به پێی ڕاپۆرتهكان، چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکدا پەلاماری هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقیانداوه و بههۆیهوه ١٥ کەس لە چەکدارانی حەشدی شهعبی و هێزە ئەمنییەکان کوژراون و برینداربوون.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیهندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی چەکدارانی داعش لە گوندی ئەلمیتەی ناحیەی عوزێم لە باکووری دیالە، ٤ چەکداریان کوژراون و ٦ چەکداری دیکەیشیان بریندار بوون و لە دەوروبەری قەزای میقدادییەی سنووری پارێزگای دیالەش ٢ چەکداری حەشدی هۆزەکان لەلایەن چەکدارانی داعشهوه تەقەیان لێکراوە و کوژران. ئاماژه بهوهش كراوه كه لە ناوچەی یایچی لە باشووری پارێزگای کەرکووک، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتەسەر خاڵیکی هێزەکانی پۆلیسی فیدرالی و لە ئەنجامدا رێپێدراوێکی پۆلیسی فیدرالی کوژراوە. شایانی باسه، لە سەرەتای ئەمساڵەوە داعش ٨٦ کردەوەی ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە مانگی ئاوریل دا بوون. بە گوێرەی داتاکانی ئارۆن زێلین لە پەیمانگەی واشنگتۆن، له بەراورد لهگهڵ سەرەتای ئەمساڵ، هێرشەکانی داعش لە مانگی ئاوریلدا نزیکەی ٥٠ لهسهد زیادیان کردووە و زۆربەی هێرشەکانیش لە ناوەڕاست و باکووری عێراق بوون.