چه‌ند ڕۆژی دیكه گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕژیم به‌ڕێوه‌ده‌چێت. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م شانۆیه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌چاو شانۆكانی پێشوو له‌وه دایه كه ئه‌مجاره‌یان ئاستی به‌شداری كردنی خه‌ڵك بۆ خودی ڕژیمیش زۆر گرینگ نییه. ئه‌مڕۆ خامنه‌یی و سپای پاسداران و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیم، هه‌ر هه‌موویان شمشیریان له ڕۆوه به‌ستووه و به‌ئاشكرا هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن. میحوه‌ری سه‌ره‌كیی وته‌كانی خامنه‌یی له ماوه‌ی حه‌فته‌كانی ڕابردوودا ڕوو به خه‌ڵكی ئێران هه‌ڕه‌شه و ده‌ربڕینی تووڕه‌یی بووه. له‌و ماوه‌یه‌دا خامنه‌یی ئه‌ساسه‌ن هه‌وڵی داوه به ڕیزه‌كانی ڕژیم، به‌وانه‌ی وا مان و نه‌مانیان به مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌وه گرێ دراوه ، ڕۆحیه بدات و یه‌كگرتوویان بكات.
ئه‌مڕۆ ئه‌وله‌وییه‌تی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له ئێران، وه‌ده‌ست هێنانی ئاماده‌ییه بۆ ئه‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه چاره‌نووس سازانه‌ی كه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن. له‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌دا ئامرازی ئه‌وان خۆشباوه‌ڕی نانه‌وه و فریو نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ئه‌م تاكتیكانه چیتر كاراییان نه‌ماوه. ئه‌مڕۆ میحوه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م ستراتێژییه به‌كارهێنانی ڕاسته‌وخۆی هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن و سه‌ركوته. ئه‌وه‌یكه چه‌نده ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌بێت تا ئه‌م ستراتێژییه له پانتاییه‌كی نوێ‌دا به‌كرده‌وه ده‌ربێنێت و ئه‌گه‌ریش به‌كرده‌وه‌ی ده‌رهێنا تا چ ئاستێك كارساز ده‌بێت، خۆی له‌ژێر پرسیار دایه. هه‌روه‌ك بینیمان پاش كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، ڕژیم نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی چاوترسێن بكات.
بۆ ڕژیمه‌كانی وه‌ك ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران، سه‌ركوت له قۆناغه جۆراوجۆره‌كاندا كارایی جیاوازی خۆی هه‌یه. له قۆناغی گه‌شه‌ی حه‌ره‌كه‌تی شۆڕشگێڕانه‌دا كه كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ڕاپه‌ڕینێكی سه‌رتاسه‌ری هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ، سه‌ركوت كاراییه‌كی سنووردارتری هه‌یه و ڕیزه‌كانی خه‌ڵك پته‌وتر و هاوپشتییان زیاتر ده‌كات. به‌ڵام له قۆناغی ركود و دامركانی باروودۆخی شۆڕشگێڕانه‌دا، خه‌ڵك چاوترسێن و بێده‌نگ ده‌كات.
بۆ نموونه شۆڕشی ئێران له ساڵی ١٣٥٧ تا كاتێك كه له ڕۆژی ٢٢ی ڕێبه‌نداندا ڕژیمی شا به ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك تێكشكا و خه‌باتی خه‌ڵك به‌رده‌وام له حاڵی گه‌شه‌دا بوو، هه‌وڵی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیمی شا خه‌ڵكی سه‌ركێشتر و هاوپشتییانی پته‌وتر ده‌كرد. ئه‌م شۆڕشه پاش ئه‌وه‌یكه له ڕۆژانی ڕاپه‌ڕینی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧دا به لووتكه‌ی خۆی گه‌یشت، له لایه‌ن ڕژیمی ئیسلامیی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌وه هێرشی كرایه سه‌ر. له‌و قۆناغه به‌ره‌و ئه‌ملا ئه‌م شۆڕشه له‌ژێر گوشاری ڕژیمی ئیسلامی‌دا قۆناغ به قۆناغ دامركایه‌وه و ڕه‌وتی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی كاری سه‌ركوتی شۆڕشی درێژه پێدا. سه‌ركوت له قۆناغی نوێ‌دا دوو تایبه‌تمه‌نیی سه‌ره‌كیی هه‌بوو: یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه له‌چاو سه‌ركوتی ڕژیمی شا دڕندانه‌تر و توندتر بوو و دووهه‌م ئه‌وه‌یكه سه‌ركوت پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌كجار به‌هێزی هه‌بوو. زۆری نه‌خایاند كه شه‌ڕی ئێران و عێراقیش وه‌ك به‌ره‌كه‌تێك هاته ڕێ و كه‌وته خزمه‌ت سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیمه‌وه. خه‌ڵك ماندوو و ناهومێد بوون. شه‌پۆله‌كانی شۆڕش دامركان. ئه‌وه ڕێك ئه‌و باروودۆخه بوو كه نزیك ١٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شۆڕشی مه‌شرووتییه‌تی ئێران سه‌ره‌نجام تووشی هات.
