کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

ئەمساڵ ئاگرەکانی نەورۆز لە هەموو ساڵێک بڵێسەدار تر بوون و ئەو جەماوەرەی کە لە دەوری ئاگرەکە سەما و هەڵپەڕکێیان دەکرد، گەلێک لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بوون. ئەم ڕێوڕەسمانە لە سەرجەم شار و شارۆچکە و ئاواییە گەورەکان بە پانتایی هەموو کوردستان و هەروەها لە چەندین گەڕەک و ناوچەی تاران، مەشهەد، حافزییە، شیراز، تەختی جەمشید، چەند ناوچەی هەمەدان، گونبەد کاوس، ئیسفەهان، ماهان، ئیزە، ڕەزوانشار و چەند شارێکی تر بەشێوەیەکی شکۆدار بەڕێوە چوو، بەجۆرێک کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بوو. لە بەشێک لەو ڕێوڕەسمانەدا دروشمیژن، ژیان، ئازادی،مەرگ بۆ خامنەیی،ئازادی، ئازادی، ئازادیو هیتر، بەرزکرایەوە. بڵێسەکانی ئەو ئاگرەی کە جەرگی بەرپرسانی هەڵقرچاندبوو، جارێکی تر ئاستی نەفرەت و بێزاری لە نیزام و هیوای بە سەرکەوتن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نیشاندا.  ئەم نەفرەت و بێزارییە لە کۆماری ئیسلامی و هیوا بە تێکشاندنی، لە پەیامە نەورۆزییەکانی دایکان و باوکانی دادخواز، زیندانیانی سیاسی و هەندێک لە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانیشدا بەرچاو دەکەوت. موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی، هیوای خواست کەنەورۆزی ئەمساڵ مژدەبەخشی بەختەوەری، سەرکەوتن، بوێری و ڕزگاربوون لە هەر کۆت و بەندێکی کۆیلایەتی بێت“. گەوهەر ئیشقی، دایکی ستار بەهەشتی، ئەو کرێکار و وێبلاگ نووسەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا، لە بەشێک لە پەیامەکەی ئەمساڵیدا وتی:”ڕۆڵەکانم! نەورۆز بە هیوای ئازادیی خەڵکی ئێران جەژن دەگرین. دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی، دەیەوێت خۆشەویستی و ئومێد لەناو ببات و خەمۆکی و بێ هیوایی پەرەپێدات، بەڵام هاتنی نەورۆز پێمان دەڵێت کە لە هەر تنۆکێک لەو خوێنانەی کە ڕژاون، گوڵ دەڕوێن و بەهار لەڕێدایە“. ماه مونیر مولایی‌ڕاد و مەیسەم پیرفەلەک دایک و باوکی کیان پیرفەلەک، لە یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٤٠٣دا چوونە سەر  گڵکۆی جگەرگۆشەکەیان. ماە مونیر، ئەو دایکە دلێر و خۆڕاگرە، بەهۆی چاودێریی چڕی مەئموورە ئاشکرا و نهێنییەکانی ڕژیم، نەیتوانی پەیام بنێرێت. مەیسەم پیرفەلەک بە بڵاوکردنەوەی گرتە ویدئۆیەک، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، یادیکیان و پویا مەولایی ڕادی، کە هەردووکیان بە دەستی مەئموورانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا، بەرز ڕاگرت. هەروەها نەسرین شاکەرەمی دایکی دادخوازی نیکا شاکەرەمیش، بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی ئازیزەکەی، نەورۆزی بە خەڵکی ئێران پیرۆزبایی وت. مەهسا یەزدانی، دایکی دادخوازی محەممەد جەواد زاهیدی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژینا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دوایین جەژن لەگەڵ ڕۆڵەکەی، نووسیی: “دوو ساڵ لەمەوبەر، دوایین جەژن کە پێکەوە یادگاریمان دروستکرد، هەستم بە شانازی دەکرد“. مەعسومە ئازەری، دایکی دادخوازی حەنانە کیا، لە گرتەیەکی ویدیۆییدا کە بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: سەر لەنوێ بەهار، دیسان ساڵێکی نوێ و دووبارە ساڵێکی بێ تۆ هاتەوە. ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو هاتووینەتە سەر گڵکۆکەت بۆ ئەوەی پێکەوە ساڵ نوێ بکەینەوە. لەیلا مەهدەوی، دایکی دادخوازی سیاوەش مەحموودی، گرتە ویدیۆیەکی بڵاوکردەوە و نووسی: نەمرانی ڕێبازی ئازادی ئێران، ئەستێرەیەکی گەشاوەن کە بۆ هەمیشە لە ئاسمانی ئێراندا دەدرەوشێنەوە و ناو و یادی بەرزیان لە مێژووی شکۆدار و ئازادی ئێراندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەو قارەمانانەی کە نموونەی ئازادی، شەرەف، بوێری و دادپەروەرین لە جیهاندا.”  ناوبراو هەروەها نووسی: “ڕۆڵەکەم، گیانی دایە! چ سەربەرزانە ڕۆیشتی. شانازی دەکەم کە منداڵێکی بوێر و قارەمانی وەک تۆم هەیە. ئازایەتیت هێزی دڵی پڕ ئازارمە. گیانی دایە، لەسەر دادخوازیت بەردەوام دەبم“.

