۆی لاوازبوونی ڕێكخراوه‌یی و لاوازی له ڕێبه‌ری سیاسی‌دا، نه‌یتوانی له جه‌رگه‌ی ئه‌م ئاخێزه سیاسییانه‌دا، به مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی خۆی، ماشێنی سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی زهوینگر كات و درێژه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وانه زه‌مانه‌ت بكات. هه‌ربۆیه ڕێكخراو بوونی كرێكاران له ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیدا، و حیزبی بوونی كرێكاران، به‌تایبه‌ت هه‌ڵسووڕاون و ڕێبه‌رانی كرێكاری، له پێشمه‌رجه‌كانی ڕێبه‌ری كردنی چینی كرێكاره به‌سه‌ر بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له ئێران. به‌ڵام ڕێكخراوی جه‌ماوری و چینایه‌تی و سه‌رتاسه‌ری خۆی به‌خۆیه‌وه پێكنایه و ته‌نیا ده‌توانێ به‌رهه‌می به‌رده‌وام بوونی هه‌ر ئه‌م مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئێستا و بزووتنه‌وه‌ی موتالباتیی كرێكاران و گه‌شه‌ی ئه‌م خه‌باته بێت.
له هه‌مان حاڵ‌دا، ڕێكخراو و هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستیی له ئێران، وه‌ك بابه‌تێكی زه‌رووری، پێویسته وێڕای هه‌وڵ دان بۆ په‌ره‌پێدانی بزووتنه‌وه‌ی موتالباتیی كرێكاران له پێناو خه‌بات بۆ دابین كردنی ڕێبه‌ریی چنیی كرێكار له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستا، به هه‌ر ڕاده‌یه‌ك كه ده‌توانن كه‌ش و هه‌وای سیاسی و فیكریی كۆمه‌ڵگا، بخه‌نه ژێر كاریگه‌ریی ڕێكاره سۆسیالیستییه‌كان. پێویسته بۆ كاره‌ساتی بێكاری، سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، كێشه‌ی پیس بوونی هه‌وا و قه‌یرانی ژینگه، كاره‌ساتی ئێعتیاد، قه‌یرانی مه‌سكه‌ن، كاری منداڵان و ده‌یان كێشه و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه، كه ژیانی ملیۆنان مرۆڤی خستووه‌ته ژێر مه‌ترسیی و كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، ڕێگاچاره پێشكه‌ش بكرێ. چۆنكه هه‌موو ئه‌م كێشه وگرفتانه به چینی كرێكاره‌وه په‌یوه‌ندیی هه‌یه، چونكه چنیی كرێكار له پێگه‌ی ڕێبه‌ر و خاوه‌نی كۆمه‌ڵگا دایه و پێویسته وڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بێت. پێویسته له ڕێگه‌ی وڵامدانه‌وه به‌م كێشه و گرفتانه‌وه، وتاری سۆسیالیستی بكرێته وتارێكی به‌هێز له كۆمه‌ڵگادا. پێویسته له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكاره‌وه، گشت ڕووداوه گرینگه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه و ناوچه‌كه، له‌سه‌ری وه‌ختی خۆیدا وڵامی پێ بدرێته‌وه، هه‌ڵوێست بگیرێت و ڕێگه نه‌درێت، میدیا و چاپه‌مه‌نییه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بورژوایی، بیروڕای گشتی مه‌سمووم بكات و به‌لاڕێیاندا به‌رێت. هێزه‌كانی ئێستای ناو بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستیی ئێران به به‌دواداچوونی چالاكانه‌ی ئه‌م ته‌وه‌رانه‌یه كه ده‌توانن، ڕوانینی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و خۆیان ڕابكێشن.
بۆ پێشڕه‌ویی شۆڕش پێویسته ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنی كرێكاران و گه‌شه‌ی ئه‌م خه‌باته له بوار ڕێكخستن و دابین كردنی ڕێبه‌ری، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕینی وتاری سۆسیالیستی بۆ وتارێكی به‌هێز له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، په‌یوه‌ند بدرێ. گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی مافخوازی و پێكه‌وه په‌یوه‌ند دانی له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌یه‌ك كه تێیدا حیزب و ڕێكخراوه كۆمۆنیستهكانیش توانیبێتیان له‌پێناو وڵامدانه‌وه به كێشه و گرفته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی و فیكریی كۆمه‌ڵگا كاریگه‌ری دابنێن و سه‌ره‌نجی كۆمه‌ڵگا و چالاكان و ڕێبه‌رانی كرێكاری و باقیی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ره‌و ڕێكاره سۆسیالیستییه‌كان ڕابكێشن، ده‌توانێ ئاسۆیه‌كی ڕوون به‌ره‌وڕووی كۆمڵگای ئێران بكاته‌وه و پێشڕه‌ویی شۆڕش زه‌مانه‌ت بكات.