ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١١ی گوڵان، هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژی جیهانی كرێكار، هێرشیان كرده سه‌ر مه‌حموود ساڵحی، له ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری كوردستان و ناوبراویان بریندار كرد.
به وته‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، مه‌حموود ساڵحی له‌لایه‌ن چه‌ند لیباس شه‌خسییه‌وه له به‌رده‌م ئیداره‌ی ئامووزش و په‌روه‌رشی سه‌قز دراوه‌ته به‌ر لێدان و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه. ناوبراو، ساڵی ڕابردوو نەشتەرگەری ده‌ماری کرد و پاش چه‌ند جار ده‌ستبه‌سه‌ركران، به‌هۆی دۆخی خراپی زیندان و بێبه‌ش بوون له ده‌رمان تووشی كێشه‌ی ته‌ندرووستی بووه. مەحموود ساڵحی، لە سەردەمی به دەسەڵات گه‌یشتنی کۆماری ئیسلامییه‌وه تا به ئه‌مڕۆ، ١٩ جار بە تۆمەتە جیاوازەکان دەستبەسەر و ٨ ساڵ لە ته‌مه‌نی له زیندانەکانی ڕژیم بەسەر بردووە. مه‌حموود ساڵحی، ساڵی ٧٧ی هه‌تاوی لە به‌ندی تاکەکەسی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سەقز تووشی سەرمابردوویی سەخت بوو. ئه‌و چالاكه كرێكارییه بەهۆی مانگرتن لە خواردن، گورچیلەکانی زیانی جددییان پێگەیشتووه و هه‌ر حه‌فته دیالیز ده‌كرێت.