نێرگس محەممەدی، چالاکی ناسراوی مافی مرۆڤ، لە پەیامێکدا کە ڕۆژی ١ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە، نووسی: هیوادارم و باوەڕم وایە ئێمە خەڵکی ئێران، بە خۆڕاگری و کۆڵنەدان، پرۆسەی تێپەڕ بوون لە ڕژیمی سەرەڕۆی مەزهەبیی بە ئاکام دەگەیەنین و بە یەکگرتوویی لەسەر ڕێبازێکی دێموکراتیک، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ژیانماندا پێک دەهێنن و داهاتوویەکی ئومێدبەخش بنیات دەنێین“. گۆڵڕوخ ئیرایی، زیندانی سیاسیش، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە لە سەروبەندی ساڵی نوێدا،لە گەڵ لاشەیەکی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووین کە نە لەناوخۆدا شەرعیەتێکی ماوە و نە لە بواری نێودەوڵەتیشدا هیچ جێگە و پێگەیەکی هەیە“. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی خراپی جەستەیی چەند کەس لە زیندانیانی سیاسی ژن، لەوانە زەینەب جەلالیان و مریەم ئەکبەری مونفەرد، نووسیویەتی: لە سەروبەندی ساڵی نوێدا یادتان دەکەم. ئێمەش وەک ئێوە ناخمان لێوانلێوە لە توڕەیی و بێزاریی و درێژەدەری ئەو ڕێگایەین کە ئێوە گرتووتانەتە بەر. تۆماج ساڵحی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ڕاپ و نوێنەری بوێری خەباتگێرانی لاو لە بزووتنەوەی ژینادا، کە ئێستا لە زیندانی دەستگردی ئیسفەهان بەسەر دەبات، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە، وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ،پێنج سەد و پەنجا و دوو ڕۆژ خۆڕاگریی شکۆداری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەرز  ڕاگرت“. ئانیشا ئەسدوڵاهی و کەیوان موهتەدی، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و مەدەنی لە زیندانی ئێڤین، لە پەیامی ساڵی نوێی ١٤٠٣دا، وێڕای ئاماژە بەو دۆخە نالەبارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بژێوییەی کە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە، نووسییان: بەهار ئەوەمان بیردەخاتەوە کە دژواری و سەخڵەتییەکان هەروا بەردەوام نابن، کۆمەڵگا هەمیشە لە جموجۆڵدایە و لەناو دڵی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانی بێ هیوایی دا، ئومێد ڕەگاژۆ دەکات.

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپەش لە بەشێک لە پەیامەکەیاندا نووسییان: لە بارودۆخێکدا پێ دەنێینە بەهار و سەرەتای ساڵی نوێی ١٤٠٣ کە سفرەی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریی تا دێت بچووکتر دەبێتەوە، ئازیزانێکی زۆر چاویان لەدەستداوە، زۆرێک لە دایک و باوکەکان دڵشکاو و خەمبارن و بە هەزاران ئینسانی تێکۆشەر و فیداکار، هێشتا لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن. بەهاری ئەمساڵ لە دۆخێکدا دەست پێدەکەین کە هەژاری و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو، گرانی، نەبوونی و هەژاری، بێکاریی  ملیۆنی، سفرەی بەتاڵ و حەقدەستی کەم، لەلایەن خاوەنانی سەروەت و سامان و دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەرەی سەرمایەدارییەوە بەسەر کرێکاران و  زەحمەتکێشان دا سەپێنراوە. بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداوە و لەسەر خەبات  و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین تا بتوانین کۆتایی بە هەژاری، بێبەشی، نایەکسانی، هەڵاواردن و ستەم و چەوسانەوە بهێنین.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-