سوپای توركیه هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و زه‌مینی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، ٦ گوندی سەر بە شاری حەسەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چڕی بۆردوومان کرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیه لە هەژماری فەرمیی تویتەری خۆیدا گیانلەدەستدانی 19 گەریلای پهكهیهی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه و هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە رایگەیاندوو، لە ناوچه‌كانی زاپ و ئاڤاشین شەڕ و پێکدادان له‌گه‌ڵ ئه‌و سوپایه‌دا له ئارادایه و هه‌تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه 28 سەربازی توركیه له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌دا کوژراون. لە لایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئاناتولی دەوڵەتی تورکیە، “مەحمەت ئایدین” ناسراو بە “ڕۆژوان وان” بەرپرسی ناوچەی عامودای پەیەدە لە لایەن هێزەکانی هەواڵگری تورکیە ناسراو بە میت له ڕۆژئاوای كوردستان تیرۆر کراوە. جێگای ئاماژەیە هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو سوپای تورکیە لە باشووری کوردستان ئۆپڕاسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەمینی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەست پێکردووە و بەشێک لە سیاسەتمەدارانیش مانەوەی هێزی ئەو سوپایە لەو ناوچانەدا بە داگیرکردنی خاکی کوردستان دەزانن.