له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی به‌رین له دارستانه‌كانی لێواری ده‌ریای مه‌دیته‌رانه و ده‌ریای ئێژه له توركییه ڕوویداوه. ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه بوونه‌ته هۆی چۆڵ بوونی ژماره‌یه‌ك له شار و گونده‌كانی ئه‌م وڵاته. زۆربه‌ی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه له پارێزگاكانی “ئانتالیا، ئادانا، عوسمانییه” له لێواری مه‌دیته‌رانه، و پارێزگای “موغله” له ڕۆژئاوای ئه‌م وڵاته له لێواری ده‌ریای ئێژه ڕوویان داوه. ئاماری كوژراوه‌كانی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه هه‌تا ئێستا ۸ كه‌س و برینداره‌كانی ٣٣٣ كه‌س ڕاگه‌یه‌ندراوه. به پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان فڕۆكه‌كانی ئاگركووژێنهوهی وڵاتانی ڕووسیه، كۆماری ئازه‌ربایجان، ئۆكراین و ئێران له ناوچه دارستاناوییهكانی پارێزگاكانی باكووری ئه‌م وڵاته‌دا حزووریان هه‌یه. چاپه‌مه‌نییه‌كانی توركییه وێنه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی “ئیلیوشین ٧٦“ی ئاوپاشی ئێرانیان له پایگای “ئاكساز” له باكووری ڕۆژئاوای ئه‌م وڵاته نیشان داوه.
بێگومان ڕووداوه سرووشتییه‌كانی وه‌ك بوومه‌له‌رزه و لافاو و ئاگركه‌وتنه‌وه و تهڵهفاته ئیسانییهكهی له هه‌ر شوێنێكی جیهان ڕوو بدات، قه‌لبی هه‌موو ئینسانێكی شه‌ریف وه‌ژان دێنێ. له‌م كاتانه‌دا زۆر جار خه‌ڵك به پێی ڕووحییه‌ی مرۆڤدۆستی و دڵسۆزییان بۆ سرووشت، دهوڵتهكان ده‌خه‌نه ژێر گوشاره‌وه تا به‌و ئیمكاناته‌ی كه له ئیختیاریان دایه، ده‌ست بده‌نه یارمه‌تیدانی سرووشت و خه‌ڵكی زیان دیتوو. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌م كرده‌وه‌یه‌ی ڕژیمی ئێران دوو پرسیار دێته گۆڕێ:
یه‌كه‌م، بۆچی كۆماری ئیسلامی به‌و ئیمكاناته به‌رینه نیزامییه‌ی كه له ئیختیاری دایه له‌جیات یارمه‌تیدانی واقعی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگری دارستانه‌كانی توركییه، له جه‌رگه‌ی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه‌دا، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه كه‌ڵكی نومایشی و ته‌بلیغیی لێوه‌ربگرێ؟ به‌له‌به‌رچاوگرتنی هاوسایهتیی ئێران و توركییه، كۆماری ئیسلامی زیاترین ئیمكانی بۆ سووك كردنی ژان و ئازاری ئه‌م ڕووداوه بۆ خه‌ڵك و سرووشت له ئیختیار دایه. ناردنی فڕۆكه‌یه‌ك به ٤٠ تۆن ئاوه‌وه به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رین بوونی ئه‌م ڕووداوه، چ ده‌ردێك ده‌رمان ده‌كات؟ هه‌مووان ده‌زانن كه سپای پاسداران چ قه‌باره‌یه‌ك له سه‌روه‌تی خه‌ڵكی ئازارچێشتووی ئێران ده‌كاته هه‌زینه‌ی ماڵی، نیزامی و تهدارۆكاتی بۆ گرووپه تیرۆریستیه‌كانی نزیك به خۆی له شه‌ڕ و خوێنڕێژییهكانی وڵاتانی وه‌ك عێراق، سوورییه، لۆبنان، یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان و شوێنه‌كانی دیكه و سه‌ره‌ڕای به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتیی خه‌ڵكی ئێران، خۆی بووه‌ته به‌شێك له كێشه‌كانی ناوچه‌ی شه‌ڕلێدراوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
