پنجشنبه – ۸ آذر – ۱۳۹۷ , 29 – 11 – 2018
سه‌عید ئه‌مانی
هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات وه‌ك یه‌كێك له قه‌واره‌كانی وشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شێك له ڕوبهنایهكی سیاسی كه زاده‌ی وجودێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه ده‌ور و نه‌خشێكی كارامه و كارای له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵ و ئاڵوگۆڕهكانیدا هه‌یه. هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی دواكه‌وتو كۆنه‌په‌رستانه له ڕێگای چه‌واشه كردنی جه‌ماوه‌ره‌وه یارمه‌تیده‌ری تۆكمه و توند و تۆڵ كردنه‌وه‌ی نه‌زمی كۆن و په‌ره پێدان و بوژاندنه‌وه‌ی پێوه‌ندی و مناسباتی كۆمهڵایەتی به‌سه‌ر چووه. له حاڵێكدا كه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری و شۆڕشگێڕانه بۆ جه‌ماوه‌ری وشیار و شۆڕشگێڕی وهخهبهرهاتوی خه‌ڵك ڕۆڵی چه‌كێكی به‌هێز ده‌گێڕێ كه به‌ر له‌وه‌ی بواری هاتنه ئارای ئاڵوگۆڕ و شۆڕش ڕه‌خسابێت له ڕوانگه‌ی بیر و بۆچوونه‌وه شۆڕش ده‌كاته زه‌روره‌تێكی حه‌یاتی و به‌ستێنی بۆ خۆش ده‌كات و له جه‌ریانی شۆڕشدا خۆی ده‌بێته به‌شێكی پێویست و گرینگی به‌ره‌ی گشتی و هه‌مه لایه‌نه‌ی.
ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری له ئێران و كوردستاندا پێویسته له‌و قسه‌وباسانه‌ی سه‌باره‌ت به” هونه‌ر بۆ هونه‌ر” و یان” هونه‌ر بۆ خه‌ڵك” جیابكه‌ینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌بێ كه‌وتنه نێو داوی دروشمی سیاسی و یان ڕایه‌ڵ و هه‌ودای ئاڵۆزی باسه هونه‌ریه‌كانه‌وه، باشتر وایه كه سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بیاتی ئێستای چینایه‌تی وتووێژ و دیاڵۆگی ڕاسته‌قینه بكرێت( واقعیه‌تێكی كه خسڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی كرێكاریشه). به‌داخه‌وه تریبونی زاڵی ئه‌م وتووێژه له‌ده‌ست باڵێك دایه كه به ئیدیعای ڕه‌د كردنه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌ده‌بیاتی ئیدئۆلۆژیك، به خۆ به‌دوور گرتن له هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له ڕاستای پهیكار و تێكۆشانی چینایه‌تیدا بووه، خۆی په‌ڕاوێز و به‌دوور له هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵوێست گرتنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی ده‌زانێت و كاكڵی ئهدهبیاتهكهشی عه‌ینی بێلایه‌نی، له حاڵێكدا كه ئه‌م بێ لایه‌نییه خۆی له‌داوی ویست و داواكاریه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا گیری خواردوە.
ئه‌م ئه‌ده‌بیاته ئه‌گه‌ر ئهدبیاتێكی به‌ته‌واوی ئیدئۆلۆژیكیش نه‌بێت، ده‌بێته ئه‌ده‌بیاتێكی به‌رخۆر و مه‌سره‌فگه‌را و هه‌ڵبه‌ت بێ ناوه‌رۆك. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆته خزمه‌ت نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌وه و ئه‌وه خودی سه‌رمایه ساڵارانیشن كه له‌پاڵ ئه‌نجومه‌نه ئه‌ده‌بیه جۆراو جۆره‌كان و هه‌موو چه‌شنه خه‌ڵاتێكی ئه‌ده‌بی و باقی شێوه و شگرد و دهغهڵكاریهكانی تریاندا، له‌هه‌وڵی په‌ره و بهرهودان به ئه‌ده‌بیاته خه‌سیو و پوچهكهیاندان به یارمه‌تی ئه‌م تریبونه زاڵه‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه.
