کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هۆشدار به‌ تۆڕ و ڕایه‌ڵه‌ سیخوڕییه‌كانی ڕژیم له‌ كوردستان

photo 2022 07 19 10 05 41

حكوومه‌تی ئیسلامی هه‌رله‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كارییه‌وه‌ له‌ ٤٣ ساڵ له‌مه‌وه‌ پێش، كوردستانی وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئه‌منییه‌تیی كه،‌ مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر بوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ ، چاو لێكردوووه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا له‌شكركێشی و میلیتاریزه‌ كردن، زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام، له‌ زومره‌ی ئامرازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆسه‌پێنی ڕژیم به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا بووه‌. هه‌ر له‌ حیزب و ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ بگره تا هه‌ڵسووڕاوانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، خه‌باتكارانی كرێكاریی و چالاكانی ژینگه‌یی، سه‌رجه‌میان به‌رده‌وام ئامانجی ئه‌م سیاسه‌ته‌ سه‌ركوتگه‌رانه‌یه‌ بوون.

كه‌متر بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندام، دۆست، هاوكار، هاوسا و دراوسێیه‌كیان نه‌كه‌وتبێته‌ زیندان، له‌سه‌ر كار ده‌رنه‌كرابێ، به‌زۆر ناچار به‌ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌كرابێت و یان ئێعدام و له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی داگیركه‌ری ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، گیانی له‌ده‌ست نه‌دابێت. به‌ڵام له‌ په‌نای هه‌موو ئه‌مانه‌دا به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانی ڕژیم له‌ كوردستان له‌ ڕێگای به‌سیج گیری و پێكهێنانی تۆڕ و ڕایه‌ڵه‌ی سیخوڕییه‌وه‌، به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتووه‌.

یه‌كێك له‌ ڕێگاكانی په‌ره‌پێدان به‌ تۆڕه‌ سیخوڕییه‌كانی ڕژیم بریتی‌ بووه‌ له‌، كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ڕێكخراویی به‌سیج. له‌ هه‌ل و مه‌رجێكدا كه‌ ڕژیم ئه‌ندام بوونی له‌ ڕێكخراوی به‌سیجدا كردۆته‌ پێش مه‌رجی به‌ده‌ست هێنانی جێگه‌ و پێگه‌ی ئیداری و درێژه‌دان به‌ خوێندن، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ژوماره‌یه‌كی به‌رچاو، به‌دانی‌ وه‌عد و به‌ڵێنی جۆراوجۆر، بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌م ڕێكخراوه‌دا هانده‌دن. دواتر كه‌سی جێگه‌ مه‌به‌ستی خۆیان بۆ كاری تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ سیخوڕی و ئه‌منییه‌تییه‌كان، دیاری ده‌كه‌ن و به‌ نهێنی ڕایانده‌هێنن و ڕێكیانده‌خه‌ن.

هاوكات نه‌بوونی سه‌رمایه‌گوزاری و بێكاری و نه‌بوونی هه‌ڵی كار، سیاسه‌تی به‌ ئانقه‌ستی هه‌ژار كردنی خه‌ڵك، گیرۆده‌كردنی لاوان به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌پێی پلانی دیاریكراو له‌ ناو كۆمه‌ڵگا، ته‌نانه‌ت له‌ناو زیندانه‌كان، زه‌مینه‌ بۆ ڕاكێشانی كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و به‌دفه‌ڕ و ئه‌و گیرۆده‌بووانه‌ی كه‌ هه‌زینه‌ی پێویستیان بۆ دابینكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر نییه‌، ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ تۆڕه‌ سیخوڕییه‌كاندا خۆشكردووه‌. ئه‌و گه‌نج و لاوه‌ بێ هیوایانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رچه‌شنه‌ شادی و خۆشیه‌ك بێبه‌شن، به‌ پووڵ و ڕه‌خساندنی ئیمكانی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئاسان به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر و مه‌شروبه‌ ئه‌لكۆلییه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌ وه‌عده‌ و به‌ڵێنی ناردنیان، بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، شناسایی ده‌كه‌ن و به‌كاریان دێنن.

