بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان لە درێژەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕووداوی هێرش و تەقینەوە لە هەردوو لا بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی هێزەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل، مووشەکێکی بالیستیکی ئێرانی لە نیوەڕۆی یەکشەممە له ناوچەی پیشەسازی «نئوت حوواو» لە باشووری شاری بێرێشبا کەوتووەتە خوارەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی بڵاونەکراوەتەوە. لە ماوەی شەڕەکەدا ئەمە سێیەم جارە کە ئەم ناوچەیە بە ئامانج دەکرێت. هەروەها، دوابەدواى هێرشی یەکەم بۆ ماوەی چەند خولەک مووشەکێکی تر ئاراستە کراوە و سەرلەنوێ ئاژیری ئاگادارکردنەوە لەو ناوچەیە لێدراوە. لە لایەکی تر، میدیاکانی ناوخۆی ئێران ڕایانگەیاندووە کە سەر لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دەنگی تەقینەوە لە ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراوە و هەندێک ناوچە تووشی کێشەی کارەبا بوون. بەپێی ڕایگەیاندنی بەرپرسانی پارێزگای لوڕستان، هاوکات شاری برۆجێردیش بووەتە ئامانجی هێرشەکان، بەڵام تا ئێستا ڕاپۆرتێکی فەرمی سەبارەت بە زیانە گیانی و دارایییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
