دابه‌زینی نرخی ریاڵ له بازاڕی شڵه‌ژاو و ئاڵۆزی ئێران‌دا درێژه‌ی هه‌یه. به پێی ڕاپۆرتی ههواڵنێریهكانی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٥ی پووشپه‌ڕ، قیمه‌تی هه‌ر دۆڵارێك له بازاری ئازاد دا، ٢٠٦ تمه‌ن به‌رز بۆوه و به ٢٢ هه‌زار و ٩٥٢ تمه‌ن موعامه‌له‌ی پێكرا و قیمه‌تی هه‌ر یۆرۆیێكیش ٢٠٠ تمه‌ن به‌رز بۆوه و گه‌یشته ٢٥ هه‌زار و ٢٥٢ تمه‌ن. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه بانكی ناوه‌ندی قیمه‌تی هه‌ر یۆرۆیه‌كی، ٤ هه‌زار و ٦٢٥ تمه‌ن ڕاگه‌یاندووه. له‌م ڕۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ دابه‌زینی ٤٥ له‌سه‌دیی نرخی ریاڵ له به‌رامبه‌ر دۆلاردا، حه‌سه‌ن ڕووحانی و سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی، نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دراوی سه‌رچاوه‌گرتوو له كاڵا هه‌نارده‌كان له لایه‌ن هێندێك له ههناردهكارانیان، به هۆكاری سه‌ره‌كیی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی دۆلار و توندبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و شڵه‌ژانی بازاڕ پێناسه كرد. سه‌رانی ڕژیم هه‌روه‌ها پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و گه‌مارۆ بانكی و ماڵیه‌كانی ئه‌مریكا دژبه ئێران به یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دیكه‌ی توندبوونه‌وه‌ی قه‌یران دێننه ئه‌ژمار. ده‌وڵه‌تی ڕووحانی له وته‌كانیدا، وه‌ك هه‌وڵێكی به‌په‌له، ڕووبه هه‌نارده‌كاران ڕایگه‌یاند كه ئه‌گه‌ر دراوی سه‌رچاوه‌گرتوو له هه‌نارده‌كانی خۆیان نه‌گه‌ڕێننه‌وه وڵات، له گشت خزمه‌تگوزاریه‌كانی ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ڕی و بانكه‌كان و سهڕافیهكان بێبه‌ری ده‌كرێن. به‌ڵام هاوكات به‌رپرسانی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمیش ڕایانگه‌یاندووه كه زۆرێك له‌و ههناردهكارانهی كه بانكی ناوه‌ندی وه‌ك تاوانبار پێناسه‌ی كردوون، “قابیلی شناسایی” نین و یان ته‌نانه‌ت “ئه‌م كه‌سانه بوونیان نییه” و ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی پانتاییه‌كی دیكه‌یه له گه‌نده‌ڵی له‌ناو نیزامی بانكیی كۆماری ئیسلامی‌دا.
