ڕۆژی ڕابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە کرد و ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە پێشڕەوی و جێگیربوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری سووریا نادەن.
بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕاشکاوی هۆکاری هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی “ئەبوو زهوور“ی نزیک حەلەبی خستە ڕوو. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازیی تورکیا بەرەو باشوور بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت و بە توندی وەڵامی دەداتەوە. هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر پەیامیان دابووە ئەنقەرە بۆ ئەوەی لەو فڕۆکەخانە سەربازییە نزیک نەبنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا گرنگیان بە هوشدارییەکانیان نەداوە.
