کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

نیوەشەوی شەممە ١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ٢٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. تا ئێستا ڕاپۆرتێکی بەلگەمەند و ورد سەبارەت بە بڕی زیانەکانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر له ٩٠ لەسەدی ئەو مووشەک و دڕۆنانە لە نیوەی ڕێگادا و بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیانەوە لە ئاسمانی وڵاتەکانی ناوچەکە تەقێنراونەتەوە. ئەو هێرشە کە دوای هەراوهوریا و تەبلیغاتێکی زۆر ئەنجامدرا، هێرشە مووشەکییەکەی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق وەبیر دەهێنێتەوە کە لە تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانی بەڕێوەچوو. دواتر دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیانی گیانی بە ئەمریکییەکان، پێش هێرشەکە لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریکای ئاگادار کردبووەوە، بەو هۆیەوە تەنانەت خوێن لە لوتی هیچ کەس نەهات و کۆماری ئیسلامیش ئەوەی بە حیسابی تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بە بیروڕای گشتی ئێران دا. ئێستا کۆماری ئیسلامی دەڵێت بەم هێرشە پرسی وەڵامدانەوەی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق، وڵامی ورگرتووەتە. بەڵام بەو پێیەی دوای چەندین ساڵ شەڕی شاراوەی نێوان دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، ئەمە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە خاکی خۆیەوە بۆ سەر ئیسرائیل. هەر لە هەمان ڕۆژی یەکەمی ئاوریلی ٢٠٢٤ کە کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران کوژران، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کرد که تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە. خامنەیی لە کاتی نوێژی جەژندا هەڕەشەکەی دووپات کردەوە. بەدەر لە بوونی هەر بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی تێکهەڵچوونێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر خەڵکی هەر دوو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەربەستێک لە بەرامبەر ئەو شەڕخوازییانەدا پێک نەهێنن، هەردوو لایەنەکانی ئەم ململانێیە، بە زۆر هۆکاری بابەتیی پۆتانسێلی ئەوەیان هەیە کە شەڕێکی خوێناویی لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێنن. تا ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی نەکردۆتەوە و سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای تۆمار کردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل هاوکات هەڕەشەی کردووە کە وڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی دەداتەوە، بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندنە، هیچ هەواڵێک سەبارەت بە کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بڵاو نەکراوەتەوە.

بێ گومان کردەوە شەڕخوازییەکانی هەردوولای ئەم ململانێیە، کۆنەپەرستانە و دژ بە خەڵکن. ئەگەرچی ئێستا ئاگری مووشەک و دڕۆنەکان بەشێوەیەکی کاتی خامۆش بووە، بەڵام وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم چەشنە کردەوە و دژکردەوانەی هەردوولا، تا ئاستی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەتەواو مانا بەرەوپێش دەچێت یان نا؟ تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام هێشتا ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی هەردوولا لەدژی یەکتر لە ئارادایە و بە زۆر هۆکاری بابەتیی پێویستە سێبەری مەترسی شەڕ لەسەر دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیددی وەربگیرێت. لە لایەکەوە دەوڵەتی ئیسرائیل دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ و کوشتاری زیاتر لە ٣٣ هەزار فەڵەستینی، نەیتوانیوە بە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بگاتلە هەمان کاتدا ئەم دەوڵەتە لەلایەن ڕای گشتی جیهانی و تەنانەت هەندێک لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانییەوە بە مەبەستی قبوڵکردنی ئاگربەست لە غەززە لەژێر گوشاردایە. لە ڕوانگەی نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ڕاست و توندڕەوی ئیسرائیل و کابینەکەیەوە، قبوڵکردنی ئاگربەست بە واتای قبوڵکردنی شکست دێت لە بەرامبەر حەماسدا. پەرەسەندنی شەڕ لە ئاستی ناوچەکەدا، لەڕوانگەی دەستە ڕاستییە توندڕەوەکانی ناو کابینەی ئیسرائیلەوە، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بنبەستەی ئێستایان دادەنرێت. هەوڵی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی ئیسرائیل ئەوەیە کە بە پەلکێشکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو شەڕەکە و تێوەگلانی ئەمریکا و بە ناوچەیی کردنی ئەم شەڕە، شکستە گەورەکانی شەش مانگی ڕابردووی خۆی پەردەپۆش بکات و قەیرانە ناوخۆییەکانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، کۆنترۆڵ بکات. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی قووڵ بەرەوڕووە کە هیچ ڕێگایەکی بۆ چارەسەرکردنیان لەبەردەمدا نییە. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی و نەفرەت و بێزاری زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بەرامبەر بەم ڕژیمە گەیشتووەتە لوتکە و ڕژیم نیگەرانی ئەگەری سەرهەڵدانی تۆفانێکی بەرینی کۆمەڵایەتییە. لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا دوور نییە کە وەک دوا ڕێگە چارە بۆ بۆ مانەوەی خۆی، پەنا بباتە بەر سەرکێشی زیاتر و ئاگری شەڕ لە ناوچەکە خۆشتر بکات تا بەڵکوو ببێتە نیعمەتێک بۆ مانەوەی ڕژیم. تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە پرسی ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراوی ئێرانەوە هەیە، هیچ ڕێگایەکی کورت مەودا بوونی نییە، ئامانجێکی لەو شێوەیە تەنیا بە بەهێزی لەبن نەهاتووی ئەو جەماوەرە دەستەبەر دەبێت. ئەوانەی کە هیواکانیان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامییەوە بەستووەتەوە، لە ڕاستیدا لە ئاکامی شۆڕشی ڕزگاریبەخشی سبەی ڕۆژ، زۆرتر نیگەرانن تا لە بارودۆخی ئێستا و بە شێوەیەکی فریودەرانە بەڵێنی سەرکەوتنی ئاساندەدەن لە ڕێگەی دەستوەردانە دەرەکییەکانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-