به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه ١٣ی پووشپه‌ڕ، هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی هێرشیان كرده سه‌ر ماڵی “نازیلا مه‌عرووفیان” ڕۆژنامه‌وانی خه‌ڵكی سه‌قز و هه‌ندێك له كه‌لووپه‌له شه‌خسیه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌كانی ئیتلاعاتی ڕژیم به “نازیلا”یان ڕاگه‌یاندووه كه ئه‌بێ ڕۆژی شه‌ممه ١٧ی پووشپه‌ڕ خۆی به دادسه‌اری ئێڤین بناسێنێت. “نازیلا مه‌عرووفیان” له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ١٤٠١ و پاش وتوووێژ له‌گه‌ڵ باوكی “ژینا ئه‌مینی” ده‌ستبه‌سه‌ر و به دوو ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. ناوبراو له به‌رواری ١٩ی به‌فرانباری ١٤٠١ پاش ٧٢ ساعه‌ت به‌ندكران به دانانی وه‌سیقه‌ی ٦٠٠ ملیۆن تمه‌نی له زیندانی قه‌رچه‌كی وه‌رامین ئازاد كرابوو. شایانی باسه كه “نازیلا” ڕۆژی ١٢ی پووشپه‌ڕ له ئه‌كاونتی توێته‌ری خۆی دا ڕه‌خنه‌ی توندی له یاسای دژه ژنی كۆماری دربڕی و داوای له ژنان و هه‌موو خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران كردبوو نه‌ترسن و به‌سه‌رهاته‌كانیان بۆ ڕای گشتی باس بكه‌ن.
