ڕۆژی هه‌ینی ٢ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣، ئازاد عه‌باسی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی- كۆمه‌ڵایه‌تی نۆژین، كه‌وته به‌ر په‌لاماری چه‌ند به‌ندكراوی تاوانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له زیندانی قوروه و بریندار بوو.
به‌پێی زانیارییه‌كان، به‌رپرسی به‌ندی پیاوانی زیندانی قوروه به چه‌قۆ هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌و به‌ندكراوه سیاسییه و چه‌ند به‌ندكراوی دیكه‌ش فلاسكی چاییان به‌سه‌ریدا ڕژاندووه. به وته‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی، به‌رپرسانی زیندانی قوروه ئازاد عه‌باسییان له ده‌ستڕاگه‌یشتن به ده‌رمان بێبه‌ش كردووه و به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و تاوانه نه‌كردووه. ئازاد عه‌باسی له سه‌رده‌می شۆڕشی ژینا جارێك ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش ماوه‌یه‌ك به دانانی وه‌سیقه ئازاد كرا، ناوبراو خه‌رمانانی ١٤٠٢، هاوكات له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا هاوڕێ له‌گه‌ڵ چالاكێكی دیكه به ناوی سیرووس عه‌باسی ده‌ستبه‌سه‌ر و به تۆمه‌ته‌كانی “تێكدانی ئه‌منیه‌تی میللی”، “ته‌بلیغ دژی نیزام” و “بێڕێزی به ڕێبه‌ری” سه‌ر جه‌م به شه‌ش ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نییه له تۆمه‌تی “تێكدانی ئه‌منیه‌تی وڵات” بێ تاوان ناسێندرا، به‌ڵام حوكمه‌كانی دیكه‌ی پشتڕاست كرایه‌وه. شایانی باسه كه حوكمی سێ ساڵ زیندانی ئازاد عه‌باسی له دادگای پێداچوونه‌وه بۆ یه‌ك ساڵ كه‌م كراوه.