ئەمساڵیش ٢٥ی نۆوامبر ” ڕۆژی جیهانیی بهربهرهكانێی تووندوتیژیی دژ بە ژنان” لە بارودۆخێکدا بەڕێدەکەین کە لە زۆربەی وڵاتانی ئەم جیهانه پان و بەرینەدا لە سایەی حاکمییەتی بەڕبەڕییەتی سەرمایەداریی و وەحشیگەریی ئیسلامیی و سوننەتی کۆنەپەرستانە و پیاوسالاردا، ڕۆژانە بەناوی یاسا و بە بیانووی جۆراوجۆر، هێرش دەکرێتەسەر مافەکانی ژنان و پێشێل دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی مانگی خەزەڵوەر مەجلیسی دەوڵەتی ئیسلامیی تورکییە قۆناغی یەکەمی لایەحەیەکی نارده پهرلهمان کە بهپێی ئهو گهڵاڵهیه، ڕەسمییەت دهدرا به دەستدرێژی کرانهسهر کچانی کەم تەمەن. بڕیاروابوو كه ڕۆژی سێشەممە بهرواری٢ی مانگی سەرماوەزیش، قۆناغی دووهەم و کۆتایی ئەم لایەحە دژه مرۆڤانهیه لە لایەن مەجلێسی دەوڵەتی فاشیستیی ئهردۆغانەوە پەسهند بکرێت و بچێتە بواری جێبهجێ كردن. بەڵام ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی بەرین و خۆڕاگریی بەمیلیۆن ژن و پیاوی ئازادیخواز لە سەرتاسەری تورکییە و نهفرهت و بێزاریی ڕای گشتیی و ویژدانە زیندووەکان لە باقی وڵاتان و هەروەها مەحکوومییەتی نێونەتەوەیی، دەوڵەتی ئهردۆغانی ناچار کرد كه ڕۆژی سێشەممە و بەرلەوەیکە لایەحەکە لە لایەن مەجلێسی سەربە دەوڵەتەوە پەسهند بکرێت، دەغەڵکارانە لەژێرناوی دەستکاریکردن و گونجاندن، بەشێوەی کاتیی وەربگرێتەوە.
ئەگەر بێت و ئەم گهڵاڵهیه پەسهند بکرێت، له وهها حاڵهتێكدا کچانی کەم تەمەن کە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر، لە کەسی دەستدرێژیکار مارە دەکرێن و ناچاریان دەکەن کە لەگەڵ ئەو پیاوە جەنایەتکارانەدا بژین کە مافە ئینسانییەکان و کەسایەتیی و کەرامهتیانی پێشێل کردووە. ئامانجی دەوڵەت لە ئامادەکردنی ئەم گەڵاڵەیە، ئیجڕاكردنی ڕێسای ئیسلامییه لە کۆمەڵگه. ئەو ڕێسا شەرعییەی کە ڕێگه دەدات كه کچانی ٩ ساڵ تهمهن بکرێنە هاوسەری پیاوێک. ئەمەش لەگەڵ یاسا سێکۆلارەکانی ئێستای تورکییەشدا نایهتهوه کە ڕێگه به هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی ژوور ١٨ ساڵ دهدات. پەسهندکردنی ئەم لایەحەیە دەشبێتە هۆی هاندانی مهیلی دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان و له ئهنجامدا گەلێک ئاسەواری کۆمەڵایەتیی مەترسیداری دیكهشی بە شوێنەوە دەبێت.
