هه‌واڵنێریی حكوومه‌تیی فارس، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٥ی پووشپه‌ڕ ڕایگه‌یاند كه سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، بڕیاری داوه پێداچوونه‌وه بكرێ به‌سه‌ر حوكمی سێ كه‌س له ناڕازیانی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوی مانگی خه‌زه‌وه‌ڵوه‌ری ٩٨، كه به ئێعدام مه‌حكووم كرابوون.
ئه‌م هه‌واڵنێریه‌ی نزیك به سپای پاسداران ڕایگه‌یاندووه كه له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره حوكمی ئێعدامی ئه‌م سێ كه‌سه ڕاگیراوه. شایانی باسه، ئه‌م هه‌واڵه له حاڵێكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه كه “مێهدی كێشت دار” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵنێریی “میزان”ی سه‌ربه ده‌زگای قه‌زایی، ئه‌م هه‌واڵه‌ی ڕه‌ت كرووده‌ته‌وه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه هه‌واڵی ڕاگرتنی حوكمی ئێعدامی ئه‌م سێ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، دوای ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه كه له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ملیۆنان تویت له لایه‌ن ئێرانیه‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان به هه‌شته‌گی “ئێعدام ڕاگرن” له تویتردا بۆ ماوه‌یه‌ك بوو به ترێندی یه‌كه‌می جیهانی. هه‌روه‌ها پتر له ١٠٠ چالاكی سیاسی و كلتووری و مه‌ده‌نیی ئێران له به‌یانییه‌یه‌كدا، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٥ی پووشپه‌ڕ له ئاست په‌سه‌ندكرانی حوكمی ئێعدامی ئه‌میر حسێن مۆرادی، سه‌عید ته‌مجیدی و محه‌ممه‌د ڕه‌جه‌بی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.