ئه‌گه‌رچی نابێ كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه باسیان لێكرا، له‌سه‌ر بازاڕی ناوخۆیی، له‌به‌رچاو نه‌گرین، به‌ڵام دابه‌زینی نرخی ریاڵی ئێران ڕیشه‌ی له ڕكوود و قه‌یرانی قووڵی ئابووری و په‌یوه‌نده چینایه‌تیه‌كان له ئێران دایه. به پێی نوێترین ڕاپۆرتی سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ، گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران له ساڵی ٢٠٢٠دا، مه‌نفی ٦ له‌سه‌د و نرخی ته‌وه‌رۆم له ئێران ٣٤ و ٢ دههۆمی له‌سه‌د پێشبینی كراوه. دابه‌زینی به‌رچاوی ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وت له باروودۆخێكدا كه نرخی دراو له بازاڕی ناوخۆی ئێران‌دا، به‌رده‌وام له قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت و نرخه‌كه‌ی له بازاڕی جیهانیدا كاریگه‌ری وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها هاتنه خواره‌وه‌ی هه‌نارده‌ی كاڵا غه‌یره نه‌وتیه‌كان به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كان، درێژه‌ی ڕه‌وتی داخرانی ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ڕۆیشتنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه‌كان، ڕۆڵی مافیایی سپای پاسداران له بازرگانیی ده‌ره‌كی كه بۆ ده‌وڵه‌تی ڕووحانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، هه‌مووی ئه‌وانه له‌سه‌ر قه‌یرانی بازاڕی دراوی ئێران كاریگه‌ریان هه‌یه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئه‌و بازرگانانه‌ی كه له پوانه ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌هره‌مه‌ندن و دراوی ده‌وڵه‌تی به نرخی ٤ هه‌زار و ٢٠٠ تمه‌ن وه‌رده‌گرن، له جیات هاورده‌كردنی كاڵا سه‌ره‌كیه‌كان، دراوی وه‌رگرتوو له بازاڕی ئازاد‌دا ده‌فرۆشنه‌وه و به‌مجۆره سوودێكی كهڵان ده‌خه‌نه گیرفانیانه‌وه. به‌ڵام یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی ئه‌م قه‌یرانانه له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بانك و دامه‌زراوه ماڵیه خسووسیه‌كان بوون. بورژوازیی ماڵی له ڕێگه‌ی ئه‌م بانكانه‌وه به‌شی هه‌ره‌زۆری نه‌خدینه‌ی له ژێر چنگی خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه و به یارمه‌تیی هه‌ر ئه‌م نهخدینهیه ده‌توانن ڕۆژێك له بازاڕی مه‌سكه‌ن، ڕۆژێكی دیكه له بازاڕی بوورسی به‌ڵگه به‌نرخه‌كان و له‌م ڕۆژانه‌شدا له بازاڕی شڵه‌ژاوی دراودا، قه‌یرانی ماڵی بخوڵقێنن و له‌م ڕێگه‌وه به قازانجی كهڵان بگه‌ن. له‌و نێوه‌دا كه ده‌وڵه‌تیش هاوده‌سته، به دابه‌زینی نرخی پاره‌ی نه‌ته‌وه‌یی قازانجی پێده‌گات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه له ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه به‌شێك له كه‌سریی بوودجه‌كه‌ی دابین ده‌كات و له ڕاده‌ی پێویستیی به سه‌رچاوه دۆلاریهكان بۆ دابین كردنی هه‌زینه‌كانی خۆی، كه‌م ده‌كاته‌وه.
دابه‌زینی نرخی ریاڵ و قه‌یران و ئاڵۆزیی بازاڕی دراو، ده‌ستبه‌جێ دواهاته‌كانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك كاریگه‌ری داده‌نێت. له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، ئاسه‌واره‌كانی هاتنه‌خواره‌وه‌ی نرخی تمه‌ن له به‌رامبه‌ر دۆلاردا، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رده‌وامی قیمه‌تی كاڵاكانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. له ئێستادا باس له‌وه ده‌كرێت كه هاتنه‌خواره‌وه‌ی نرخی تمه‌ن ده‌ستبه‌جێ به‌رز بوونه‌وه‌ی قیمه‌تی كاڵا خۆراكیه‌كان له‌وانه، مریشك و گۆشت و هێلكه و سه‌وزی و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن و هاتووچۆی له بازاڕدا لێكه‌وتووه‌ته‌وه. له‌و جێگه‌وه كه به‌شێك له كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی له ده‌ره‌وه‌ی ئێران هاورده ده‌كرێت، قیمه‌تی نیهایی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانیش ده‌ڕواته سه‌رێ. بهرزووبوونهوهی نرخی دراو ده‌بێته هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌زینه‌ی بنه‌ماڵه‌كان له بوار دابین كردنی ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندرووستی به‌تایبه‌ت له باروودۆخی قه‌یرانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا. هه‌ربۆیه دواهاتی دابه‌زینی نرخی تمه‌ن، به‌مانای هاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئاستی ژیانی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش و دابه‌زینی توانای كڕینی ئه‌وانه. قه‌یرانی ناو بازاڕی دراو و هه‌روه‌ها ڕكوودی ئابووری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی بێكاری، باروودۆخی ژیانی كرێكاران و زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران، دژوارتر ده‌كاته‌وه.