جێی ئاماژەپێدانه کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژنامەی “حۆڕرییەت” لە ڕاپۆرتێکیدا بەبۆنەی نێردرانی ئەم گهڵاڵه جەنایەتکارانە بۆ مەجلیس و لەپێوەند لەگەڵ کۆیلەتیی جنسیدا دهنووسێت: ” لەم بارودۆخهی ئێستادا زیاتر لە سێ میلیۆن کچی کەم تەمەنی بەشوودراو لە تورکییەدا ههن.” ئەوە لە حاڵێکدایە کە گۆیا لە تورکییە یاسای بنەڕەتی، سیکۆلاره. دیارە کە بوار بۆ ئەم گهڵاڵه جەنایەتکارانەیە ڕیشەی لە یاساوڕێسای دژه ژنیی ئیسلامیدا هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كه دادگای یاسای بنهڕهتیی تورکییە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بۆ یارمەتیدان بە پێكهێنانی بارودۆخێکی گونجاو بهئاراستهی داسەپاندنی ئەم یاسایە بەسەر کۆمەڵگهدا، یاسای قهدهغهكردنی ئەنجامدانی هەر چەشنە پێوهندییهكی جنسیی لەگەڵ منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ تهمهن”یشی هەڵوەشاندبۆوە. بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایه کە یهكێك بوو لە دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵكی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی تورکییە، ئیتر هاوسەرگیریی لەگەڵ کچانی کەم تەمەن کە لە بنهماوه بەڵگەی بەرچاوی دەستدرێژیکردنەسەر منداڵانە، وەک تاوان ناناسرێت. پەسهندکرانی یاسای دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان لە لایەن حکومەتەکان و گرووپە ئیسلامییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی کە دیفاعیان لێدەکات، نیشانەی ئەوەن کە ڕەوتی ئیسلامیی لە پێشێلکردن و لەبەرچاونەگرتنی مافەکانی ژنان و منداڵاندا هیچ سنوورێک ناناسێت.
بەڵام ئەوە تەنها تورکییە نییە کە هەوڵ دەدات بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا بگونجێنێ. هەموو ڕهوت و جەریاناتی ئیسلامیی بە سوننه و شیعەیهوە، لە حاکمیەت دابن یاخود لە ئۆپۆزۆسیۆن و لە ههر جێگهیەکی ئهم جیهانهش كه بن، ئەو زەرفییەتەیان لەخۆیان نیشانداوە. ئاماری دەستدرێژیی جنسیی بۆسەر منداڵان و تووندوتیژیی بهرانبهر ژنان لە ماوهی دوو بۆ سێ دەیەی ڕابردوودا، لە ههموو ئەو کۆمەڵگهیانەدا کە ڕەوتە ئیسلامییەکان نفوزیان تێیدا هەبووە، گەلێک زیاتر بووە. بە پێی راپۆرتی “سندووقی جەمعییەتی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان”، هەموو ساڵێک ١٤ میلیۆن کچی تازەلاو ناچار بە هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوانی میانساڵ دەکرێن.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە زومرەی ئەو حکومەتە دژه ژنانەیە کە تێیاندا نایەکسانترین و پڕ لە هەڵاواردنترین یاسا لەدژی ژنان ئیجڕا دەکرێت. لە یاسای کۆماری ئیسلامیشدا دەستدرێژیکرانەسەر کچانی كهم تهمهن، وەک تاوان حیسابی بۆ ناکرێت و شەرعییە. لە یاساكانی پێوەندیدار بە هاوسەرگیریی لە ئێرانیش ئەگەرچی تەمەنی ڕەسمیی هاوسەرگیریی بۆ کچان ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵان دیاریی کراوە و ئەمەش خۆی جۆرێكه له تاوانە، بەڵام فێڵی شەرعیی بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ کچان لە تەمەنی کەمتردا لەژێرناوی سەڵاحدیدی باوک و باپیردا، دەستدرێژیکردنەسەر کچانی کەم تەمەن بە ڕێگهپێدراو دەزانێ. پەسهندکرانی یاسای ئیجازەدان بە زڕباوک بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کچەکەی لە لایەن مەجلیسی کۆنەپەرستیی ئیسلامییەوە یەکێکی دیكهیه لە بەڵگەکانی دهستدرێژیی یاسایی بۆسهر منداڵان لە ئێران. یاسای لەم چەشنە بووهتە هۆی ئەوەیکە ئێستا لە ئێران زیاتر لە یەک میلیۆن کچی منداڵ لهجیاتی یاریی و خوێندن کە مافی ڕەوا و ئینسانیی هەر منداڵێکیشە، وادار بە هاوسەرگیریی ناچاریی کراون. ئەمەش خۆی یەکێکه لە فاكتهره سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئاماری خۆسووتاندن و لەشفرۆشیی و قەتڵە نامووسییەکانی ژنانی لاو لە ئێران.