دووهه‌م، بۆچی هه‌ر له‌م ئاسته‌شدا بیر له ئاگركه‌وتنه‌وه به‌رینه‌كانی دارستانه‌كانی زاگرۆس له ئێران ناكاته‌وه؟ به‌پێی ڕاپۆرتی “كۆنوانسیۆنی فره‌چه‌شنیی ژینگه‌یی ئێران” كه له مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا بڵاوبۆوه، “یه‌ك ملیۆن و ٦٤٥ هه‌زار هێكتار له دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ئێران له ماوه‌ی ١٦ ساڵی ڕابردوودا تووشی ئاگركه‌وتنه‌وه هاتوون.” ئاماری دڵته‌زێنی سووتانی دارستانه‌كان و تێكدانی ژینگه كه سووتان و له‌ناوچوونی هه‌زاران جۆر بوونه‌وه‌ری زیندووی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، له ساڵی ٩٩ی هه‌تاویدا، پتر له ٢١ هه‌زار هێكتار له دارستانه‌كانی ئێران له‌خۆده‌گرێت. به پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده ڕه‌سمییه‌كانی حكوومه‌ت له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه زیاتر له ٤٣ ئاگركه‌وتنه‌وه له دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ئێران‌دا ڕووی داوه كه له نه‌بوونی فڕۆكه‌ی ئاوپاشدا، ته‌نیا ژینگه‌پارێزان و خه‌ڵكی خۆجێیی بوون كه به بێڵ و لقوپۆپ و گه‌ڵای داره‌كان به‌ره‌نگاری ئاگره به‌رینه‌كان بوونه‌ته‌وه. فیداكاری خه‌ڵكی خۆجێیی و ژینگه‌پارێزان، كارێكی مه‌ترسیدار بووه كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا بووه‌ته هۆی مه‌رگی چه‌ندین كه‌س، به‌تایبه‌ت داكۆكیكارانی ژینگه له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی ئێران له‌وانه شاره‌كانی “مه‌ریوان و پاوه” له پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان. كاره‌ساتی دڵته‌زێنی سووتانی له‌وه‌ڕگه و دارستانه‌كانی ئێران، به‌تایبه‌ت دارستانه‌كانی “زاگرۆس” كه له باكووری ڕۆژئاوای ئێران له پارێزگای ئازه‌ربایجانی غهربییهوه ده‌ستپێده‌كات و پاشان ڕۆئاوای ئێران، پارێزگاكانی كوردستان، كرماشان، ئیلام، چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، خووزستان و لۆرستان و باشووری ڕۆژئاوای ئێران، پارێزگاكانی كۆهگیلۆیه و بۆیه‌رئه‌حمه‌د و فارس تێده‌په‌ڕێنێ، داگرتووه. له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی “زاگرۆس” له باروودۆخێكدا په‌ره‌ی سه‌ندووه كه له لایهنكهوه ئه‌نگوستی تاوان به‌ره‌و سپای پاسداران ڕاكێشراوه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له زۆربه‌ی پارێزگا و شاره‌كانی ئێران ته‌نانه‌ت یه‌ك فڕۆكه‌ی ئاوپاشیشی لێ نییه. له وه‌ها باروودۆخێكدا هه‌واڵی ئه‌وه ده‌بیستین كه فڕۆكه‌یه‌كی ئاوپاشی ئێران به ٤٠ تۆن ئاوه‌وه له كرده‌وه‌یه‌كی نومایشی دا بۆ “خامۆش” كردنی ئاگری دارستانه‌كانی توركییه كه له چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه له ئاگردا ده‌سووتێن، ڕه‌وانه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه كراوه. ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی به ناردنی فڕۆكه بۆ خامۆشكردنی ئاگری دارستانه‌كانی توركییه به‌ته‌مایه ڕوخسارێكی مرۆڤدۆستانه و لایه‌نگری ژینگه له‌خۆی نیشان بدات، به‌ڵام جه‌نایه‌ته‌كانی له ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا له ناوخۆی ئێران و له وڵاتانی ناوچه‌كه، له وێرانكردنی ژینگه، له هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونی خوێناویی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، له به‌فیڕۆدانی گیان و سه‌روه‌تی خه‌ڵكی ئێران، هێنده قورسن كه نه‌ته‌نیا به فڕۆكه‌یه‌كی ئاوپاش به‌ڵكوو به ڕووبار و ده‌ریا پان و بهرینهكانیش خاوێن نابێته‌وه.
ئاگرێك كه ئه‌مڕۆ به هیمه‌تی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری، هاواره‌كانی سه‌رشه‌قام و مانگرتنه كرێكارییه‌كان، له گۆشه وكهناری ئێران هه‌ڵگیرساوه، مژده‌ی كۆتایی ته‌مه‌نی ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئیسلامی ده‌دات و له دواڕۆژی ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه، هه‌واڵێك له شه‌ڕ و تیرۆریسمی ناوچه‌یی له گۆڕێ‌دا نامێنێت و له‌جیاتی ئه‌وه، یه‌كیه‌تی و هاوكاری به‌رامبه‌ر به ڕووداوه سرووشتییه‌كان و سووك كردنی ژان و ئازاری خه‌ڵكی هاوچاره‌نووس و دیفاع له ژینگه جێگای ده‌كرێته‌وه.