به‌ڵام تۆڕه‌ سیخۆڕییه‌كانی ڕژیم ئاڵۆزتر و به‌ربڵاوتره‌ له‌ به‌كارهێنان و كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ كه‌سانی به‌دفه‌ڕ و لۆمپه‌ن. ئه‌و مه‌زهه‌بییه‌ تووندڕه‌ و سه‌له‌فییانه‌ی كه‌ مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیان له‌ حكوومه‌تێكی ئازاد و دێمۆكراتیك پێ باشتره‌، كه‌سانی دواوكه‌وتوو و قازانجپه‌ره‌ست كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ل و مه‌رجێكی ئه‌وتۆی ماڵیی و كاریی، له‌ هیچ بێ به‌ندوباری و خه‌یانه‌تێك خۆنابوێرن، ئاخوونده‌كان، ئه‌و ئه‌رباب و ڕانتخۆرانه‌ی كه‌ بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئیمكاناتی حكوومه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، له هیچ‌ هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ ڕژیم درێغ ناكه‌ن، به‌شێكیترن له‌ تۆڕه‌كانی هاوكاری و گه‌یاندنی زانیاری به‌ دام و ده‌زگا ئیتڵاعاتی و سیخوڕییه‌كانی ڕژیم له‌ كوردستان. به‌شێك له‌م تۆڕه‌ سیخوڕی و ئیتڵاعاتیانه‌ خه‌ریكی خه‌به‌ر چینی، تیرۆر و خرابكاری له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی توركیه‌ و عێراق و سورییه‌ن.

ئه‌زموونی ڕووخانی ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆر و سه‌ره‌ڕۆكان له‌وانه‌، حكوومه‌تی سه‌ڵته‌نه‌تی، ده‌ریده‌خات كه،‌ زانیارییه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ هاوكاری به‌كرێگیراوه‌ نهێنیه‌كانی كۆماری ئیسلامی، سه‌ره‌نجام ئاشكرا ده‌بن. ئه‌وكات وێڕای ڕه‌سوایی و شه‌رمه‌زاربوونیان، پێویسته‌ له‌ دادگا جه‌ماوه‌رییه‌كاندا له‌ ئاست هاوكاری و به‌شداربوونیان له‌ جینایه‌ت و سه‌ركووته‌كانی ڕژیمدا، وڵامده‌ره‌وه‌ بن.

ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی قووڵ و به‌ربڵاوی نه‌فره‌ت و بێزاری زۆربه‌ی هه‌ر زۆری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به‌ره‌وڕووه‌، ده‌رنگ یا زوو ده‌روخێ و سیخوڕه‌كان، ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ران و به‌كرێگیراوانی تری ڕژیم ده‌مێننه‌وه‌ و جه‌ماوه‌رێكی بێزار و ناڕازی له‌ چوارده‌یه‌ جینایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌كان. به‌رپرسانی ڕژیم به‌ دزین و به‌ تاڵانبردنی ملیارد دۆلاریی، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێران جێ بهێڵن و به‌كرێگیراواكانیان كه‌ ئیمكانی هه‌ڵاتن و ده‌ربازبوونیان نییه‌، له‌گه‌ڵ ڕه‌ق و بێزاری و دادخوازی جه‌ماوه‌ر، به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌. په‌شیمانی سیخوڕه‌كان له‌ كۆتا ڕۆژه‌كاندا به‌دادیان ناگات و پێویسته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕیزی جینایه‌تكارانی ڕژیم و به‌ ئاشكراكردن و زڕاندنی ناوی هاوكاره‌كانیان، له‌ بابه‌ت هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ داگیركه‌ران و جینایه‌تكاران، داوای لێبوردن له‌ جه‌ماوه‌ری شه‌ریف و خه‌باتكاری كوردستان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌مڕۆوه‌ ڕیزی خۆیان له‌ دام و ده‌زگای سه‌ركووت و جینایاتی حكوومه‌تی ئیسلامی جیا نه‌كه‌نه‌وه‌، سبه‌ینێ زۆر ده‌رنگ ده‌بێ و به‌هۆی به‌شدارییان له‌ جینایه‌ته‌كان له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان و دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، تاوانێكی گه‌وره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