ڕۆژی سێشه‌ممه ١٦ی گوڵان، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسڕائیل هێرشیان كرده سه‌ر یه‌مه‌ن و غه‌زه و له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا به ده‌یان كه‌س بوونه قوربانی.
به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه به‌لانیكه‌م ٤٨ فه‌له‌ستینی گیانیان له‌ده‌ست داوه و ١٤٢ كه‌سی دیكه بریندار بوون. هه‌روه‌ها تۆڕی میدیایی قودس له ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاندووه كه ڕێژه‌ی گیانبه‌ختكردووانی هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه گه‌یشتووه‌ته ٥٢ هه‌زار و ٦١٥ كه‌س و ئاماری برینداره‌كان سنووری ١١٨ هه‌زار و ٧٥٢ كه‌سی تێپه‌ڕاندووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ٢٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئیسڕائیل فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌نعا و چه‌ند ناوچه‌ی پیشه‌سازییان له یه‌مه‌ن كردووه‌ته ئامانج و به‌وهۆیه‌وه، سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و ٣٨ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. جێگای ئاماژه‌یه كه دۆناڵد ترامپ ڕۆژی ڕابردوو به میدیاكانی ڕاگه‌یاند: حووسییه‌كان داوای ئاگربه‌ستیان كردووه و به‌ڵێنیان داوه هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر كه‌شتیه‌كان، به‌و بۆنه‌وه ئه‌رته‌شی ئه‌مریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر یه‌مه‌ن ڕاگرتووه.