سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارەشەممە ١٨ی مانگی بەفرانبار، سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی لە نێوە شەودا هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر دوو پێگەی “عەینول ئەسەد” و “هەولێر” لە عێراق. لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی دەوڵەتی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو کە لە نیوەشەودا لە تارانەوە بە سەرۆک وەزیران ڕاگەیەندراوە کە ئەو هێرشە ئەنجام دەدرێ. هەر لە ڕۆژانی پێشترەوە بە هەرای تۆڵە کردنەوە، كە سەرانی ڕژیم خستبوویانە ڕێ، ئاشکرا بوو کە کۆماری ئیسلامی وڵامێک بە کوژرانی قاسم سولەیمانی دەداتەوە. هەر بۆیە ئەمریکاییەکان و ژمارەیەک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژی سێشەممەوە، ڕێوشوێنی ئەمنیەیان لەبەرامبەر هێرشی مووشەکیدا گرتبووە بەر. وێدەچێ هاوئاهەنگیەکی ناراستەوخۆ لە نێوان هەر دووک لادا بووبێت و بەڵگەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە هێرشە مووشەکیەکەی کۆماری ئیسلامی زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و خەسارە ماددیەکانیشی زۆر کەم بوون.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕژیم بە کۆکردنەوەی هێزەکانی بەسیج لە سەرتاسەری ئێرانەوە و لە ڕێگەی خستنە گەڕی هەموو ئیمکاناتی لۆژستیکی و بە گەڕاندنی تابووتی قاسم سولەیمانی هەوڵی دا تا کەش و هەوای ناڕەزایەتی کۆمەڵ پاش ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر و کوشت و کوشتارەکەی بخاتە پەراوێزەوە و تواناکانی خۆی بەڕووی خەڵک بکێشێ. دەبوایە هەموو ئامرازە تەبلیغاتیەکان وەکار کەوتبایەن تا لە جەنایەتکارێک، “قارەمانی میللی” درووست کەن. ماتەمینی گشتیان ڕاگەیاند، مەدرەسە و ئیدارەکانیان تەعتیل کرد، مەدداحە لێهاتووەکان هات و هاوارێکی زۆریان وەڕێخست تا بەشکم بەو هەرایە، کۆمەڵ فەرامۆشی کات کە “سەرداری میللی“ی ئەوان و ناسیۆنالیستە پاوانخوازەکان، هەر ئەو کەسە بوو کە لە یەکەمین ساڵەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی دژە شۆڕشی ئیسلامی، لە سەرکوتی خوێناویی خەڵکی کوردستاندا بەشداری کرد، سەردارەکەیان هەر ئەو کەسە بوو کە لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویدا خوازیاری سەرکوتی زیاتری خوێندکارانی ناڕازی بوو و لە سەرکوتی ناڕەزایەتی هەژارانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێران و سەرکوتی خوێناوی خەڵکی ناڕازی لە عێراق ڕۆڵی سەرەکیی بینی. ئەگەر سولەیمانی بە زیندوویی سەمبۆلی ستراتێژی بەرزەفڕانەی ڕژیم و بە ڕیز کردنی هێزی کۆنەپەرست لەبەرامبەر هێزە ئیمپریالیستەکاندا بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجی زێدەخوازانەی ناوچەیی، ئەمڕۆکە مردووەکەشی، خەڵکی ئێران و عێراق دەکاتە قوربانی کێشمەکێشی نێوان دوو هێزی کۆنەپەرست و تیرۆریسمی دەوڵەتی.
لە ڕاستیدا، ئەو کێشمەکێشە بەدەر لەوەیکە چ پانتایەک لە بوار نیزامیەوە بەخۆوە دەگرێ، هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکی ئێران و عێراق و ناوچەکەوە نییە. بە بێ سیاسەتی داگیرکارانە و هێرشی هێزە ئیمپریالیستەکان و بە بێ دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ڕەوتێکی کۆنەپەرست و دژە ئینسانی وەک داعش سەری هەڵنەدەدا. لە ئێستاشدا جم و جۆڵی نیزامی هەر دووک لا دژبە یەکتر، لە خزمەت زەربە لێدان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران و عێراق دایە. شایەد دەوڵەتانی گەندەڵ و کۆنەپەرستی عێراق و ئێران بتوانن بۆ ماوەیەکی کورت لەژێر سێبەری کەش و هەوای جەنگیی خوڵقاودا، پاشەکشە بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی عێراق و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی برسیەکان و پەراوێزنشینانی ئێران بکەن، بەڵام بێ گومان ئەم کەش و هەوایەش لە چەند ڕۆژێک زیاتر ناخایێنێ. نە خەڵکی عێراق دەتوانن کوشت و کوشتاری زیاتر لە سێ مانگ ناڕەزایەتی و درێژەی دەسەڵاتی گەندەڵی ئایینی قەبووڵ بکەن و نە خەڵکی ئێرانیش دەتوان کوژران و بەندکرانی هەزاران کەس لە مانگی خەزەڵوەر و مێژووی ٤٠ ساڵەی سەرکوتگەری ئەم ڕژیمە فەرامۆش کەن. مەگەر جگە لەوەبوو کە ڕژیمی سەرکوتگەر بەو پەری بێشەرمیەوە تەنانەت لە کاتی ناشتنی گیان بەخت کردوانی مانگی خەزەڵوەریشدا هێرشی کردە سەر خەڵک و ڕێگری لێکردن.
لە ڕاستیدا، دەست تێوەردان و کێشمەکێشی ئیمپریالیسمی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە زیاتر پەرە پێدەدات و دووکەڵەکەشی دەچێتەوە چاوی خەڵکی هەژار و بێتبەشی ناوچەکە. ئەوانەی کە تیرۆریسمی دەوڵەتی ئیمپریالیسمی ئەمریکا ستایش دەکەن و ئەوانەی کە بەخاتری کوژرانی جەنایەتکارێک بە دەستی جەنایەتکارێکی دیکە دەبنە هاوجەهەتی ڕژیم، هەموویان بەشێکن لەو ئاڵۆزی و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە.
ئامانج و سیاسەتەکانی هەر دووک لای ئەو کێشمەکێشە، دژبە ئامانج و داخوازیەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەرەی شۆڕشە لە ئێران و عێراق. بۆ ڕزگار بوون لە باروودۆخی فەلاکەتبار و گەمارۆی ئابووری و هەژاری و دەربازبوون لە دواهاتەکانی شەڕی کۆنەپەرستانە، ڕێگایەکمان بێجگە لە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و پتەو کردنی پەیوەندی نێوان بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان و ڕسوا کردنی ماهیەتی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی ئەو شەڕ و کێشمەکێشە، لەبەردەم نییە. تەنیا لە ڕێگەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیەوە دەتوانین کۆتایی بەو ئاڵۆزیانەی ئێستا بێنین. پێویستە بەرەیەک بە پانتایی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژبە داگیرکاری هێزە ئیمپریالیستەکان و دژبە دەوڵەتانی گەندەڵ و ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان پێکبێت. بێ گومان بەرەی یەکگرتووی خەڵکی ناوچەکە، ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێ مۆری کۆتایی لە ئاڵۆزیەکانی ئێستا بدات و خەڵک چارەنووسی خۆیان، بەدەستی خۆیان دیاری کەن.