ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٦ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، كۆمیته‌ی منداڵانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردنی هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له منداڵان بۆ سه‌ركوتی خۆپێشانده‌ران و كوشتنی دڕندانه‌ی ناڕازیان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، هۆشداری دایه به‌رپرسانی ڕژیم و خوازیاری كۆتایی هێنان به سه‌ركوتی خوێناوی خه‌ڵكی ناڕازی بوو.
له به‌یاننامه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌دا وێڕای ئاماژه‌كردن به كوشتنی ٢٣ منداڵ و مێرمنداڵ له ناڕه‌زایه‌تییه سه‌راسه‌رییه‌كانی ئێران، ڕاگه‌یه‌ندراوه كه به‌شێك له‌و منداڵانه به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ كوژراون و به‌شێكی دیكه له ژێر ئه‌شكه‌نجه دا گیانیان به‌خت كردووه. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان ڕایانگه‌یاندووه كه له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانه‌وه بۆ وه‌رگرتنی دانپێدانانی زۆره‌ملێ خراونه‌ته ژێر گوشار. ئه‌و كۆمیته‌یه هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی ڕژیم بۆ ده‌ركردن و ده‌ستبه‌سه‌ركرانی قوتابیان و ڕاگرتنیان له گرتووخانه‌ی “ئیسلاح و ته‌ربیه‌ت” زۆر نیگه‌رانه و داوا له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ده‌كات پێبه‌ند بێت به‌و كۆنوانسیۆنانه‌ی واژۆی كردووه و ده‌ست به‌جێ ته‌واوی منداڵانی به‌ندكراو ئازاد بكات.