ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمە، کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە شاری هەولێر کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو هێزی پاسەوان بریندار بوون.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، درۆنێک کۆنسوڵخانەکەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج و زیانیش بە بەشێک لە باڵەخانەکە گەیشتووە. پاش ئەو ڕووداوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەم هێرشەی بە “تیرۆریستی” ناوبرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد، هەروەها داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر ڕووداوەکە ئەنجام بدەن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بکرێت. هەرێمی کوردستانیش ئیدانەی ئەم هێرشەی کردووە و جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کردەوە.
