به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای ئەوەی کە عەدنان ڕەشیدی، چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسی پێشوو کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانێکی نەناسراو هێرشی کرایە سەر، دوو کەس لە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستبەسەر کراون، بەڵام کەسانێکی نەناسراو هێشتا هەڕەشەی کوشتن له ناوبراو دەکەن.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، هەرچەند باری تەندروستی عەدنان ڕەشیدی بە هۆی ئەو هێرشەوە ناجێگیرە و پۆلیسی سلێمانیش دوو کەس لە تۆمەتبارەکانی هێرش بۆ سەر ناوبراویان دەستبەسەر کردووە، هێشتا کەسانێکی نەناسراو هەڕەشەی لێ دەکەن و ژیانی لە مەترسیدایە. عەدنان ڕەشیدی، رۆژی چوارشەممە ٢١ی رەشەممەی پارهكه لە شارۆچکەی” پێنجوێن”ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە هێرش کرایە سەری و بە سەختی بریندار کرا. بەپێی ڕاپۆرتێک کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئامانجی هێرشبەرەکان وەرگرتنی زانیاری لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بووە و هارد، لەبتاب و موبایلی عەدنان ڕەشیدی لەلایەن ئەوانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.