كرێكاران وه‌ك چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه، هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. وه‌ك چۆن سه‌رمایه‌داریش وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك خه‌ریكه بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌خۆی په‌روه‌رده ده‌كات و په‌ره‌یان پێئه‌دات. ئه‌ده‌بیاتێكی كه ته‌نزی تاڵی دژواریه‌كانی كار له‌گه‌ڵ نه‌فره‌ت و بێزاری له كاری کرێگرته‌یی و بێگانه بوون به زانیاری و ئاگاهی و بۆ وشیار كردنه‌وه ده‌رده‌بڕێت، ئه‌ده‌بیاتی كرێكارییه. نه‌ك ئه‌و درۆ گه‌وره و قه‌بانه‌ی وا بوونه‌ته هه‌وێن و ماتڕیاڵی ئه‌ده‌بیاتی بۆرژوایی و كاری كرێگرته‌یی به بابه‌تێكی چارهه‌ڵنه‌گر و ته‌نانه‌ت پیرۆزیش ده‌زانێت كه له درێژه و به‌رده‌وام بوونیدا خاوه‌نكار مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له داهاتی كاری كرێكاران، سود و قازانجێكی زیاتری به‌ركه‌وێ. و ئه‌گه‌ر شتێكی زیاتری به كرێكار په‌رداخت كرد پێیوایه خێری پێ كردوه.
ئاساییه كه، كه‌مینه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پله و پایه‌كان بۆ پاراستنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌یانه‌وێ بارودۆخەکە پارێزراو بێ و هه‌ر چه‌شنه ئاڵوگۆرێك، له ڕاستای دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا ده‌بینن. له به‌رانبه‌ریش دا زۆرینه‌ی بێ به‌ش و زۆرلێكراو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روویه‌كی ڕوون به‌ڕووی ژیان و به‌رێچوونی دا بكرێته‌وه، حه‌زی له ئاڵوگۆڕه و به پیریه‌وه ده‌چێت. كه‌مینه‌ی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی، كه خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆڵێكی له به‌رهه‌مهێنان دا هه‌بێ و ته‌نیا چاوه‌دێری ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی چینی زۆرینه‌یه، هه‌وڵه بهكردهوهكان به سووك چاو لێده‌كه‌ن و ده‌كۆشن تا هه‌وڵه نهزهریهكان به ته‌واوی له هه‌وڵه بهكردهوهییهكان جیا بكه‌نه‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌كرێ بڵێین چینی زۆرینه مه‌جالێكی بۆ كار و كۆششی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌زه‌ری له‌به‌ر ده‌ستا نیه. چینی كه‌مینه‌ش چون ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ژیانی بهكردهوهدا نامۆیه، ئاساییه له ڕاستیه‌كان دوور كهوێتهوهو خه‌ڵوه‌ت نشینی كاخی خه‌یاڵی خۆی بێت. له حاڵێك دا كه زۆرینه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵاوی ڕه‌وتی ژیانی به كرده‌وه‌یه له گه‌ڵ ڕاستیه‌كان دا ده‌سته و یه‌خه‌یه. ده‌كرێ بوترێ( واقعگه‌را)یه. كه‌وابێ ده‌توانین بوونی دوو جۆر هونه‌ری جیاواز، هه‌ر له به‌ره‌به‌یانی سه‌رهه‌ڵدانی تهمهدونهوه به‌دی بكه‌ین و لێكی هه‌ڵاوێرین. واته هونه‌ری واقعگهرایانهی زۆرینه( عه‌وام) و هونه‌ری نا واقعگهرایانهی كه‌مینه( خه‌واس.)
ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری ئه‌ده‌بیاتێكه كه ژیان و حوزوری شوێندانه‌ر و كاریگه‌ری هێزی كار و كرێكاران له به‌رانبه‌ر سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داراندا وێنا ده‌كات، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه به‌دیهێنه‌ری ئه‌م ئه‌ده‌بیاته خۆی كرێكار بێت یان نا…
به پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو ناكرێ ته‌نیا به هۆی بوونی پوتك و چه‌كوش، و یان حوزوری كرێكارێكی ڕێكپۆش( كه به‌ڕێكه‌وت عاشقی كچی خاوه‌ن كارخانهكهش ده‌بێت) له بابه‌تێكدا، ناوی بنێین ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری ئهدبیاتێكی كرێكاری كه داهێنه‌رانه و زیندو بێت، پێویسته ڕواڵه‌تی ژیان و خه‌باتی ئه‌م چینه له ڕاستای ده‌رخستنی ناكۆكی و كێشمه‌كێشی كار‌و سه‌رمایه‌دا ده‌ربخات، یان وه‌ك به‌شێك له‌م ناكۆكیانه چاوی لێبكرێت!
له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئاستی هه‌ستیار بوون سه‌باره‌ت به مه‌سایل و بابه‌ته كرێكاریه‌كان گه‌لێك نزمه. ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری كه به به‌رده‌وامی خراوه‌ته په‌ڕاوێزه‌وه، ده‌توانێ وێڕای هه‌ڵخڕاندنی كردار له كۆمه‌ڵگادا سه‌باره‌ت به بابه‌ته كرێكاریه‌كان، وه‌ك تریبونێكیش بێت بۆ ده‌ربڕینی ده‌رد و ئازاره‌كانی چینی كرێكار و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و زۆر لێكراو.
ئه‌ده‌بیاتی ڕیشه‌داری كرێكاری( كه ئیسالهتهكهی نه‌ك له شێوه‌ی بۆماوه‌یی و ئیرسی سهرمایهسالاری، به‌ڵكو له چه‌شنی ئینسانی و سروشتیه‌كه‌ی بێت) ده‌توانێ كاریگه‌ری بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگێك دابنێت كه پێكهاته‌كه‌ی، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كه كه لێوڕێژه له ناكۆكی، كۆمه‌ڵگایه‌كی نه‌خۆش كه له حه‌ره‌كه‌تی به‌ناچاری خۆیدا، كه‌وتۆته قۆناغی بهرزهخیهوه. و وێڕای هه‌وڵدان و گه‌ڕان به‌دوای ڕێگای چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌كاندا، له په‌ڕینه‌وه له‌م به‌رزه‌خه‌ی ئێستا، له ئه‌گه‌ری توندوتیژیه‌كانی پێكدادانی چینایه‌تی به زمانی ئاسایی خۆی( زمانێكی كه هه‌موان تێیبگه‌ن) كه‌م بكاته‌وه.
ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه پێیوایه له ئێستادا تاریكی گۆره‌پانه‌كه‌ی داگیر كردوه، به‌ڵام تروسكایی و ئه‌ستێره‌كانیش ده‌بینێت. بڕوای به هه‌تاهه‌تایی بوونی ئه‌م تاریكیه نییه. ناهێڵی قه‌ت ئاسمان به‌بێ ئه‌ستێره بمێنێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاسمان قه‌ت به‌بێ ئه‌ستێره نییه…
ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری، ئه‌ده‌بیاتی چاوكرانهوه و وشیارییه. ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری كه ڕاسته‌وخۆ له ناخی به‌رین ترین چینی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه شكڵ ده‌گرێت ئامرازێكه بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی، ڕه‌نج و ئازار، ئامانج و ئارهوزو، دنیابینی و به‌گشتی عه‌واتفی ئه‌م چینه. چینی كرێكار ئه‌م قۆناغه‌ی چه‌ندین جار له مێژودا، له‌وانه له سه‌روده‌می شۆڕشی ئۆكتۆبردا، به بوونه خاوه‌نی گه‌لێك به‌رهه‌می به نرخی وه‌ك دایكی ماكسیم گۆركی، نی‌نا و هیتر ته‌جروبه كردوه.
نووسه‌ران، ئه‌دیبان و شاعیرانێكی زۆر له ئێران و كوردستان له‌م یه‌ك دوو سه‌ده‌ی ڕابردودا هه‌وڵیانداوه له‌م بواره‌دا چالاك بن و جێ په‌نجه‌شیان دیاره؛ هه‌رچه‌ند كه نه‌یانتوانیوه به‌رهه‌مێكی پاك و پاڵاوته‌ی ئه‌ده‌بی كرێكاری به‌رهه‌م بێنن.