به‌ڵام ئێرانی ئه‌مڕۆ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وه‌پشت سه‌ر ناوه و كۆمه‌ڵگای ئێران له شۆڕشی ١٣٥٧ دوور كه‌وتوونه‌وه. نه‌سلێكی تازه هاتووه‌ته مه‌یدان كه ساڵانی تیرۆر و تۆقاندنی ده‌یه‌ی ٦٠یان ته‌نیا له كتێبه‌كاندا خوێندووه‌ته‌وه و یان وه‌ك بیره‌وه‌ری له گه‌وره‌كانیان بیستووه. ئه‌م نه‌سله چاوترساو و خۆف هه‌ڵگرتوو نین. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگای ئێران له بواری هێزی مرۆییه‌وه بووه‌ته وڵاتێكی یه‌كجار گه‌وره‌تر. چینی كرێكاری ئێران له به‌شه سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووریی ئێران له‌وانه نه‌وت و پێترۆشیمی و مه‌عده‌ن و خزمه‌تگوزاریی شاری پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی گرینگی له دیاری كردنی چاره‌نووسی سیاسیی داهاتووی ئێران‌دا به‌ده‌ست هێناوه. ژماره‌ی خوێندكاران چه‌ندین به‌رابه‌ر زیادی كردووه. ژنان به‌و سووكایه‌تییانه‌ی كه له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا له لایه‌ن ڕژیمی كۆماری ئسیلامییه‌وه به‌سه‌ریان دا سه‌پاوه، هاوشێوه‌ی گڕكانێكی نیوه‌چالاكن كه هه‌موو كات ئه‌گه‌ری هه‌ڵچوونی له ئارا دایه. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، ئه‌م جه‌ماوه‌ره، ئه‌م بزووتنه‌وانه، له ناوه‌ڕاسته‌كانی ده‌یه‌ی ٧٠وه به‌ره‌و ئه‌ملا هێزی خۆیان له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام تاقی كردووه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا كۆمه‌ڵگای ئێران له خواره‌وه نییه كه وه‌ها پۆتانسیه‌لی ناڕه‌زایه‌تیی ئاڵوگۆڕخوڵقێنی كه‌ڵه‌كه كردووه، وه‌زعی ڕژیم له سه‌ره‌وه‌ش ئاڵۆزه. بازنه‌ی خاوه‌نانی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام ته‌نگتر ده‌بێته‌وه. ڕژیم هه‌موو ڕۆژێ به‌شێكی دیكه له نزیكانی خۆی، له‌خۆی دوور ده‌خاته‌وه. كه‌سانی پله به‌رزی ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌م ڕژیمه گه‌نده‌ڵ، بێ كیفایه‌ت، هه‌لپه‌رست و به‌رتیل خۆرن. پێگه‌ی خۆیان ناسه‌قامگیر ده‌بینن و بیر له ڕێگای ده‌رباز بوونی كه‌سی ده‌كه‌نه‌وه. له‌خوڕا نییه كه له ئێستادا قه‌راره گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له‌ناو مه‌جلیس دا په‌سند بكرێت كه به پێی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ نه‌توانن له ئێران بڕۆنه ده‌رێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه ئیتر نه‌گه‌ڕێنه‌وه و له ده‌ره‌وه ببنه سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی ڕۆژئاوا. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دانی به‌وه دانا كه به‌رپرسی یه‌كه‌می هیدایه‌تكه‌ری سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی دژبه ئیسرائیل، سیخوڕی ئیسرائیل بووه. ڕێكخراوی ئه‌منیی ئیسرائیل بۆ هه‌ر گۆشه‌یه‌ك كه ویستوویه‌تی سه‌ركێشی كردووه و زه‌ربه‌ی لێداون. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، ڕژیم له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابووریی توندتر، په‌راوێزخرانی نێونه‌ته‌وه‌یی، سزا و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. وتووێژه‌كانی به‌رجام سه‌ره‌ڕای ئاماده‌بوونی كۆماری ئیسلامی بۆ دانی ئیمتیاز، هیچ پێشكه‌وتنێكی نه‌بووه. له حاڵێكدا كه ڕژیم پێویستیه‌كی زۆری به كرانه‌وه‌ی خیرای ئابووری هه‌یه، ئه‌مریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی له‌م بواره‌دا په‌له‌یه‌كیان نییه.