ده‌وڵه‌تی ڕووحانی و بانكی ناوه‌ندی سه‌ره‌ڕای واده و بهڵێنیهكانیان ناتوانن ئه‌م قه‌یرانه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. ئه‌وان خۆیان هۆكاری ئه‌م قه‌یرانه‌ن. كابینه‌ی ڕووحانی، له‌و جێگه‌وه كه خۆی به‌شێك له حكوومه‌تی ئیسلامیی سه‌رمایه‌دارانه، داماوتر له‌وه‌یه كه بتوانێ ئه‌م قه‌باره گه‌وره‌یه له نه‌خدینه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كراو له ده‌ستی بازرگانانی ڕانتخۆر و بانكه خسووسیه‌كان كه سههامداره سه‌ره‌كیه‌كانیان، ناوه‌نده‌كانی سه‌ربه سپا و ئه‌رته‌ش و به‌یتی ڕێبه‌رین، له‌ده‌ستیان ده‌رهێنێت و بۆ دابین كردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رمانی، بیمه‌ی بێكاری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی توانای كڕینی كرێكاران و بێبه‌شان، به‌كاری بێنێت. ئه‌م قه‌یرانه ڕێگاچاره‌یه‌كی ناوده‌سه‌ڵاتی و سه‌رمایه‌دارانه‌ی نییه. كه‌وابوو به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌وه‌رۆم له گره‌وی خه‌بات بۆ ڕووخاندنی چینی سه‌رمایه‌دار دایه.
له‌م باروودۆخه‌دا، سۆسیالیسم ته‌نیا ڕێگاچاره‌یه‌كه كه ده‌توانێ ئاسۆی ڕزگاری به‌ره‌وڕووی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران بكاته‌وه. ئاڵتێرناتیوی سۆسیالیستی ده‌توانێ له جه‌ره‌یانی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی ڕۆژانه و ڕوو له گه‌شه‌ی كرێكاران و پێشڕه‌وی و كامڵ بوون و ڕێكخستنی شۆرایی چینی كرێكار و یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، شكڵ بگرێت. ئاڵتێرناتیوی سۆسیالیستی له مه‌سیری پێشڕه‌ویی خۆیدا، كۆماری ئیسلامی ده‌ڕووخێنێت، ده‌زگای سه‌ركوتی سپای پاسداران، ئه‌رته‌ش، پۆلیس، هێزه ئه‌منییه‌كان و بوروكراسیی پان و به‌رینی ده‌وڵه‌تی تێكده‌شكێنێ و به ژیانی مشه‌خۆری و پڕ هه‌زینه‌ی ئه‌وان و گشت ده‌زگای په‌ره‌پێده‌ری كۆنه‌په‌رستی و دواكه‌وتوویی كۆتایی دێنێت و به ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی شۆرایی، كرێكاران به‌ربڵاوترین ئازادی سیاسی دابین و زه‌مانه‌ت ده‌كه‌ن. حكوومه‌تی كرێكاران به هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و داڕشتنی پایه‌كانی ئابووریی سۆسیالیستی، بۆ هه‌میشه كۆتایی به مه‌ترسیی قه‌یرانی وێرانكه‌ری ئابووری دێێنت. سۆسیالیسم، دابین كردنی پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك، دابین كردنی ژیانی خۆشبژیو و شیاوی ئینسان، ده‌كاته ئامانجی به‌رهه‌مهێنان و گشت خزمه‌تگوزاری و به‌رهه‌مه پێویسته‌كانی خه‌ڵك له ئاستێكی به‌ریندا به‌رهه‌مدێنێت و گشت پێداویستیه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كان دابین ده‌كات.