ده‌توانین ئاماژه به گه‌لێك نمونه له هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری ئێران و كوردستان له قۆناغی ئێستادا بكه‌ین و ناویان به‌رین، له‌وانه شانۆنامه‌ی» عه‌باساغا كرێكاری ئێران ناسۆناڵ»ی سه‌عید سوڵتانپور، یان به‌رهه‌می شاعیر و نوسه‌رانێكی وه‌ك سه‌مه‌د بێهڕه‌نگی، عه‌لی ئه‌شڕه‌ف دهوێشیان، لاهوتی، خوسره‌و گوڵسرخی، ڕێبوار، سوله‌یمان قاسمیانی، به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئاحمه‌د شاملو، قانع، ئاحمه‌د بازگر، سه‌ید عه‌لی ساڵحی و كه‌سانی تر.
ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ڕۆژ له ڕۆژ زیاتری ئه‌م چینه و وشیار بوونه‌وه‌ی و ویست و داواكاریه‌كانی، شكڵ و شێوه‌ی كامڵتر و بابه‌تی تر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری، ئه‌ده‌بیاتی په‌ره‌پێدان و پیرۆز كردنی هه‌ژاری نییه. ئه‌ده‌بیاتی سڕینه‌وه‌ی مناسبات و پێوه‌ندی سه‌رمایه‌دارییه. به‌هه‌ر ڕادده‌یه‌ك خه‌باتی چینایه‌تی له ڕاستای ناسین و له‌نێو بردنی ناكۆیه‌كانی ئێستادا قوڵتر ده‌بێته‌وه، ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ش زیاتر گه‌شه ده‌كات و به‌ره‌و كامڵ بوون ده‌چێت.
ئامرازه‌كانی ئه‌مرۆی پێوه‌ندی گرتن، وه‌ك ئینتێڕنێت و ماهواره ده‌توانن بكه‌ونه ئیختیار چینی كرێكاره‌وه و بخرێنه خزمه‌ت گه‌شه و په‌ره‌پێدان و سه‌قامگێری ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری، ئه‌م ئامرازه زمانێكی نوێی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی كرێكاری ده‌وێت كه به‌ره‌و گشتگیر بوونه. ده‌توانین بلێین به‌نا به قه‌یرانێكی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه داوێنگیری كۆمه‌ڵگای جیهانی به‌گشتی و ئێران به تایبه‌تی بووه و ئه‌ده‌بیاتی سڕبووی بورژواییش توانایی وڵامدانەوهی نییه پێی، ئه‌ده‌بیاتی داهاتوو ئه‌ده‌بیاتێكی كرێكارییه.
با لێرەدا کورتە باسێکی دوکتور تەقی ئەرانی سەبارەت بە پێناسە و کارکردی هونەر و ئەدەبیات بخوێنینەوە کە یارمەتی دەری ناسینی زیاتری دەور و نەخشی هونەرە لە پانتایی کۆمەڵگادا:
” هونه‌ریش وه‌ك زانست، فه‌لسه‌فه، ماف و شتی تر یه‌كێك له ئاكامه‌كانی ژیانی ماددی به‌شه‌ره.
مه‌به‌ست له‌م وتاره ئه‌وه‌یه كه بیسه‌لمێنین، هونه‌ر بگره له‌م ڕووانگه‌وه كه یه‌كێك له دەرکەوتهكانی « رۆحیی» به‌شه‌ره، ماددییه و به یه‌كێك له دەرئەنجانەکانی ژیانی به كۆمەڵی مرۆڤ ده‌ژمێردرێ. واته هه‌روه‌كو چۆن زانست و فه‌لسه‌فه و ماف و ئایین و به گشتی ته‌واوی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیەکان، ئاكامی هه‌لومه‌رج و بارودۆخی كۆمه‌ڵگان، هونه‌ریش به پێی هه‌ڵدان و گەشە کردنی یان لاواز بوونی شێوه‌ی بهرهمهێنانی سه‌روه‌ت له حاڵی هه‌ڵدان یان نشوستی دایه، به واتایه‌كی تر هونه‌ریش وه‌ك باقی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر له ژێر كاردانه‌وه‌ی بارودۆخی بهرهمهێنان و شه‌رایه‌تی ماددی سه‌رده‌مه‌كه‌ی دایە.
بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه ڕوونتر بێته‌وه، پێویسته بزانین هونه‌ر چییه؟ و چ رۆڵێك له كۆمه‌ڵدا ده‌گێرێ.
مرۆڤ هه‌ر ته‌نیا بیر ناكاته‌وه، ئه‌و خاوه‌نی زۆر هه‌ست و عهواتفیشه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌ست و نەستە نابێ وه‌ك شتێكی غه‌یره ماددی چاو لێبكه‌ین. ئه‌مانه‌ش تایبه‌تمه‌ندی ماددیان هه‌یه. له هه‌ر حاڵ‌دا مرۆڤ به دیتنی كرده‌وه‌ی باش شاد و به بینینی خراپەكاری دڵگرانه، ماوه‌یه‌ك خۆشحاڵ و سه‌رده‌مێك غه‌مناك ده‌بێ، كاتێ كه‌یلی هیوایه و ئاره‌زوی له شتێكه و كاتێكی تر به پێچه‌وانه. به گشتی چون هه‌ست و حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانی به‌شه‌ر بێ سنوره، هونه‌ر ئه‌م هه‌ست و نەستە كۆ ده‌كاته‌وه و له ڕێگای شكڵ و ڕواڵه‌تی هه‌ست پێ كراوه‌وه، وه‌ك: وته، ده‌نگ و جووله یان له ڕێگای كه‌ره‌سته‌ی تره‌وه ده‌رده‌بڕدرێ. شێعر، مۆسیقا و شێوه كاری هه‌ر كامیان یه‌كێك له دیارده‌كانی هونه‌رن. كه وابێ، ده‌توانین بڵێین: هونه‌ر كه‌ره‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی هه‌سته‌كانه وه‌یان وه‌ك تۆڵستۆی ئه‌ڵێ: هونه‌ر كه‌ره‌سته‌ی گواستنه‌وه و ته‌شه‌نه‌ی عهواتفه.
له‌گه‌ڵكوو پارچه‌یه‌ك موزیك لێ بدرێ، بە خێرایی گشت هه‌ستگه‌لی مۆسیقا ژه‌نی هونه‌رمه‌ند ده‌چێته ناخی بیسهرەوە و ده‌یخاته ژێر كاریگەری خۆیه‌وه.
به‌م چه‌شنه عه‌واتفی تاكی هونه‌رمه‌ند، ده‌بێته هه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، شێوه كاری، په‌یكه‌ر سازی، شێعر و بینا سازیش له‌م ڕوانگه‌وه وه‌ك مۆسیقان. ئێستا كه ته‌عریفی هونه‌ر، واته لێك دانه‌وه‌ی شێوه‌گه‌لی ماددی هه‌ست پێكراو و ده‌ور و نه‌خشی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی، یانی به گشتی كردنی هه‌ستگه‌لی تاكه كه‌سمان بۆ ده‌ركه‌وت، پێویسته بزانین كه گه‌شه و هه‌ڵدانی هونه‌ر په‌یوه‌ندی به چ هۆکار گه‌لێكه‌وه هه‌یه و تا چ ڕاده‌یه‌ك گه‌شه و هه‌ڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تی كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵدان و پوكانه‌وه‌ی هونه‌ر هه‌یه.