ئەگەرچی لەو گۆمەڵگهیانەدا کە ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی تێیدا دەسەڵاتی بهدهستهوهیه و بهم هۆیهوه هێرش و تووندوتیژیی لەدژی ژنان و کچان نیهادینە کراوە و پەرەیسهندووه، بەڵام نە ستەمی جنسییەتیی تەنها تایبەتە بەم بابەتە و نە ئەم ستەمەش بەو شوێنانە بهرتهسك دهبێتهوه کە لەژێر حاکمییەتی ئیسلامدان. یەکەم قوربانییانی هەموو شەڕەکان و ئەو ئاوارەبوونانەی کە دەوڵەتان دەیخەنە ڕێ، ژنانن، یەکەم قوربانییانی هەژاریی و برسێتیی لە هەموو کۆمەڵگهی سەرمایەداریدا، ژنان و کچانن، لە تێكههڵچوونه فیرقەیی، قەومیی و مەزهەبییەکانیشدا ژنان یەکەم قوربانییانی ئەم ناکۆکییانەن. یهكهمین و بەرینترین بێبەشییە کۆمەڵایەتییەکان، لهپێشدا داوێنگیری ژنانی هەمان کۆمەڵگه دهبێت. بەرینترین و بهئیستلاح ئاساییترین سووکایەتیی، بێڕێزیی، تووندوتیژیی و ئەزیەت و ئازارە جنسییەکانی ڕۆژانە، تەنانەت لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگهشدا ئاراستەی ژنان دەکرێت. دیاردەی ستەم لەسەر ژنان و قوربانیبوون و بێبەشییەکانیان چ بەهۆی یاسای کۆنەپەرستانەی ئایینی و چ بەناوی خوڕافاتی سوننەتی پیاوسالار و دواکەوتووانە و چ بە ئامانجی دهستخستنی “سوود” لە سەردەمی جیهانگیریی سەرمایەداریدا، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەیسەندووە. شکۆ و پێویستیی بەڕەسمیبوونی ڕۆژێکی وەک ٢٥ی نۆوامبر وەک ” رۆژی جیهانیی بهرهنگاربوونهوهی تووندوتیژیی لەدژی ژنان” لە ساڵی ٢٠١٣ شدا لەم ڕاستییە و لە بارودۆخێکی لەڕادەبەدەر نامرۆڤانەوە سەرچاوە دەگرێ. سازماندان و خستنهڕێی ئەسیدپاشی بە سهروچاوی ژنان لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە، ڕفاندنی ژنان لە لایەن ڕهوت و جەریاناتی وەک داعش و بوکووحەرام، هێرشی شیمیایی بۆسهر قوتابخانەی کچان لە لایەن تالیبان لە ئەفغانستان، دەستدرێژیی جنسیی بۆسەر ژنان لە لایەن سەربازان و هێزە چەکدارەکانەوە لە مهیدانهكانی شەڕ، کڕین و فرۆشی ژنان و منداڵان وەک کالا و دانانیان لە ویترینی دوکانەکان لە ههندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئۆروپاییدا لەو ئاسەوار و دواهاتە پڕ لە شەرمەزاریانەیە کە حاکمیەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی و غەیرە ئیسلامییهكهی لەم دەورەیە لە حەیاتی بەشەردا پێكی هێناوه و مایەی شەمەزارییە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕیشەی بێمافیی و ستەم و تووندوتیژیی لەسەر ژنانیش لە نیزامی سەرمایەداریی و مالکییەتی خسوسیدایە. ئەم بێبەشییانە بووهتە هۆی ئەوەیکە وشیاریی چینایەتی و هەستکردن بە پێویستیی تەشەكول بۆ خەبات لە نێو جەماوەری ژنان و بە تایبەت لە کۆمەڵگه دواکەوتووڕاگیراوهكاندا، لە ئاستێکی بەرزدا نەبێت. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لەسهر ئاستی نۆخبەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا قەتیس ماوەتهوه و نەچووهتە ناو جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشەوە. هەڵسووراوانی سۆسیالیستی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت هەڵسووڕاوانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و سەرجەم ئینسانە چەپ و کۆمۆنیستەکان، پێویستە كه بۆ پەرەدان بە وشیاریی سیاسیی و چینایەتیی فەرهەنگیی خەباتکارانەی خۆیان و بۆ هێنانەمەیدانی جەماوەری ژنان، بە هەموو تواناوە بكهونەکار. لەبەر ئەوەیكه ڕزگاری یکۆمەڵگه بەبێ ڕزگاربوونی ژنان لەژێر باری قورسی ستەمی ڕەگەزیدا مومكین نییە.