لە جیهاندا ملیۆنان کەس بە هۆی ئاڵۆزی و شەڕەوە و لە هەژاریدا دەژین و دەستیان بە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان وەکوو خۆراک، کارەبا و خوێندنگە ناگات.
نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی دەستپێشخەری گەشەپێدانی مرۆیی و هەژاری لە زانکۆی ئاکسفۆرد، پێداچوونەوەیان بە داتاکانی ١١٢ وڵاتدا کردووە و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی نوێ کە بە بۆنەی “ڕۆژی جیهانی خۆراک” (١٦ی ئۆکتۆبەر) بڵاوکراوەتهوە، ١.١ ملیار کەس لە جیهاندا زۆر هەژارن”. نیشاندەرەکانی ئەم ڕاپۆرتە بریتین لە بابەتگەلێکی وەک نەبوونی خانووبەرە، بێهداشت، کارەبا، سووتەمەنی، دهرمان، خۆراک و ئامادەبوون لە قوتابخانە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی ٥٨٤ ملیۆن لەو کەسانە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، کە ٢٧.٩%ی منداڵانی جیهان دەگرێتەوە. ڕاپۆڕتەکە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە كه نزیکەی 40%ی هەژارانی جیهان (455 ملیۆن کەس) “لەو ناوچانەدا دەژین کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە” و لەو ناوچانەشدا ڕێژەی هەژاری “سێ هێندە” زیاتر لەو ناوچانەیه کە ململانێ و شەڕیان تێدا نییە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیندستان زۆرترین ژمارەی هەژاری تێدایە و لە کۆی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، ٢٣٤ ملیۆن کەس زۆر هەژارن و هەروەها هەژاری لە وڵاتانی وەک پاکستان، ئێتیۆپی، نیجێریە و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بەربڵاوە.