هونه‌ر به هه‌ر شكڵ و شێوه‌یه‌ك چاو لێبكرێ و له‌بەرچاو بگیرێ، به شێوه‌ی ڕاسته‌و خۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، به هۆی زنجیره‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌وه ئاكامی بارودۆخی ئابووری و ڕاده‌ی گه‌شه‌ی كه‌ره‌سته‌ی فه‌ننی كۆمه‌ڵگایه. به هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك ئامێرەکانی مۆسیقا له وڵاتێك دا پێشكه‌وتوو تر بێت، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش به‌رهه‌مه مۆسیقیهكهی كامڵتر و باشتره له به‌رهه‌می مۆسیقای ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئێستاش له كهرهستهكۆن و سوننه‌تیه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
ئه‌گه‌ر تا ڕاده‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی به‌شه‌ر دا، هونه‌رێك سه‌ری هه‌ڵدابێ، یه‌قینه‌ن پێوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ پێداویستی به كرده‌یی ژیانی ماددییەوە بووه. كۆنترین هونه‌ره‌كان چۆپی و مۆسیقا و شێعرن.
له نێو گشت هونه‌ره‌كاندا، بیناسازی خاوه‌نی لایه‌نێكی فه‌ننی تره و له ئاكامدا، په‌یڕه‌وی بیناسازی له پێداویستیه ماددیه‌كان روونتر و به‌رچاوتره. له سه‌ره‌تا دا مه‌به‌ست له دروست كردنی بینا ته‌نیا پێداویستی یه‌كی به ته‌واوی ماددی به‌شه‌ر بووه، مهعبهدهكانی یونان و تاقی گوتێك لاسایی كردنه‌وه‌ی بینا دارێنهكانی كۆنن كه به ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌ساسی پێداویستیه‌كی ماددی بینا كرابوو، واته عه‌ینه‌ن هه‌ر ئه‌و بینایانهمان، به كه‌ره‌سته گهلیتر و قایمتر دروست ده‌كرد.
به‌شێكی به‌رچاو له‌و شێعرانەی كه له سه‌رده‌می ملوك ئهلتهوایفی دا وتراوه، ته‌نیا له مه‌دح وسه‌نای ئه‌میران و ده‌سه‌ڵاتداران دا بوه و به‌شێكی تری هه‌ر چه‌ند ڕاسته‌وخۆ ملكه‌چی بارودۆخی مادی نه‌بووه، به‌ڵام به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ مه‌حكومی سیسته‌می ئابووری ئه‌و سه‌رده‌مه بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته به پێی مه‌كته‌بی ماتریالیسم، بڵێین كه ئه‌و هونه‌رانه‌ش به‌ش به حاڵی خۆیان بونه‌ته هۆی گه‌شه‌و ته‌كامولی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێویستی سه‌رهه‌ڵدانی نوسه‌رانێكی وه‌ك: تۆلستۆی، تسواك، گوركی، سه‌مه‌د بێهره‌نگی و ماركێز و زۆر كه‌سی تر، واته به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ده‌كانی ڕابردوو بونه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی به سه‌دان مرۆڤی هه‌ڵكه‌وته‌ی وه‌ك ئه‌مانه.
به گشتی پێویسته ئه‌وه بلێین كه ئه‌گه‌ر تاریفی هونه‌ر وه‌ك ته‌عبیری نەستەکان، به چه‌شنی ماددی هه‌ست پێكراو، و ده‌ور و نه‌خشی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی به گشتی كردنی هه‌ستگه‌له تاكیه‌كان بزانین، به‌م شێوه‌یه خوێندنه‌وه‌ی شێعره‌كانی سه‌عدی و مه‌وله‌وی و هاو قه‌تاره‌كانیان هه‌ستی ئێمه نابزوێنن. مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی ئاستی بیر كردنه‌وه‌مان تا سنوری سه‌رده‌مه‌كه‌ی ئه‌وان بنێنه‌وه دواوه و له بیر خۆمانی به‌رینه‌وه كه له چ سه‌رده‌مێك دا ده‌ژین و گوێ نه‌ده‌ینه گرمه‌ی ماشینی زه‌به‌لاحی گه‌شه‌ی ئابووری و ئاڵ و گۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاومان له حاند ئه‌و شۆرشه نامۆ و سه‌ر سوڕ هینه‌ره فكرییه‌ی كه پایه‌ی ماتریالیزمی له دنیای، له باری ئابووریه‌وه پێشكه‌وتوی، نوێی پێك هێناوه.”