لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و چەندین ناوچەیان گرتووەتەبەر.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، ناوچەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، هەروەها شوێنەکانی وەک پیرمام، بەحرەکە، بەستۆرە، کۆڕەک و مەخموور بوونەتە ئامانجی هێرشە درۆنییەکان، کە لە هەندێک شوێندا دەنگی تەقینەوە و چالاکیی بەرگریی ئاسمانیی تۆمار کراوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە شاری کۆیە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر کەمپەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات ئەنجام دراوە، کە زیانی ماددی لێکەوتووە. هەروەها لە ناوچەی خەباتی سەر بە هەولێر، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووەتە ئامانج، کە هەرچەندە هەندێک لە درۆنەکان لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە لەناوبراون، بەڵام یەکێکیان بەر ئامانجەکە کەوتووە. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتی هێرش بۆ نزیک ئۆردوگای کۆمەڵە لە ناوچەی زەرگویزیش بڵاوکراوەتەوە، کە بە گوێرەی زانیارییەکان زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتووە.