ئه‌وانه بێگومان ئه‌و ڕاستیانه نین كه له چاوی خه‌ڵكی ئێران شاراوه بن. ڕاسته كه ڕژیم له بواری هێز و ڕێكخراو و زیندان و هیتر هه‌روا خاوه‌ن هێزی سه‌ركوته، به‌ڵام ڕژیمیش باروودۆخی قه‌یراناویی خۆی هه‌ڵسه‌نگاندووه و ده‌زانێ كه سیاسه‌تی سه‌ركوت و داسه‌پاندنی توندوتیژیی بێ سنوور له‌م دوره‌یه‌دا سه‌ره‌نجام مه‌حكووم به شكسته. به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌وه حوكمێك نییه كه سه‌ربه‌خۆ له ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان به‌كرده‌وه ده‌ربێت. بۆ ئه‌م شكسته ده‌توانین و ده‌بێ ئاماده‌كاریی بۆ بكه‌ین.
جیاواز بوونی باروودۆخی ئێستا له به‌رئاورد له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشوو به مانای بێ بوار له‌ئاو دان نییه. خۆڕاگریی خه‌ڵك ئه‌گه‌ر وشیارانه به‌ڕێوه‌بچێت ده‌توانێ ماشێنی سه‌ركوت ئیفلیج و زه‌وینگیر بكات. له قۆناغی ئێستادا مانگرتنی به‌رده‌وام له ئاسته جۆراوجۆره‌كان له كارخانه و كارگاكان، له ئیداره و ناوه‌نده‌كانی فێركردن، له گشت ناوه‌نده‌كانی كه‌سب و كار و سه‌ره‌نجام مانگرتنی ئیفلیجكه‌ری سه‌رتاسه‌ری، ڕۆژی خۆیه‌كلاكردنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژیمه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیش نزیكتر ده‌كاته‌وه. ئه‌م شكڵه له خۆڕاگری له ئێران خاوه‌ن سوننه‌تی جێكه‌وتوو و به‌هێزه. له جه‌ره‌یانی ئه‌م شكڵه له خۆڕاگری و ناڕه‌زایه‌تی، كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش یه‌كگرتووانه‌تر و ڕێكخراوتر و له‌ئاكامدا به‌هێزتر ده‌بن. ئه‌م شكڵه له ناڕه‌زایه‌تی و خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌ره‌به‌ره گشت خه‌ڵكی ناڕازی كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ یه‌ك هاوڕێ ده‌كات و هاوسه‌نگیی هێز له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به زیانی ڕژیم ده‌گۆڕێ، ده‌زگای سه‌ركوتگه‌ر زه‌وینگیر و بێ‌توانا ده‌كات و سه‌ره‌نجام له ئاكامی ڕاپه‌ڕێنێكی ژێروژووركه‌ر و ئاڵوگۆڕخوڵقێندا، ڕژیم ده‌ڕووخێنێت.